مامۆستا “هەژار” لێهاتوویی و توانستی کوردی به نەتەوەکانی تر نیشان دا

مه‌نسوور جیهانی ـ “عه‌باس غه‌زالی” که‌سایه‌تیی فه‌رهه‌نگی و چالاکی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به مامۆستا “هەژار”؛ شاعیر، نووسه‌ر، وه‌رگێڕ، فه‌رهه‌نگ‌‌نووس، وشه‌ناس و توێژه‌ری ناوداری کورد، جه‌ختی کرده‌وه: کاره‌کانی “هەژار” شایانی ئەوەیە وەرگێڕدرێتەوە سەر زمانە زیندووەکانی دنیا و لە ڕێگەی ئەوەوە ئەدەبیاتی کوردی دەبێتە ئەدەبیاتێکی جیهانی.

“عه‌باس غه‌زالی” که‌سایه‌تیی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ له وتارێکدا به ناونیشانی “هەژاری دەوڵەمەند” سه‌باره‌ت به مامۆستا “عه‌بدولڕه‌حمان شەرەفکه‌ندی” ناسراو به “هەژار”؛ شاعیر، نووسه‌ر، وه‌رگێڕ، فه‌رهه‌نگنووس، وشه‌ناس، زمانناس و توێژه‌ری ناوداری کورد، نووسیویه‌تی: مامۆستا هەژار موکریانی وەک کەسێکی بەئاگا و خەباتکار بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوه هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووه بۆ خزمەتی زمانی کوردی، وەک یەکێک له پێکهاتەکانی نەتەوەپارێزی. ئەو له کاتێکدا ئەو خەباتەی دەست پێکرد که نە کیانێک هەبوو نه هاوکارییەکی ئەوتۆی مادی. ئەو سەردەم کە شەڕ و نائارامی وڵاتی تەنیبووه، ئەو لەژێر بومباراندا لەبەر فانۆس و چرادا کاری گەورەی دەکرد. بەو حاڵه نالەبارە ئەو بەقەد زانکۆیەک کاری بناغەیی و ڕیشەییی کرد. بە جۆرێک کە بیری له جیهانیکردنی ئەدەبیاتی کوردی دەکردەوه.

هەژار، بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز، خزمەتی بە ئەقڵی تاکی کورد کردووە
له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌ی غه‌زالیدا هاتووه: هەژار، جگە لە ئەدەبیات و فەرهەنگنووسی و کارە بەرزەکانی وەرگێڕان لە سێ زماندا، بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز جگە لەوەی خزمەتی بە دین کردووە، خزمەتی بە ئەقڵی تاکی کورد کردووە بۆ ئەوەی بە چاکی بە زمانە دایکییەکەی خۆی لە ئایین تێبگات و لە پەنا دینداریدا خزمەت بە فەرهەنگ و نیشتمانی خۆی بکات. ئەو جگه لەوەی لە مەیدانی زاراوەی کرمانجیی ناوەندیدا کاری مەزنی کرد، شێواز و ڕێگەی ڕاستی به هەموو زاراوەکانی کوردی نیشان دا تا خزمەت به زمان و نەتەوه بکەن.

هەژار، له فارسی و عەرەبییشدا توانا و لێهاتوویی کوردی به نەتەوەکانی تر نیشان دا
له به‌شێکی دیکه‌ی وتاری ئه‌م که‌سایه‌تییه چالاکه فه‌رهه‌نگییەدا هاتووه: هەژار، تەنانەت له زمانی فارسی و عەرەبییشدا توانایی و لێهاتووییی کوردی به نەتەوەکانی تر نیشان دا. بۆ نموونه، کتیبی «ئەبوو عەلی سینا» به ناوی “قانون در گب” دوای حەوت سەده بۆ یەکەمین جار له لایەن هەژارەوە وەرگێڕدرا که ئیرانییەکانیش شانازیی پێوه دەکەن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیه که گەوره ئەدیبێکی کورد نەک هەر دووره لە نەژادپەرەستی، بەڵکوو توخمی پێکەوەژیان له ناو کوردا دەوەشێنیت. له ڕووی سیاسییەوه کەسایەتیەکی وەها سەقامگیر و دووربین بوو کە تا کۆتایی ژیانی لەسەر ڕێبازی خۆیدا مایەوه.

به‌رهه‌مه‌کانی “هەژار” شایانی ئەوەیە وەرگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دنیا
له درێژه‌ی وتاره‌که‌ی “عه‌باس غه‌زالی” دا هاتووه: ئەگەرچی ئەو به ناو هەژار بوو و هەژارانەش ژیا، بەڵام له ڕووی کار و بەرهەمەوە کەسایەتییەکی پڕبار و بەرهەمدار و دەوڵەمەند بوو. به جۆرێک که ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی ئەو لە زانکۆکانی کوردستاندا بۆتە ماددەی گرینگی زانستی. ئەو بە هەژاری لە بواری فەرهەنگدا نەک هەر خزمەتی بە زمانی کوردی کرد، بەڵکوو زانکۆکانیشی دەوڵەمەند کرد. تەنانەت کاری ئەو شایانی ئەوەیە وەرگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دنیا و لە ڕێگەی ئەوەوە ئەدەبیاتی کوردی دەبێتە ئەدەبیاتێکی جیهانی.

مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ خەڵاتی “هەژار” لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا پێشکەش دەکرێت
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م وتاره‌ی ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان دا هاتووه: مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ خەڵاتی هەژار لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا پێشکەش دەکرێت. هەروەها جێی سوپاسه که پێشتر کۆبەرهەمی هەژار بە ئاگاداری و چاودێریی زانکۆی کوردستان -سنه- چاپ کراوەتەوە. بەڵام، بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکان پێویستە ئەوە بدرکێنین کە ئەو بەرهەمانە دەستیان بۆ بردراوە کە لە ئاستی چاوەڕوانیی ناوەندێکی ئاکادێمیکدا نین. بۆ نموونە لە کاتێکدا کە مامۆستا هەژار خۆی لە کۆڕی زانیاری کورد چاپکردنی شەرەفنامەی سەرپەرشتی کردووە، لە چاپ کردنەوەی شەرەفنامەدا بەشێکی دەرهاویشتراوە. بۆیە ئێمە وەک میراتگرانی مامۆستا هەژار بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە کۆنەکەی شەرەفنامە دەخەینەوە ڕوو. هەروەها داوامان ئەوەیە جگە لە چاپ کردنەوەی شەرەفنامە وەک خۆی، ئەو فەرهەنگە فارسی-کوردییەی کە هەژار لە لیستەی بەرهەمەکانی خۆیدا، لە چاپی دووهەمی شەرەفنامەدا، ناوی بردووە بدۆزرێتەوە و بۆی چاپ بکرێت.

هیوادارین به شێوەیەکی وردتر کاری زیاتر لەسەر بەرهەمە بەهاداره‌کانی هەژار بکرێت
له به‌شی کۆتایی وتاره‌که‌ی “عه‌باس غه‌زالی”دا هاتووه: هیوادارین له داهاتوودا به شێوەیەکی وردتر و پابەندتر، له لایەن کەسانی شارەزا کاری زیاتر لەسەر ئەو بەرهەمە بەهادارانە بکرێتەوە. هیوادارین ئەو کارەی زانکۆی کوردستان – سنە، ببێته هاندەرێک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکوو هاوکارییەکی زیاتری ئەم جۆره کارانه بکات و بیانهێنیتە ناو واری پەروەردە و هونەرەوە.