رەنگە ئاڵەکانی ژنێتیم

سـروەی بەیان

من ئەو ژنەم
وەک ستوونێکی وەستاو،
کەژێکی بڵندو سەرکەشم
هەرگیز چۆکم دانەداوه
تێکەڵ بە تیشک و خۆرەتاو
لە سۆز و میهری بڕاوەم.
چوار وەرزە وەک خۆم ژیاوم
شکست نەیخستم و مامەوە،
لێ، لە خۆشەویستی تۆدا
گەردوون هەلێکی پێ بەخشیم
ساڵنامەی ژینی بۆ گۆڕیم
بووی بەوەرزی پێنجەمی من
من ئەو ژنەم
پڕ به گەرووم هاوار دەکەم
گەر عیشقی تۆم نەبێت جانــم
چۆن چوار وەرزە
گەش دەبمەوە و ..
هێدی هێدی باڵا دەکەم.
من ئەو ژنەم
ئەوەتەی تۆم ناسیووە
چاوی وشەم لێوان رێژی
خولیایەکە پڕ لە فڕین
ئاسمان لە ژێر شەققەی باڵما
تەی دەکەم تا ماڵی ئەوین.