واتا و وشەکان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەر هەوڵێک بۆ خزمەتی ڕەخنە و تیۆری ڕەخنەیی و قوتابخانە ڕەخنەییەکان جێگەی پێزانینە، هەموو ئەوانەی لە 20 ساڵی ڕابردوودا لەو بوارەدا کاریان نووسیوە، یان وەرگێڕانیان کردووە لای من بەرهەمەکانیان گەلێک بایەخدارانە هەڵدەسەنگێنرێن، نەک لەبەرئەوەی خۆم ئارەزوویەکی زۆرم بۆ ئەم بوارە هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی کتێبخانەی کوردی و ناوەندە ئەکادیمییەکان پێویستییەکی زۆریان بەم سەرچاوانە هەیە. ئەوسا خۆشم لە زۆرێکیان بەهرەمەندبووم و ئاسۆی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتنیان بۆ فراوان کردووم و مەودانی بینینیان بۆ دوور لەبەردەمدا کردوومەتەوە.
“واتا و وشەکان”، یەکێکە لەو نامیلکە ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوانەی سەعید ئەلغانمی، کە د. دانا ئەحمەد مستەفا، کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 96 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگ و بایەخدارە بۆ ئاشنابوون بە هەندێک چەمک و لایەنی ڕەخنەیی و تیۆریی کە کتێبخانەی کوردی لەم چەشنە سەرچاوانەی گەلێک کەمە. بەشی هەرە زۆری بابەتەکانی ئەم کتێبە تەرخانە بۆ کارکردنی زمان و پەیوەندی بە چەمکەکانی دیکەوە. نووسەر لە پرسیاری “زمان چییە؟”ەوە دەست پێ دەکات تا ئەوەی “زمان چۆن دەبێتە زانست؟” و لەوێوە بۆ پەیوەندی نێوان “زمان و بونیاد” و دواتریش پەیوەندی “زمان و کولتوور” و لەوێوە دەپەڕێتەوە بۆ “زمان و شیعر” و لە کۆتایشدا سەبارەت بە “شێواز چییە؟” دەپرسێت؟
کتێبەکە چەند بچووکە، بەڵام چڕ و بایەخدارە و هەموو ڕستە و پەرەگرافەکانی خوێنەر لەبەردەم ئایدیایەکدا ڕادەگرن، کە دەخوازێت لێرەوە بپەڕێتەوە بۆ فێربوونی زیاتر و دەستکەوتنی سەرچاوەی زیاتر، بۆیە ئەم کتێبە وەکو کتێبێکی دەروازەیی دەردەکەوێت لەسەر ئەو چەمک و بابەتانەی لەسەرەوە ناومان هێنا و خوێنەر دەتوانێت لێرەوە بپڕێتەوە بۆ سەرچاوەی دیکە لەبارەی ئەو بابەتانەوە.
لەسەرەتای کتێبەکەدا ئەلغانمی شۆڕشەکەی سۆسێر لەبارەی زمانەوە بە شۆڕشی کۆپەرنیکی دەشوبهێنێت و دەڵێت “سۆسێر شۆڕشی کۆپەرنیکی لە زماندا هەڵایساند کاتێک پێناسەی کرد بەوەی “زمان سیستمێکە لە ئاماژە. لەدواتریشدا زیادەی خۆی بۆ ئەم بۆچوونە دەخاتەڕوو و دەنووسێت “زمان پیادەکردنێکە سنووری نییە.” ئەم تێگەیشتنە گرنگە لەبارەی زمانەوە لای من جێگەی بایەخە، بەو پێیەی زۆرێک لە زمانزانەکان دەیانەوێت سنوورداربوون بەسەر زماندا بسەپێنن و زمان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەسەر خۆیدا دابخەن، بەڵام تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە زمان ئەوەیە کە داخستنی زمان بەسەرخۆیدا نزیکبوونەوەیە لە مەرگ بۆی. زمان ئەوکاتە مەرگی ڕادەگەنرێت کە بەسەر خۆیدا دابخرێت. بەڵام بەپێچەوانەوە هەموو کرانەوەیەک لەنێو زماندا بەرەو گەشەسەندن و درەوشانەوەی دەبات. بێگومان گەلێک بۆچوون و بیرکردنەوەی گرنگی تێدایە سەبارەت بەزمان کە لێرەدا دەرفەتی باسکردن و شرۆڤەکردنی هەمووی نییە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ لەم کتێبەدا ئەوەیە کە نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە “زاراوە قەوارەیەکی سەرپێی نییە بۆ وەسفکردنی شتێک.” ئەمەش یەکێکی دیکە لەو خاڵە گرنگانەی زۆرجار لای ئێمە بە هەڵە زاراوە لێک دەدرێتەوە و “زاراوە” تەنها بەشێوەیەکی سەرپێی لێی دەڕوانرێت بەبێ ئەوەی قووڵایی بەکارهێنانەکەی ببینن.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە کایەی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەدا هەندێک کارم کردووە و زۆرجار نووسەران و ڕەخنەگران بەشێوەیەکی سەرپێی لەو زاراوە و دەربڕینانەم تێگەیشتوون کە بەکارم بهێناون، نەک ئەو قووڵاییەی کە ناوکۆییەکەی دەیخوازێت و من مەبەستمە، چونکە هەر چەمک و زاراوەیەک کە نووسەرێک بەکاری دەهێنێت جیاوازە لەوەی کەسێکی ئاسایی، یان نووسەرێک لە سیاقێکی ڕۆژانەییدا بەکاری دەهێنێت. زاراوە و چەمکەکان لەنێو تێکستە ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوەکاندا قووڵایی تر وەردەگرن و بەهای گەورەتریان هەیە لەوەی لە مانا سادەکەیدا دەبینرێن.
بێگومان ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گەلێک گرنگ و تایبەت و بایەخدارە و نامەوێت لەو زیاتر لەبارەیەوە بدوێم، تەنها خوێنەران بۆ خوێندنەوەی ئەم جۆرە کتێبە داوەت دەکەم، چونکە بەبێ خوێندنەوە ئەم جۆرە کتێبانەبە قووڵاییەکانی زمان ئاشنا نابین و تێکستەکانمان ناگەن بەو قووڵاییانەی مەبەستمانە، چونکە بۆ ئەوەی بتوانین زمان بەشێوەیەکی قووڵ و دروست بەکاربهێنین گرنگە ئاگاداری کارکردنی زمان و دۆزینەوەی پانتایی نوێدا بین تێیدا. بەبێ ئەم ئاشنابوونانە زمان لە ڕووکەشدا بەکار دەبرێت و تێکستەکانیش دەبنە تێکستی بێقووڵایی.