ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لەو نووسەرە نوێیانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا ناسیومە ئانی ئیڕنۆیە، کە بە شێوەیەکی کورت و چڕ ڕۆمان دەنووسێت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە سەنتەری بەرهەمەکانی. خولیای پەتی، چوارەم ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە، کە هەفتەی پێشوو خوێندمەوە. ئانی ساڵی “2022” خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات پێ درا و لە ڕیزی ئەو نووسەرە فەرەنسیانەیە کە وەرگری ئەم خەڵاتەیە و تاکە ئافرەتی فەرەنسییە کە نۆبڵی بۆ ئەدەبیات وەرگرتووە.
شێوازی گێڕانەوەی ئانی، شێوازێکی سادە و بایۆگرافیانەیە، کە خوێنەر هەست بە هاوشوناسی نووسەر و پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە دەکات، خۆ ئەگەر نووسەر لەگەڵ پاڵەوانەکەشیدا هاوشوناس نەبێت، ئەوا ئانی دەیەوێت فێڵێک لە خوێنەر بکات، تا ئەوەی دەیگێڕێتەوە وەکو چیرۆکێکی ڕاستەقینە وەریبگرێت. لیژنەی پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بەم ڕستەیە پاساوی پێدانی ئەم خەڵاتە بەنرخەیان بەم نووسەرەدا “بەرامبەر بەو بوێری و هەستیارییەی نیشانیداوە لە ئاشکراکردنی ڕەگی نامۆبوون و سنووردارکردنی بەکۆمەڵی یادەوەری کەسیی.”
ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٤٠ لە نۆرماندی فەرەنسا لەدایک بووە. لەگەڵ ئەوەی لە رۆمانەکانیدا زیاتر باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەڵام هاوکات نووسەرێکی سیاسییە و لایەنگری بەرەی چەپە و لەو ساڵانەی ڕابردووشدا لایەنگری بزوتنەوەی چەپی زەرد بووە. ئەو جگە لەوەی دەنووسێت هاوکات چالاکوانێکی گرنگی مافەکانی ژنانە، ئەمە بێجگە لەوەی پڕۆفیسۆرە لە بواری ئەدەبدا. پێشتریش ساڵانێک وەک مامۆستای سەرەتایی و ئامادەیی کاری کردووە.
ئەم ڕۆمانە چیرۆکی ئافرەتێک دەگێڕێتەوە، کە خولیاییەکی هەمیشەیی هەیە بۆ هاوڕێ پیاوەکەی و هەر ساتێکی دوورکەوتنەوە لێی نیگەرانی دەکات، بۆیە ئەو بۆ هەمیشەیی چاوەڕوانییەتی. ئەو پیاوە بەناوی (A)ەوە ناوی دەبرێت و لە جێگەیەکدا ئانی دەنووسێت “خۆزگە جگە لە چاوەڕوانی ئەو هیچی تر نەبوایە بیکەم.” ئەم ڕۆمانە بە حیکایەتی چاوەڕوانیی ئەم مرۆڤە دەست پێ دەکات بۆ دۆزینەوەی نیوەکەی تری. ڕۆمانەکە لە چەشنی ئەو رۆمانە مینیماڵانەیە، کە بە ڕستەی کورت و وێنەی خێرا دەیەوێت ژانی مرۆڤە تەنیاکان بنووسێتەوە. ژانگەلێک کە هەموان پێی ئاشنا نین.
خاڵێکی گرنگ کە لەم ڕۆمانەدا هەیە ئەوەیە، کە دژ بەو تێزەیە کە پێیوایە چاوەڕوانی ئازاردەر و تاقەتپڕووکێنە، بەڵکو لەم ڕۆمانەدا چاوەڕوانی هیوایە، ڕووکردنە ئاسۆیەکە دەشێ خۆرێکی نوێ و گەشاوەی لێوە هەڵ بێت. لە جێگەیەکدا کاراکتەری سەرەکی دەڵێت “نەمدەویست بێجگە لە چاوەڕوانی (A) مێشکم بە هیچ شتێکی ترەوە بخافڵێنم.” لە جێگەیەکی دیکەدا ئەو ڕۆژانە بە ماندووکەر وەسف دەکات کە بێچاوەڕوانی بەسەریان دەبات، یان دەیەوێت خۆی بۆ ئەوە ڕابهێنێت.
دوای ئەو هەموو چاوەڕوانی و پێکەوە بوونە، چیرۆکی دابڕان دەست پێ دەکات، بەڵام قەبوڵکردنی ئەم دابڕانە و ڕاهاتن لەگەڵیدا زۆر سەختە، چونکە (A) مانایەکی گرنگ و پێگەیەکی دیاری لە ژیانی ئەمدا هەبووە. بەڵام مرۆڤ کە تووشی دابڕان دەبێت ناچارە قەبوڵی بکات، بۆیە دەیەوێت خۆی لەگەڵ ئەو دونیا نوێیەی پاش (A)دا ڕابهێنێت. دوای ماوەیەکی زۆر دەڵێت “ئایا جیهان لە دەرەوەی (A) خەریک بوو مانای پەیدا دەکردەوە؟” چیرۆکی مانا و بێمانایی ژیان چیرۆکێکی هەم کۆنە و هەم نوێ. مرۆڤ هەمیشە ئەو شتانەی دڵخۆشی دەکەن وا دەزانێت ئەوەیە مانای ژیان و کاتێکیش هەمان شت پێچەوانە دەبێتە ئیدی ژیان مانایەکی ئەوتۆی نامێنێت. ڕۆمانەکە لە کۆتاییەکانیدا دەگاتە جێگەیەک کە ئیدی کاراکتەری سەرەکی چاوەڕوانی هیچ نەبێت، بەڵکو نووسین دەکاتە پەناگەیەک بۆ خۆی و خەم و ئازارەکانی لەوێدا بەیان دەکات.
ئەم ڕۆمانە کورتە گەلێک وانەی گرنگ و واتاداری تێدایە، کە ڕەنگە هەموان درکی نەکەن، بەڵام دەتوانێت خوێنەری خۆی بدۆزێتەوە، بەتایبەت ئەو خوێنەرەی کە بە دونیای ئەم نووسەرە ئاشنا بێت، باشتر چێژی ئەم ڕۆمانە و بەرهەمەکانی دیکەشی دەکات. دەستخۆشی بۆ سەلاحەدین بایەزیدی، کە لە فەرەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای ڕۆساش کە ئەرکی بەچاپ گەیاندنیان لە ئەستۆ گرتووە.