بەستێن لە ڕۆمانی “ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان”ـەکەی عەتا محەمەد

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری

(بەشی دووەم)

عەتا محەمەد لە گفتوگۆكەی لەگەڵ (نەجمەدین براخاس) و (محەمەدڕەزا كەلهوڕ) دەڵێت، دەهەی ١٩٨٠ بۆ ئەو و هاوتەمەنە گەنجەكانی، دەهەیەكی مەترسیدار بوو. ڕژێمی بەعس لە لووتكەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو و ئامانجی پیسی لە مێشكدا بوو. هەڵكشانی سەركوتی سیاسی و پلانی دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر ئێران، بچووكترین دەرفەتی بۆ فەزای ڕۆشنبیری و چالاكیی كۆمەڵایەتی و سیاسی نەهێشتبووەوە:

“ئەودەم من گەنج بووم و وەك هەزاران كەسی دیكە بەرامبەر بە ئایندەیەكی دواهەمین ڕژێمی دیكتاتۆر. ڕژێمێك كە ئایندە، چێژ و خۆشییەكانی ژیان لەنێو دەبات و كۆمەڵگە دەكاتە سەربازخانە تا بەردەوام ئامادەی بوونەقوربانی بن لە ڕێگە دروشماوییەكەی. لەو سەردەمە تاریك و خەفەقانەدا، كتێب پەناگە و دڵگەرمی بوو. زیاتر لە هەر شتێك، ئەدەبی گێڕانەوە، منی بۆ لای خۆی ڕاكێشا و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە پێچەوانەی زۆربەی نووسەرانی كورد، بە شیعر دەست پێ نەكەم. بە هاوڕێكانم دەگوت ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین چیرۆكەكانی ژیان، حیكایەتە بچووك و لەبیركراوەكان بگێڕینەوە و لە لەبیرچوونەوە ڕزگاریان بكەین. لافاوی ئیعدام و ڕاگواستنی زۆرەملێی خەڵكی گوندەكان و ترس و تۆقین لە ڕژێم، ئەم هەستەی لە مندا دروست كرد كە ڕۆژێك دەبێت چیرۆك بنووسم ئەویش بەو تێگەیشتنەی كە چیرۆك ڕزگاركەری مرۆڤە. ئەم خەونە لەگەڵ من ژیا تا كاتی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەكان و هوشیاربوونەوەی خەڵكی كوردستان و عێراق لە ساڵی ١٩٩١ ـ كە بەشێك لە ناوچە كوردنشینەكان، لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس ڕزگاریان بوو ـ و لەگەڵ دۆخە قورسەكەی ئەو سەردەمە و گەمارۆی ئابووری عێراق و ژیانێكی پڕ لە كولەمەرگی، كەچی شەڕی ناوخۆش بڵێسەی سەند و جارێكی تر كەوتینەوە بەردەم ئایندەیەكی لێڵ و نادیار. لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤، من یەكەم چیرۆكی خۆم بە ناوی (پاشماوەی خێڵەکان) چاپ كرد. لەوكاتەوە، نووسین بۆ من ڕێگەیەك بوو كە دەكرا بە هۆیەوە لە مرۆڤ و ڕووداوەكان بنۆڕم و هەوڵ بدەم تێگەیشتنی خۆم دەربارەیانەوە دەرببڕم.”
بەڵام ئەوەی ڕۆمان پێی دەكرێت، هەمان هەستیاریی نووسەرە بەرامبەر “لەبیرچوونەوەی فەرهەنگی”. دوای ڕووخانی دەسەڵاتەكەی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ ـ كە سیاسەتی بەعەرەبكردن و بە بەعسیكردنی لە عێراق بەڕێوە دەبرد و بەو پەڕی توندوتیژییەوە لەگەڵ نەتەوە، زمان، ئایینە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە ڕەفتاری دەكرد ـ هەوڵی نەتەوەكان بۆ بەدەستهێنانی خودموختاری و سەربەخۆیی بەهێز بوو و لە ساڵی ٢٠١٧، ٩٣٪ی ٧٢٪ ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو لە كوردستان، پشتگیریی سەربەخۆیی “هەرێمی كوردستانی عێراق”ـیان كرد. بە بەدەستهێنانی خودموختاریی سیاسی ـ ئابووری، هەوڵی ڕۆشنبیرانی كورد بووە نوێكردنەوە و بووژاندنەوەی فەرهەنگ، زمان و ئەدەبیات و هونەر بە زمانی نەتەوەیی كە لەم نێوەندەشدا، زمان و ئەدەبیات پشكی شێریان بەركەوت.
