داهێنان و قسەکردن

ئارام كۆشكی – سلێمانی

داهێنەران هەمیشە شانازیی نەتەوەکانن، نەک تەنها تەنەوەیەکی دیاریکراو، بەڵکو شانازی هەموو نەتەوەکانی سەر زەوین، چونکە ئەوانن ڕەوڕەوەی ژیان بەرەو پێشەوە دەبەن و شارستانییەتەکان بونیاد دەنێن. زانایانی وەکو نیوتن و ئەدیسۆن و ئەنیشتاین و نووسەرانی چەشنی دانتێ و مارکیز و بۆرخیس و دۆستۆیڤسکی و دەیانی دیکە شانازی هەموو نەتەوەکانی دونیان و تیشکی زانست و ئەدەبیان بە هەموو لایەکی دونیادا بڵاوبووەتەوە و بەشێکی پێشکەوتنی شارستانییەتەکان بەهۆی ئەوانەتەوەیە. داهێنەران بوونەوەری قسەکەر نین، بەڵکو کار و داهێنان و بەرهەم قسە و کرداری ئەوانە.

دەکرێت لێرەوە بپەڕێنەوە بۆ چەند پێناسەیەکی سادەی داهێنان ئەمەش لەپێناو ئەوەی بزانین داهێنان چییە و کەسانی داهێنەر کێن؟ یەکێک لە پێناسە سادەکان ئەوەیە کە “داهێنان بریتییە لە توانای درووستکردنی بیرۆکەی نوێ بە تێکەڵکردن و گۆڕین و بەکارهێنانەوەی بیرۆکەکان و پێشکەشکردنی پلانێکی نوێ.” هاوکات داهێنان یەکێکە لە بەرزترین سیفەتەکانی مرۆڤ. هەموو زانست و بەرهەم و تەکنۆلۆژیا و پیشەسازی و داهێنان و هونەر و ئەدەب و مۆسیقا و تەلارسازی و بە گشتی بنەمای هەموو جۆرە شارستانیەتێک لە سەرەتاوە تا ئێستا و هەموو دەستکەوتەکانی مرۆڤ دەرکەوتەی جۆراوجۆری داهێنانن. شارستانیەتی مرۆڤ و ژیانی بەبێ داهێنان مومکین نییە. لەگەڵ ئەم ناساندنە کورتەی داهێناندا گرنگە بزانین داهێنەرانیش کێن؟ ئەوان کۆمەڵێک سیفەت و تایبەتمەندییان هەیە کە ئەمانەن: “چاونەترس بوون، گۆڕینی ئاڵەنگاریی بۆ دەرفەت، خەیاڵفراوانی، تێکشکاندنی کۆتوبەندەکان، خاوەنی ڕوانینی جیاوازن، گەمەکەر و نائارام، وردبینی و ڕێکوپێکی” جگە لەمانە چەندین تایبەتمەندی تریش، بەڵام ئەمانە لە سەرەکیترینەکانن. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی داهێنەران ئەوەیە کە خاوەنی دڵێکی گەورە و ڕۆحێکی بچووکن، کە خۆبەزلزانییان تێدا نییە و خاکەڕاییەکی گەورەیان تێدایە. هاوکات داهێنەران بوونەوەری شانازیکەر نین بەو داهێنانانەی کردوویانە، بەڵکو زیاتر وەکو هەوڵێک دەیبینن کە وەکو جێبەجێکردنی ئەرکێک نەک جۆرێک لە منەت بەسەر ئەوانی دیکەدا بکەن.
لێرەوە ئەگەر لە دۆخی ڕۆشنبیریی کوردی وردبینەوە دەبینین کە یەکێک لە کێشەکانی بەشێکی زۆری ڕۆشنبیریی کوردی ئەوەیە بەبێ ئەوەی داهێنانی کردبێت دەست بە منەتکردن دەکات و پێیوایە غەدری لێ کراوە و وەکو پێویست ڕێز لە (هونەرەکەی/نووسینەکە/ بەرهەمەکەی) نەگیراوە. لەکاتێدا هونەرمەندان/نووسەران بۆ ئەوە کارناکەن تا ڕێزیان لێ بگیرێت، بەڵکو وەکو ئەرکێکی کولتووری کەلەسەر شانی ئەوان کار دەکەن و کاری هونەریی و دونیای نووسین دەبێتە بەشێک لە شێوازی ژیانیان. نەک ببنە فەرمانبەری هونەر و ئەدەب، چونکە داهێنەران فەرمانبەری ئەدەب و هونەر نین تا دوای کارەکەیان منەت بەوانی تر بفرۆشنەوە.
کێشەی بەشی زۆری نووسەران و هونەرمەندانی کورد ئەوەیە ڕۆڵی فەرمانبەر دەبینن و پێیانوایە دەبێت بۆ هەر کارێکی ئەدەبی و هونەری دەبێت بینەران و خوێنەران منەتباریان بن. بەڵام ئەرکە ڕاستەقینەکەی داهێنەران بۆ ئەوەیە کە پانتایی ئیستاتیکا و ئازادی و خەیاڵفراوانی لەنێو هزری بینەر و خوێنەردا زیاتر و زیاتر بکەن. نەک منەتباریی بە ئەوانی تر بفرۆشنەوە.
بەشێک لە نووسەرانی کورد ژمارەی چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانیان زیاترە لە ژمارەی ئەو شیعرانەی نووسیویانە، یان ژمارەی وتارەکانیان، کە باسی خەمخۆری ئەدەب و غەدرلێکراویان دەکەن زیاترە لە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانیان. ئەمەیە کارەساتی کولتوورێک، کە داهێنەرەکانی لەبری داهێنان قسە بەرهەم دەهێنن.
پێداگریی لەوە دەکەمەوە هەر کەسێک وزەی داهێنەرانە لە نووسین و کارە هونەرییەکانیدا هەبێت، کەسێکی منەتکار نییە. هەر کەسێک وزی داهێنەرانە لەنێو شیعر و بەرهەمەکانیدا هەبێت خۆی لە خەڵات و دەستخۆشینامە بە گەورەتر دەزانێت. داهێنەران بوونەوەری منەتکار و قسەکەر و خۆبەگەوەرەزان نین، بەڵکو بوونەوەری وردبین و بیرکەرەوە و دووربینن و ئەوان داهێنانەکانیان لە ئایندەوە بۆ ئێمە دەهێنن تا ڕێگەی ژیانمان بۆ ڕووناک بکەنەوە.