سێڵـــــــــــفی وێنە لـــــــــــە وێنەدا

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

دەشێ سێڵفی خۆبەئەویدیكردنێك بێ، کە بیركردنەوەمان لە ڕۆناكیدا پەرت دەكات، رەنگدانەوەی ئەو ئارەزووە بێت، كە ئیگۆی نێرگزی بە ئەویدیكەی ڕەوا نابینێت. بەو پێناسەیە وێنە لە وێنەدا دەگرین. چونكە سێڵفی تاقانەیی خۆی لە (نێرگزییەت)دا دەنەخشێنێ. واتە سێڵفی تاکە بڕیارێكی ڕووتە، كە ڕێگری لە تێپەڕبوونی ڕۆناكی بۆ ئەویدیكە دەکات!. سێڵفی گۆڕانکارییە وردەکانی ئیگۆ دەبینێ و دەڵێت: (هەمان/من) هێزی شاشەم لە ئەویدیكەی جیاواز خۆشتر دەوێت. ڕۆناكی گەردوونی منە!. من شاشە بەکاردەهێنم کە ڕەنگدانەوەی بوونی من دەگوازێتەوە و هەموو ئەویدیكە بە لایكەكانی دەخزێنێتەوە ناو (هەمان/من)ەوە.
لە كۆمەڵگای بەركاردا ئیگۆی سێڵفی لە ڕۆناكیدا بڵاو دەبێتەوە، ڕۆناكی لەخۆ دەگرێ و ڕۆناكی داهاتوو دەدۆزێتەوە! بەمجۆرە سێڵفی لە ئاشتکردنەوەی (مەجازی) و (ئەبستراکت)دا ئەویدیكەتەوەری لە خودتەوەریدا دەتوێنێتەوە، خودتەوەری لە ئەویدیكەتەوەریدا ڕۆناك دەكاتەوە.

لەخۆگرتنی ڕۆناكی، چركاندنی سێڵفی
ڕۆناكی کە دەبینێت، ڕیتمەکە دەردەکەوێت، یان سڕاوەتەوە. سێڵفی بۆ خۆنمایشكردن لەبەر چاوی ئەویدیكە فەزایەكی مەجازی و ئەبستراكتی دەوێت. واتە لەخۆگرتنی ڕۆناكی کە دەیبینێت، چركاندنی سێڵفییە کە درووستی دەکات. بەو مانایە سێڵفی وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لە دەوری چركەساتێك کۆدەکاتەوە. بەڵام ئایا دەكرێ خودتەوەری و ئەویدیكەتەوەری وەك یەك تەماشا بكرێن؟!
فرۆید لە كتێبی (لە دەرەوەی بنەمای چێژ)دا غەریزەی ژیان لە غەریزەی مردن جیا دەكاتەوە، هاوسەنگی دەروونی تاک بە پاراستنی ئەم دوو غەریزەیە بەدەست دەهێنێت. بەڵام سێڵفی هاوواتای دەنگدانەوەی ویستی ژیان، نێوەندگیری ئارەزووەكانی (خود/ ئەویدیكە) لە داهێنان و بەرهەمهێنانەوەدا كۆ دەكاتەوە.
كەواتە سێڵفی گوزارشت لەو یارییە تەكنۆلۆژییە داهێنەرە دەكات، کە داهێنان بەرەو ڕۆناكی تێدەپەڕێنێت. بەڵام یارییە تەكنۆلۆژییەكان ئەو یارییانەن كە ئیگۆی داهێنەر دەخەنە ژێر پرسیارەوە! چونكە سێڵفی دەربڕینی جەستەیەکی گۆڕاوە. چونكە سێڵفی لە پێناسەی خاوەنەکەیەوە بۆ لەخۆگرتنی ئارەزووەكانی ئەویدیكە ڕۆناكی دەبڕێت. چونكە سێڵفی جەستەیەکە وەك داهێنانی تەكنۆلۆژیا بەردەوام لە قەیرانی ناسنامەدایە. جەستەیەکە فڕێدراوەتە ناو هەڵسەنگاندنی بێکۆتایی ڕۆناكییەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئیگۆ لە وێنەکەدا نییە، بەڵکو تەنها ڕەنگدانەوەی وێنەیە لە وێنەدا، شتێکی هاوشێوەی وێنەی وێنەیە.