ئەمڕۆ هەموو بەڵگە و دەركەوتەكانیشن نیشاندەری ئەوەن، لە نێوان ژانرە جیاوازەكانی ئەدەب، زیاتر لە هەموویان “ڕۆمان” و لە پلەی دووەمیش “كورتەچیرۆكی” زیاتر لە شیعر و بوارەكانی دیكەی ئەدەبی، لە نێوان خوێنەران برەویان هەیە.
لە وتارێكی (دكتۆر هاشم ئەحمەدزادە) توێژەری كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ـ كە لە (زانكۆی ئێكسێتەر ـ University of Exeter)ی بەریتانیا مامۆستایە ـ لە چەندین شوێن ئاماژە بە پێشوازیی كوردزمانان لە ڕۆمان كراوە:
“سەرەڕای جیاوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و زمانییەکانی نێوان پارچە جیاوازەکانی کوردستان، خواستی خەڵک بۆ ڕۆمانی کوردی وەک ژانرێكی ئەدەبی، لە هەموویان زیاترە. مەبەستی من لەم وتارە ئەوەیە نیشانی بدەم چۆن گێڕانەوە و ڕۆمانەکانی کوردی خەریکی خەباتن دژ بە یەکپارچە و یەکدەستکردن و سەپاندنی سیاسەتێک کە هەوڵ دەدات ناسنامەیەکی یەكڕەهەندی و تایبەت بەسەر ناوچەكە و دانیشتوانەكەی بسەپێنێت کە لە ڕووی نەتەوەیی و کولتوورییەوە لە یەکتری جیاوازن، [گرنگی ئەم بابەتە کاتێک دەردەکەوێت کە تێبگەین] ڕۆمان چ هێزێكی گەورەی لە بەرهەمهێنانی گوتارگەلی بەهێز هەیە کە لە پێکهاتنی ناسنامەی نەتەوەیی ڕۆڵ دەگێڕێت. (بێندێکت ئەندرسۆن ـ Benedict Anderson) لە کتێبی (کۆمەڵگە خەیاڵییەکان: بیرکردنەوە لەسەر سەرچاوە و بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم ـ Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism)، باسی گرنگی ڕۆمان لە سەرهەڵدانی نەتەوە دەكات. تێگەیشتنی (ئارمسترانگ ـ Armstrong) لەم کۆمەڵگە خەیاڵییانە، [دونیای چیرۆک] ئەوەیە کە سەرهەڵدانی نەریتی نەتەوەیی ڕۆمان، نیشانەیەکی جێگیر و دڵنیایە لەو ڕاستییەی کە فەرهەنگ، نەتەوەی مۆدێرن دروست دەكات. (ئەحمەدزادە، ٢٠١٢)
وەک وتمان، ئەوەی بۆ عەتا محەمەد، وەک ڕۆماننووسێکی کورد گرنگە، هەوڵدانە بۆ ناساندن و ناسنامەی نەتەوەیی، زمان و فەرهەنگێك کە لە ماوەی سەد ساڵی پێش جەنگی جیهانی یەکەم تا ئێستا لێیان زەوت كراوە و ڕێگری لێکراوە. سەپاندنی زمان و فەرهەنگی عەرەبی و ڕژێمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکانی ناوخۆی عێراق، دەرفەتی بۆ بەدیهێنانی شێوازی ژیانی کەسی، نەتەوەیی و فەرهەنگی نەهێشتووەتەوە و ئێستا کە گەلی کورد گەیشتووە بە خودموختاریی سیاسی، هەوڵ دەدات بچووکترین دەرفەت و بواریش بۆ دۆزینەوەی خۆی بقۆزێتەوە.
