چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە کتێبی “چپە”ی شاهۆ مەحمودی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە کتێبی “ڕەنگەکانی تر”دا ئۆرهان پاموک ئەوە دەخاتەڕوو، کە نووسین یەکێکە لە شێوازەکانی تۆڵەکردنەوەی مرۆڤ لەو ژیانەی نەژیاوە. ئەم پێناسەیەی پاموک بۆ نووسین بۆ زۆر نووسەر و زۆر دەقی ئەدەبی لە زۆر جێگەی دونیا دروستە. پێناسەیەکە لە هەناوی بەشێکی زۆری دەقی داهێنەرانەوە هاتووەتە دەرەوە.
لە هەفتەی ڕابردوودا کاتێک ڕۆمانی “ڕقی تۆماس بێرنارد لە سان سەلڤادۆر”ی “ئۆراسیۆ کاستێیانوس مۆیا” خوێندەوە هەستی تەواوم بەو تۆڵەکردنەوەیەی نووسەر کرد لە ژیان و چۆن ئەم نووسەرە بە زمانێکی ڕووت و شەفاف هەموو ڕەخنە و جنێو و ڕقەکانی خۆی دژ بە سان سەلڤادۆر هەڵدەڕێژێت. بەڵام هەمیشە لە بەرامبەر ئەم جۆرە لە ئەدەب و نووسەرەدا بەشێک لە نووسەران تێکستەکانیان لە ستایشی ژیاندا دەنووسرن، بۆیە هەمیشە ڕوانینەکان بۆ ژیان و گۆشەکانی بینین و بەرکەوتنمان بۆ شتەکان جیاوازە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کتێبی شیعریی “چپە”ی شاهۆ مەحموودیم خوێندەوە، کە ناوەندی باڵندە چاپ و بڵاویان کردووەتەوە و ئەمە یەکەم ئەزموونی شیعریی ئەم شاعیرەیە من لە شێوەی کتێبدا دەیخوێنمەوە و زانیارییەکی ئەوتۆشم سەبارەت بە شاعیرەکە نییە و ئەوەشی لەم ڕانانە کورتەدا دەیخەمەڕوو تەنها لە ڕوانگەی خوێندنەوەی ئەم کتێبەوەیە. پەیوەست بە گوتەکەی سەرەوەی پاموکەوە لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەشدا بەجۆرێک هەستم بە تۆڵەکردنەوەی شاعیر دەکرد لە دونیا و تەواوی دەقەکان کە لە گەشتێکی دوو کاتژمێریدا و بەهێمنییەکی شیعرییانە خوێندمەوە ئەو هەستی تۆڵەکردنەوە و ئەو بێزارییەی شاعیرم بە تەواوی هەست پێ کرد، بێزارییەک کە ڕیشەیەکی قووڵی لەنێو فیکریی شاعیردا داکوتیوە، بۆیە لە نێو بەشێکی زۆر لە دەقەکاندا ڕەنگیداوەتەوە.
ئەم کتێبە ئەگەرچی ناونیشانی “چپە”ی هەڵگرتووە، بەڵام زیاترە لەوەی بەتەنها چپە بێت، بەڵکو هاوارە. هاواری شاعیرێک، کە ژیان لەبری ئەوەی پەنجەرەکانی بەڕوودا بکاتەوە، لە هەزار لاوە و بە هەزاران کێشەوە گەمارۆی داوە. ئەم کتێبە، کتێبی نووسینەوەی گەمارۆکانی سەر شاعیرێکی تەنیایە، کە بە تەنیایی و لە نێو خەمە هەنووکەییەکانیدا ڕێ دەکات و دەیەوێت ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە. شاعیر بە فیکرێکی کراوەوە باسی ئازارەکانی مرۆڤبوون دەکات، نەک ئازارەکانی کوردبوون، لای ئەم شاعیرە ئازاری کوردبوون و مرۆڤبوون یەک شتن، بەڵام ئازاری کوردبوون زیاتر و زیاترە. بۆیە لە شیعری “گەرۆکی بێ نەخشە”دا لە چاپتەری چوارەمدا چەندجارێک پێداگرانە ڕستەی “چ ئازارێک دەچێژێت مرۆڤ” دەنووسێتەوە. ئەمە ئەگەرچی لە ڕستەی پرسیاریی دەچێت، بەڵام لەم ناوکۆییەدا ڕستەیەکی سەرسووڕمانیشە. واتە هەڵگری پرسیار و سەرسوڕمانیشە و شاعیرە شۆکە بەو ئازارانەی کە مرۆڤ ناچارە بیچێژێت، یان سیزیف ئاسا دەبێت بۆ هەمیشەیی لەگەڵ خۆیدا هەڵی بگرێت.
بەپێچەوانەی ئایینەکانەوە، کە پێیانوایە مرۆڤ سەروەری سەر زەوییە و پێگەیەکی باڵای هەیە، لای ئەم شاعیرە دیدێکی پێچەوانە دەبینینەوە، کە ئەویش “پەراوێزنشین”بوونە. شاعیر لە شیعری “هەنووکە ئارمیا”دا باس لەو دۆخی پەراوێزنشینییە دەکات و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە پەنجەی ئەم ئەم دۆخە بردووە و دەنووسێت:
“من پەراوێزم پەراوێز
پەراوێز یانی ترس لە سووچی ماڵێکی کرێدا
پەراوێز یانی چپاندنی شتێک لە تاریکایی جادەیەکی چۆڵدا
پەراوێز یانی شیوەن بە دڵۆپە فرمێسکێک
پەراوێز یانی ناوێکی ڕەشکراوە لە لیستی کارگەیەکدا.”
ئەمە سەرەتای ئەو نامۆبوونەی مرۆڤە بە ژیان، کە شاعیر دەیەوێت لەڕێی ئەم وێنانەوە گوزارشتی لێ بکات، دەشێ هەر لێرەوە بێت، کە شیعر دەبێتە فریادڕەسی ئەو تۆڵەکردنەوەیەی شاعیر لە ژیان و پیشاندانی ئەو دیوە تاریک و ترسناک و نامرۆییەی لەنێو ئێستای ژیاندا دەگوزەرێت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دەقانەی شاعیر، هەنووکەیبوونی دەقەکانە. واتە لەنێو زۆرێک لە شیعرەکاندا باس لە هەنووکە دەکات، یان پێداگرانە دەنوسێت “ئێستا/هەنووکە” ئەمەش دیسان نیشانەیەکی دیکەی زیندوێتی ئەم دەقانە و هەنووکەیبوونی ئەو ئاریشانەیە، کە شاعیر دەیەوێت لەبارەیانەوە بدوێت.
ئەم کتێبە گەشتێکی شیعریی شاعیرێکی نائومێدە بەنێو ئازار و برینەکانی مرۆڤدا لە هەر جێگەیەکی ئەم سەرزەوییە بێت، کە سیزیف ئاسا ناچارە بەردی ئازار و خەمەکانی بۆ هەمیشەیی بە کۆڵییەوە بێت. دەستخۆشی بۆ شاعیر و ناوەندی باڵندە بۆ لەچاپدانی ئەم بەرهەمە.