كەواتە ئیگۆی تەكنۆلۆژی جگە لە زڕەوێنەی ئیگۆی دەروونی هیچی تر نییە. (زڕەوێنە واتە ڕووكاری بۆش، ناوەڕۆكی خاڵی یان قووڵ، وەكوو ئاوێنەیەك كە تەنیا خۆی ڕەنگ دەداتەوە و لەپشتییەوە هیچ ڕاستییەك بوونی نییە. بە مانا ئەفلاتوونییەكەی وێنەی لەبەرگیراوی ئایدیا، خودا، حەقیقەت..) بەو مانایەش ئیگۆی تەكنۆلۆژی هێمای ئەو پەیوەندییە كۆپیكراوە و سەختەیەیە، کە ئێمە لە فەزای مەجازیدا بە خۆیەوە دەبەستێتەوە. بۆ نموونە: ریكلام ئەو ئارەزووەی كە وێنە لە وێنەدا دەیبینێ، ئەوەیە كە هەمیشە لە ئیگۆی تەكنۆلۆژییدا بۆشایییەک هەیە، کە پڕ ناکرێتەوە.
بۆیە سێڵفی لە (هەمان /من) وەك زڕەوێنە زانیاری و پەیامێکی لەبەرگیراوە، هیچ مانایەکی نییە، هیچ نیشتمانێكی نییە، هیچ ناسنامەیەكی هەڵنەگرتووە، جگە لەوەی كۆكراوەتەوە، جگە لەوەی دەنێردرێت و بڵاودەکرێتەوە. جگە لەوەی خۆی ڕووت دەکاتەوە. دواجار لەو هەموو لادانانەدا كۆپیكردنەوە جێگای بەرهەمهێنانەوە و بەرهەمهێنانەوە جێگەی داهێنان، وەهم جێگەی خەیاڵ دەگرێتەوە. كۆپیكردنەوە، بەرهەمهێنانەوە، وەهم لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێتە ئەو ڕۆناكییەی، كە لێکچوونێک لەگەڵ ڕاستی درووست دەكات، ئەو زێدەڕاستییەی لە ڕێگای نوێنەرایەتیكردنەوە فڕێمان دەداتە دەرەوەی داهێنان و ڕاستییەوە.

زێدەوێنە
نیگەرانییەكانی بوونی سەردەم
لە ژیانی ڕۆژانەی ئەمڕۆماندا وێنە پێگەیەک داگیر دەکات، کە پێشتر هەرگیز پێی نەدەزانی؛ بە تایبەتی ئەگەر لە گۆشەنیگای بازاڕەوە تەماشای بكەین. ئەو قسەیەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فۆرمی ڕیكلامەوە هەیە. یان بە مانایەكی دیكە ئەمڕۆ بازاڕ زمانەكانی ناساندن و مامەڵەكردن و هەڵسەنگاندنی لە ڕێگای وێنەوە قووت داوە. ئەمڕۆ ڕیكلام باشترین مۆدیلە بۆ گواستنەوەی كاڵا و نیشانەكانی بازرگانی. وێنەش قووڵترین ناسنامەی زانیارییە كۆكراوەكانی سێڵفییە. هەر بەو مانایەش سێڵفی لە زانیارییەكانی ڕیكلام نزیك دەبێتەوە.
