(2-2)
لای ت.س. ئیلیۆت “هەموو شۆڕشێکی شیعریی، لەوانەیە گەڕانەوە بێت بۆ قسەی چینی خوارەوە، بەڵکو ڕەنگە هەندێکجار خۆی بەم شێوەیە ڕابگەیەنێت.”(1) نزیکبوونی ئەزموونی ئەم شاعیرە لە زمانی “چینی خوارەوە” بە پلانە بۆ سەرخستنی شۆڕشە شیعرییەکەیەتی و بۆ ئەوەیە مێژوویەک لەنێو زمانی کوردیدا بۆ هونەری شیعری مۆدێرن بنووسێتەوە. ڕەنگە ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی قسەکەی باتسۆن بێت کە دەڵێت “مێژووی شیعر بەشێک لە مێژووی زمان بە گشتی پێک دەهێنێت.”(2) ئەگەر سەرنجی وردی ئەزموونی ئەم شاعیرە بدەین زمان بەردەوام گەشە دەکات و خۆی و مێژووە تۆمارکراوەکەی تێدەپەڕێنێت و مێژووی نوێ دەخولقێنێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زمانی شیعریی شێرکۆ بێکەس ئەوەیە، کە زمانێکی سادەی هەیە، ئەگەرچی خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەوە دەکات کە نابێت زمانی شیعر زمانی عامەی خەڵکی بێت لەوێدا دەڵێت “زمانی شیعر هەمیشە زمانی هەڵبژاردەی ناو خەڵک بووە و لە هەموو زەمانێکدا هەر وا بووە.”(3) لەدواتریشدا ئاماژە بەوە دەدات کە “هەموو تازەگەرییەک خەوشی خۆی هەیە. یەکێک لەو خەوشانەی شیعری تازە (زیادەڕەویی) بوو لە دروستکردنی قفڵەکانی ناو زمان و دەربڕیندا. پێوەدانی هەموو دەرگاکان بوو، دروستکردنی مەجاز بوو لەناو مەجازدا، ئەمە کارێکی کرد خەڵک و خوێنەر تاقەتی ئەو تەلیسمانەیان نەبێت.(4) لێرەدا بەر دووبۆچوونی جیاواز دەکەوین یەکەمیان ئەوەیە کە زمانی شیعر زمانێکی نوخبەوییە، بەڵام لە هەمانکاتدا بەر ئەوەش دەکەوین کە زمانی ئاڵۆزیش ڕەت دەکاتەوە، یان دەتوانین بڵێین دژی ئاڵۆزکردن و ئاڵۆزکاندنی زمانە. لە کورتە شیعری “زمانی من” دەتوانین بڵێین گوزارشتی لە بەکارهێنانی زمان کردووە لای خۆی و لەوێدا دەنووسێت:
“من زمانم نەکردووە
بەو بێشانەی هەر بێشەوان
لێیان دەرچێ.
من قەسیدەم نەکردووە
بەو ئاوانەی هەر مەلەوان
لێیان دەرچێ.
من بێشەکەم ڕێی هەتاوی
پێدا دەڕوا
بۆ هەمووە
من ئاوەکەم
تەنها بوارێکی نییە و
ڕێگەی لە کەس
نەبەستووە.”(5)
لێرەدا دژ بەو بۆچوونەی خۆی دەوەستێتەوە، کە لەو چاوپێکەوتنەدا باسی دەکات، کە زمانی شیعر نوخبەوییە. بێگومان تەنها لەم کورتە شیعرەدا پێداگریی لەسەر ئەمە نەکردووە، بەڵکو لە کورتە شیعری “خۆلوولکردن”یشدا لەبارەی هەمان بابەتەوە دواوە و لەوێدا دەنووسێت:
“ئەگەر شیعر
لەناو پەلکی زمانێکدا
وەکو هەندێ کرمی باریک
بەتەواوی خۆی لوول کرد و
نەکرایەوە!
