ئێدگار ئالان پۆ.. وێژەنووسی فرەبەهرەی سەدەی نۆزدەیەم

بەهادین جەلال مستەفا

ئێدگار ئالان پۆ بە یەکێک لە دیارترین ئەدیبانی سەدەی نۆزدەیەمی ئەمریکا دادەنرێت، شاعیر، کورتەچیرۆکنووس، سەرنووسەر و ڕەخنەگرێکی ئەدەبی بووە، کارەکانی بەوە ناسراون کە تێکەڵەیەک بوون لە نهێنی، ترس و هەستە گۆتیکییەکان، بە پێشەنگی ئەدەبی ترسناک و ئەدەبی لێکۆڵینەوە (چیرۆکی پۆلیسی) دادەنرێت، هەروەها کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پەرەسەندنی کورتەچیرۆک وەک فۆرمێکی ئەدەبی هەبووە.

لە ١٩ی کانوونی دووەمی ١٨٠٩ لە دایک و باوکێکی ئەکتەر لە بۆستنی ماساچوسیتس لەدایک بووە، هەر زوو باوکی مردووە، کاتێک پۆ تەمەنی سێ ساڵان بوو، دایکیشی بە نەخۆشیی سیل کۆچی دوایی کرد.
جۆن ئالان كە بازرگانێکی دەوڵەمەندی تووتن بوو لە ڕیچمۆند – ڤێرجینیا و هاوسەرەکەی فرانسیس ئالان بەخێویان کرد، بەڵام بە شێوەیەکی یاسایی تەواو هەڵیاننەگرتەوە، لە تەمەنی گەنجیدا فێری خوێندەواری و زانستێكی باش بوو، ماوەیەکیشی لە ئینگلتەرا بەسەر بردووە.
ئێدگار ئالان پۆ لە ساڵی ١٨٢٦ چووە زانکۆی ڤێرجینیا، بەڵام دوای کەمتر لە ساڵێک وازی لێهێنا بەهۆی قەرزەکانی لە قوماركردن و نەبوونی پشتیوانیی دارایی پێویست لەلایەن جۆن ئالانەوە، لە ساڵی ١٨٢٧ بە ناوی خوازراوی (ئێدگار ئەی. پێری) چووە ناو سوپای ئەمریکاوە، لە ساڵی ١٨٣٠ لە ڕیزی ئەکادیمیای سەربازی لە وێست پۆینت دەست بەكار بوو، بەڵام دوای هەشت مانگ بەهۆی کەمتەرخەمیی زۆر لە ئەرکەکانیدا دەرکرا.
کاری ئەدەبیی خۆی، بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شیعرەکانی وەک “تەیمورلەنگ و شیعرەکانی دیكە” (١٨٢٧) و “ئال ئاراف و شیعرەکانی دیكە” (١٨٢٩) دەستپێکرد.
وەک سەرنووسەر و ڕەخنەگر لە چەندین گۆڤاری ئەدەبیدا کاری کردووە، لەوانە “ساوزەرن لیتەرەری مەسنجەر” و “بێرتۆنز جێنتڵمانز ماگازین” و “گراهامز ماگازین”، ناوبانگی وەک ڕەخنەگرێکی توند و زیرەک پەیدا کرد.
تەواوی ژیانی بە هەژاری بەسەراابرد و، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی لە ڕێگەی نووسینەکانییەوە لە هەوڵ و تێكۆشاندا بووە، لە ساڵی ١٨٣٦ هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزا بچووکەکەیدا، ڤێرجینیا کلێم کرد، کە تەمەنی ١٣ ساڵان بوو و ئەویش ٢٧ ساڵان بوو، زۆریشی خۆش دەویست.
ڤێرجینیای هاوژینی تووشی نەخۆشیی سیل بوو، بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئازاری چەشت و ئاخری لە ساڵی ١٨٤٧دا کۆچی دوایی كرد، نەخۆشی و مردنی ڤێرجینیا کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر دەروونی (پۆ) هەبوو، ئەمەش لە زۆرێک لە کارەکانیدا ڕەنگی دایەوە، (پۆ) گیرۆدەی مەی و خەمۆکی بوو، ئەمەش سەختییەکانی ژیانی زیاتر کرد.
رێکەوتی ٣ـی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩، پۆ لە شەقامەکانی بالتیمۆر- ماریلاند، لە حاڵەتێکی نائاساییدا دۆزرایەوە، جلوبەرگێکیشی لەبەردا بوو کە هی خۆی نەبوو، لەوێ بۆ نەخۆشخانەی واشنتۆن کۆلێج گواسترایەوە، دوای چوار ڕۆژ لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ١٨٤٩ کۆچی دوایی کرد.