كرۆكی سەرەکیی ڕۆمانی (ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەكان)، هەوڵی چەند نووسەرێکە هەر لە شاری سلێمانیی هەرێمی خودموختاری کوردستانەوە تا ستۆکهۆڵمی سوید بۆ تۆماركردنی فەرهەنگی نەتەوەیی خۆیان تا “لەبیر” نەکرێت.
ئەوانەی لەژێر چاودێری حکومەتێکی داگیرکەری بێگانە (ئەڵمانییەکان) یان هاوشێوەكەی لە نێوخۆی عێراق واتە (سەدام حوسێن) دەژین، هەوڵ دەدەن هەر چییەك كە لە ژیان، فەرهەنگ، مێژوو و نەتەوەی خۆیان دەیزانن، بە ناوی خوازراو و ساختە یان تەنانەت بە بێناو لە یەک یان چەند نوسخەیەكی كتێبی بیخەنە نێو کتێبخانە گشتییەکان و کتێبفرۆشییەکانەوە تا خوێنەرانێک بە هەڵكەوت بیاندۆزنەوە و بە خوێندنەوە یان پێشنیاركردنیان بە کەسانی تر یان لەبەرگرتنەوەیان، ئەو میراتی زمان و فەرهەنگەی خۆیان بپارێزن. دەزگا سیخوڕ و سەرکوتکەرەکانیش هەوڵ دەدەن ئەم جۆرە نووسەر و خوێنەرانە بناسن و لەنێویان بەرن تا هیچ نیشانەیەک لە ژیانی مێژوویی و نەتەوەیی ئەوان و خودی نووسەر و خوێنەرانیش ن
ەمێنێتەوە.
دەستەواژەی “چەتەكانی خەیاڵ” ناوونیشانی یەکێک لەم بەرهەمانەیە و پەیوەندی بە ڕۆماننووسان و نووسەرانێکەوە هەیە کە بە “هزرگەی مێژوویی و نەتەوەیی” گەل و وڵاتەكەی خۆیان دەناسرێن و سەرچاوەی ئیلهامی كەسایەتیی سەرەکی ڕۆمانەکە، (شێرکۆ) و (شێرزاد) ن:
“ئێستا دەمەوێت نهێنییەکت بۆ ئاشکرا بکەم و بڵێم کە چیرۆکی نووسینی ئەم کتێبە [مەبەستی ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەكانە] پەیوەندی بە ڕۆمانێکەوە هەیە بە ناوی (چەتەكانی خەیاڵ) کە لە ڕۆژێکی بارانیدا بە هەڵكەوت لە کتێبفرۆشییەک کڕیم و ئەم ڕۆمانە، نهێنیی سەرگوزەشتە و ژیاننامەی خوازراو و خەیاڵی بە ڕووی من كردەوە”.
