ئارام كۆشكی – سلێمانی
کێشەیەکی سەرەکی بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوە لە پانتایی ئەدەبی کوردیدا نەبوونی بنەمای تیۆریی و نووسینی تیۆریی و سەرچاوەیە بە زمانی کوردی. بەر لە وەرگێڕان گرنگە بە زمانی کوردی، نووسینی تیۆریی سەبارەت بە ڕەخنە و قوتابخانە و میتۆدە ڕەخنەییەکان هەبێت. نەبوونی سەرچاوە لەم بوارەدا چ لەلایەن نووسەرانی کوردەوە نووسرابن، یان وەرگێڕدرابن. دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی تیۆری گەورە، کە دواجار تێکست بەرهەم دێت بەبێ وشیارییەکی تیۆریی و میتۆدی. بێگومان ئاگاداری ئەوەم، کە تێکست بە میتۆد و تیۆر نانووسرێت، هەمیشە تیۆرەکان لەدوای تێکستەکانەوە لەدایک دەبن، بەڵام ئاگایی نووسەر لێیان ئاسۆی ئیشکردن و نووسین بۆ نووسەران فراوان دەکات. بۆیە هەموو ئاگاییەکی تیۆریی و میتۆدی دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ لەدایکبوونی تێکستێک لە هزرێکی ڕۆشن و وشیارەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە جاروبارە هەوڵی جیدی دەبینین، بەڵام دۆخی هەژاری کتێبخانەی کوردی پێویستی بە کار و بەرهەمی زیاترە. “بنەما تیۆرییەکانی شیعری ئاڵۆز” هەوڵێکی نووسەر و لێکۆڵەر “نەبەز محەمەد”ە لە دوتوێی نامیلکەیەکی 82 لاپەڕەییدا، کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە و دەچێتە خانەی یەکێک لەو هەوڵە نوێیانەی ئەم بوارە. ئەم کتێبە هەوڵێکی گرنگە بۆ قسەکردنێکی تیۆری سەبارەت بە شیعریی ئاڵۆز و شیعری ئاڵۆزکاو، چونکە ئەم دوانە دوو شتی لەیەکتریی جیاواز. یەکەمیان تەمومژ و ئاڵۆزی هەیە و نووسەر بە وشیارییەوە ئەم ئاڵۆزییەی ویستووە. دووەمیان تەمومژ و ئاڵۆزکاندنی ناپێویست هەیە، کە بنەمایەکی مەعریفی نییە و ساختەیە و نووسەر بەزۆر دروستی کردووە لەپێناو ئەوەی ڕیسکێکی جیاواز بکات، کە ڕیسکەکەی بنەمای نییە. ئەم کتێبە دەیەوێت شیکارییەکی ورد و تیۆریی ئەم بابەتە بکات، کە تا ئێستا زۆر کەم لەبارەیەوە نووسراوە.
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا لە دووبەش پێکهاتووە بەشی یەکەم تەرخانە بۆ قسەکردنێکی تیۆری و مێژووی سەبارەت بەشیعر و ڕیشەکانی. (لێرەدا نامەوێت ئایدیاکانی دووبارە بکەمەوە مەگەر زۆر بەپێویستی بزانم) ئێمە بێجگە لەوەی باس لە دوو قوتابخانەی گرنگی ئەدەبی کراون، کە ئەوانیش سیمبۆلیزم و سوریالیزمە، کە هەردوو قوتابخانەکە ڕۆڵیان لە ئاڵۆزی شیعر و ئەدەبدا هەبووە و دوو گرنگترین قوتابخانەن کە تا هەنووکەش گرنگییان هەیە. یەکەمیان ئاڵۆزی بە ئامانج گرتووە و دووەمیان کاری لەسەر نووسینەوەی نائاگایی کردووە، کە ئەمەش جۆرێک لە ئاڵۆزی دروستکردووە. نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە سیمبولیستەکان بڕوایان وابوو کە بەرهەمی هونەری دەبێت بە زمانێک بنووسرێت، کۆمەڵانی خەڵک توانای تێگەیشتنیان لێی نەبێت. بۆ ئەم کارە دەبێت زمانێکی تازە دروست بکرێت، لەگەڵ زمانی باودا جیاواز بێت. زمان یەکێکە لە کەرەستە گرنگەکانی نووسەر، بەڵام لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدات ئایا ئاڵۆزیی زمان نیشانەی ئاڵۆزی بیرە، یان بەپێچەوانەوە ئەوە ئاڵۆزی بیرە دەبێتە هۆی نیشانەی ئاڵۆزی زمان. ڕەنگە زۆرجار نووسەرانێک بتوانن بیرە ئاڵۆزەکان بە زمانێکی سادەتر دەرببڕن، هەندێکجاریش بیری ئاڵۆز توانای سادەکردنەوەی نییە و ناتوانرێت بەشێوەیەکی سادە گوزارشتی لێ بکرێت، لەبەر ئەوەیە، کە ئەوەی زمانێک دەخولقێنێت بیرە، کە ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە چۆن گوزارشتی لێ بکرێت.