لە كۆمەڵگای بەركاردا باشترین مۆدیلی كاڵای بازرگانی گرەوی لەسەر نییە، قووڵترین ناسنامەی زانیارییە كۆكراوەكانی سێڵفیش هیچ مانایەكی نییە. یەكەمیان بە درووشمی (دەكڕم، بەكاردەهێنم، چێژی لێ دەبینم) دەنازێ. دووەمیان لە (من سێلفی دەگرم، كەواتە من هەم)دا بەردەوام خۆی نمایش دەكاتەوە. لەوێشەوە ڕیكلام دەبێتە خودتەوەری، كە گوزارشت لە (من هەم، من واتام هەیە) دەكات و بازاڕ دەبێتە ئەویدیكەتەوەری، كە گوزارشت لە نەخۆشی و نیگەرانییەكانی سەردەم دەكات.
هەردوو چیڕۆك: ڕیكلام گرەوی نییە و سێڵفی نوێنەرایەتی ئیگۆ ناكات، ڕەنگدانەوەی وێنەیە لە وێنەدا، زانیارییە لە زانیارییدا. دواجار وەك چۆن بەبێ (لایك) بوونی سێڵفی لەرزۆكە، بە هەمان شێوە بەبێ (بازاڕ) كاڵا دەكەوێت. كەواتە بەبێ (بازاڕی لایك) ناتوانرێت پێشبینی داهاتووی كۆمەڵگای بەركار بکرێت. لە بەرانبەردا كۆمەڵگای بەركار داهاتووی سوبێكت بە نەخۆشی پووكانەوەی دەمار و نیگەرانییەكانی سەردەم دەسپێرێت.
ئەوەی جێگەی پرسیاری سوبێكتی دەروونییە پووكانەوەی دەمارە، ئەوەی پرسیاری ئیگۆی تەكنۆلۆژییە داهاتووی بازاڕ و زێدەڕیكلامە. داهاتووی پووكانەوەی دەمار واقیعە، داهاتووی بازاڕ و ڕیكلام واقیعی واقیعە. ناووكی ڕیكلامی بازاڕ گوزارشت لە ڕووتییەكانی دەکات، کە لە داهاتووی بازاڕ و زێدەڕیكلامدا بەردەوام خۆی نمایش دەكاتەوە. ناووكی پووكانەوەی دەماری گوزارشت لە نەخۆشییەكانی سوبێكت دەكات. واتە لەبەرانبەر داهاتووی بازاڕ وێنەی وێنە ئامادەیە، لەبەرانبەر نیگەرانییەكانی بوونی سوبێكت پووكانەوەی دەمار. یەكەمیان دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن دەنوێنێ. دووەمیان نزیكبوونەوەیە لە مردن. وەك چۆن دەركەوتنی وێنەی ڕووت هیچ كەلێنێك بۆ مانای بازاڕ ناهێلێتەوە، بە هەما شێوە مردنی سوبێكت هیچ كەلێنێك بۆ مانای ژیان ناهێلێتەوە!
كەواتە لە (نیگەرانی) و (زێدەڕیكلام)ەكانی سەردەمدا (وێنە/ مردن) پێویستی بە مانا نییە، بەڵكو پێویستی بە زێدەڕۆناكییە، بۆ ئەوەی جوانتر دەركەون. پێویستی بە زێدەوەرزش، زێدەئەرێنی، زێدەلایك، زێدەخۆشەویستی، زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە.. هتد. لە ڕێگای بەرجەستەكردنی چەمكی مردنەوە دەمەوێ بڵێم لەو هەموو ئەرێنییەی ڕیكلام، لەو هەموو زۆرەملێیانەدا، بوارێکی کەم بۆ هەڵە و نەخۆشی و هەڵبژاردنی خراپ.. ماوەتەوە! چونكە دنیای سوبێكتی تەكنۆلۆژی دنیای بازاڕ و ڕیكلام و ڕۆناكییە، دنیای ئەرێنی و لایك.. جیایە لە دنیای سوبێكتی دەروونی، جیایە لە دنیای نکۆڵیکردن و جیاوازی و نەرێنی، ئەنلایك، تاریكی و گومان.. بەڵام ژیان بە هەردوو دنیاوە جوانە، كەواتە نكۆڵیكردنكردن لە هەر یەكێكیان نکۆڵیکردنە لە بەشێکی جەوهەری دانەبڕاوی بازاڕ/ سوبێكت! دواجار وەك چۆن ڕۆناكی ناتوانێت سوبێكت بدۆزێتەوە، تاریكیش ناتوانێ بازاڕ نوغرۆ بكات..

