مەلا (تەلحەت) مەنتک, زانا و پێشمەرگە و نەتەوەپارێز

یووسف مەنتک- ئەلمانیا

دیارە ئەو زانا ئایینیانەی کە بێجگە لە خواپەرستی و بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکانیان، بەشێکی ژیانیشیان بۆ نەتەوەپارێزی تەرخان کردووە، یەکێ لەمانەش مامۆستای ڕەوانشاد (مەلا تەلحەت مەنتک)ـە، کە هەرگیز ئەم ڕێچکە نەتەوەییەی لە بیر نەکردووە، لەپاڵ گەلەکەیدا لە هەڵکشان و داکشانەکانی ڕۆژگار، هەمیشە لەگەڵ میللەتی خۆیدا بووە و خەباتی پێشمەرگایەتیی بۆ کردووە، بۆیە هەمیشە لە پێشەوەی مەلا و زانا ئایینییە شۆڕشگێرەکانەوە بووە و خەڵک بە چاوێکی تایبەتی کوردانەوە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، لە سەردەمی ڕژێمی (بەعس)یشدا هەرگیز باوەڕی بەوە نەبووە بچێتە ژێر ڕکێفی داخوازییەکانیانەوە؛ بۆیەش سیخوڕ دەوریان دابوو، تا بیخەنە تەڵەی دژمنانەوە، بەڵام ئەو ئاقڵمەندانە ڕەفتاری لەگەڵ بارودۆخەکە دەکرد، بەبێ ئەوەی واز لەو پەیامە مرۆڤایەتی و کوردپەروەرییەی خۆی بەرامبەر بە گەل و خاکەکەی بهێنێ، دواجاریش لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان بوو بە سیمبولی کوردایەتی و تا ماڵئاواییش لەو هەڵویستەی خۆی دانەبڕا.
ئەم زانا بەرزو خەباتگێڕە کە ناوی مەلا تەلحەت کوڕی مەلا سەعید کوری قەرەنی حەمەدی حاجیه و لە بنەماڵەیەکی دیاری عەشیرەتی مەنتک لە ڕێکەوتی 01-08-1930 لە گوندی دوو شیوانی مەنتکان لە بناری چیای دێدەوان چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، هەر لە مناڵیەوە خولیای خوێندنی ئایینی بووە، بۆیە لای باوکی دەستی داوە تە خوێندن و قورئان و بەشێکی پەرتووکە مەنهەجییەکانی لا خوێندووە. تا کاتی وەفاتی باوکی کە تەمەنی ئەو دوانزە ساڵان بووە، دواتر بە هەوڵ و دڵسۆزیی چەند زانایەکی دەشتی هەولێر و شاری هەولێر بەتایبەت لای مامۆستا مەلا تەیب دووشێوانی و مەلا ئەبوبەکری کۆیی و مەلا سەدیق نۆغەرانی و مەلا قادری شۆریجه و مەلا محمودی هەڵەبجە، سەرقاڵی خوێندن دەبێ تا لە ژیانی خوێندنیش بوو زۆربەی فەقێ و مامۆستایانی ئەوسا خۆشیان دەویست و دۆستی بوون.
چونکە خوالێخۆشبوو هەر لە تەمەنی لاویەوە کەسێکی خووڕەوشتبەرز و ڕاستگۆ و لێهاتوو، نەرمونیان و کراوە و بەوەفا و دڵسۆز بووە، بۆیە جێگای خۆی گرتبوو لەناو دڵی هاوەڵانی تەنانەت ئەوەی یەکجار دۆستایەتی بکردبایە زۆر پێی سەرسام دەبوو و قەت لە یادی نەدەکرد، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو زاتە بەردەوام باسی هاوڕێیان و مامۆستایانی دۆستی خۆی کە ڕۆژانە باسی دەکردن، دکتۆر محەمەدی مامۆستا مەلا شەریف و مەلا محەمەد مەلا قادر و مامۆستا مەلا شێخ جەوادی شێخ جەلال و مەلا مەجید ئیبراهیم مەنتک و مامۆستای ڕەحمەتی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان شەمشوله و مەلا عەبدولڕەحمان نادر و مامۆستا مەلا فائیز و مامۆستا مەلا عەبدوڵا و مامۆستا مەلا عەلی کۆران بوون.
