ئازا حەسیب قەرەداخی
ئازیز ناوی خۆم لە جاران زیاتر
خۆشەویستە لام، کە ناوم دێنی
سەرتاپای لەشم دەبێتە تابلۆ
سەری یەک پەنجەت بە دەستما بێنی
لە جاران زیاتر چاوم ڕۆشنە
چونکە لە تۆدا جیهان دەبینێ
لە زارما وشە ئاهەنگ دەگێڕن
شیعریشم بۆتە بەستەی ئەوینێ
دڵم بە نەزمی ستران لێدەدا
بە چرپەیەکت جۆش و خرۆشە
ئاوەزم خەیاڵ کە دەمدوێنی
مەیلم بۆ مەستی و هۆشم بێ هۆشە
سنەوبەرێکم لەوساوە سەوزم
وەک هەور هاتی و داباریت تاوێ
لە دیدارێکا ئاواتم گیر بێ
سا لهوهزیاتر من هیچم ناوێ
ئێستا لە خۆمدا جێم نابێتەوە
عەشقت دوو باڵی پێوە ڕوواندووم
کاتییەتی دەرچم، چونکە ئەوینت
فێری فڕین و ئازادی کردووم