نووسەر ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و بەهایەكی گەورە دەداتە ڕۆمان و پێی وایە نووسەر بە نووسینی ڕۆمان، یارمەتی خوێنەران و جیهانیان دەدات تا جیهان هاوسەنگی خۆی بپارێزێت و لە کەوتنە نێو چاڵی گوومناوی، لەبیرچوونەوەی ناسنامە و خۆلەدەستدان ڕزگاری بێت. شێرکۆ لە دیدارێکدا، بە ماریا دەڵێت:
“گرفتی مرۆڤ ئەوەیە بوونەوەرێكی كامڵ نییە و ڕۆمانەكان دەتوانن یاریمەتیمان بدەن تا ئەو ناكامڵیەمان پڕ بكەینەوە و هاوسەنگی خۆمان و جیهان ڕابگرین. تۆ بیهێنە پێش چاوت ئەگەر ژیان، ڕۆمان و هونەری گێڕانەوەی تێدا نەبووایە، چەند نوقسان و سامناك دەبوو؟ من لە منداڵیمدلا زۆر سەفەرم لەگەڵ سندیباددا دەكرد و بە فەرشەكەی ئەو، دەچوومە زۆر جوگرافیا و شوێنی سەیرەوە. ئەگەرچی ئەوسا نەمدەزانی و ساڵێكی زۆری ویست تا لەوە تێبگەم، كە سندیباد دەیتوانی قەرەبووی خەونی فرین و دەربازبوون لە عێزی كێشكردنمان بۆ بكاتەوە، بەو پێیەی ئێمە بوونەوەرانێكی بێباڵین.. ئەگەر چی من ویستم درێژەی پێ بدەم و بۆی ڕوونبكەمەوە، مەبەستم لە پڕكردنەوەی ناكامڵی و نوقسانی، تەنها بەرجەستەكردنی خەون و خەیاڵەمانمان نییە، بەڵكو هونەری گێڕانەوە كۆمەكمان دەكات تا ژیان و مرۆڤ قووڵتر و فرەماناتر ببینین.” (لاپەڕە 61 و 62ی ڕۆمانەكە)
٢. (بەستێنی کۆمەڵایەتی – مێژوویی ـ Socio-historical context):
زۆربەی جار، بەرهەمە ئەدەبییەکان لە چەند ڕەهەندەوە پەیوەست بە کۆمەڵگەوە دەبن کە بەرهەمەکە لەژێر کاریگەریدا نووسراوە. تەماشای ئەوە بكەن و ببینن كە لە بەرهەمەکەدا چ نیشانەیەك هەن کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی نووسەر دانابێت و نووسەریان هاندابێت. بە سەرنجدانە نیشانە و بژاردەكان، ئێوە پێتان وایە نووسەر خوازیاری گۆڕینی کۆمەڵگەیە یان ئەوی كە وەکو خۆی قبوڵی ناکات؟ لە کوێی بەرهەمەکەدا، نیشانەگەلێک لە ئارەزووی نووسەر بۆ پێشکەوتنخوازی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەبینن؟ ئایا ئەوەی نووسەر دەیڵێت، ئاماژە بە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە یان تەنها پێچواندنیانە بەوان؟ ئێوە بۆ وەڵامی بۆ ئەم پرسیارانە دەتوانن سەردانی کتێبە مێژوویی و کۆمەڵناسییەکان بکەن کە لەسەر هێز و توانست و لاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییەکان نووسراون و چاوێك بخشێننەوە بەو سەردەمەی كە نووسەر مەبەستیەتی، و تەماشای ئەو بەرهەمە ڕەخنەییانە بکەن کە خۆ لە قەرەی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و ئەو بەرهەمانە دەدەن كە ئێوە دەیانخوێننەوە.
گەلی گەورەی کورد ـ کە ژمارەیان لە هەموو جیهان دەگاتە ٢٥ تا ٣٥ ملیۆن کەس و بەشێکیان لە باکووری عێراق و ئەوانی تر لە ئێران، تورکیا و سوریا دەژین ـ لە چەند دەیەی ڕابردوو بەردەوام لە ڕێگەی خەباتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و چەكداریی خۆیانەوە هەوڵیان داوە دۆخەکە وەها بگۆڕن کە بەدڵی خۆیان بێت، بۆ ئەوەی بژین و چارەنووسی سیاسیی خۆیان بە دەستەوە بگرن. لەم نێوەندەدا، سەرکوتی بەردەوام و سیستماتیكی سەدام حوسێن بۆ یەکدەستکردن و مەركەزیەتی عێراق لە ڕێگەی لەنێوبردنی فیزیکی نەتەوە و کەمینە نەتەوە، ئایین و زمانییەکان، پێشی بە بەدیهاتنی ئەم ئاواتە دەبەست.
