ئهزوهر بهرچهم
سەرت بنێرە سەرسنگم
باچیتر خەم سەرپێ نەکا
دڵم بکە هێلانەی خۆت
با پەژارە ڕووی تێ نەکا
***
لەباوەشما توند دەتگرم
چیتر لەمن نەبی جودا
دەخوازم قەت لێم دوورنەبی
) بریا بە بریایی خودا)
***
چاوم کاروانسەرای تۆیەو
حەزناکەم بەری جێبێڵی
لەبەر ڕۆشناییم دیار نەبی
پێم وایە باڵندەی وێڵی
***
دڵم ختوکەی دێ جار جار
دەڵێم نەکا لە بیرت چێ
کە ڕۆحم هێلانەی تۆیە
بێ تۆ وێران دەبێ کچێ
***
بە هێمنی و زۆر بە پارێز
دەست بە قژت دادەهێنم
دەڵێم نەوەکا لەهیکڕا
لەخەوی خۆش ڕاتچڵەکێنم
***
شەن و کەوی خەیاڵ دەکەم
چی تیانیە جگە لەتۆ
تۆش وەرەو سەر بەسنگم کەو
هەتا ماوم لەلام مەڕۆ
***
دەڵێن دنیا بنی دوورە
بۆیە منیش دوور دەڕوانم
دڵم وابەستەی پرچت کرد
گەر ویستم بڕۆم، نەتوانم