شۆڕش غەفووری – هەولێر
گەریمان وێنەگری (شتێک لەم دەوروبەرە)، کاروری بێت و فەزاكانیشی لەلایەن هەمینگوایەوە وێنا كرابێتن، ئەمانە نابنە هۆکاری ئەوەی بە شتێكی دووبارە لەقەڵەمی بدەین. ئەویش کۆمەڵە چیرۆکێک کە تایبەتمەندییەكی بێوێنەی هەیە و كۆڵەگەكانی بە دروستی بنیات نراون و نەخشی بۆ كێشراوە.
(بەڕۆژ ئاکرەیی) لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەدایک بووە و زمانی فارسی زمانی زگماك و دایكی نییە. کەم كار دەكات و بەر لە كۆمەڵەچیرۆكی (شتێک لەم دەوروبەرە)، یەک کۆمەڵە چیرۆکی دیکەی نووسیوە. لەگەڵ ئەوەشدا كە تەماشایم كرد و لاپەڕەكانی پێشەوەی كتێبەكەیم هەڵدایەوە و دەستم بە خوێندنەوەی چیرۆکی یەکەمی ئەم کۆمەڵەیە واتە دەلاقە (دەریچە) كرد، یەکەم شت کە سەرنجی ڕاکێشام، زمانەکەی بوو.
زمان لەم کۆمەڵە چیرۆكە، لەبری ئەوەی ببێتە لەمپەر و كێشە بۆ بەڕۆژ ئاكرەیی، كەچی دەبێتە خاڵی بەهێز و گرنگ. ڕستە تێکهەڵکێشراو و کورت و درێژەکان کە ڕیتمێکی دروست و تەواو دەدەنە چیرۆکەکان و بەکارهێنانی ورد و زیرەكانەی وشە بۆ گەیاندنی هەستی گێڕەرەوە، هەمووی نیشانەی زاڵبوون و توانایی نووسەرن لە زمانی فارسیدا.
ئاکرەیی، باش لە كاریگەریی وشەكان تێدەگات و وەستایەكی زیرەكە و ڕێك ئەو شتەی كە زیاتر لە هەر تایبەتمەندییەکی دیکە چیرۆکەکانی جوان و سەرەنجڕاكێش دەكات، هەر ئەم زمانە دڵنشین و جوانەیەتی كە لە زۆربەی چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیە ڕەنگی داوەتەوە. وەک ئەوەی لەسەر خشخشۆكەیەك دانیشتبیت و ڕاوستان بە دەستی خۆت نەبێت، دەڕۆیت تا کۆتاییەكەی.
کارەکەش هەر بەمە کۆتایی نایێت. کە تۆزێك لە چیرۆکی (دەریچە) چوومە پێشەوە، ڕووبەڕووی بنیاد و هەڤبەندییەكی نمایشیی تەواو بەهێز بوومەوە. پیاوێک لە ستۆکهۆڵمی سوید، لە پشت دەرگایەکی داخراوەوەیە و تەنها لە ڕێگەی دەلاقەیەكی چكۆڵەوە پەیوەندی بە کچە منداڵەکەیەوە دەکات و دەیبینێت و گفتوگۆ دەكەن.
ئەگەرچی دیمەنەکە سەرنجڕاکێش دەكەوێتە بەرچاومان، بەڵام گەر بزانین بڕیارە تا دووماهیی چیرۆکەکە هیچ ڕووداوێکی تایبەتی تر ڕوونەدات، ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت، نێوەڕۆکی چیرۆکەکە، ڕابردوو و ڕیشەدۆزیی ئەم دوورکەوتنەوەیە لەم چیرۆكەدا چۆن فۆرموولە دەبێت؟
بەڵام بەڕۆژ ئاکرەیی وەها لێزانانە ئەم نێوەڕۆک و تایبەتمەندییانە لە چین و توێ شاراوەكانی چیرۆکەکە دەردەبڕێت و نیشانیان دەدات، كە بە هیچ شێوەیەک تووشی بێزاری و لەبەرچاوكەوتنت ناکەن. هەرگیزیش پەنا بۆ زێدەبێژی و درێژدادڕی نابات و کورتبڕی لە هەموو چیرۆکەکە كاری لەسەر كراوە و وەبەرچاو گیراوە. وەک ئەوەی نووسەر پەنجەرەی ماڵێکی واڵا کردبێت و چركەساتێکی لێ تۆمار و وێنا کردبێت. خوێنەر و بەردەنگ پێویستە، بەو نیشانانەی کە لە دیمەنی نمایشەكە دانراون، پێش و پاشی وەدۆزێت. بۆ نموونە پشیلەیەک کە لەوبەری شەقامەکە، لە دەرەوەی ماڵێک دەسووڕێتەوە، نیشاندەری فەزای ڕابردووی پیاوەکەیە.
