كاروان حه‌سه‌ن سلێمان
ئه‌ده‌بی كوردی مێژوویه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و چڕوپڕی هه‌یه، هه‌زاران كه‌ڵه‌پیاوی ناودار و شاعیر و نووسه‌ری تێدایه و ته‌مه‌نی ئه‌و ئه‌ده‌به له سه‌رووی هه‌زار ساڵه كه له شیعره‌كانی (باباتاهیر)ه‌وه ده‌ست پێده‌كات. به‌شێوه‌یه‌كی نووسراو و فەرمی، بۆیه له‌و مێژووه‌دا ده‌یان جار ناو و نازناوی شاعیر دووباره و سێباره بوونه‌ته‌وه، هه‌ر بۆ نموونه هه‌بوونی دوو شاعیر به ناونازی (مه‌ستی) شیعریان بڵاوكردووه‌ته‌وه، یان (هیجری) دوو شاعیرمان هه‌یه به‌و ناوه شیعریان بڵاو كردووه‌ته‌وه، یان بوونی سێ شاعیر و یه‌ك نازناو وه‌ك: (شێواو) یان نموونه‌ی تر وه‌ك: (نووری) كه سێ شاعیرمان هه‌یه ئه‌و نازناوه‌یان هه‌ڵگرتووه. یان نموونه‌ی چوار شاعیر و یه‌ك نازناو وه‌ك: (بێزار) هه‌روه‌ها بوونی پێنج شاعیر به یه‌ك نازناو، وه‌ك: (فه‌وزی) كه هه‌موو ئه‌م شاعیرانه به‌ڵگه‌ی ته‌واوم له لایه و نموونه‌ی شیعری‌یان هه‌یه، هه‌ندێك له‌و شاعیرانه زۆرجار سه‌رده‌مه‌كه‌یان جیاواز بووه و جاری واش هه‌بووه له یه‌ك سه‌رده‌مدا بوونە؛ هه‌ر بۆ نموونه ئه‌و نووسینه‌ی به‌رده‌ستت نموونه‌یه‌كی وردی ئه‌و قسانه‌مان ده‌سه‌لمێنێ و به ده‌یان نموونه‌ی تریش هه‌ن.
من له‌م نووسینه‌دا نازناوی یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌م هه‌ڵبژاردووه كه زۆرترین جار شاعیران وه‌ك نازناو به‌كاریان هێناوه، ئه‌ویش نازناوی (فانی)یه، به‌پێی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه‌ی من كردوومه، ئه‌م نازناوه هه‌شت شاعیری كورد به‌كاریان هێناوه بۆ خۆیان، لێره‌دا ئه‌و هه‌شت شاعیره‌تان پێ ده‌ناسێنم كه نازناویان (فانی)یه. ئه‌گه‌رچی له ڕووی زانییارییه‌وه كه‌مێك ئاڵۆزییان تێدایه و هه‌ڵه‌ش پێده‌چێ هه‌بێ له ژیان و ساڵی له‌دایكبوون و مردنیان، به‌ڵام پێم وایه هه‌ر ئه‌وه‌نده گرنگه بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر و ئه‌ده‌بدۆست ئه‌و هه‌شت شاعیره له ئه‌ده‌بی كوردیدا هه‌ن و یه‌ك نازناویان هه‌ڵگرتووه.
فانی: زاراوه‌یه‌كی سۆفیانه‌یه ناوی بكه‌ره به واتای ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌چێ و تێداده‌چێت.
1ـ میرزا مه‌حمودی بادفه‌ڕ كوڕی محه‌مه‌د بادفه‌ڕ له هۆزی عه‌شیره‌تی دوریسان بووه، كه به میرزا مه‌حمودی دوریسانی ده‌ناسرێت و نازناوەشیعریشی (فانی) بووه. كه له ماوه‌ی ساڵانی (1272ـ 1358)ی هه‌تاویدا ژیاوه واتە (١٨٩٣-١٩٧٩)ـی زایینی. له گوندی دوریسان له دایك بووه، مرۆڤێكی خوێنده‌وار و زیره‌ك و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بووه، ماوه‌یه‌ك ده‌گیرێ و له زیندانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاشادا ده‌مێنێته‌وه و دواتر به‌هۆی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه ئازاد ده‌كرێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ورامان و له ته‌مه‌نی (88) ساڵاندا له گوندی دوریسان به‌خاكی ده‌سپێرن. به شێوه‌زاری هه‌ورامی شیعری نووسیوه.
2ـ مه‌لا حوسێن شێخ سه‌عدی كه له ساڵانی (1883ـ1983) له هه‌ولێر ژیاوه و هه‌رله‌وێش كۆچی دوایی كردووه، دیوانه‌شیعرییه‌كه‌ی به‌رده‌سته و له ساڵی (1984) له‌چاپ دراوه.
