قوتابییەكی كورد پێشبركێیەكی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

پێشبڕكێی توژێنەوە و نوێكاری لە زانكۆی ئەبووزەبی كە كۆمپانیای (RTX) خەرجی دەکێشێت (سپۆنسەری دەكات)، بەرنامەیەکی تایبەتی داهێنانە؛ لەو بەرنامەیەدا قوتابیان هان دەدرێن پەرە بە توانستی كارگێڕییان بدەن و داهێنان بکەن و، بەئەنجامگەیاندنی بیرۆكە بە پڕۆژەی جێبەجێكراو.

لەو شوێنەدا قوتابیان پڕۆژەی خۆیان دەخەنە ڕوو؛ پسپۆڕان بە پڕۆژەکاندا دەچنەوە بزانن بازرگانی و بزنسێکی سەركەوتووی لێ دێتە بەرهەم یان نە.
ئەمساڵ پێشبڕكێكە ٦٥٠ توێژینەوەی بەرهەمی ١٣٠٠ خوێندكاری پێ گەیشتووە كە نوێنەرایەتی ١٠٥ زانكۆ دەكەن لە ١٤ وڵاتەوە؛ ئەو ژمارەیە، پێگەی پێشبڕكێكە بەهێزتر كردووە وەك گەورەترین سەكۆ بۆ توێژینەوەی بەكالۆریۆس لە ناوچەی كەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقادا.
لە چالاكییەكەدا كۆمەڵێك پڕۆژەی پێشەنگ و جۆراوجۆر پێشكەش كرا، لەوانە داهێنانەكان كە چەندین بوار دەگرێتەوە وەك زیرەكیی دەستكرد و فێربوونی ئامێر، ئەندازەوانیی بایۆپزیشكی و زانستی كلینیكی، ئاسایشی ئەلیكترۆنی، دارایی، تەكنەلۆژیای دارایی (فینتێك)، بازرگانیی ئەلیكترۆنی، بازاڕكردنی دیجیتاڵی، وزەی بەردەوام و ژینۆک (نوێوەبوو) و بوارە گرنگەكانی دیكە.
پێشبڕكێکەی ساڵی ڕابردوو نزیكەی ٤٠٠ توێژینەوەی وەرگرت؛ لە ٦٤ زانكۆ لە ١٤ وڵاتی جیهانەوە.
ئەمساڵ گەنجێكی كورد بە ناوی مەحمود خالید عەباس ئاغای سەرسیان بۆ یەكەمین جار تێیدا پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی تەواوی زانكۆكان بەدەست هێناوە.