شانازی دەكەم كتێب دەخوێنمەوە!

وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – هەولێر

لە پاییزی ساڵی ڕابردوو كاتێك (كانیە وێست ـ Kanye West)* لە چاو زۆربەی خەڵك شكا، زۆرجار من و هاوڕێكانم سەرسام و تووشی شۆك دەبووین بە تازەترین قسە سەرسوڕهێنەرەكانی و دواتر لەگەڵ هەر قسەیەكی نوێی كلیپی قسەكانیی پێشوویمان دەستاودەست دەكرد تا بزانین قسەكانی چەندە ڕۆژ دوای ڕۆژ گوماناویتر دەبن.
نموونەیەك لە قسەكانی ئەوە بوو كە گوتی “من ئەهلی كتێبخوێندنەوە نیم”. ئەمەی لە چاوپێكەوتنێك و لە كاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی (سوپاس و تكایە ـ Thank You and You’re Welcome) گوتبوو. لە درێژەی قسەكانیشیدا گوتی “شاناز دەكەم كە كتێب ناخوێنمەوە”. ئەم قسەیە بە ڕای من یەكێكە لە نیگەرانكەرترین قسەی كە تا ئێستا كردوویەتی.
قسە توند و لێدوانە دژەیەهودییەكانی وێست، ڕەخنە و جەنجاڵییەكی گەورەیان لە جیهاندا نایەوە كە كاردانەوەكانیش بەڕاستی لەجێگەی خۆیان بوون، بەڵام دژەكتێببوونەكەی نیگەرانكەرانەیە كە هەم نیشاندەری كەسایەتیی خۆیەتی و هەمیش دەرخەری سروشتی خۆبەزلزانی و خۆپەرستانەی كولتووری ئەمڕۆی مرۆڤایەتاییە.
ئێمە بە درێژایی مێژوو و هێندەی ئێستا هەرگیز دەستمان بەم هەموو بۆچوون و بیروڕای و زانیارییە نەگەیشتووە. هەڵبەت بەشێكی زۆری خۆشییەكی زووتێپەڕە، بۆیە ئەم بەشە كە بێبایەخە نابێت لەگەڵ پسپۆڕی تێكەڵی بكەین، ئیتر چ بگات بە حیكمەت. ئەمە، شتێكی گشتیە و باسی دەكەن. ئەمڕۆكە لە لایەكەوە دەكرێت بە ئاسانی ئاگاداری هەموو شتێك بیت و زانیارییش بدەیتە ئەوانی دیكە و لە لایەكی تریشەوە سەركەوتنەكان لە بوارێكدا بە ئاسانی دەگۆڕدرێن بۆ مەرجەعیتێك لە هەزار و یەك بواری تر. ئەم دوو هۆكارە، دەستیان خستووەتە نێو دەستی یەكتری بۆ خواستی نەریتیبوونی ئەمریكییەكان دژ بە ڕۆشنبیری و سلبریتی پەرەستی و تێكەڵ بە ژیان و كەلتووریان بووە. ئەگەر بێتوو داتەپینی زانستە مرۆڤایەتییەكان بۆ ماوەی یەك دەیە درێژەی هەبێت، فەرهەنگێكی كرچ و كاڵبینانەمان بۆ دەمێنێتەوە كە تیایدا تەنانەت دەستەبژێرەكانیش گەنجینە بەهادارەكانی باشترین بیركردنەوەكانمان بە بێسوودە لە قەڵەم دەدەن.
ئەگەر كەسێك لەم خۆتێكشكاندنە باكڵاس و ڕاقییە(!) كە دیاردەی ڕۆژانی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ بوو، پێش كانیە وێست كەوتبێتەوە، كەس نییە جگە لە كەسایەتیی دیاری پێشووی دونیای تەكنەلۆجیا (سام بانكمان فراید ـ Sam Bankman-Fried).
بانكمان فراید تەمەنی 30 ساڵە، لە ناساندنەكەی ماڵپەڕی (سكویا كاپیتاڵ ـwww.sequoiacap.com) لە مانگی سپتەمبەر، باسی لەوە كرد كە شانازی بە هەموو جۆرە ئەدەبیاتێكەوە دەكات و گەرموگوڕانە بە ڕۆژنامەنووسەكەی گوت كە بۆچی “هەرگیز” كتێب ناخوێنێتەوە. گوتی “من زۆر ڕەشبینم بەرامبەر بە كتێبەكان. نامەوێت بڵێم هیچ كتێبێك شایانی خوێندنەوە نییە، بەڵام باوەڕەكەشم زۆر لەمەوە بەدوور نییە. بە ڕای من نووسینی كتێب واتە تێكتان و سەرلێشێوان، دەكرێت هەموو شتێك لە پۆستێكی شەش پەڕەگرافی ماڵپەڕێكدا بڵەیت”.
