ڕەسووڵ سوڵتانی
لێرە درەنگانی شەوە و
دڵم هەر لای نیشتمانە
دۆزەخێکە ئەم بەهەشتە
تەنیا لە دوورەوە جوانە
لێرە درەنگانی شەوە و
ئەم نیعمەتەم لێ بەڵایە
دڵم مەلیچکێکی شێت و
بێ هێلانەی سەر قەڵایە
لێرە درەنگانی شەوە و
بە ئازاری نوێ و کۆنمەوە
هەودای خەیاڵ هەڵدەخەم و
زەنگیانەی خەم دەهۆنمەوە
لێرە درەنگانی شەوە و
دڵم بۆنی ئەوێی دەوێ
خەوم لێ ناکەوێ شەوێ
لە حەژمەت تۆزێکی ئەوێ
لێرە ئیتر ڕۆژ یان شەو بێ
من پووشێکی بەر باهۆزم
خۆڵەمێشی ساردەوەبووی
دوا ئاگردانی نەورۆزم