ڕامان بەدیار کتێبی “شیعر بە کاتی بوومەلێڵ”ی سەلاح فایەقەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکێک لە دڵخۆشییەکانی ئەم سەردەمە چالاکبوونی بزاڤی وەرگێڕانە. ئێستا لە زۆربەی زمانەکانی دونیاوە بەرهەمی گەورە نووسەرانی جیهان بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕدرێن. ئەگەرچی وەرگێڕی هەندێک زمان بۆ کوردی هێشتا کەمە، بەڵام کە لە گۆشەیەکەوە و بەچاوێکی وردەوە و لە کۆدا دەبینین بزووتنەوەیەکی وەرگێڕان سەرپێ کەوتووە، کە جێگەی دڵخۆشیی و دەستخۆشییە. هیچ کولتوورێک ناتوانێ بەبێ وەرگێڕان پێش بکەوێت و هیچ کولتوورێک نییە بە تەنها بتوانێت لافی ئەوە لێ بدات پێویستی بە کولتووری نەتەوەکانی دیکە و داهێنانی نەتەوەکانی دیکە نییە، بەڵام هەندێک کولتووری هەژار هەیە زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی دیکە پێویستیان بەوەیە لە هەموو نەتەوەکان قەرز بکەن (وەربگێڕن) بۆ ئەوەی خۆیان لە هەژاری دەربهێنن و بەرەو دونیایەکی نوێ و دەوڵەمەندی هەنگاو بنێن.

یەکێک لەو وەرگێڕە پڕکار و ماندوونەناسانە شاعیر و وەرگێڕ “دلاوەر قەرەداغی”یە، کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا چەندین تێکستی گرنگی لە عەرەبی و فارسی و سویدییەوە کردووە بە کوردی و هەمیشە دەست بۆ ئەو تێکستانەش دەبات، کە وەرگێڕی دیکە بیری لێ ناکەنەوە، یان درەنگتر پێی ئاشنا دەبن. بۆیە زیادەڕەوی نییە، کە بڵێین ئەم وەرگێڕە یەکێکە لەو تاقانە وەرگێڕانەی کە بەشێک لە کەلێنەکانی کتێبخانەی کوردی پڕکردووەتەوە. ئێستا کتێبخانەی کوردی پێویستی بە وەرگێڕی لەم چەشنەیە، نەک وەرگێڕگەلێک، کە بەبێ پێویستی کتێبخانەی کوردی دەست بە وەرگێڕان بکات، بەڵام گرنگترین کاری وەرگێڕان ئەوەیە پێویستی کتێبخانەی کوردی لەبەرچاو بگیرێت و ئەو کولتوورە هەژارەمان دەوڵەمەند بکات، نەک کتێبی دیکەی لەسەر کەڵەکە بکات. واتە وەرگێڕان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە، نەک تەنها زیادکردنی کتێبی وەرگێڕدراو.
ساڵی ڕابردوو دلاوەر قەرەداغی کتێبی “پێنج شار و دوو یادگە”ی ئەسکەندەر حەبەش-ی وەرگێڕا، کە وتووێژێکی درێژ بوو لەگەڵ “سەلاح فایەق”ی شاعیر، سەلاح فایەق لەو شاعیرانەی کەرکوکە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نوێکردنەوەی شیعر لە عێراقدا هەبووە و لەو گرووپەدا بووە، کە دواتر بە گرووپی کەرکوک ناویان بڵاوکراوەتەوە. لەو کتێبەوە سەرەتایەکی گرنگم بۆ ئاشنابوونێکی نوێ بەم شاعیرە دەست پێکرد و لەوێوە دەروازەیەکم بەڕوودا کرایەوە و ئەمساڵیش لەڕێی کتێبی “شیعر بە کاتی بوومەلێڵ”ـەوە جارێکی دیکە بەم شاعیرە ئاشنابوومەوە و دەروازەیەکی دیکەم بەڕوودا کرایەوە. سەڵاح فایەق لەو شاعیرانەیە، کە ئەزموونەکەی هەم جیاوازە و هەم تایبەت و شایستەی خوێندنەوەیە. ئەوەی سەلاح لە شاعیرانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە دونیای شیعریی خۆی هەیە، ئیدی ئەم دونیایە چێژی بکەین، یان نا، گرنگ ئەوەیە دونیایەکی تایبەت بەخۆی دروست کردووە.