نووسەر سەبارەت بە سوریالیستەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەوان ئامانجی سەرەکییان بە ئاگاییکردنی نائاگایی بوو. واتە پرۆژەی ئەوان هەوڵێک بوو بۆ نووسینەوەی نائاگایی و دواندنی تا بکرێتە تێکست. لای ئەوان “نووسینی خۆبەخۆ خۆڕزگارکردنە لە عەقڵ، قەید، پرەنسیپ و هەر دەقگرتنێک بە هەر شتێک، کە وەکو ڕاستی و هەقیقەت چەسپێنراوە.” لێرەوە نووسەری ئەم کتێبە دەپەڕێتەوە بۆ باسکردن پێگەی ئاڵۆزیی و سادەیی لە شیعردا. لە جێگەیەکدا ڕەخنەی ئەو جۆرە لە شیعر دەگرێت کە لەپەنا زمانئاڵۆزی و وشک و برینگبوونی زمانەکەدا ناشیعرییەتی خۆی شاردووەتەوە. لە دواتردا دەگاتە ئەوەی بڵێت “دەشێت شیعر لە سادەبوونەوەشدا هەمان تەقینەوە گەورانە ساز بدات لە زمان، مانا و سەرسوڕمانی زیاتر بەدەست بهێنێت.”
لە دواجاریشدا نووسەر لایەنگریی زمانئاڵۆزیی نییە و پێیوایە ئەگەر مانای نوێ بەرهەم نەیەت هەموو ئاڵۆزییەک دەبێتە جۆرێک لە گەمەی بێبنەما.
هەرچی بەشی دووەمە لە چەند وتارێکی جیاواز پێکهاتووە و لەژێر ناونیشانی لە ئاڵۆزییەوە بۆ ئاتمۆسفێری شیعری سادە. لێرەشدا بە زمانێکی ڕوونتر و لە چەند دیدگایەکی دیکەوە درێژە بە ئەو نەگوتراوانە دەدات کە لە بەشی یەکەمدا هیچی لەبارەوە نەگوتوون. لەم بەشەدا سەبارەت بە نازمانی و زمانسەنتەری هەڵوەستە دەکات ئەمە بێجگە لەسەر چەند پرسێکی دیکەش.
هەر لەم بەشەدا نووسەر پێداگریی لەسەر گرنگی زمان و زمانسەنتەری دەکاتەوە لە شیعردا، چونکە وەکو نووسەر دەیخاتەڕوو “زمان تەنانەت ڕێسا تایبەتی و ستانداردەکانی خۆی تێدەپەڕێنێ تا ئەوەی شیعر دەیەوێت دەستی پێی بگات.” واتە ئەوە زمانە لەنێو شیعردا جارێکی دیکە لەدایک دەبێتەوە و کاژ فڕێ دەکات و نوێدەبێتەوە.
خاڵێکی گرنگ کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، کە لای ئێمە تێکشکاندنی زمان هەیە لەنێو شیعردا، نەک گەمەکردن و کارکردن و نوێکردنەوەی زمان. زۆرجار بە شاعیرانی کورد بەهۆی ئەوەی وشیارییەکی تیۆرییان سەبارەت بە بەکارهێنانی زمان نییە، بۆیە زمان بەرەو تێکشکاندن دەبەن و لەبری ئەوەی نوێی بکەنەوە تێکی دەشکێنن. زمان بە ئاڵۆزکاندن و پەرتپەرتکردن و وشە قرتاندن و پیت فڕێدان گەشە ناکات، بەڵکو بە دۆزینەوەی ئاسۆی نوێ لەنێودا گەشە دەکات. شیعریش هەمیشە دۆزینەوە و گەشەی نوێ و دۆزینەوەی ئاسۆی نوێیە لەنێو زمان و مانادا.
ئەم کتێبە دەشێ وەکو یەکێک لە هەوڵە تیۆرییەکان سەیر بکەین بۆ ناسینێکی تیۆری بۆ زمان و شیعر. بەڵام بە سەرنجی کورت و تیژتێپەڕ، کە من دەخوازم نووسەر ئەمە یەکەم هەوڵ و کۆتا هەوڵی نەبێت و ئەم پرۆژە تیۆرییە دەوڵەمەند بکات و لە دواتریشدا تەنها لە تیۆردا نەمێنێتەوە و لێکۆڵینەوەی پراکتیکیشی بەدوادا بێت سەبارەت بە شیعریی کوردی و ئەو شاعیرانەی ئیمکانی ئەوەیان تێدایە لێیان بکۆڵرێتەوە. کتێبەکە بەدەریش نییە لە هەندێک کەموکوڕی بەتایبەت وەک پێویست هەقی بە بەشێک لە بابەتەکان نەدابوو و من چاوەڕوانی زیاتر بووم. ئەمە بێجگە لەوەی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکاندا دەکرا بەشێوەیەکی باشتر و زانستیتر ئاماژەی پێ بکرایە، یان کۆی سەرچاوەکان لە کۆتایی بەشەکاندا دابرانایە نەک لەنێو تێکستەکەدا. دەستخۆشی و ماندوو نەبوونی بۆ نووسەر و ئەم هەوڵە کە پێموایە کتێبخانەی کوردی لەم جۆرە کتێبانەی کەمە بەهیوام ئەمە کۆتا بەرهەمی لێکۆڵینەوەی نەبێت.