ڕەخنەیەك لە ئەندێشە زیندانییەکان

عەلیڕەزا ئاقاییڕاد

فرۆید وێنای فۆڕمێكی گریمانەیی بۆ دەستپێکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی كردبوو و ناوی لێنابوو “تاقمی وەحشی/کێوی”. لە پێناسەی ئەم کۆمەڵگەیەشدا هاتووە: “تاقمێك لە بوونەوەری ڕووكار ئینسانی کە تێیدا باوکێکی (نێرینە) زۆردار و بێبەزەیی فەرمانڕەوایی دەستە و تاقمەکەی خۆی دەکات، هەموو ژنەکان دەكاتە هی خۆی و پیاوانی دیکە (کوڕەکانی) لە تاقمەكەی دەردەکات یان دەیانخەسێنێت تا بۆ هەمیشە لە ژنان و پێگە و پلەكەی خۆی دووریان بخاتەوە.”

فرۆید لە درێژەی ئەم تیۆرییەدا، لەسەر ئەو باوەڕە بوو، مرۆڤایەتی ئەوکاتە دەست پێدەکات کە کوڕەکان دەست بە شۆڕش و ئینقیلاب بکەن و ئەم باوکە بێبەزەییە بکوژن. هەرچەندە لە کۆتاییدا کوڕە باوککوژەکان، پەشیمان لەو كردارەیان، ئایینی “باوکپەرستی” یان هەمان بابوباپیر و پێشینان دروست دەکەن و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و بە ئایینیکردنی ئەم کوشتن و خوێنڕشتنە، هەوڵ دەدەن لەبیری بکەن.
لە هەناوی ئەم تیۆرییە دەروونناسییەوە، تیۆرییەک لە زانستی سیاسەتدا دروست بوو کە پێی وابوو هەندێک زەین و ئەندێشە، بەهۆی فەرهەنگی ژیان، ئایدیۆلۆژیا یان پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە، ئەندێشەیەكی دیکتاتۆر دروست دەکەن. کەسان و یا کۆمەڵگەکانی خاوەن ئەم جۆرە ئەندێشە و هۆشانە، لە دیکتاتۆری نا، بەڵکو لە دیکتاتۆرەکان ماندوو دەبن و ئەگەر جووڵە، بزووتنەوە یان شۆڕشێکیش لە نێوانیاندا ڕوو بدات، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی سەرلەنوێ لەدایکبوونی دیکتاتۆرییەکی نوێ، چونکە ڕەگەکانی دیکتاتۆری لە هۆش و ئەندێشەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدایە.
تێکەڵکردنی ئەم دوو تیۆرییە لە ڕێگەی قەڵەمێکی بەتوانا، ئەندێشەیەكی خاوەن خەم و ئەزموونی ژیان لە پارچەیەکی پڕ تەنگەژەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، واتە عێراق، دەبێتە چیرۆکێکی درێژی سوڕیاڵی سیمبۆلیستی بەناوی (حەسار و سەگەکانی باوکم)، چیرۆکێکی دیکە لە ئەدەبیاتی کوردی کە دەروازەیەكی نوێمان لە جیهانی ئەدەبیاتی چیرۆکی ئێمە بەڕوودا واڵا كردووە. چیرۆكێك كە (شێرزاد حەسەن)ـی نووسەری كورد نووسیویەتی.
حیكایەتی کتێبەکە لە حەسارێکدا ڕوودەدات کە بەدەستی باوکێکی توندوتیژ، بێبەزەیی و دیکتاتۆر دروست کراوە. باوکێک کە هەرچی لە حەسارەکەدایە بە هی خۆی دەزانێت و هەرکەسێک لە حەسارەکەدا بێت و بمێنێتەوە، چارەیەکی دیكەی جگە لە گوێڕایەڵی و ملكەچوبوون بەرامبەر بە ئەو نییە.
لە ڕاستیدا، باوکەكە لە ڕێگەی حەسارەکەوە، بڤەیەكی بۆ ئەندامەكانی دروست کردووە. خودی حەسارەکە لە ڕۆڵی تەوتەمێکدایە و ئەو بڤە و تابوویەی کە لە نێو ئەم تەوتەمەوە دێتە دەرێ، غەریزەیەكی سێکسیی باوکە بێ لغاو و بێ سنوورەكەیە، لە كاتێكدا ئەم غەریزەیە لای کچ و کوڕانی نێو حەسارەکە سەرکوت و كپ کراوە. تەنانەت تا ئەو شوێنەی كە بینینی خەونی سێکسیش تاوانێکی نەبەخشراوە.
هەر ئەم دوالیزمییە دەبێتە هۆی ملمانێ و بەگژیەكداچوونی لەلایەك باوک كە لە هەوڵی پاراستنی پێگەی خۆیەتی وەک نێرینەیەكی نەمری باڵادەست و لە لایەكی تریشەوە كوڕەکانی كە خوازیاری یەغسیركردن و دەستبەسەرداگرتنی پێگەی باوكیان و خاوەنداریەتیی حەسارەكەن.
