ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسیار سەبارەت بە کرۆکی مرۆڤ پرسیارێکی سەختە، چونکە مرۆڤ جەوهەرێکی جێگیر و نەگۆڕی نییە، بۆیە بەشێکی زۆر لە دەروونناسان و کۆمەڵناسان و هاوکات مرۆڤناسەکانیش لەم بابەتەیان کۆڵیوەتەوە و بەدوای توێژینەوە و وردبوونەوەی زیاترەوە بوون بۆ ئەوەی زۆرترین و ڕاستترین وەڵامیان چنگ بکەوێت، بەڵام هەمیشە بەر وەڵامی جیاواز و نوێ کەوتوون، کە بۆخۆیشیان چاوەڕواننەکراو بووە.
یەکێک لەو بیرمەند و کۆمەڵناسانەی بەشێکی زۆری کارەکانی بۆ تویژینەوە لە مرۆڤ و ناسینی جەوهەری مرۆڤ تەرخان کردووە “ئەریک فرۆم”ـە. ئەم بیرمەندە گەشتێکی درێژی لە چەند کتێبێکدا دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی مرۆڤ چییەی دەست بکەوێت. ئەو لە کتێبی “ئایا مرۆڤ سەر دەکەوێت؟”دا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەوەیە لەنێو دونیای سیاسەت و ئەو ململانێ سیاسییانەی کە لەنێو سەدەی بیستەمدا هاتنە ئاراوە و دوو جەنگی خوێناوی و چەندین جەنگی دیکەی لێ کەوتەوە. بەڵام ئەم بیرمەندە لە کتێبی “کرۆکی مرۆڤ”دا زیاتر لەم پرسەدا ڕۆدەچێت و تەنها یەک ڕەهەندی ئەم بابەتە وەرناگرێت. لەوێدا و لە یەکەم وتاری کتێبەکەدا بەدوای وەڵامی پرسیاری “ئایا مرۆڤ گورگە یان بەرخ”ـەوەیە و دەیەوێت بگات بە جێگەیەک، کە وەڵامێکی دڵنیاکەری دەست بکەوێت، بەڵام ئایا وەڵامێکی دڵنیاکەر بۆ ئەم پرسیارە سەختە هەیە؟
فرۆم لەسەرەتادا لایەنگریی ئەو تێزەیە، کە مرۆڤ بەرخە و ئەو بەهانەی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئەوە نییە مرۆڤ هەر زوو ڕام دەکرێت و دەبێتە بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ و هەرچییەکی پێ بڵێیت جێبەجێی دەکات. لە دواتردا دەنووسێت: “پێدەچێت ئاسان بێت خەڵکی بخەیتە ژێر ڕکێفی خۆتەوە، ئەوان وەک منداڵی نیوە خەوتوو وان، ئامادەن چارەنووسی خۆیان تەسلیمی هەر کەس بکەن، بەتایبەت ئەگەر هات و ئەو کەسە دەنگێکی پاک و بێگەرد، یان هەڕەشەئامێزی هەبێت، ئەوا دەتوانێت بیانخاتە ژێر ڕکێف و هەژموونی خۆیەوە.” وەک لێرەوە دەردەکەوێت لای ئەریک فرۆم تەسلیمبوونی ئاسانی مرۆڤ بە ئەوانی تر نیشانەی مەڕبوونی مرۆڤە، بەڵام ئایا ئەم مەڕبوونە هەر بەردەوامە، یان لقی دیکەی لێ دەبێتەوە و ئەمە کردەیەکی کاتییە؟
ئەریک فرۆم لێرەوە دەپەڕێتەوە بۆ لای ڕژێم و سیستمە ستەمکارەکان و دەڵێت لەسەر بنەمای مەڕبوونی مرۆڤ ئەو سیستمانە دامەزراون. ئەو سێ نموونە دەهێنێتەوە لە سێ ڕژێم و سیستمی جیاواز، کە ئەوانیش: تەڵعەت پاشا، کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی کرد. هەروەها هیتلەر کە کۆمەڵکوژی جولەکەکانی کرد و ستالین کە کۆمەڵکوژی نەیارە سیاسییەکانی خۆی کرد. لەم سێ نموونەیەوە دەپەڕێتەوە بۆ ئەوەی بگات بەوەی مرۆڤ دەشێ ببێتە گورگ، ئەوە نییە بە ئاسانی دەبێتە خوێنڕێژ و خۆ “تەڵعەت پاشا و هیتلەر و ستالین” بە تەنها ئەو کردەوانەیان نەکردووە، بەڵکو بە هەزاران کەس جێبەجێکەری ئەو فەرمانانە بوون، کە گورگەکانن. کەواتە ئەگەر بە دیوێکدا مرۆڤ مەڕبێت و زوو ڕامبکرێت، ئەوا بە دیوەکەی دیکەدا مرۆڤ گورگە و دەبێتە بوونەوەرێکی خوێنڕێژی ترسناک و مەترسیدار. بەڵام فرۆم بەم پرسیارە دڵی ڕازی نییە و پرسیارێکی دیکە دەکات و دەڵێت: “ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە، کە دوو ڕەگەزی مرۆڤمان هەیە: گورگ و بەرخ؟ ئایا چۆن دەکرێت بە ئاسانی قەناعەت بە بەرخەکان بکرێت، بۆ ئەوەی وەک گورگ هەڵسووکەوت بکەن. ئەمە لە حاڵەتێکدایە لەگەڵ سروشتی ئەوان ناگونجێت.”
لە دواتردا پرسیاری دیکە سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە دەشێ مرۆڤ نە بەرخ بێت نە گورگ؟ بەڵام ئایا مرۆڤ چییە؟ ئەم بیرمەندە تا کۆتایی لەنێوان ئەم دوالیزمەدا دێت و دەچێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەگات بەوەی مرۆڤ خۆی جەوهەری خۆی هەڵدەبژێرێت و ڕێگا و ئاسۆی خۆی لەدەستی خۆیدایە؟ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نکۆڵی لەو ژینگە و پەروەردەیە ناکرێت کە زۆرجار مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی تێی دەکەوێت، یان بەسەریدا دەسەپێنرێت، بۆیە جەنگی مرۆڤ بۆ ئەوەیە کە نە گورگ بێت و نە بەرخ، بەڵکو دەبێت ببێت بە مرۆڤ و مرۆڤ بوونەوەرێکە پێویستی بە خۆتەواوکردن هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤبوونی ون نەبێت.
*بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود لە بەشی یەکەمی کتێبی “کرۆکی مرۆڤ” لە نووسینی ئەریک فرۆم و وەرگێڕانی ئەردەڵان عەبدوڵڵا و چاپکراوی ناوەندی ڕەهەند وەرگرتووە.