دوای تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی 1956 لە ئاهەنگێکی گەورە کە ژمارەیەکی زۆری مامۆستای ئایینی و فەقێ و جەماوەرێکی بەرچاو ئامادە بوون لە گوندی دووشێوان بڕوانامەی زانستی لەلایەن مامۆستا مەلا تەیبەوە پێ بەخشراوە، هەر لە گوندەکەی خۆیشیاندا بە سەربەرزیەوە پیشەی مەلایەتیی هەڵبژارد و دەستی بە خزمەتی ئایینی ئیسلام و نەتەوەکەی و دەرسدانەوە کرد. بگرە ئەو فەقێیانەی یەکەم جار لەلای ئەو حوجرەی فەقێیاتی بۆ کردنەوە، ئەوانە بوون: مەلا تۆفیق حاجی حەمەدەمین و مەلا ڕە زا عەبدوڵا و مەلا عەبدولڕەحمان عەلی شەمام و مەلا حسێن میرەکانی.
خوالێخۆشبوو لەگەڵ ئەوەی خوێندنی دەکرد ئەرکی بژێوی خێزانەکەی هەر لە دوای وەفاتی باوکیەوە لەسەر شان بووە دوای بوونی بە مەلای گوندیش بەهەمان شێوە ئەرکی خزمەتکردنی مێوان و خوشک و براکانی لەئەستۆ گرتبوو، ئەو زاتە بەردەوام وەک چرایەکی گەش خزمەتی دەکرد و، لێقەوماوان و خەڵکی هەژاری هاوکاری دەکرد، تەنانەت ئەوەی ناسیاو یان نەناسیاو با ئەو پێشوازی دەکرد و هەموو ئەو خەڵکانەی ڕوویان لەو دەکرد بە ڕێزەوە کاری بەجێ دەگەیاندن و مامۆستا هەر لەتەمەنی لاویەوە خەسڵەت جوان و سیمایی کەسایەتی و خوڕەوشتی بەرزی پێوە دیار بوو، هەر بۆیەش هەر بنەمالەیەک بەخزم و کەسی خۆی دەزانی و ڕێزی زۆریان لێ دەنا بەگران ناویان دەهێنا، چونکە کەسێک بوو دڵ پاک و پۆشاک ڕێک و ئاقڵمەند، لەبەر لێهاتووییەکەی خۆی کە کێشەیەک هاتبا پێش ئەو قسەی لێ دەکرد و چارەسەری بۆ دادەنا.
هەر ئەمەش بوو وەک ڕیشسپییەکی ناسراوی لێهاتوو سەیر دەکرا. لە شۆڕشی ئەیلوولیش وەک مامۆستایەک. جێگەی پرسوڕا بوو؛ لەناو عەشیرەتەکەی خۆی و بەرپرسانی ئەوکاتی شۆڕشی ئەیلوولەوە کە مامەڵەی جوانیان لەگەڵ دەکرد و خۆشەویست بوو لایان، چونکە کەسایەتیەکی گرنگ بوو بۆ چارە سەرکردنی کێشەکان، لەگەڵ ئەمەشدا مامۆستا بەهەموو شێوەیەک هەوڵی کۆمەکی پێشمەرگەی ئەدا و باری گرانی سەر شانی ئەوانی سووک دەکرد. کادیر و بەرپرسانی شۆڕشی هاوکاری دەکرد. پاش بەیانە مێژووییەکەی 11ـی ئازار و جموجۆڵی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان زانایانی ئایینی ئارەزوویان یەکگرتن و یەکێتی ڕیزەکان بوو، مەلا مستەفای بارزانی سەرکردەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد زۆر مەبەستی بوو یەکێتیەک هەبێ لە نێوان پیاوانی ئایینی، ئەوە بوو بیرۆکەی پێکهێنانی یەکێتیی زانایان سەری هەڵدا و هاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە، ئەوە