حسێن عهلی لاوهری
لەم ماوەیە نووسینێکم کەوتە بەرچاو کە گێڕانەوەیەکی میژوویی بوو بۆ مرۆڤبوونی تاک؛ دوای ئەم چیرۆکە منیش زۆر زیاتر لە جار دەتوانم بڵێم مرۆڤەیەتی سەروەتێکی گەورەیە بۆ مرۆڤ خۆی و، زەرووریەتێکی ئەم سەردەمەی ئێمەشە؛ دەروونپزیشکی نەمسایی (ڤیکتۆر فرانکڵ) کە پۆڵەندا بندەستی ئەڵمانیای نازی؛ ئەو زیندانە بە کەمپی سووتانی مرۆڤ ناسرابوو. د. فرانکڵ لە نامەیەکەدا کە بۆ مامۆستایانی سەرانسەری جیهانی نووسیووە دەڵێت: چاوم شتی وای بینیوە کەس باوەڕ ناکا و، خۆی لەبەر راناگرێ! نووسەر دەڵیت ژووری غازم بینی، ئەندازیاری زیرەک دیزاین و دروستیان کردبوو بۆ خنکاندی مرۆڤ! دکتۆری بلیمەت و لێهاتووم بینی بە ئاسانی منداڵی بێتاوانیان ژهراوی دەکرد؛ پەرەستاری کارام دەبینی بە یەک دەرزی خەڵکیان دەکوشت، دەرچووانی زانکۆم بینی بە ئاسانی مرۆڤیان دەخستە ئاگرەوە و دەیانسووتاند! هەموو ئەو هۆکارانە خستمیانە گومانەوە لە پەروەردە؛ بۆیە داوا لە مامۆستایان دەکەم پیش ئەوەی قوتابی و خوێندکار رابهێنن و فێریان بکەن تا ببێ بە پزیشک و ئەندازیار و هتد، پەروەردەیان بکەن بۆ ئەوەی ببنە مرۆڤ؛ چونکە گەر مرۆڤبوون نەبێتە پێوەر لە ژیاندا، ئەوە کەسەکان دەبن بە جانەوەرێکی دڕندە؛ بوون بە دکتۆر یان ئەندازیار یان گەیشتن بە هەر پلە و پۆستێکی دیکەی ناو کۆمەڵگە کارێکی ئەوەندە قورس نیە، بە چەند ساڵیک هەوڵدان دێتە دەست، بەڵام وەرن با فێرخوازان فێر بکەین کە باشترین و گەورەترین سەروەت و سامانی هەریەکەیان مرۆڤیەتی بێت؛ مرۆڤیەتی بەراورد ناکرێت بە هیچ بڕوانامەیەکی ئەکادیمیک.
پێم وایە پەروەردە پێش فێرکردن دەتوانی تاکێکی بێوەی و ساغ، بەرهەم بهێنی بۆ ناو کۆمەڵگەکە؛ پەروەردە پێویستیەکی هەرە زەرووری منداڵ و گەنج و لاوەکانمانە لە گشت قۆناغەکانی خوێندندا. ناتوانم بڵێم وەک ئەم سەردەم مەترسی هەیە لەسەر مرۆڤایەتی، بەڵام هەمووشمان دەزانین کە لە ماوەی رابردوو لەلای ئێمەش چەندین کاری نامرۆڤانە رووی داوە، جا چ تاکێک کردبێتی یان چەند کەسێک پێکەوە، هەموویشی لە ئەنجامی نەبوونی هەستی مرۆڤیەتیی کەسەکانەوە؛ پێویست بە نموونەش ناکات، هەم بە خۆمان زۆر شتمان بینیوە، هەم لە راگەیاندن و میدیاکانەوە، چیرۆکی ناخۆشمان بیستووە و دەبیسین و دەبینین، چاکتریش بۆ بەرهەمهینانی مرۆڤبوونی کەسەکان ئەوەیە هەریەکەمان لە ئاست خۆمانەوە هەوڵ بدەین پەروەردە بخەینە پێش فێرکردنەوە؛ کە ئەوەش کارە راست و بێوەی و بێمزەڕەتەکەیە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا.