و: ئەرسەلان حەسەن
ساڵانێک شێخ و مەشایەخ و پیاو چاک نەمابوو هانای نەبردبێتە بەر و دەرکێک نەبوو سەری پێدا نەکردبێت تا خوا منداڵێکی پێ بدات، بەڵام هەموو ڕیسێکی لێ بووەوە خوری و شووکردنەکەشی چۆوە هیچ. ڕەنگە دەستەواژەی “چۆوە هیچ” بە بەریدا نەدروابێ و پڕبەپێست نەبێ، چونکە هەندێک لەوانەی ئاگادار بوون (بڵێین مێردەکەی)، گوتبوویان گێلانە بێزووی بە منداڵبوونەوە دەکرد. جا بۆیە، بڕیاری دا واز لە مێردەکەی بێنێت و خۆ پیاو نەبڕاوە، بەختی بوونەدایکی لەگەڵ تاقی بکاتەوە. تاقیی کردەوە و دوای چەند مانگێک خوا دەرگای بەڕوودا واڵا کرد و منداڵێکی چاوگەشی پێ دا، خۆی و کیژۆڵەیەک پێکەوە دەژیان، چونکە ئەودەم زانیبووی ژیانی جێی منداڵەکە و، باوکی بەیەکەوە تێدا نابێتەوە، هەتا چی وا دیار نەبوو ئەگەر پیاوەکەی دەیویست زەماوەندی لەگەڵدا بکات، گەرچی بەقەدەرا چاوەڕوانی بە کچەکەی خەنی نەبوو، مەگەر لە کاتی پێشبینینەکردن و چاوەڕواننەکراو و جادوویانەی تەمەنکورت بوون. لە دڵی خۆیدا دەیگوت، ئەمە ئەوکاتانەن بۆیان دەژیاین و بەخەیاڵیدا هات، تۆبڵێی پێش ئەویش، کەس وەها بیری کردبێتەوە؟
لە هاویندا، لەگەڵ کچەکەی چوونە هاوینەهەوارەکەی دایبابی لە مەین (١) و بەیانی هەموو ڕۆژێک سواری گالیسکەکەی دەکرد و بە درێژایی کەنارەکە دەیگێڕا، گۆرانی بۆ دەگوت و بەردەوام دەیدواند، چونکە لە دنیادا تەنیا ئەم دووانە بوون و لە ڕێگە و پەیوەندییە خۆشەکەیانەوە، دنیا لەدایک دەبووەوە. ئامێزی لە کچەکەی وەرێنا، هەندێکجار لە خۆی دوور دەخستەوە، لێوڕێژ لە سەرکەوتن، دڵی پڕ بوو لە خۆشەویستی، چێژی خۆشی وەردەگرت؛ هەست بە با، خۆر، لم، دەریا، پەپولە، هەور، ئاسمان دەکەی؛ بەڵام ڕۆژێک زانی گێژە، تەنیا دوای چەند خولەکێک کە لە کەنارەکە دەگەڕا، گەڕایەوە ماڵەوە و کچۆڵەکەی بەدایکی سپارد و چووە ناو جێگەکەی و دە ڕۆژان لەوێدا گینگڵی نەدا و بەدرێژایی ئەم ماوەیە، لەنێوان خەو و بێداریدا مایەوە، لەجێگە کۆنەکەی ڕۆژانی کچێتی، چاوەکانی نوقاندبوو یان ئەگەر نەنوقابوون، سەری هەڵبڕی و سەیری بنمیچەکەی کرد، نەیبینیبوو، بێهەست. دایکی منداڵەکەی بۆ دەهێنا شیری پێ بدات، ئەویش بە بێزارییەوە منداڵەکەی وەلا دەنایەوە، نەیدەتوانی ئەم هەستە ڕوون بکاتەوە، چونکە خۆی لە ئامێزی دایکیدا بینییەوە، لەناکاو خۆی بە کچۆڵەکەی هاتبووە بەرچاو، ئەو بەیانییە لە کەنارەکە بیری کردەوە کە ناتوانم بەرگەی بگرم. نەخێر دیسانەوە ناتوانم بەرگەی بگرم، بەڵام ڕۆژێک کە جاروبار وا ڕێ دەکەوێ، تەلیسمەکە هاڕەی کرد. لە جێگاکەی هەستاو وەک نە بای دیبێ و نە باران (یان نزیکی ئاسایی)، شیری بە منداڵەکەی دایەوە، ئەوەندەی جاران دڵخۆش (یان نزیکی هێندە دڵخۆش). دایکی بە توندی لێی هەڵڕوانی و گوتی: “تۆ سووکە هەڵامەتێکت هەبوو”، پێکەنی و بە چاوی ئارام و گەورە و زیرەکەوە تەماشای دایکی کرد و گوتی: “بەڵێ، بێگومان. سووکە هەڵامەتێک.” دواتر ببڕای ببڕ باسییان نەکردەوە.
پەراوێز:
١. مەین (Maine)، ویلایەتێکی نیوگلاندە لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لە باکوور و خۆرهەڵاتەوە هاوسنووری کەنەدایە، لە باشوورەوە هاوسنووری زەریای ئەتڵەسە. لە خۆراوا دراوسێی ویلایەتی هەمپشایرە. مەین بە سروشتە جوانەکەی، دارستانە فراوانەکەی، هێڵی کەناری پڕپێچ و گەوە و کەشی ساردی بەناوبانگە. ئەم ویلایەتە بە قرژاڵ و دیمەنە کەناراوەکانی زۆر بەناوبانگە.
ئەم چیرۆکە، ئاماژە بە گەشتی گێڕەرەوە و کچۆڵەکەی بۆ «خانووە هاوینییەکەی باوانی لە مەین»، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە ئەم ویلایەتە بە شوێنێکی ئارام و دوور لە ژاوەژاو ناسراوە و کەشێکی لەبار بۆ ڕامان و بەسەربردنی کاتی پشوو، دەڕەخسێنێت.
سهرچاوه:
جویس کرول اوتس: «سرماخوردگی خفیف» به ترجمه میترا داوودی
جویس کرول اوتس