بوو بارزانی بڕیاری دا کە کۆنگرە ببەسترێ و خودی خۆشی ئامادە بێت و چاودێری بکات، لە مەڵبەندی خەبات و کوردایەتی شارۆچکەی گەڵاڵە لە 31-9-1970 بە ئامادەبوونی زۆرینەی زانایانی کوردستان، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام ڕاگەیێنرا، کە یەکێک لەو دیاری کراوانەی ئەو کات بۆ یەکێتیی زانایان مامۆستا مەلا تەلحە مەنتک بوو، لەگەڵ چەند زانایەکی تێکۆشەر بۆ ڕاپەڕاندنی کۆنگرە، تەنانەت لە زۆربەی ناوچە ڕزگارکراوەکانیش زانایان دەهاتن
خۆیان بە مامۆستا دەناساند و بەڵێنی وەفاداری و دڵسۆزییان بۆ ئەنواند، بۆیە مامۆستا دەورێکی باشی هەبوو لەیەکەم کۆنگرەی زانایاندا و لەکاتی هەڵبژاردندا دەنگی هێناو بوو بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی و بەرپرسیاریەتی دامەزراندنی لقی هەولێری پێ سپێردرا، لەبەر ئەوەی ڕژێمی بەعس ڕێگەی نەدەدا بە ئاشکرا لەناو شارەکان بارەگا هەبێ، مامۆستا ئامادەیی خۆی نیشاندا کە لە گوندی خۆی گوندی باب و باپیرانی گوندی دووشیوانی مەنتک سەر بە ناحییەی قوشتەپه یە – هەولێر، چەند ژورێک تەرخان بکات بۆ ئەوەی بارەگای لقی لێ دابنێ، سالی 1971 بارەگای لقی هەولێر کرایەوه و چەند جار مەلا مستەفای بارزانی داوای ئەکرد و حەزی بە دیدەنی ئەو دەکرد، یەکێ لە کارەکانی ئەوکات ئەوە بوو کە بەفەرمی لێژنەی فتوای شەرعی دابمەزرێ و هەرجارە کۆمەلێک زانای بەناوبانگی شەرع زان ئامادەبن بۆ ئەوەی لەناو بارەگای لق چارەسەری کێشە شەرعییەکان بکەن، فیعلەن ئەم لێژنەیە توانیی دەورێکی باش ببینی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت کێشەی ئافرەتان و ئەو مڵکانەی کە زەوت کرابوون بۆ خاوەنەکانیان دەگێڕایەوه، تا ماوەی چوار ساڵ مامۆستا لەوێ مایەوە و ناوبانگێکی تەواوی پەیدا کردبوو، کە خەڵك و زانایان پێیەوە سەربەرز بوون، بەڵام لە 25-3-1974 مامۆستا خۆی و 30 مەلای تر باره گایان گواستەوە و شان بەشانی پێشمەرگە چەکییان هەڵگرت و، ئەرکی ئامۆژگاری پێشمەرگەی خستە ئەستۆ و لە بەرەکانی بەرگری و پاراستنی خاکی کوردستان و پیادەکردنی هەق و عەدالەت درێژەیان بە خەبات دا، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە خزمانی خۆی شان بەشانی مامۆستا بەشداریی شۆڕشیان کرد و چەکی پێشمەرگایەتییان کردە شان، تا نسکۆی 1975 مامۆستا گەڕایەوە گوندەکەی خۆی، بەڵام سیخوڕ و پیاوانی بەعس هەر ڕۆژە بڕوبیانۆیەکیان پێ ئەکرد تا وای لێ هات مامۆستا گوندی خۆی بەجێ بهێڵێ ماڵی گواستەوە بۆ شاری هەولێر.