هۆکاری مردنی (پۆ) تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە نەزانراوە، چەندین هۆكار لەبارەی مردنی هەن، لەوانە: (مەی، نەخۆشیی هاری، گرێی مێشک، خۆکوشتن، کوژران و تاد).
چیرۆکەکانی (پۆ) بەوە ناسراون کە لە لایەنە تاریکەکانی دەروونی مرۆڤ دەکۆڵنەوە، وەک شێتی، هەست بە تاوان، خولیا و مردن، ئەو کەشوهەوای تاریک و دیمەنی ترسێنەری بەکار هێناوە بۆ دروستکردنی کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر خوێنەر.
شانازیی داهێنانی کەسایەتیی لێکۆڵەری بلیمەت “سی. ئۆگەست دوپان”ـی پێ دەدرێت لە چیرۆکەکانی، وەک “تاوانەکانی شەقامی مۆرگ”، کە بە نموونەی سەرەتایی کەسایەتییە لێکۆڵەرە بەناوبانگەکانی دواتر وەک شێرلۆک هۆڵمز دادەنرێت.
(پۆ) یەکێک بوو لە یەکەمین نووسەرانی کورتەچیرۆک، لە نووسینیدا جەختی لەسەر گرنگیی “یەکێتی و کاریگەری” دەکردەوە، بەوەی کە دەبێت هەر وشەیەك لە کاریگەریی گشتی مەبەستدار بەشدار بێت.
لە بواری شیعریشەوە، شیعرەکانی بە مۆسیقا و کێش و سەروای بەهێز تایبەتمەند بوون، بابەتی خۆشەویستی، لەدەستدان، جوانی و، مردنیان دەگرتەوە، زۆرجار شیعرەکانی کەشوهەوایەکی خەمناک و نهێنیئامێزیان دروست دەکرد.
هەندێک لە کارەکانی توخمی وا لەخۆ دەگرن، کە دەکرێت بە سەرەتاکانی زانستی خەیاڵی دابنرێن، وەک “سەرکێشییە بێ وێنەکەی هانس پفال”. هەروەها (پۆ) چیرۆکی تەنزئامێز و گاڵتەجاڕی نووسیوە، هەرچەندە کەمتر ناسراون لە کارە گۆتیکییەکانی.
گرنگترین ئەو چیرۆكانەی كە نووسیونی بریتین لە: پشیلە ڕەشەکە،”داڕمانی ماڵی ئاشەر، تاوانەکانی شەقامی مۆرگ، قالۆنچە زێڕینەکە – چیرۆکێکی سەرکێشی و هەڵهێنانی نهێنییە، دەمامکی مەرگی سوور، ویلیام ویڵسن.
(پۆ) لە بواری شیعرنووسینیشدا سەركەوتوو بووە، گرنگترین بەرهەمی شیعری ئەمانەن: قەلەڕەشەکە- كە بەناوبانگترین شیعریەتی، ناوبانگێکی زۆری بۆ پەیدا کرد، ئانابێل لی،،زەنگەکان، بۆ هێلین.
تاکە ڕۆمانیش كە نووسیویەتی بە ناوی (سەرگوزەشتەی ئارسەر گۆردن پیم لە نانتوکێت) كە ڕۆمانێکی سەرکێشی دەریاگەڕی و سەیرە.
هەروەها وتاری ڕەخنەییشی نووسیوە وەك: “فەلسەفەی دانان” – تێیدا پرۆسەی نووسینی شیعری “قەلەڕەشکە” ڕوون دەکاتەوە، هاوكات “بنەمای شیعری” – تێیدا پرەنسیپی خۆی دەربارەی شیعر دەخاتە ڕوو.
ئێدگار ئالان پۆ، میراتێکی گەورەی ئەدەبی بەجێ هێشتووە، کاریگەری لە ژانرە ئەدەبییە جیاوازەکانی نووسەرانی دوای خۆی هەبووە، لەوانە: ئەدەبی ترس و خەیاڵی گۆتیک: (وەک ئێچ. پی. لۆڤکرافت و ستیڤن کینگ)، ئەدەبی لێکۆڵینەوە: (وەک ئارسەر کۆنان دۆیل و ئاگاسا کریستی). شیعری سەمبۆلیکی فەرەنسی: (وەک شارل بۆدلێر، کە کارەکانی پۆی وەرگێڕایە سەر زمانی فەرەنسی و بەشداری کرد لە ناوبانگی جیهانییدا و، ستێفان مالارمێ).زانستی خەیاڵاوی: (وەک ژول ڤێرن و هێربێرت جۆرج وێڵز).
تا ئەمڕۆش بەرهەمەكانی ئێدگار ئالان پۆ بە فراوانی دەخوێنرێتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و، کارەکانی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئەدەبی جیهانی دادەنرێن، ئەمەش گەواهیدەری بلیمەتییە ناوازەکەی و ژیانە تراژیدییەکەیەتی.