(شێرزاد حەسەن)ـی نووسەری بەتوانای هەرێمی کوردستان، ڕۆمانێکی کورتی بە ناوی (حەسار و سەگەکانی باوکم) هەیە کە من ڕەخنەیەکم لەسەری نووسیوە بە ناوی (خوێندنەوەی ڕۆمانی کورتی حەسار و سەگەکانی باوکم) و لە ماڵپەڕی ئەدەبی (مرور) بڵاو بووەتەوە، باس لە دۆخی مێژوویی و سیاسی زاڵی سەر عێراق و ژیانی خەڵکی ئازاد بەڵام ستەملێکراو و تینوی ئازادی و خودموختاریی کوردستان دەکات. لەم ڕۆمانەی شێرزاددا، (حەسار) خوازەیەكە بۆ (عێراق)ـی گیرۆدە و (باوک) خوازەیەكە بۆ (سەدام حوسێن) و (سەگەکان)ـیش خوازەیەكن بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی سەدام.
کوشتارە بەکۆمەڵەکانی سەدام و جینۆسایدی نەتەوەیی لە ناوچەی کوردنشینی عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٣، نموونەیەکن لە ڕەوشتی توندوتیژانەی ئەو دیكتاتۆرە کە بە (جینۆسایدی کوردی فەیلی ـ Feyli Kurdish Genocide) بەنێوبانگە. ئەم جۆرە توندوتیژییە، بووە هۆی نەفیكردن و هەڵاتن لە سەرزەمینی باوباپیرانی گەلێكی خەباتگێڕ و سەربەخۆخوازی کورد لە عێراق. ئەم ئازار و توندوتیژییە کاتێک توندتر بوو کە کوردەکانی باکووری عێراق، دەستیان کرد بە ئاشکراکردنی دەستدرێژییە گەورەكەی ڕژێمی بەعسی عێراق کە مەبەستی لەنێوبردنی نەتەوەیی خۆیان بوو کە بە بڕیارنامەی ٦٦٦ بەنێوبانگ بوو. دەرچوونی ئەم بڕیارنامەیە، بووە هۆی بێبەشکردنی کوردەکانی باکووری عێراق لە ناسنامە سەربەخۆ ـ نەتەوەییەكەیان و ناساندنیان وەک نەتەوەیەکی ئێرانی.
“لەم كۆمەڵكوژییە سیستماتیکە كە لە ساڵی ١٩٧٩ و لە بەغدا و خانەقینەوە دەستی پێکرد و پاشان هەموو عێراقی گرتەوە، مەزەندە کراوە نزیکەی ٢٥ هەزار کەس دەستگیر و ئەشکەنجە و دواجار كۆمەڵكوژ كراون. لەم ژمارەیەش، زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسیان ژن بوون کە سەرەتا دەستدرێژییان کراوەتە سەر و پاشان کوژراون.” (ئەلکەریم، ٢٠٠٣)
بۆمبارانە بەردەوامەكانی سەدام، بە بۆمبی كیمیایی لە هەڵەبجە و كۆمەڵكوژییەكانی گەلی کورد، نیشانی دا ئەم دیکتاتۆرە خۆپەرستە گوومانی لە هەموو شتێک و کەسێک هەیە و هیچ ئامانجێکی نییە جگە لە لەنێوبردنی نەتەوەكانی عێراق نەبێت. لە بارودۆخێکی وا دژواردا، گەلی کورد هەست دەکات تاقە ڕێگە بۆ پاراستنی مێژوو، فەرهەنگ و ڕەوایەتیی نەتەوەیی خۆی، خەباتی فەرهەنگیییە بەتایبەت لە بواری ئەدەبدا. ڕۆشنبیرانی کوردی عێراق، بە باشی تێگەیشتوون کە ئەمڕۆ چۆن سوود لەم چەکە کاریگەرە وەربگرن. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، شاهیدی گەشەکردنی نەوەیەکین لە نووسەران کە بە شەوێک ڕێگەی سەد ساڵەیان بڕیوە و من دڵخۆشم لەوەی بە ناساندنی بەشێک لەم میراتە ئەدەبییەدا هاوبەشییان دەكەم.