ئەمە قسەیەكی زۆر ناخۆشە و ڕێك بە قەدرا قسەكەی (وێست)، ڕەگی لە نەزانی و لووتبەرزیدا داكوتاوە و جێگەی نیگەرانییە، چونكە بانكمان فراید لە ڕووكاردا لە كەسێكی جدی دەچێت كە هەم لە نێو كۆمەڵگە ستایشكراوە و هەم وەك كەسێكی هۆشیار لە كاروباری دارایی جێپەنجەی دیارە و هەمیش بە كارە خێرخوازییە ڕیكلامكراوەكانی و پەیوەندییە ئاشكراكەی لەگەڵ بزاوتی (هاوڕێیەتییەكی تری كاریگەر)، وەك دەستەبژێرێكی مۆراڵتەوەر ناسراوە.
ناوونیشانی ناساندنەكەی خۆشی لە كاتی ناساندنی ماڵپەڕەكە ئەمە بوو: “سام بانكمان فراید، تینووی ڕزگاركردنە. ڕەنگە ئێوەش وابن”. ئیتر لە كۆنەوە گوتراوە “كە شێر نەما، ڕێوی تلان تلانیانە”.
بەداخەوە دەمەوێت نموونەی سێیەمیشتان لە دژەكتێبێكی دیار و بەنێوبانگ بۆ بهێنمەوە. گۆڤاری نیویۆرك، لە بابەتێكدا دەربارەی ڕیسوایی (شان مەك ئیلوی)، دامەزرێنەرە 30 ساڵانەكەی ژووری فكریی (داتاكان لە خزمەت پێشكەوتن)، نووسیبووی “بەپێی بۆچوونی [مەك ئیلوی]، كتێبەكان گەمژانەن و تەنها ئەو شتەتان پێ دەڵێن كە خەڵك حەزدەكەن بیزانن”. ددان بەوەدا دەنێم كە نازانم ئەم بنەمایە چ واتایەكی هەیە، چ بگا بەوەی بۆچی بە ڕای مەك ئیلوی قسەیەكی زۆر قووڵە. مك ئیلوی كە خۆشی لە پڕوپاگندەچییەكانی كەمپەینی )هاوڕێیەتییەكی دیكەی كاریگەر(ە، چاوی بە بانكمان فراید (كە لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیكەی ٤٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بزووتنەوە دیموكراتەكان سەرمایەگوزاری كرد و بەڵێنی دا تاكو پێش ساڵی ٢٠٢٤ بە بڕی سەرسوڕهێنەری ١ ملیارد دۆلار یارمەتی بدات) كەوت و ماوەیەك دواتر بووە یەكێك لە ڕاوێژكارە متمانەپێكراوەكانی ئەو و هەروەك چۆن (دەیڤید فریدلاندەر) دەنووسێت، “باشترین ڕێگەی ئاڕاستەكردنی ڕووبارێك، ئەوەیە كە فێری پارەی كاشی بكەیت. مەك ئیلوی بە هاوكارەكانی گوت: زۆر سەرەنجڕاكێشە(!) كە لە تەمەنی 30 ساڵی، ڕاوێژكاری یەكێك لە دەوڵەمەندترین كەسەكانی دونیا بیت”.
“سەرەنجڕاكێش”، یەكێكە لە شێوازەكانی وەسفكردنی خۆتێهەڵقورتاندنی دارایی و سیاسیی ئەم پیاوە گەنج و خۆبەزلزانانەیە؛ دەستەواژەی دیكەی وەك “لە قووڵایی ناهۆشیار”، “بێكەڵك و خراپ” و “مایەپووچی ئەخلاقی”ـشیان بەمێشكدا دێت. مك ئیلوی ماوەیەك دوای دەستبەكاربوونەكەی، ڕیسوا بوو، بەتایبەت لەسەر دروستكردنی داتاكانی ڕاپرسیی نادروست و تەنانەت گوایا زەختی خستووەتە سەر فەرمانبەرێك بۆ شكاندنی یاسای هەڵبژاردن و بەشداریكردنی درۆیین (تاوانێكی فیدراڵی كە بانكمان فرایدیش پێی تۆمەتبارە). هەموو ئەمانە لە سەردەمێكدا ڕوویاندا كە فێڵبازی و تەڵەكەبازییە نهێنییە دراوییەكەی بانكمان فراید لە مایەپووچیدا بوو و لە ماوەی ئەم پڕۆسەیەدا دەیان ملیار دۆلاری لە پارەی خەڵكی فەوتاندبوو.
