چەند سەرنجێکی کورت بەبۆنەی چاپی فەرەنسی ڕۆمانەکەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کاتێک 12 ساڵ لەمەوبەر چاپی یەکەمی ڕۆمانی ”لەبەرزایی شووراکانەوە”م خوێندەوە، هەستم بە تۆکمەیی و پتەوی بونیادی گێڕانەوەیی و فیکریی ڕۆمانەکە کرد. هەر ئەوکات نووسینێکی شرۆڤەییم سەبارەت بە ڕۆمانەکە بەناونیشانی دوالیزمی “عەقڵ و شێتی لە ڕۆماندا” بڵاوکردەوە. ئەوەی لەوێدا خستمەڕوو باسکردن بوو لەو دۆخەی کە لەنێو قەڵایەکدا ڕۆماننووس خولقاندوویەتی و دەیەوێت ململانێی نێوان دوالیزمی عەقڵ و شێتی لەنێو تێکستێکی گێڕانەوەییدا پەرە پێ بدات و سەرکەوتوانەش ئەمەی کردووە.

پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەم ڕۆمانە ”لەبەرزایی شووراکانەوە” بە زمانی فەرەنسی بڵاوکرایەوە، گەلێک دڵخۆش بووم، ئەمە بە پلەی یەکەم پەیوەندی بەوەوە نییە، کە تێکستێکی کوردی دەکرێتە زمانێکی بیانی و پێشوازی لێ دەکرێت، بەڵکو پەیوەندی بە تۆکمەیی ڕۆمانەکەوە هەیە و لەنێو کولتوورێکدا کە دوو بیرمەندی گرنگیان لەسەر ئەم پرسە کاریان کردووە. ئەلبێر کامۆ لەسەر پرسی یاخیبوون و میشیل فۆکۆ سەبارەت بە پرسی “مێژووی شێتی”، لە ڕۆمانەکەدا ئەم دوو چەمکە سەنتەرن و تاڕادەیەکی زۆریش تێکەڵاوی یەکترن و بە هەردووکیان بونیادی فیکریی ڕۆمانەکە پێکدەهێنن.
ڕۆمانەکە لە ڕێی چیرۆکی زەکییەوە، کە کاراکتەرێکی سەرەکییە دەیەوێت دۆخی ئافرەتێک، کە خاوەن کەموکوڕییەکی عەقڵییە “شێت”ـە پیشان بدات. لە بەرامبەر ئەمیشدا لەڕێی کاراکتەری مامۆستا “وەردی”یەوە، کە مامۆستای وانەی بیرکارییە دەیەوێت نوێنەرێک بۆ عەقڵ و لۆژیک دروست بکات. “میم خونچە”ش سەنتەری بەشێکی زۆری پێکگەیشتن و کۆکردنەوەی دژەکانی ئەم ڕۆمانەیە. لە ڕۆمانەکەدا هەموو ئەو کارەسات و دەستدرێژیانەی ڕووبەڕووی زەکییە دەبنەوە بۆ مامۆستا وەردی دەبێتە پرسیار و دواجار کوشتنەکەی دەبێتە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە و یاخیبوونی لە مامۆستایەتی بیرکاریی و ئەویش دەچێتە سەر هێڵی زەکییە و لەوێوە دەیەوێت بکوژانی زەکییە بدۆزێتەوە و بە سزایان بگەیەنێت بۆ ئەوەی چیتر زەکییەکان نەبنەوە بە قوربانیی.
ئەو پرسیارە سەرەکییەی لای خوێنەر بە درێژایی ڕۆمانەکە درێژ دەبێتەوە ئەوەیە، کێ زەکییەی کوشتووە؟ بەرپرسیار لەم کوشتنەدا کێیە؟ ئایا ئەوەی زەکییەی کوشتووە ئەوانەن، کە دەستدرێژیان کردووەتە سەر، یان کێی دیکەیە؟ کێن ئەوانەی لە کوشتنی زەکییە سوودمەندن؟ ئایا کۆمەڵگە لێی سوودمەندە؟ یان کێ؟ خوێنەر لەگەڵ ئەم پرسیارە و دەیان پرسیاری تردا لەم ڕۆمانەدا گەشتێکی پڕ چێژ دەست پێ دەکات.
ئەوەی بونیادی ڕۆمانەکەی بەهێز کردووە تۆکمەیی شێوازی گێڕانەوە و کاراکتەرسازیی ڕۆمانەکەیە کە ڕۆماننووس بەشێوەی سوودوەرگرتن لە تەکنیکی فرەدەنگی و گێڕەرەوەی هەمووشتزانەوە تیشکی خستووتە سەر هەموو لایەنەکانی پەرەسەندنەکانی چیرۆکی زەکییە و دەستدرێژییەکان و دواجاریش کوشتنی زەکییە. ئەوەی بونیادی فیکریی ڕۆمانەکەشی بەهێز کردووە ئەو ململانێ هەمیشەیی و بەردەوامەی دوالیزمی عەقڵ و شێتییە، کە لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە تاکۆتایی درێژ دەبێتەوە. ئەم ڕۆمانە شایستەی پێشوازی گەرم و گرنگە لەلایەن خوێنەرانەوە و چاپی یەکەمی ئه‌م ڕۆمانه‌‌ ساڵی‌ 2013 له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.‌ چاپی دووهەمی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، 2022 چاپکراوەتەوە و هەفتەی پێشوو بە چاپی فەرەنسی ڕۆمانەکە بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن فیلیپ دولارب نووسەرەوە کراوە بە فەرەنسی لەلایەن دەزگای مایا “Maia”وە چاپ و بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بەردەستە.