مامۆستا تا لە گوند بوو خزمەتێکی بەرچاوی دەکرد، دواتریش کە هاتە هەولێر و لە گەڕەکی مەنتکاوە نیشتەجێ بوو، کە زۆرینەی دانیشتوانی لە عەشیرەتەکەی خۆی بوون، دەورێکی باشی هەبوو لە دروستکردنی برایەتی و ڕاگرتنی خزمایەتی لە دەوروبەری خۆیدا و هەمیشە خزم و دۆستانی هان دەدا بۆ یەکگرتن و تەبایی و خزمەتی ئایین و نەتەوە، تەنانەت لە 11ـی ئازاری 1991 هانی خزم و کەسوکاری دەدا کە بەرگری لە سەروەت و سامانی دەوڵەت بکەن و ئەرکی پاراستنی ئەزموونی کورد بگرنە ئەستۆو نا ئارامی لەناو ڕۆڵەکانی کورد پەیدا نەبێ، پاش گەڕانەوەشی لە ئاوارەیی مامۆستا لە شارۆچکەی هەریر مایەوە دواتر لە 30-5-1991 لەسەر داوای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕایەوە هەولێر ئەو کات زۆرێک لە بەرپرسانی بەرەی کوردستانی سەردانی مامۆستایان دەکرد کە خزم و کەسوکاری هاوکاریان بکەن لەناو عەشیرەتی مەنتک، بەڵام مامۆستا وەلامی وابوو کە ئەوان حزبایەتی ناکەن تەنها بڕوایان بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی هەیه و ئێستا کاک مەسعود بارزانی لە جێگایەتی. هەر لەبەر هەلوێستە جوامێرە کانی وەک خۆڕاگری و ڕەوشتبەرزی و هەستی نەتەوەیی و ڕۆڵی دیاری لەناو عەشیرەتی مەنتک و جەماوەردا، مامۆستا ببوە خاوەن سەنگێکی قورس لەناو خەڵك و دەسەڵاتدا و تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکانی کۆمەڵایەتی دەوری خۆی هەبوو، لەبەر ئەوەش بوو سەرکردایەتی سیاسی کورد بایەخی زۆری پێ دا و لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی زەرد بوو بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، هەر لەبەر لێهاتووییەکەیشی بوو لە هەموو کونگرەکانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی وەک جێگری سەرۆک و ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکار هەڵدەبژێردرا، تا کاتی پێش وەفاتی ئیشی مامۆستا هەموو ڕۆژێ لە بارەگای یەکێتیی زانایان ئامادە دەبوو و خزمەتی زانایانی دەکرد و کاروباری لقەکانی ئەو یەکێتیەی بەڕێوە دەبرد، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کات دڵی کەسی نەشکاندووە و کاری هەمووانی بەجێ گەیاندووە، هەر ئەمەش وای کرد قەدرێکی زۆری لای زانایان هەبێ و مایەی ڕێزو خۆشەویستی بێت لەناو دڵی زانایانی ئایینییشدا بگرە زۆر جار یارمەتیشی پێشکەش بەزانایان دەکرد و بێ ئەوەی هیچ کەس پێ بزانێ. مامۆستا لە ژیانیدا سێ هاوسەری هێنا و، پێنج کوڕ و سێ کچی هەیە کە نموونەی ڕەوشتبەرزی و پەروەردەی جوانن.
بەداخەوە لە ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێکەوتی 26-04-2007 بە یەکجاری ماڵئاوای لێ کردین و گەڕایەوە بەر دلۆڤانیی خوای مەزن و هەر هەمان ڕۆژ بە ئامادەبوونی زانایان و جەماوەرێکی بەرچاو لە گۆڕستانی گوندی دووشێوانی بناری چیای دێدەوان لە تەنیشت مەزاری ڕەحمەتی باوکی مەلا سەعید بەخاک سپێردرا. هەزاران دروود و سڵاو بۆ گیانی مامۆستای پایەبەرز و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.

تێبینی
رەوانشاد مامۆستا مەلا جەبار مەنتک، پێشتر ژیاننامەکەی نووسیبۆوە، بە سوودوەرگرتن لێی، ئەم ژیاننامەیە ئامادە کرا؛ ناوبراو خۆیشی یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام بوو لە کوردستان.