ئەوەی لە ئەزموونی هەر شاعیرێکدا گرنگە ئەوەیە شاعیر بتوانێت دونیایەکی تایبەتی شیعریی دروست بکات، لە دواتردا ئەو دونیایە بەشێوازێکی داهێنەرانە بنەخشێنێت، کە خوێنەر بەرەو جیهانی سەرسامی بانگهێشت بکات، چونکە جیهانێکی شیعریی نییە لەدەرەوەی خوێنەر. سەلاح لەو شاعیرانەیە ئەمەی کردووە، بۆیە ئەزموونەکەی جێگەی تێڕامانە.
نووسەر و ڕەخنەگر “عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی” لە پێشەکی ئەم کتێبەدا بەم شێوەیە پەسنی سەلاح دەدات و دەنووسێت “لە ئەزموونی سەلاحدا، کۆلاج و مونتاج و ڕیتمی سوریالی بەدی دەکەین، کۆلاج و مونتاج بۆ دژکۆکردنەوە، نزیککردنەوەی دوورلەیەکەکان و وەدیهێنانی تەبایی و گونجان لە قاڵبێکی سوریالیانەدا، بەڵام سوریالیزمێکی ڕوون، لێتێگەیشتوو نەک ئاڵۆز، بەندکردنی خەونی بزڕکاو لە قاڵبی شیعردا، ڕستەی پەخشانئامێز، بەڵام شیعریانە خوێنەر تووشی شۆک و سەرسوڕمان دەکات.”
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم وەرگێڕانە ئەوەیە، کە وەرگێڕانەکە هاوکات دەقە عەرەبییەکەشی لەگەڵدایە، کە ئەمەش لەسەر خواستی نووسەر خۆی بووە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئێمە لێرەدا بەر ئەوە ناکەوین وەرگێڕ خیانەتی کردبێت، بەڵام بەر ئەوە دەکەین، کە دەقەکانی سەلاح جارێکی دیکە لەڕێی دلاوەر قەرەداغییەوە لە زمانی کوردیدا لەدایکبوونەتەوە. وەرگێڕان هونەری گوێزانەوەی وشە بە وشە و تەنها مانا نییە، بەڵکو هونەری داهێنانەوە تێکستە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لەنێو زمانێکی نوێدا. ئەمەش خاڵێکی گرنگە کە ئەم وەرگێڕانە دەکات وەرگێڕانێکی سەرکەوتوو.
سەلاح لەو پێشەکییەی بۆ ئەم وەرگێڕانەی نووسیوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە “هەر کتێبێکم بە زمانێکی تر بێت، نیشتمانێکی ترە بۆ من.” ئەمەی لێرەدا ئەم شاعیرە وتوویەتی ڕستەیەکی ڕاگوزەر نییە، بەڵکو ڕستەیەکی جێگە تێڕامانە. لێرەوە دەتوانین بڵێین وەرگێڕان پردی دۆزینەوەی نیشتمانی نوێیە بۆ تێکستەکان و ئەو دەقانەی لەنێو زۆرترین زمانەکاندان، خاوەنی زۆرترین نیشتمانن و چانسی ئەوەیان پێ بڕاوە بەنێو زۆرترین زمان و نیشتماندا گەشت بکەن. وەرگێڕانی ئەم شیعرانەی سەلاح فایەقیش لەڕێگەی دلاوەر قەرەداغییەوە گەشتێکی سوریالیانەی شیعریی بەخوێنەر دەکەن.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و ناوەندی باڵندە بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە و پێدانی نیشتمانێکی نوێ بە دەقەکانی سەلاح فایەق.