3ـ مه‌مه‌ند كوڕی ڕه‌سوڵ ئاغا، نازناو (فانی) كه له ماوه‌ی ساڵانی (1910-1973)دا ژیاوه. له تیره‌ی میراوده‌لی ناوچه‌ی پشده‌ره، له مه‌رگه له‌دایك بووه، ماوه‌یه‌ك قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ بووه، له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا. ماوه‌یه‌كیش سەرشارەوان (سه‌رۆكی شاره‌وانی)ـی مه‌رگه بووه، له ساڵی (1973) له مه‌رگه كۆچی دوایی كردووه. دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا له به‌رگی حه‌وته‌م له لاپه‌ڕه (141)دا به‌شێكی بۆ ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ته‌رخان كردووه و به وردی له ژیان و شیعره‌كانی له ڕووی ڕوخسار و ناوه‌رۆكه‌وه دواوه. دیوانه‌كه‌شی به‌رده‌سته، کە ساڵی (1976) له‌چاپ دراوه. (چاپی یه‌كه‌م)
4ـ مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی كوڕی مه‌لا شێخ ئه‌حمه‌دی كوڕی حاجی شێخ محه‌مه‌دی خانه‌شۆر، كه له ماوه‌ی ساڵانی (1880-1941) ژیاوه، له گوندی (خانه‌شۆر) له ناوچه‌ی زه‌هاو له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه.
له ساڵی (1941) له گوندی (ئه‌حمه‌دبڕنه‌و) له نزیك قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گونده‌كه به‌خاك سپێردراوه.
5ـ مه‌لا حه‌سه‌ن خه‌ڵكی دێی ئابڵاغ له شاری سلێمانی. كه له ساڵانی (1880-1940) ژیاوه، گه‌لێ شوێن گه‌ڕاوه بۆ خوێندنی ئایینی و ئادابی موسڵمانەتی؛ له شیعر و ئه‌ده‌بیاتیشدا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه، شاره‌زای زمانی عه‌ره‌بی و فارسی بووه. خاوه‌نی چه‌ندین شیعری هه‌مه‌جۆره و نازناوەکەی، (فانی) بووه.
6ـ حاجی مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوڕی مه‌لا عه‌بدولڕه‌حمانی نۆدشه‌یه له ناوچه‌ی هه‌ورامان له ماوه‌ی ساڵانی (1815-1883)دا ژیاوه. زۆر شوێن گه‌ڕاوه بۆ خوێندن و ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تیی وه‌رگرتووه، ماوه‌یه‌ك له شاری سنه مه‌لا بووه. له شاری سنه كۆچی دوایی كردووه. به زمانی فارسی و شێوه‌زاری هه‌ورامی شیعری نووسیوه و نازناوی (فانی)ـی لە شیعره‌كانیدا به‌كار هێناوه.
7ـ مه‌لاشێخ فه‌تاح خه‌ڵكی كه‌ماڵای هه‌ورامانی ته‌خت (ئێران)ـه. كه ساڵانی ژیانی به (1880-1940) دانراوه. له‌گه‌ڵ هه‌ردوو شاعیری پێشوو واتە (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی كوڕی مه‌لا شێخ ئه‌حمه‌دی كوڕی حاجی شێخ محه‌مه‌دی خانه‌شۆر) و (مه‌لا حه‌سه‌ن خه‌ڵكی دێی ئابڵاغ) لە یه‌ك ساڵدا له‌دایك بوونە و مردوویشن؛ ئەڵبەت جێگه‌ی گومانە و پێده‌چێ ناته‌واوییه‌ك هه‌بێت. زۆر شوێن گه‌ڕاوه بۆ خوێندن و شاره‌زایی له زمانی عه‌ره‌بی و فارسی‌دا هه‌بووه، له ژیاندا به ئیشوكار خه‌ریك بووه، خاوه‌نی ئاشێك بووه له دێی كه‌ماڵا، هاوڕێ و دۆستی شاعیر (مه‌لا حه‌سه‌نی دزڵی) بووه. به شێوه‌زاری هه‌ورامی شیعری نووسیوه و نازناویشی له شیعردا (فانی) بووه.
8 ـ شاعیرێكی ترمان هه‌یه كه نازناوی (فانی)ـی هه‌ڵگرتووه، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر (حه‌كیم مه‌لا ساڵح) له كتێبی (هه‌ڵه‌بجه له ئامێزی مێژوودا) باسی كردووه و ناوی هێناوه، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كی وای لەسەر نییە و ساڵی له‌دایكبوون و مردنەکەیشی نادیارە.
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ دیوانی موخلیس.
2ـ كه‌شكۆڵی شاعیرانی هه‌ورامان، ل 487
3ـ دیوانی فانی (مه‌لاشێخ حوسێنی فانی) كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی بۆ چاپ، به‌شیر حوسێن سه‌عدی، 1984.چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری ـ هه‌ولێر.
4ـ گوڵزاری شاعیرانی كوردـ به‌رگی یه‌ك. گرد و كۆی (بێ‌دار شاره‌زووری) له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی چوارچرا، 2013
چاپی یه‌كه‌م.
5ـ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار.به‌رگی حه‌وته‌م، چاپی یه‌كه‌م 2006 ـ هه‌ولێر، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس.
6ـ هه‌ڵه‌بجه له ئامێزی مێژوودا. به‌رگی دووه‌م، حەكیم مه‌لا ساڵح، 2010، چاپخانه‌ی دیلان.
وێنه‌ی دوو شاعیر؛ مه‌لا حوسێن شێخ سه‌عدی، مه‌مه‌ند كوڕی ڕه‌سوڵ ئاغا، نازناو (فانی)