ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لەو شاعیرانەی لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ناسیم قانیع بوو. دیوانی ئەم شاعیرەم لە هاوسێیەکمان خواست و چەندجارم لەسەرەتاوە تا کۆتایی خوێندەوە. دواجار لەبەرئەوەی چاپی نەبوو لە کتێبفرۆشییەکاندا ناچارانە هەموو دیوانەکەم لەگەڵ خوشکەکانم نووسییەوە. ئەمە ئەو سەرەتایە بوو، کە قانیع و شیعرەکانی و دونیاکەیم تیا ناسی. شیعرەکانی هەم لەڕووی زمان هەم لەڕووی خەمەوە زۆر لە ئێمەوە نزیک بوو. ئێستاش لەم سەردەمەدا ڕەنگە نزیکترین شاعیر بێت لە خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگەی ئێمەوە، بۆیە یەکێکە لەو شاعیرانەی خوێنراوترینە بەتایبەت لای چینی هەژار و جوتیارەکانەوە. هەر بۆیە نازناوی شاعیری چەوساوەکانی بەسەردا بڕاوە.
لەم هەفتەیەدا کە پەیکەرێکی نوێی لە باخی گشتی شاری سلێمانی بۆ دانرا. من جارێکی دیکە کەوتمە بیری شیعرەکانی ئەم شاعیرە و ئەو هەیمەنەیەی کە دوای 60 ساڵ لە کۆچی دوایی هێشتا شیعرەکانی زیندوون و وەسێتەکانی بۆ ئێستاش هەر دەخوات تا ئەو سەردەمەی وەسێتەکانی تێدا نووسیوە. بەرلەوەی دیوانەکەی لەو هاوسێیەمان وەربگرم بۆ خوێندنەوە باوکم زۆرجار وەسێتەکانی لەبەربوو، بەتایبەت “وەسێت بۆ وریا”، کە کۆمەڵێک ئامۆژگاریی و وانەی گرنگی تێیدایە و ئەو وانانە بۆ ئێستاش گرنگی خۆیان هەیە، چونکە وانەی پەروەردەیی و خودوشیاریین بۆ تاکەکانی نێو کۆمەڵگە. بەڵام با بپرسین بۆچی تا ئێستاش شیعرەکانی ئەم شاعیرە هەیمەنەی خۆیان هەیە؟ لەکاتێکدا قانیع لەڕیزی ئەو شاعیرانەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمە، کە گرنگییەکی ئەوتۆیان بە هونەری شیعر نەداوە، هێندە گرنگیان بە پەیامسازی داوە و دەشێ وەکو “شاعیری پەیامساز” ناوی بەرین.
شاعیرانی پەیامساز ئەو شاعیرانەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستن، کە خەمی کۆمەڵگە و وشیارکردنی کۆمەڵگەیان و خوێندەواریی کۆمەڵگەیان پێش هونەری شیعر خستووە. قانیع یەکێکە لەو شاعیرانە و ئەمە لە بەشی هەرە زۆری بەرهەمەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەیە. بێگومان ناڵێم ڕیسکی لەم هونەرەدا نەکردووە و بەتەواوی هونەرەکەی فەرامۆش کردووە، بەڵکو لێزانیشی لەم هونەرەدا نواندووە، بەڵام ئەو خەمی گەورەتری هەبووە، کە بڵاوکردنەوەی وشیاریی و “پەروەردە” بووە.
لێرەوە دەتوانین قانیع وەکو شاعیرێکی تایبەتمەند، کە خەمی پەروەردە هەبووە بناسین و ئەگەر بشمانەوێت ناوێکی شیاوتر بۆ ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرە دابنێین ئەوەیە بڵێین ئەوەی کە ئەم شاعیرە تا ئێستاش دەخوێنرێتەوە و شیعرەکانی برەوی هەیە لایەنی هونەریی شیعرەکانی نییە، بەڵکو لایەنی پەروەردەییەکانییەتی. واتە زیندووێتی قانیع ئەوەندەی پەیوەندی بە وانە پەروەردەییەکانییەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بە بەهێزی شیعرەکانییەوە نییە لەڕووی هەڵسەنگاندنی “هونەریی شیعریی”ـەوە، چونکە شیعر لای شاعیرانی پەیامسازی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبێتە قوربانی و گوتاری ڕۆشنگەریی ئایدۆلۆژیانە و پەروەردەیی و زانستخوازی دەبێتە شاگوتاری شیعریی و شیعر وەکو هونەر ماڵئاوایی دەکات و وەکو ژانرێکی پەیامساز لەدایک دەبێتەوە.
گرنگتریین شیعرە پەروەردەییەکانی قانیع ئەو وەسێتانەن، کە لەڕێگەی شیعرەوە بۆ کوڕەکانی نووسیویەتی، بەتایبەتیش “وەسێت بۆ وریا”، کە پێموایە لێرەدا ئەوەی لە دڵیدایە لەڕێی ئەو گوتارە پەروەردەییەوە دەیخاتەڕوو و بەشێوەیەکی فرەلایەنانە وەسێتەکەی نووسیوە. 30 ساڵ لەمەوبەر کاتێک بۆ یەکەمجار ئەم وەسێتەم خوێندەوە هەستم بەو قووڵاییەی نەکرد، کە ئەمڕۆ بە چاوێکی دیکە و لە سەردەمێکی دیکەدا دەیخوێنمەوە و لێی دەڕوانم هەست بەوە دەکەم، کە لە هەر ڕستەیەکدا وانەیەک هەیە و هەر وانەیەکیش، کە دەیەوێت بۆ کوڕەکەی بگوازێتەوە لەئەزموونەوە سەرچاوەیان گرتووە، نەک تەنها وانەی سەرزارەکی بن.
ئەوەی شیعرەکانی قانیع و وانە پەروەردەییەکانی نێو شیعرەکانی تا ئێستاش بە زیندووی هێشتووەتەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تا ئێستاش لەڕووی پەروەردەییەوە کۆمەڵگەی کوردی گیرۆدەی هەمان ئەو گرفتانەیە. بەشی هەرە زۆری ئەو گرفتانە ئێستا بە فۆڕمی تر لە دووبارەبوونەوەدان و مرۆڤی کورد هێشتا لەڕووی پەروەردەییەوە پێویستی بەو گوتارە شیعریانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت کەمێک وشیاریی بباتە سەرەوە.