كارزان گلی – ههولێر
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی دا، بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی چارەسەری و چەكدانانی پەكەكە، پێویستە لەناو پەرلەمان چەند لیژنەیەك پێك بێت كە ١٠٠ ئەندامی هەبێت، تا بتوانن دەستوور هەموار بكەنەوە. بەڵام بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، پێویستە ٤٠٠ پەرلەمانتار دەنگی بۆ بدەن، ئایا ئاكەپە و مەهەپە دەتوانن ئەو رێژەیە كۆ بكەنەوە؟
ئامانجی باخچەلی ئەوەیە، ١٦ لیژنە لە پەرلەمانی توركیا پێك بێت، ئەندامەكان لە ١٦ پارتی سیاسی پێك بێت، هەروەها بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ریفڕاندۆم، دەستوور هەموار بكەنەوە، بەڵام ئایا ٤٠٠ پەرلەمانتار كۆ دەكەنەوە، چونكە ئەگەر بەبێ ریفڕاندۆم دەستوور هەموار بكرێتەوە، لە كۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار، پێویستە ٤٠٠ کەس لێیان، بە بەڵێ دەنگ بدەن.
پارتە سیاسییەكان كورسییەكانیان لە پەرلەمان چۆن دابەش كراوە؟
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٢٣، ئاكەپە بەتەنیا زۆرینەی لەدەست دا، بۆیە هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە، پەرلەمانتاری پارتەكانی تر بكڕێت و بیانهێنێتە ناو ئاكەپەوە، تاوەكوو ئێستا تونیویەتی سێ پەرلەمانتاری سەر بە پارتی ئاییندە بهێنێتە ناو ئاكەپە.
ئەگەر ٣٦٠ پەرلەمانتار دەنگ بەڵێ بدەن بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور، ئەوكات دەستوور دەخرێتە ریفڕاندۆمەوە، بەڵام ترسی ئاكەپە و مەهەپە لەوەیە، بە گوێرەی ئەنجامی دەزگاكانی راپرسی، ئەو دوو پارتە دەنگەكانیان لە ٤٠٪ تیپەڕ ناكات و، لە ریفڕاندۆمیشدا دەستوور لەلایەن گەلەوە رەت دەكرێتەوە. راستە لە بەرژەوەندی كورد و پرۆسەی چارەسەریی كورد، هەندێك مادە دەستكاری دەكەن، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە، دەیانەوێت دەستوور بەجۆرێك هەموار بكەنەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، تا دوو خولی تریش بتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەربژێر بكات.
تاوەكوو ئێستا ١١ پەرلەمانتاری سەر بە پارتەكانی تر هاتوونەتە ناو ئاكەپەوە، كە سێیان سەر بە پارتی ئاییندە بوون، حەوتیان سەر بە پارتی خاس، یەكیان پارتی سەرلەنوێی رەفاهـ بوو.
ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگەكانی بووتە ٢٧٣، مەهەپە ٤٧، خودا پار ٤، پارتی چەپی دیموكراتیش یەك پەرلەمانتار، بەمەش كۆی گشتی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی كۆماری دەكاتە ٣٢٥ كورسی، بەڵام سێ پەرلەمانتاری تر كە وەكوو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر كردبوو و دەرچوون، ئەوانیش هاتوونەتە ناو هاوپەیمانیی كۆماریی، كەواتە رێژەی كورسییەكانی هاوپەیمانیی كۆماریی بووەتە ٣٢٨ كورسی، بەڵام بەو رێژەیە، تەنانەت ناتوانن دەستووریش بخەنە ریفڕاندۆمەوە.
دەم پارتی، كە پارتێكی كاریگەرە لەناو پەرلەمانی توركیا و هەروەها لە پرسی چارەسەریی كورددا، رۆڵی گەورەی پێدراوە، ئەگەر زۆرە بچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، چونكە ناكرێت حكوومەت بێتە ناو پرۆسەی چارەسەریی لەگەڵ دەم پارتی و عەبدوڵا ئۆجەلانو قەندیلدا، كەچی بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، دەم پارتی دژی بوەستێتەوە، بۆیە وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئۆجەلانیش گوتویەتی دەم پارتی بچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، ئەگەر راستەوخۆش نەبێت، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئەو هەنگاوە بنێت.
دەم پارتی ژمارەی كورسییەكانی ٥٨ كورسییە، ئەگەر ئەوانیش پشتگیری لە هەمواركردنەوەی دەستوور بكەن، كۆی گشتی كورسییەكان دەبێت بە ٣٨٦ كورسی، هەر ١٤ كورسی كەمە تا دەستوور بەبێ ریفڕاندۆم هەموار بكرێتەوە.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی ئاژانسی (DW)، ئەگەربێتو ئاكەپە و مەهەپە، بتوانن ژمارەی كورسییەكانیش بگەیەننە ٤٠٠، هەر دووچاری مەترسی دەبنەوە، چونكە لە كاتی دەنگداندا ئەگەر زۆرە چەند پەرلەمانتارێك بەبەڵێ دەنگ نەدەن، بۆیە دەبێت هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بێت، ٤١٠ پەرلەمانتار كۆ بكەنەوە، چونكە ئەگەر ئەو رێژەیە ١٠شیان لێ پەشیمان ببنەوە و بە نهێنی بە نەخێر دەنگ بدەن، كێشە نابێت دەستوور تێدەپەڕێنرێت.
لە هەمواركردنەوەی دەستوور چی لە بەرژەوەندی كورد دەبێت؟
هێشتا روون نییە، ئاكەپە و مەهەپە، چۆن لە بەرژەوەندی كورد دەستوور هەموار دەكەنەوە، بەڵام ئەوەیان لا روون بووەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن دەستوور هەموار بكەنەوە، بەبێ دەم پارتی پێیان ناكرێت، بۆیە رەنگە چەند هەنگاوێك بهاوێن.
یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە، بە یاسایەك هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بكرێن؛ لەوانە: سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ. هەروەها گۆشەگیركردنی ئۆجەلان هەڵبگیرێت و لە ئیمرالی ئاسانكاری زۆری بۆ بكرێت، بەوەی رۆژنامەنووسان و سیاسییەكان و پارێزەرەكانی سەردانی بكەن، هەروەها بۆ گەیشتن بە كۆتا خاڵی چەكدانانی پەكەكە، دەبێت ئۆجەلان رۆڵی پێ بدرێت.
بەڵام جەهەپە، هەموو هەوڵێك دەدات، دەم پارتی دەنگ بە هەمواركردنەوەی دەستوور نەدات، بۆ ئەمەشیان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، دەڵێن ئێمە مافی كورد دەدەین، وەكوو خوێندن بە زمانی دایك و ناساندنی كورد وەكوو نەتەوە، چونكە ئاكەپە و مەهەپە، بەنیاز نین لە هەمواركردنەوەی دەستووردا، مادەكانی ١ تا ٤ بگۆڕن، كە لەوێدا تەنیا تورك وەكوو نەتەوە پێناسە كراوە، تەنیا زمانی توركی دانی پێدا نراوە.
ئەگەر دەم پارتی بەوە رازی بێت كە ئاكەپە و مەهەپە بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور پێشكەشیان كردووە، ئەگەر زۆرە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی و پەرلەمان، دەم پارتی بچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەمەش ئەگەری بردنەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بەهێز دەبێت.