ئەوەی كە كەسێك حەز نەكات كتێب بخوێنێتەوە شتێكە و بێزاری لە كتێبخوێندنەوە شتێكی دیكەیە. كەسێك كە كتێبخوێندنەوە بە توندی ڕەت بكاتەوە، نیشانی لاوازییەكی گەورەترە لە كەسایەتییەكەی. هەروەك چۆن ڕۆژێكیان كانیە وێست لە لایڤێكدا (بە دەنگێكی پێغەمبەرانە) گوتی “من قسە نەستەقەكانم لە فیلمەكان و ژیانی ڕۆژانە و ئەم شتانەوە وەردەگرم چونكە كتێب ناخوێنمەوە.. چونكە مرۆڤ دەبێت واقعیانە بژیت و لەگەڵ خەڵكی ڕاستەقینە قسە بكات؛ زانیاری وەربگرێت؛ لە خەڵك پرسیار بكات”.
بەجدی و ئاشكرا دەردەكەوێت كە زانیارییەكانت هی پۆستە شەش پەڕەگرافییە ماڵپەڕییەكانی بانكمان فرایدە یان لە فیلم و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵك وەرت گرتووە. بەڕاستی ئەم كارە بەقەدرا ئەوە گەمژانەیە كە كەسێك بڕیار بدات تەنها فاست فوود بخوات.
زۆرێك لە كتێبەكان نەدەبوو چاپ و بڵاو كرابانەوە و نووسینیش پڕۆسەیەكی ماندووكەر و پڕ لە هەوراز و نشێوە، بەڵام كاتێك كتێبێك دەگاتە ئاستێكی ئاسایی و چاپ دەكرێت، نیشاندەری ئاستی سەرەنج و جوانی و زاڵبوونە بەسەر بابەت و دۆخ و ئۆقرەگرتنێكی زۆر و پێداچوونەوەی زۆر كە هیچ شتێكی پێ ناگاتەوە. كتێبنووسین كردەیەكی زۆر ناهاوسەنگە: كتێبێك كە دەكرێت لە چەند كاتژمێرێكدا بخوێنرێتەوە، چەندین ساڵی پێ چووە تا نووسراوە. فەزڵ و جوانییەكەی هەر ئەمەیە. ئەو هێورییەی كە كتێب لە خوێنەری دەوێت، خۆی فەزیڵەت و مەعریفەتە. دەكرێت پرسیارێكی ژیرانە بكەین: ئەرێ بەڕاست ئەم پیاوە دژەكتێبانە، بەم خێرایی و پەلەپڕووزێیەوە بۆ كوێ دەچن؟ بە گاڵتەجاڕیشەوە دەكرێت وەڵامێكی ژیرانە بدەینەوە كە یا ڕوو لە زیندان دەكەن و یان ناویان ون دەبێت و لەبیر دەچنەوە.
لە كۆتایی ڕۆمانی (ئانا كارینینا ـ Anna Karenina)، كەسایەتی ئانا و مەعشووقەكەی (ڤرۆنسكی ـ Vronsky )، لە نەفیكردنە كۆمەڵایەتییە خۆخوازەكەیان بۆ ئیتالیا كە تووشی وتارێكی توندی ئاخاوتنكەرانە بووەوە دژ بە كاڵبینیی وێرانكەری پیاوانی لاو (ئازادبیر) (یان دەتوانین بڵێین گێرەشێوێنە سەرەتاییەكان) كە لەو سەردەمەدا زۆر ببوون و نەغرۆی “بیركردنەوەی نكوڵیكەر” ببوون.
(گۆلینیشچیف ـ Golenishchev )، هاوڕێی ڤرۆنسكی، دەڵێت “جاران، ئازادبیرەكان پیاوانێك بوون كە بە هزری ئایینی، یاسایی و ئەخلاقی پەروەردە دەكران و تەنها لە ڕێگەی گفتوگو و مشتومڕەوە دەگەیشتن بە ئازادبیری، بەڵام ئەمڕۆ جۆرێكی نوێ لە ئازادبیرانی دایكەزا لەدایكبوونە كە گەورەشبوونە، كەچی بنەما ئەخلاقی و ئایینی و بوونی مەرجەعیتیان تەنانەت بەر گوێ نەكەوتووە”.
بە قسەی (لیۆ تۆڵستۆی ـ Leo Tolstoy)، كێشەكە لێرەدایە كە وەها پیاوەیلی گەنج و تەماعكار هەوڵدەدەن “خۆكار فێر بن، چونكە خۆ گێل نین” و بەم شێوەیە “لەبری بەرهەمە كلاسیك و نووسراوەكانی ئیلاهیزانان و تراژیدیا و مێژوو و بەرهەمی فەیلەسوفان و هەموو بەرهەمە ڕۆشنبیرییەكانی بەردەم ڕێگەیان.. ڕوو لە گۆڤارەكان دەكەن.