چیرۆکی مەحاڵی ئەویدیكە
فەزای مەجازی هەموو ئەو شتانە لە باوەش دەگرێ، کە ئێمەین. لێرەدا ڕووبەڕووی پرسی فەزای ڕۆناكی و فەزای تاریكی دەبینەوە. كێشەی فەزای مەجازی لە چیرۆکی ئەویدیكەی جیاوازدایە، كە دەتوانێت کەسێکی نەرێنی بێت، دەتوانێت (ئەوانیدیكە)ی فرەلایەنە بێت، کە لەلایەن گروپی (هاوڕێ/ نەیار) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نوێنەرایەتی دەکرێت. ئایا بەمجۆرە دانیشتوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەشێ ببنە دادوەر؟! دەشێ ببنە هێزی هاوشێوەی ئەرێ و داكۆكی لە هێزی نەرێ، یان بێزرا و پەراوێزخراو بكەن. ئایا چوونە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی بە واتای قبوڵکردن دێت، یان قبوڵنەكردن.. چاودێر و سانسۆر و دادوەری.
لە فەزای مەجازیدا جگە لەوەی لەبەردەم کەسانی تردا ڕووت دەبینەوە و هەموو شتێك دەڵێین و هەموو شتێك دەبیسین و هەموو زانیارییە كۆكراوەكان دەزانین و بەشێکە لە چێژەکانمان و جۆرێک لە دەسەڵاتیشمان بەسەر ئەوانی تردا پێدەبەخشێت. دەسەڵاتێک کە بە ئیختیاری ئازادەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
دەشێ بچینە ناو كەسانی دیكەش بەبێ ئەوەی بە ڕوونی ئەو كەسە بزانێت، واتە کاتێک سێڵفییەک لە فەیسبووکدا دەدۆزینەوە کە ئاراستەی هەمووان کراوە و ئاراستەی کەس نەکراوە، ئێمە لە دۆخێکداین کە خۆمان لە دیمەنێک دانووساندبێ، وەك ئەوەی لەپشت دەرگا و لە کونی کلیلەوە سەیر بكەین. بەڵام کەس ناتوانێت کاتێک لە فەیسبووک یان ئینستاگرام پەیوەندی دەکەم، سەیرم بکات، جگە لە ساتەوەختی چوونە ناو ئینتیما نەبێ.
كەواتە ئەوەی سێڵفی دەتوانێت سەرنجی ڕابکێشێت، چوونە ناو ئینتیمایە. ئەوەی دەتوانێت لە سێڵفیدا ئامادەیی هەبێت جگە لە زانیاری كەڵەكەكراو، چێژی نێرگزییە، چێژی جوانکارییە، یاریزانییە.. وەك چۆن چێژی دەستدرێژیکردن و پەراوێزخستنە. كەواتە فەزای مەجازی وەڵامێکە بۆ ئەو نیگەرانی و بۆشاییەی، کە ئێمەی فڕێداوەتە ناوییەوە. ئەوە چیڕۆكی مەحاڵی ئەویدیكەیە، كە لەبەر تیشكی بەهێزی ڕۆناكی لایكەكان. ڕاستی، دڵنیایی، چاکبوونەوە نابینێ!! لەبەر تیشكی بەهێزی ڕۆناكی زانیاری و دەربڕینەکان بە ڕەوانی دەگەن و خۆشی سێکسی لە ڕووخسارەكاندا دەدرەوشێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی وێنەی مردن بگرین، وەستاندنی ئەم چێژە دەكەوێتە تەنیشت سێڵفییەوە، نەک نێو ژیانەوە.