ئەوسا نە پەلک تێی دەگا و
نە خۆرەتاو لێی ئەدات و
بۆ درەختیش
بوون و نەبوونی ئەو کرمە
وەکو یەکە!”(6)
لێرەدا شیعر دەباتەوە هەموو ماڵێک و بەردەمی هەموو خوێنەرێک. بۆیە شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی بەتەنها دەستەبژێرێک نییە، وەکو خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو گرنگی شێرکۆ بێکەس لەوەدایە، کە شاعیری هەموانە و لە چین و توێژەکاندا خوێنەر دەتوانێت بەپێی ئاشنایی لەگەڵ شیعردا درکی جیهانە شیعرییەکەی بکات.
خاڵێکی دیکەی گرنگ و جێبایەخ کە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین هونەری “بەشیعرکردن”ـە. شێرکۆ بێکەس لەو شاعیرانەیە، کە دەستێکی باڵای هەیە لە هونەریی بەشیعرکردندا. ئەو زۆرجار بۆ دیداری ڕۆژنامەوانی و قسەی ئاسایی هەر زمانێکی شیعریی بەکار دەهێنا و زاڵی زمانی شیعرییەکەی وایکردبوو هەمیشە چەشنی شیعر بدوێ. شاعیر خۆی لەم کورتە شیعرەدا بە جوانی گوزارشتی لەم حاڵەتە کردووە:
“دەست بدەمە هەرچی شتێ
دار بێ، بەرد بێ، پیاڵە چا بێ
پەرداخی سەر مێزەکەم بێ
یان تەپڵەکی جگەرەکەم
من ئەتوانم ڕۆحی شیعریان
بە بەردا بکەم!
هەر دوێنێ بوو
خەیاڵی سرکی ئاسکێکم
لە بەرایی دەشتا گرت و
خستمە ئامێزی وشەوە و
لەناو دڵما ماڵیم کرد و
دواتر بردمەوە بۆ ماڵێ.”(7)
مارتن هایدگەر لە خوێندنەوەی شیعری هۆڵدەرلیندا بۆچوونێکی پۆڵ ڤالێری دەهێنێتەوە، کە گەلێک سەرنجڕاکێشە، کە ڤالێری لەوێدا دەڵێت “شیعر بریتییە لەو ڕاڕاییە درێژخایەنەی، کە دەکەوێتە نێوان دەربڕین و واتاوە.”(8) ئەزموونی شیعری شێرکۆ ئەزموونێکە پڕ لە ڕاڕایی لەنێوان هەڵبژاردنی زمانێکی تایبەتی دیاریکراو و لەنێوان ژانرێکی دیاریکراودا، بۆیە کۆکردنەوەی ژانرەکانی دیکە لەنێو شیعردا و هەر یەکەیان بە زمانێکی تایبەت، بەڵام لەژێر هەژموونی زمانی شیعرییدا، تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەزموونی شیعریی شێرکۆ بێکەسە.
شیعری ئەم شاعیرە ئەگەرچی زۆرجار لە ڕووکەشدا سادە دەرکەوێت، بەڵام هەمیشە هەڵگریی قووڵاییەکی تایبەتی شیعرییە و دەشێ شاعیر درکی بەوە کردبێت، کە زۆرجار ئەم قووڵاییەی شیعرەکانی کەشف نەکراوە، بۆیە ناچارانە خۆی لە دەقێکدا ئەمەی بۆ خوێنەر خستووەتەڕوو، کە ئەو ئەگەرچی ڕوونیش بنووسێت، بەڵام هەمیشە لەنێو قووڵاییدا کار دەکات:
“بەفر وتی:
سادە وەکوو من بنووسە!
لە توانەوەیشدا هەر من بەو
قووڵ ڕۆبچۆوە
لەم سەرزەمینی شیعرەدا
دەریاچە و زەریا دروستکە!”(9)
لای شێرکۆ بێکەس شیعر تەنها لە یەک واتاییدا کورت نابێتەوە، بەڵکو گەمەی زمانی و ئەو دالانەی دەیخاتەڕوو دەشێ تەنها لە یەک مەدلوولدا سەر دەرنەهێنن، بەڵام ئەم شاعیرە دژ بە ئاڵۆزکاندنە و ئەمەشی نەشاردووەتەوە و لە شیعرێکدا گوزارشتی لێ کردووە:
“گێژەڵووکەش شیعر دەنووسێ!
