باوکم لەگەڵ دوا تیشکی مەغریبدا ئاوا بوو…

لەم ڕۆژانە شاعیر و نووسەر (ئاری ئاغۆک) پەنجاهەمین کتێبی خۆی بەچاپ گەیاند، کە چامەشیعرێکی درێژە بەناونیشانی (باوکم لەگەڵ دوا تیشکی مەغریب ئاوا بوو) لەم بەرهەمەدا شاعیر بە زمانێکی ئەدەبی بە ستایلێکی جیاواز، بە کۆکراوەی سۆز و نۆستالژیا و وشە و دەربڕینی پڕ لە ئیحساس چیرۆکی پەیوەندی ڕۆحی خۆیی و باوکی کۆچکردووی نووسیوەتەوە و کردوویەتی بە تابلۆشیعرێکی جوان کە گوزارشت لە گەورەیی و میهری و کۆچە ئەبەدییەکەی باوک دەکات، هەروەک لە پێشەکییەکەی ئەم بەرهەمەدا (ئاری ئاغۆک) نووسیویەتی:
* ئەو (١٦١٦) وشەیە هەڵقوڵاوی هەناسەیەکی پڕ ئاخە، بۆ گەورەییەکەی پیاوێک لە لەدایکبوونەوە تا ئاوابوونی، هەر بە جوانی و پاکی بینیمان.
* هەرچەندە ئەو (٣٢١) دێڕە وەفایەکی بچووکە بۆ گەورەیی و مەزنایەتیی باوکم، بەڵام بۆ بەتاڵبوونەوەی خەمە فرە ڕەهەندەکانی ناخ، ئەو چامەیە لەدایک بوو.
* نووسینی ئەم چامەشیعرە دوای نوێژی بەیانی یەکی تەمووزی ٢٠٢٤ لە یادی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونی باوکم دەستم پێکرد کە قەرار بوو لەو ڕۆژە ئاهەنگی لەدایکبوونی بۆ ساز بدەین کەچی ئەمساڵ و لەو ڕۆژەدا لەگەڵمان نەبوو، بۆیە لەو کات و ڕێکەوتەدا دەستم کرد بە نووسینی ئەم چامەیە کرد، بەو گەرمای تەمووزە هەستم بە سەرما کرد. شەوان لە خەیاڵی یادەکان دەژیام، تا ٣٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە مەغریبی یەک ساڵەی ماڵئاوایی کۆتایی بەو چامەشیعرە هات.
لە بەشێک لەو چامەیەدا شاعیر دەڵێ:

چەندە ئەستەم و چەند بەسۆیە
بتەوێ لە چوارچێوەی غەریبیدا خۆ دەرباز كەم و
لە چامەشیعرێكدا
ئەو هەستی غوربەت و غەریبیەم بنووسمەوە..
چەندە تاڵە بەیانییەكی نوێ دێ و
تۆ لەسەر جێگاكەت نابینم..
عەسرێكی غەمگین دێ و
تۆ لە مزگەوت نابینم بۆ سوكنایی دڵ.
وتاری هەینی دێ و
لای ڕاستم چۆڵە و
نە نووری تۆ و
نە سیحری گۆپاڵەكەت لەگەڵمدا نین!!
ئیدی لەگەڵ ئەو لەحزە و دیمەنە دڵسووتێنانە
بێتاقەت و بێتاقەتتر دەبم ..
زۆر جار منەمنێك دەكەم و
نە لە خۆم و نە لە دەوروبەرم تێناگەم.