محەمەد لادێ – ههولێر
گەنجێکی شاری سلێمانی کتێبێکی زانستی پزیشکی بواری سڕکردن وەردەگێڕێتە سەرزمانی کوردی کە دەبێتە یەکەم کتێب لە مێژووی کتێبخانەی کوردیدا کە لەبواری سڕکردندا بۆ کوردی وەرگێڕدرابێت.
ڕاستی عەبدوڵڵا، دانیشتووی شاری سلێمانی، پزیشکی بواری سڕکردنە و وەرگێڕە و شارەزای چەند زمانێکی بیانی؛ لە ماوەی ڕابردوودا کتێبێکی تایبەت بە بواری سڕکردنی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئاماژەی بەوە کردووە کە وەرگێڕانی ئەم کتێبە هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی زمانی کوردی لە بواری پزیشکی و برەودان بە زاراوەسازیی پزیشکی.
کتێبەکە نووسراوی دکتۆر ئایدن ئۆدۆنێڵ کە لە سەرتاسەری جیهاندا وەک سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتن لە زانستی سڕکردن بەکار دێت و بە زمانێکی سادە باس لە بنەماکانی ئەم بوارە ئاڵۆزە کراوە.
ڕاستی عەبدوڵڵا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر وتی: “وەرگێڕانی ئەم کتێبە تەنها زیادکردنی کتێبێک نیە بۆ کتێبخانەی کوردی، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ دەوڵەمەندکردنی پێگەی زمانی کوردی لە بواری زانستی پزیشکی و زاراوەی پزیشکیدا.”
وتیشی: “وەرگێڕانی کتێبە زانستییەکان بە پلەیەکی باشتر کاریگەرییان هەیە لەسەر بەرەوپێشچونی کۆمەڵگە، چونکە جیا لەوەی خوێنەری ئاسایی دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، کەسانی تایبەتمەندی بوارەکەش جا پزیشکی بێت یان هەر لقێکی دیکەی زانستی دەتوانن وەک سەرچاوەی زانیاری بەکاری بهێنن و، بیکەنە بنەمایەک بۆ دەوڵەمەندکردنی هەگبەی زانیارییان لەو بوارەدا؛ ئەم کتێبەش هاوکارێکی باشی هەر کەسێکە کە بیەوێت زانیاری لە زمانی دایکەوە وەربگرێت چونکە بەداخەوە سەرچاوەی کوردیمان لە بوارە زانستییەکاندا دەوڵەمەند نییە.
وەرگێڕ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی فەیسبوکدا، نووسیویەتی: ”هیوادارم ئەم هەنگاوە لە داهاتوودا ببێتە هۆی وەرگێڕانی چەندین کتێبی دیکەی بواری پزیشکی و زانستی بۆ سەر زمانی کوردی تاکو کتێبخانەی بواری پزیشکیمان دەوڵەمەندتر بێت؛ بۆ خزمەتی زیاتری ئەکادیمیای پزیشکی لە کوردستان.”
ئاماژەشی بەوە کردووە کە چەندین کتێبی دیکەی لە بواری زانستیدا لە بەردەستدایە و لە سەروبەندی وەرگێڕاندان و لە وادەی دیاریکراودا بڵاو دەکرێنەوە.
ئەم کتێبە جیا لەوەی بۆ خوێندکارانی بەشی سڕکردن و بەشە پزیشکییەکانی دیکە لە کوردستان دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی بواری پزیشکی بە گشتی و سڕکردن بە تایبەتی سوودی لێ وەربگرن، بە شێوەیەک نووسراوە ئەو کەسانەشی کە سەروکاریان لەگەڵ زانستی پزیشکی نییە، دەتوانن بە ئاسانی لێی تێبگەن.
ئایدن ئۆدۆنێڵ یەکێکە لە ناودارترین پسپۆڕانی بواری سڕکردن و خاوەنی چەندین توێژینەوەی زانستییە لە بواری سڕکردندا، ساڵانێکی زۆرە لە نەخۆشخانە گەورەکانی نیوزلەندا و ئوسترالیا و بەریتانیا کار دەکات.