كەواتە چیڕۆكی مەحاڵی ئەویدیكەی جیاواز، ئەویدیكەی نەیار، ئەنلایك، نەرێ.. دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە ناتوانرێت فەزای مەجازی ڕەت بکرێتەوە، دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە خۆمان لەبیر بکەین، دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە لەبری ئەوەی ساتە ڕاستەقینەکان بژین، بە دوای چێژدا وێڵ بین.
ڕۆناكی بەبێ تاریكی وەهمە. شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان هاوتای ئەو ئاوەیە کە تێیدا وێنەی نێرگزی ڕەنگدانەوەی هەبووە. وێنەی وێنە. بەڵام دوای موچڕكی یەكەمین ئارەزووی سێکسی لەسەر لاپەڕەكانی ئاو وێنە دەشێوێ، دوای موچڕكی یەكەمین ئارەزووی سێکسی وێنە تێپەڕ دەبێت..

سنووری ئازادیی ڕادەربڕین
ڕەنگە وێنەی وێنە یاریزانانە بێت، ڕەنگە سەرگەرمی و دەربڕینی خۆشی، ساتێکی هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردن بێت. بەڵام وێنەی سێڵفی هەیە، کە لە تەنیشت کەسێکی مردوو، یان لە تەنیشت کەسێکی لات و هەژار و بێ ماڵ و حاڵەوە گیراوە. سێڵفی دەتوانێت ببێتە دروشمی زۆرێک لە لادانەکانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ دەربڕینی ئازار کە لە هەندێک کاتدا وەسفی ناکرێت..
ئەمڕۆ نائومێدی بە شێوەی ئۆنلاین بڵاودەبێتەوە، بەو پێیەش ئازادی نمایشکردن و سنووری ئازادیی ڕادەربڕین پەیوەندی بە ئازادییەوە نەماوە، وەك چۆن ئیگۆی تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە سوبێكتەوە لەق بووە. پەیوەندی بە فەزای مەجازییەوە هەیە. دواجار لە فەزای مەجازیدا سنوورێک بۆ نمایشکردن هەیە، كە پێی دەوترێت زێدەواقیعی. هەندێجار ئەو سنوورە دەكەوێتە دەرەوەی ئەوەی کە دەتوانرێت وەسف بکرێت، هەندێجار دەكەوێتە دوای نەبوونی توانای حوکمدانەوە. هەموو ئەوانەش دابڕانی سنووری مەجازییە لە سنووری مەجازی. وەك ئەوەی چاوەڕێی هاتنی کەسێک دەکەیت، دەزانیت کەس نایەت. چوونە ناو فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرام و گەڕان بەدوای لایک و هیوای وشەیەک یان سەرەتای دیالۆگێک. هەموو ئەوانە پێماندەڵێت واقیع واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش! بە گوتەی بۆدریار هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەك نەبوو وایە.
واقیعی واقیعی سوپەر تاکگەرایی بەرز كردەوە. سوپەر-تاکگەرایی دووپاتکردنەوەی منێکی ڕەهایە، کە خووی بە بیستنی هیچ شتێکەوە گرتووە! جگە لە سەراب و ئیگۆی تاقانەیی خۆی. شتێ ناناسێ. سوپەر تاکگەرایی وەك لە كتێبی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم)ی ئێلسا گوهداردا هاتووە، دیلی وەهمەکانە، گۆشەگیرە، دوور لە ئەویدیكە و کەسانی تر. سوپەر تاكگەرایی سێڵفییە وەک ئەوەی کەس لەگەڵمان نەتوانێت بیگرێت! سێڵفی کردەوەیەکە گوزارشت لە تاقانەیی و گۆشەگیری دەکات.
هەولێر 25/4/2025