ئەم بەشەی ڕۆمانی ئانا كارینینا یەكێك لە فۆڵۆەرزەكانی تویتەرەكەم بۆی ناردم، ئەو كاتەی كە لەم تۆڕە كۆمەڵایەتییە گلەیی ئەوەم كرد كە تەنانەت ئازاترین و بەهرەدارترین پیاوانی گەنجی سەردەمی ئێمە (دەشبێت هەمیشە پیاو بێت!) دیدێكی سووكایەتیكەرانەیان بەرامبەر بە شێوازە باوەكانی فێربوون هەیە. و هەرچەندە ئەم گەنجانە، بەپێچەوانەی گەنجانی سەردەمی تۆڵستۆی، باوەڕیان وایە تەنانەت ئەگەر زەحمەتی خوێندنەوەی گۆڤارێكیش بدەنە خۆیان، گەورەترین كفریان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەو ئازادبیرانەی پێشوو ڕەهەندێكی هاوبەشیان هەیە: خۆبەدوورگرتنێكی لووتبەرزانەی باوەڕ بەوەی كە ڕابردوو شتێكی بۆ پێشكەشكردن پێیان هەیە. ئەم خۆفێركارییە لێوڕێژ لە تەكنۆلۆژیایانە (تەنانەت وێست ـیش قوربانی فەرهەنگی دۆزینەوەی ڕێگەچارە لە هەموو پرسە ئاڵۆزەكانی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی “ئەندازیاری”ـیەوە بوو)، بەپێچەوانەی ئەو ئازادبیرانەی كە بوونە هۆی جێگەی ڕەخنەی گۆلینیشچیف، ئێستا جیهانبینیەك هەڵدەبژێرن كە تیایدا، وەك گۆلینیشچیف دەڵێت، “ڕێوڕەسمە كۆنەكان، تەنانەت شایانی ئەوەش نین قسەشیان لەسەر بكرێت”.
ئەگەرچی ئەو سێ پیاوە بێئابڕووەی كە لێرە باسمكردن نموونەی لادەرانەن، بەڵام ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم ئێمە تەواو بێبەشین لە حیكمەتی ڕاستەقینە و بێفیزی بەدەستهاتووی زانایانێك كە خۆیان دەبوێرن لە وتا و چەمكە كاڵبیرەكانی وەك شكستنەخواردن.
هەست دەكەم بەهەڵكەوت نییە كە دوو كەس لەم سێ كتێبنەخوێنە لەخۆڕازییە، لایەنگری جووڵانەوەی “هاوڕێیەتییەكی دیكەی كاریگەر”ن و هاوڕێیەتی كاریگەریش، كاتێك سنوور تێپەڕێنێت و دەبێتە جۆرێك لە خۆخاڵیكردنەوەی فكریی بێمانا و هەژماركردووانە كە ناگاتەوە تۆزی پێی ڕۆمانێكی باشیش.
كاتێك بیست و چەندساڵ بووم و یەكەم كتێبم دەنووسی (دەزانم، بە ڕاستی تێكم داوە)، گەیشتمە قسەیەك كە ئێستا ئیتر سەرچاوەكەی نادۆزمەوە، بەڵام شتێكی ئاوای بوو: “بە زانینەكانم دەتوانن كتێبێك پڕبكەنەوە، بەڵام بە نەزانینەكانم دەتوانن كتێبخانەیەك پڕبكەنەوە”.
وێنەسازیەكی سەرەنجڕاكێشە و ڕەنگە بنەڕەتیترین و پراگماتیكترین پاساو بێت بۆ كتێبخوێندنەوەی قووڵ. هەرچەندە پێكەوەبەستراوی و هۆكارییەتی لەگەڵ یەك جیاوازن، بەڵام باوەڕم وایە ئەگەر تاقیكردنەوەیەكی سادە بكەینە كردەیی، دەتوانین بەر بە بڵاوبوونەوەیەكی زۆری كێشە و سەرئێشییەكانی ئایندە بگرین: هەر كەسێك كە تێروانینێك پێشكەش دەكات و، لە هەمان كاتدا، بە شانازییەوە ڕادەگەیەنێت كە ڕەقی لە كتێبخوێندنەوەیە، هەر بە چاونووقاوی ڕەتی بكەنەوە و وەلای ببنێن.
پەراوێز:
* ئەم گۆرانیبێژە ئەمریكییە لەبارەی بابەتگەلێكی جیاواز قسە دەكات و بە گشتی قسەكانیشی جەنجاڵین.
ـ كۆمپانیای ئێف تی ئێكس بە سەرۆكایەتی سام بانكمان فراید، كە لە بواری دراوی ئەلیكترنی و ئەو شتانە كار دەكات، مایەپووچ بووە.
سەرچاوە:
ماڵپەڕی مد و مه