جاری وایە دەشتێک دەنووسێ
بەڵام کە دەیخوێنیتەوە
تەپ و تۆز چاوت کوێر دەکا و
پووش و پەڵاش داتئەپۆشێ!”(10)
مایکۆفسکی دەڵێت “من هیچ ڕێساگەلێکم پێ شک نایە کەسێک بکاتە شاعیر و لە ڕێگەی پەروەردەکردنییەوە بتوانێت شیعر بنووسێت، بەگشتی وەها ڕێساگەلێک بوونیان نییە. شاعیر کەسێکە کە خۆی ڕێسا شیعرییەکانی دەخولقێنێت.”(11) ئەم گوتەیە کوتومت بۆ شێرکۆ بێکەس دروستە، چونکە ئەو شاعیرێکە توانای خولقاندنی جیهانێکی شیعریی هەیە، کە تەنها تایبەتە بەخۆی جۆرێک لە ناسنامەی “شێرکۆیی” وەرگرتووە. بەڵام گرنگە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەین، کە زمان لای ئەم شاعیرە هەمیشە لەسەر یەک ڕیتم نەبووە، بەڵکو بەردەوام لە گۆڕان و نوێبوونەوەدا بووە. د. لوقمان ڕەئوف بونیاتی زمانی شیعریی شێرکۆ بێکەس بۆ سێ قۆناغ دابەش دەکات کە ئەوانەن:
قۆناغی یەکەم: قۆناغی بونیاتنانی زمانی شیعریی (1968-1989)
قۆناغی دووەم: قۆناغی پێشانگایەتی و لوتکەی زمانی شیعریی (1990-2004)
قۆناغی سێیەم: قۆناغی تایبەتمەندبوونی زمانی شیعریی شاعیر.
خاڵێک کە شاعیران بەرەو وەستان و چەقبەستن دەبەن جێگیریی زمانی شیعرییە، کە دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی ئەزموونە شیعرییەکەی پەکی بکەوێت و هیچی نوێی نەبێت بە خوێنەری بدات. بەڵام لای شێرکۆ بێکەس ئەمە تەواو پێچەوانەیە و وەکو لەسەرەوە بینیمان جیاکردنەوەی ئەم قۆناغانە گرنگیی ئەزموونی ئەم شاعیرە دەردەخات، بەجۆرێک کە بەردەوام لەگەشە و کامڵبووندا بووە.
پەراوێز و سەرچاوەکانی بەشی دووەم:
1- جەبار ئەحمەد حسێن، ئیستاتیکای دەقی ئەدەبی کوردی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم2008 ل93.
2-هەمان سەرچاوە ل92.
3-زانیار سەردار قڕگەیی، کانییەک لە وشە، شاعیرێک لە جوانی، چاپی یەکەم 2024 ل44)
4-هەمان سەرچاوە ل45.
5-شێرکۆ بێکەس، زێ و زنە-شیعر، چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەکەم 2008، ل370.
6-هەمان سەرچاوە ل273.
7- شێرکۆ بێکەس، هەست و نەست، دەزگای سەردەم، چاپی یەکەم 2010، ل189)
8- مارتن هایدگەر، زەوی و ئاسمانی هۆڵدەرلین، شاهۆ عوسمان، شیعر ژمارە پێنج 2017، ل10.
9- شێرکۆ بێکەس، حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک، شیعر، چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەکەم 2007، ل8.
10-هەمان سەرچاوە، ل20.
11-ڤلادیمێر مایکۆفسکی، شیعرەکان چۆن دروست دەبن؟، و: پەیمان عەلیپوور،شیعر ژمارە5 2017، ل119.