حەمید قەڵادزەیی
داگیرکەر، هەر داگیرکەرە
ساڵانێکە، تۆ دڵت لێ داگیرکردووم
داگیرکەری نیشتمانیش
هەردوو قاچ و زمانی بردووم
***
لەوەتی هەم
هەرچی داگیرکەر پێی خۆشە، ڕقم لێیە
کەچی سەیرە..
ئەوەی خودا، بەتۆی داگیرکەری داوە،
نازانم بۆ حەزم لێیە !
***
داگیرکەری نیشتمانم
بە هەر زمانێک بۆ من بدوێ،
پێی نادوێم
کەچی ڕازی پەنهانی تۆی داگیرکەر و..
یەک بە یەکی،
تابلۆی خەیاڵت دەبینم
کە جارجارەش دێیە خەونم
تێناگەم بۆ..
هەر بە زمانی خۆت دەتدوێنم؟!
****
بۆ هەر جەنگێ
خوێن یەکەمین کەرەستەیە
لە بڵندگۆی شۆڕشەوە، پێشکەش دەکرێ
بەس ئاگری ئەو جەنگەی تۆ
بە خۆڕادەستکردنی من
خامۆش دەکرێ !