”لە بەرزایی شووراکانەوە”

هەولێر

ئه‌م رۆمانه‌‌ ساڵی‌ 2013 له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.‌ چاپی دووهەم: دەزگای ڕەهەند، 2022.

سه‌رجه‌می ڕۆمانه‌که‌‌ له‌سه‌ر هاودژی ئه‌قڵ و شێتی بوونیادنراوه‌، کێ زه‌کییەی کووشت؟ کێن ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام ده‌ستدرێژییان به‌سه‌ریدا ده‌کرد؟ تاوانباری راستەقینەیه‌؟ کۆمه‌ڵ؟ یان شێتی؟ یاخود ئه‌قڵ؟ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌و جیهانه‌ تێبگات ناچاره‌‌ بچێته‌وه‌ ئه‌ودیو شووراکان و له نزیکه‌وه‌ بۆ وڵام بگه‌ڕێت. وڵامێک کە مەترسی ئەوەی هەیە خودی خوێنەر بەرپرسیار بکات بەرامبەر بە بێدەنگیی خۆی لە ئاست کووشتنی مرۆڤێک کە بە شێت داندراوە، واتە جیاوازە، کەمینەیە. شێت لە هەموو جیهاندا بەخراپیی مامەڵە دەکرێت، دەست درێژیی بەسەردا دەکرێت، چوونکە بێ دەسەڵاتە و کەس لەسەری نایەتە جواب. کاتێکیش شێتەکە ژنێکە، کێشەکە گەورەترە، لەبەرئەوەی سکپڕبوونی لەدوایە. ئەوەش دۆخی زەکیەیە.
کێ زەکیەی کووشت؟ کێ لە نێوەندی کلاوەیەک لاشەکەی فرێ دا؟ زەکیە لە منداڵیەوە حووکمی کچێکی شێتی بەسەردا بڕاوەتەوە، فڕێدراوەتە بەر دەرگای ماڵی میم خوونچەی مامان. ئەم دەیگرێتە خۆی و وەک کچی خۆی پەروەردەی دەکات تا دەگاتە تەمەنی سیانزە ساڵ. بە بالغبوونی ژمارەیەک پیاو پێی فێر دەبن و بەردەوام لێ دەکەن. وایلێدێت هەموو ساڵێک منداڵی دەبێت و کەس نازانێت کێ ئەوەی کردووە. میم خوونچە پەیمانێکی نهێنی لەگەڵ مامۆستا وەردی دەبەستێت. ئەم هەتا ماوەیەک دەتوانێت زەکیەی بۆ بپارێزێت. بەڵام، ڕۆژێکیان زەکیە بە کوژراویی دەدۆزنەوە. لەوێوە سەرجەمی ڕۆمانەکە گەمەیەکی ئاڵۆز دەخاتە بەرچاو خوێنەر، لە نێوان ڕەوشت و کۆمەڵ و ئەقڵ و شێتی. مامۆستا وەردی لە خەفەت و بێ دەسەڵاتیدا شێت دەبێت.
هەر یەکە لە کەسایەتییەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، لە دوکاندارەکان و کاسبکارەکان دەکەونە گێڕانەوە. بەڵام ئایا ئەوە خەیاڵی مامۆستا وەردییە؟ یان بەڕاستیی ئەوانیش شێت بوون، یاخود گێڕەرەوە خۆی شێتە راستییەکەیە؟
ڕۆمانی ”لە بەرزایی شووراکانەوە” وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فەرەنسی لەللایەن فیلیپ دولارب و بەیان سەلمان. و لە ٧ی مەی ٢٠٢٥ بە فەرەمیی کەوتووەتە نێو کتێبخانەکان و لەلای کتێبفڕۆشەکان وەست دەخرێت.