ئارام كۆشكی – سلێمانی
هونەری نووسین، هونەرێکی تایبەتمەندە، جۆرێک لە ئەزموونی ژیانە، کە هەموان ناتوانن بیگێڕنەوە و لەنێو وشەکاندا بەرجەستەی بکەن، بۆیە هەموان ئەو ئارامییەیان نییە تا لە دونیای نووسیندا بەردەوام بن و ساڵانێکی درێژ سەرقاڵی نووسین بن، چونکە ئەزموون نووسینی کامڵ و داهێنەرانە دەهێنێتە بەرهەم. ئۆرهان پاموک قسەیەکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی نووسینەوە هەیە و دەڵێت “ئەگەر بەکاری نووسین دڵخۆش بیت، ئەوکات نووسین گشت ناڕەحەتییەکان چارەسەر دەکات.” دەشێ بە خەونی چارەسەرکردنی ناڕەحەتییە ڕۆحی و دەروونییەکانەوە بەشێکی زۆر لە نووسەران ئەم هونەرەیان کردبێتە پەناگە و ئێستاش ناتوانن دەستبەرداری بن.
نووسین زۆرجار دەریچەیەکە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەناسەی لێوە بدات، ڕۆدریگۆی کوڕی “گابریل گاریسیای مارکیز” لە کتێبێکدا سەبارەت بە دواڕۆژەکانی ژیانی باوکی نووسیویەتی لەوێدا وتەیەکی باوکی دەهێنێتەوە، کە جارێک پێی وتووە: “ئەگەر دەتوانی نەنووسیت، مەنووسە.” نووسین هونەرێک نییە بۆ سەرگەرمی، بەڵکو هونەری هەناسەدان و ئارامیی ڕۆحییە. نووسین هونەری بەرجەستەکردنی ئەو خەونە بەدینەهاتوانەیە، کە ئەگەری بەدیهاتنیان لاوازە. لێرەوەیە هەندێکجار نووسین دەبێتە مەیدانی تۆڵەکردنەوەی مرۆڤ لەو شوێن و کەسانەی ئازاریان داوە و نووسەرەکان دەسەڵاتی خۆیان لەنێو نووسیندا دەخەنەگەڕ، هەرچەندە زۆرجار لەمەدا تووشی هەڵەی فیکریی و لۆژیکی دەبن، بەڵام ئیدی جەنگێکە و لەوێدا بەرپای دەکەن.
ڕۆمانی “ڕقی تۆماس بێرنارد لە سان سەلڤادۆر”ی ڕۆماننووس”ئۆراسیۆ کاستێیانوس مۆیا” لە چەشنی ئەو ڕۆمانانەیە کە مەیدانێکە بۆ تۆڵەکردنەوە و هەڵڕشتنی ڕق سەبارەت بە سان سەلڤادۆری زێدی “ئێدگاردۆ بێگا”ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، لەوێدا خوێنەر بە وردی هەست بەو تۆڵەکردنەوەیەی نووسەر دەکات لەڕێی ئەو کاراکتەرەوە لە سان سەلڤادۆر و ئەو ڕقەی کە نووسەر بەرامبەری هەیەتی. ئەم ڕۆمانە “ئارام ڕەشید کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چینی لە شاری هەولێر بەچاپیان گەیاندووە.
ڕۆمانی (ڕقی تۆماس بێرنارد لە سان سەلڤادۆر) لە ساڵی 2000 بۆ یەكەمجار بە زمانی ئیسپانی بڵاو بووەوە و خەڵاتی (پێشانگای كتێبی فرانكفۆرت)ی پێ بەخشرا. لە ساڵی 2016ش كاتێك كە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بووەوە خەڵاتی (پێن)ی پێ بەخشرا، پاش بڵاوبوونەوەشی بە زمانی فەرەنسی بوو بە یەكێك لە كتێبە پڕفرۆشەكان.
“ئۆراسیۆ کاستێیانوس مۆیا” نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی سەلڤادۆرە. بۆ ماوەی دوو دەیە وەک سەرنووسەری ئاژانسەکانی هەواڵ و گۆڤار و ڕۆژنامەکانی مەکسیک و گواتیمالا و وڵاتەکەی خۆی کاری کردووە. وەک نووسەرێکی خەیاڵی، لە بەرنامەیەکدا کە لەلایەن پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی فرانکفۆرتەوە پشتگیری دەکرا (2004-2006) و لە پرۆگرامی شاری پەنابەری لە پیتسبورگ (2006-2008) مافی نیشتەجێبوونی پێبەخشرا. هەروەها لە پرۆگرامی نووسین لە زانکۆی پیتسبورگ وانەبێژ بووە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا توێژەری میوان بووە لە زانکۆی تۆکیۆ بە زەمالەیەک کە لەلایەن دامەزراوەی ژاپۆنەوە بەخشراوە. یازدە ڕۆمان و پێنج کۆمەڵە چیرۆک و دوو کتێبی وتاری ڕۆژنامەنووسیی چاپ و بڵاوکردۆتەوە. ڕۆمانەکانی بۆ دوانزە زمان وەرگێڕدراون؛ پێنج لەوانە (بێهەستی، شەیتانی ژن لە ئاوێنەدا، سەما لەگەڵ مارەکان، بێزاری و یادەوەری ستەمکار) بە زمانی ئینگلیزی بەردەستن. خەڵاتی ئیبرۆئەمریکی مانوێل ڕۆخاس بۆ چیرۆکی خەیاڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکومەتی شیلیەوە پێبەخشرا.