كتێبەكەی شێرزاد حەسەنی ڕۆماننووس، لەگەڵ پڕیەتی لە هێڵ و نیشانی تۆخ و دیار لە بوارەکانی دەروونناسی، بەڵام زیاتر چیرۆکێکی سیاسییە كە ڕەخنە لە زەین و ئەندێشە دیکتاتۆرخوڵقێنەرەكان دەگرێت کە ئازادییان لە مەودای نێوان ڕووخانی ئەم دیکتاتۆرە تا دەركەوتنی دیكتاتۆرێكی دیكە بۆ كورت كراوەتەوە.
(حەسار و سەگەکانی باوکم)ـی شێرزاد حەسەن، چیرۆکی سەردەمی داگیرکاری و سەدەی پۆستداگیرکارییە، حیكایەتی دیکتاتۆریەت و کۆمەڵگە و کەسانی دیکتاتۆرزەدەیە. پرسیاری سەرەکیی و نهێنی نێو کتێبەکە، ئەوەیە “ئایا بە کوژرانی دیکتاتۆرێک، ئەندێشە دیکتاتۆرخوڵقێنەكانیش ئازاد دەبن؟!”
با وا دابنێین حەسارێک لە دەرەوە ڕووخا و دیکتاتۆرییەکیش تێکشکا، بەڵام ئاخۆ تا ئەو کاتەی خەڵکی لە شەڕی حەساری مێشکی خۆیان ڕزگاریان نەبێت، دەتوانن بگەنە ئازادی؟
هەوڵی شێرزاد حەسەنی نووسەری ڕۆمانەكە، بۆ ئاراستەکردنی نووكی ڕەخنە لە کۆمەڵگە و خەڵکەكەی، ئەویش لە کەشێکی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەوڵێکی ئازایانە و بوێرانەیە کە بە باشی لە ڕۆمانەكەیدا کاری لەسەر کردووە.
فەزای کتێبەکە، فەزایەكی ڕەش و پڕ ئازارە کە تەنانەت ڕزگاربوون لە دەستی باوکی زۆردار، هیچ یارمەتییەکی باشتربوونی دۆخەکە نادات، بەپێچەوانەوە دۆخی دوای مردنی باوک لە سەردەمی باوك خراپتر دەبێت.
دانیشتووانی حەسارەکە کە ئەزموونی ژیان لە ئازادییان نییە، ناتوانن لە دۆخی بێ حەساری و بێ بوونی دەسەڵاتی پیاوسالاری بژین. ژنە زۆر و زەوەندە ڕزگاربووەكانی نێو حەسارەكە، هیچ بیرۆکە و ئایدیایەكیان لە ژیانی نێو جیهانێک بە خاوەنداریەتیی تەواوی هۆش و جەستە و ئەندێشەی تایبەتی خۆیان نییە کە تێیدا پیاوێك وجودی نەبێت. هەر بۆیەشە ناتوانن وێنای ناسنامەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان بکەن و بوونی خۆیان لە بوونی پاڵ پیاوێکدا دەبیننەوە.
بەزمەسات و تەنزی تاڵی كتێبەكەی شێرزاد حەسەن، ئەوەیە کە یەکەم کچ دوای داڕمانی حەسارەکە عاشقی پیاوێکی گۆڕهەڵکەن (قەبرلێدەر) دەبێت. ڕێك دەڵێی بڕیارە بە وەها نیشانە و سیمبولێك نووسەر نیشانی بدات، كە لە هەناوی ئەم ئازادییەوە جگە لە مەرگ و دەركەوتنی دیکتاتۆریەتێكی نوێ، هیچی دیکە نییە.
سێبەری باوک (دیکتاتۆر) تا کۆتایی ڕۆمانەكە لە چركە بە چركەی ژیانی کەسانی نێو حەسارەکە ئامادەیی هەیە. تەنانەت ئەوان باوەڕ بە مردنیشی ناکەن و بە زیندووی دەزانن کە هاكا بەو زووانە بگەڕێتەوە تا حەسارەکەی وەربگرێتەوە.
كەوتمەوە بیری بڕگەیەك لە چیرۆکی (دەریاس و لاشەکان)ـ كە نووسەرێكی دیکەی کوردە. لەوێدا پیاوە مێژوونووسەكە بە دەریاس دەڵێت: “لێرە باوکەکان بە مردوویی یان زیندوویی درێژە بە ژیانیان دەدەن. چ تەرم بن یا تارمایی، زیندوون. باوک لەم خەڵکە وەربگرەوە، هەموو شتێک وێران دەبێت و دەڕووخێت. ئەمە ڕاستییەکە کە دەبێت قبوڵی بكەیت. ئێرە وڵاتی پیاوە بەهێزەكانە. تەنانەت گۆڕ و تارمایی باوکەکان لە خۆیان بەهێزترە.”.
ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە بە تەواوی لە کتێبەكەی شێرزاد حەسەندا هەستی پێ دەكەین: “چیرۆکی ژیان لە فەزای باوکسالاری و هەڵبەت ئەو ڕاستییەی کە شۆڕش و ئینقیلابەکان منداڵەکانی خۆیان ورد و خاش و دەهاڕن.”
(حەسار و سەگەکانی باوکم)، لە نووسینی (شێرزاد حەسەن)، كە مەریوان هەڵەبجەیی كردوویەتییە فارسی، لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی (چشمە)وە خراوەتە بازاڕی کتێب. تكایە خوێندنەوەی لەدەست مەدەن.
سەرچاوە:
ماڵپەڕی (مد و مه)