شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە درێژەی کار و چالاکییە هونەرییەکانیدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێک، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە “ئاریان سەڵاحەدین” بریکاری وەزارەت و “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و “سەردار قادر” بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری هەولێر، لە نزیکەوە هونەرمەندی گۆرانیبێژ “فەرهاد زیرەک”ـیان بەسەرکردەوە.
لە سەردانەکەدا هونەرمەند بەشێک لە یادگارە هونەرییەکانی خۆی گێڕایەوە و باسی لە سەردەمی زێڕینی هونەری و گۆرانی و قۆناغە سەختەکانی ژیانی کرد و گوتیشی: هەمیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری پاڵپشت و پشتیوانی هونەرمەندان بووە و بەردەوام لە تەندروستیان پرسیووم، ئەمەش وەفایەکی جوانە، کە دەبینم بەرپرسانی هونەر لە شارەکەم بەوپەڕی دڵسۆزیی و خەمخۆرییەوە دەڕواننە ژیان و تەندروستی ئێمەمانان و ڕێز لە بەخششی هونەریمان دەگرن، ئەگەرچی من ساڵانێکی زۆرە دوورم لە هونەرەکەم، بەڵام خۆشحاڵم، کە دەبینم نەوەیەکی هونەردۆست و شارەزا لە بواری موزیک پێگەیشتوون و دەتوانن ئەدایەکی جوان بۆ گۆرانیەکانی من بکەن و پارێزگاری لە بەرهەمە فۆلکۆرییەکانمان دەکەن.
جارێکی تر دەمەوێت سوپاسی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم، کە بەردەوام لە خەمی هونەر و هونەرمەندانی کورددا سڵیان نەکردووەتەوە و پشتیوانی لە کار و پڕۆژە هونەرییەکانیان دەکەن.