یان لە نێو ئەو دیالۆگ و گفتوگۆیانەی لە نێوان باوک و کچەكە دروست دەبن، چەند پارچەیەك لە (پەرییەكان)ـی (ئەحمەد شاملوو) دەخوێندرێتەوە کە دەكرێت ئاماژە بێت بۆ دۆخی دەروونیی ژنی نێو چیرۆکەکە. کچەکە چەندین جار لە باوکی دەپرسێت: بۆچی پەرییەكان دەگرین؟ کەمێک دواتر تێدەگەین دایکی کچەکەش هەندێک جار دەگریێت!
بەرچاوگە و دیمەنی چیرۆکەکە نمایشییە و نووسەر کەمتر دەچێتە نێو کەسایەتییەکانیەوە و لە هیچ شوێنێک ڕاشکاوانە باسی هەستەکانیان ناکات. بەڕۆژ ئاکرەیی، کەسایەتییەکانی بە وەسفی وردی جووڵە و دیالۆگەکانیان، دروست دەکات، هەڵبەت بە نیشانەگەلێكیش کە پێشتر باس کران. وەک ئەوەی بڕیار بێت تەنها چركەساتەکان تۆمار بکرێن. هەر لەبەر ئەمەشە لە هەندێک دیمەندا، کات خاو دەبێتەوە تا ئەو چركەساتە دەبێتە نوێنەرێك لە هەموو ژیان.
بۆ نموونە ئەگەر تەماشاەی ئەم بەشەی چیرۆکی (ئاوێنەی شکاو) بكەن: “فەندەکەکە فڕێ دەدەمە سەر مێزەکە. بەر قەندانەكە دەکەوێت، هەڵدەبەزێتەوە. نیو فڕێك لێدەدات، کەمێک دەلەرێتەوە و لەناکاو جێگیر دەبێت”، زەمەن هێواش دەبێتەوە و لەو كاتەشدا وردەکارییەكانی نووسەر دەگەنە لووتكە. وەک ئەوەی ژیان تەنها ئەو چركەساتە بێت. لەبری ئەوەی نووسەر چیرۆکەکە بەرەو پێشەوە بەرێت، لەسەر ئەم چركەساتانە دەوەستێت و چەندین و چەندین جار بە خاوکردنەوەی کات و زەمەن، مانای ژیانیان لێوە هەڵدەهێنجێت.
دەڵێن “ئەمەیت گوت، ئەوەیشی بڵێ”، گێڕەرەوە فەزای دەوروبەری خۆی دەبینێت و ئەو کەسایەتییانەی کە لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبنەوە، بە وردەكاریی زیاتری نێو دیالۆگ و جووڵە و ئەدا و ئەتواریان، فۆرموولەیان دەكات، بەڵام بەداخەوە شتێکی زۆر لە خۆی ناداتە خوێنەر. هەرچەندە، نووسەر بەم لابردنە مەبەستدار و بەدەستی ئەنقەستە، دەیهەوێت کەسایەتییەکی وشک و ساردمان بخاتە بەردەم، بەڵام نەیانگوتووە كە ئەگەرچی چیرۆکەکان جوانتر دەکات، بەڵام لەم حاڵەتەدا كاریگەرییەكی پێچەوانەشی هەیە.
پێناسی بەڕۆژ ئاكرەیی لە دیدی ئەوانەوە
“(شتێک لەم دەوروبەرە)، ناوی دووەمین كۆمەڵەچیرۆكی (بەڕۆژ ئاكرەیی)ـیە كە لە ڕۆژەکانی کۆتایی زستانی ١٣٨٦ـی هەتاوی، لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی (چشمە)وە خرایە بازاڕی کتێب. ئاکرەیی لە ساڵی ١٩٦٣ـی زایینی لە کوردستانی عێراق لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٥ و دوای تێكشكانی بزووتنەوەی کورد، لەگەڵ خێزانەكەیاندا پەنا دەباتە بەر ئێران و 15 ساڵ لە ئێران دەمێنێتەوە و 17 ساڵیش لە سوید نیشتەجێ دەبێت. پێنج کۆمەڵە شیعری بە کوردی هەیە. ڕەخنە و وەرگێڕانیشی هەیە. بەرهەمەكانی گوڵشیری، شاملوو، فەڕوخزاد، ساڵحی و.. بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و بڵاوی کردوونەتەوە. چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ هەندێک لە نووسەر و شاعیرانی ئێرانی، لە بڵاوکراوە کوردی و فارسییەکاندا چاپ کراون، بەڵام ئاکرەیی تەنها بە فارسی چیرۆک دەنووسێت.
سەرچاوە:
ماڵپەڕی (ادبیات ما) و دەزگای چاپی (چشمە)