ئەگەرچی ڕۆمانەکە هەڵڕشتنی ڕقی کەسێکە بەناوی “ئێدگاردۆ بێگا” بەرامبەر وڵاتەکەی و کە لەسەرەتاوە دەست بە قسە دەکات بە یەکهەناسە چیرۆکی نەهامەتییەکانی خۆی و وڵاتەکەی دەگێڕێتەوە و هەموو ئەو کەموکوڕیی و نادادیانە دەخاتەڕوو کە بووەتە هۆی دروستبوونی ڕقەکەی هەر لە گەندەڵی سیاسییەوە تا گەندەڵی کولتووریی. لەسەرەتاوە ئەوە دەخاتەڕوو دوای جێهێشتنی سان سەلڤادۆر، گەورەترین کابووسی ژیانی ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ ئەوێ، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی دایکییەوە ناچارانە دەگەڕێتەوە و ماوەی دوو هەفتە لەوێ دەبێت و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ کەنەدا. بێگا دڵخۆشە بەوەی ڕزگاریی بووە لە نەهامەتییەکانی وڵاتەکەیی و ئەو هەموو گەندەڵی و بێسەروبەرەییەی وڵاتەکەی تێی کەوتووە، بەڵام سەروەختێک بۆ ماوەیەک پاسپۆرتەکەی لێ ون دەبێت ئیدی دەرگای ڕزگاریی لێ دادەخرێت و پێوایە سیزیفئاسا مەحکومە بەوەی هەر لە سان سەلڤادۆر بمێنێتەوە.
نووسەر لە کاتی ونبوونی پاسپۆرتەکەی “بێگا”دا دەیەوێت گەمەی ڕزگاربوونی مرۆڤ هەڵبوەشێنێتەوە و بڵێت سیزیف هێشتا زیندووە، بەڵام بە دۆزینەوەی پاسپۆرتەکە ئەم گەمەیەش کۆتایی پێ دەهێنێت و دووبارە ئومێدی ڕزگاریی زیندوو دەکاتەوە. بەڵام ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکی ڕزگار بووە، یان بوونەوەرێکی سیزیفئاسایە؟ ڕۆمانەکە ئەگەرچی لایەنگریی یەکەمە و پێیوایە مرۆڤ بوونەوەرێکە ڕزگار دەبێت، بەڵام خاڵی نییە لە وروژاندنی پرسیاریی مرۆڤ لە چەشنی بوونەوەرێکی سیزیفی.
خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا دەکەوێتە بەردەم ئەوەی ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکە لە هەر شوێنێک بێت ڕزگار بووە، یان نا، ئایا ئەوەی ڕزگاریی دەکات بیرکردنەوەکانی خۆیەتی، یان چی دیکەیە. خوێنەر کاتێک بە وردی لە ڕۆمانەکە ڕادەمێنێت بۆی دەردەکەوێت بەهەشت لە هیچ جێگەیەک نییە، نە سان سلڤادۆر بۆ بێگا دۆزەخە و نە کەنەدا بۆ بێگا بەهەشتە. ئەوەی سان سەلڤادۆری کردووە بە دۆزەخ بیرکردنەوەکانی بێگایە، بەوەی بوونەوەرێکی لاوازە و لە نەهامەتی هەڵدێت، نەک ڕووبەڕووی ببێتەوە. ئەوەشی کەنەدا دەکاتە بەهەشت تەنها بیرکردنەوەکانی بێگا خۆیەتی. لێرەوە تێدەگەین بەهەشت و دۆزەخ لە دڵ و دەروونی مرۆڤەکاندایە. بەڵام ڕۆمانەکە ئومێدی ڕزگاریی بە گۆڕینی شوێن دەداتە مرۆڤ و دژ بە بۆچوونە سیزیفییەکەیە، کە مرۆڤ مەحکوم بێت بە ژیانێک کە گرۆدەیەتی و چارەنووسی پێوەی بەندە. بەڵام ژیان لە قووڵاییدا جگە لە بوونێکی سیزیفی هیچی دیکە نییە. مرۆڤ بوونەوەرێکی گیرۆدەبووە لەنێوان ڕزگاریی و سیزسفبووندا.
بێگومان ئەم ڕۆمانە زۆر زیاتر هەڵدەگرێت لەبارەیەوە بدوێین، بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندەی لەبارەوە دەڵێین و بەئومێدی ئەوەی لە دەرفەتی دیکەدا وردتر لەبارەیەوە سەرنج و شرۆڤە بخەینە ڕوو. دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و دەزگای چینی و چاپکردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیە.