عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
(ئیگۆی شاشە) تەواوی واقیع لە دنیابینی (ئیگۆی مەجازی)، یان (ناسنامەی دیجیتاڵی)دا كورت دەكاتەوە، جا چ وەك بەدیلی یارییە ڤیدیۆییەکان بێت، یان لە پڕۆفایلی فەیسبووک یان تویتەردا. بەو مانایەش ئیگۆی شاشە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەیە، کە ئیگۆ لە بەرکەوتنی لەگەڵ واقیعی مەجازی ڕووبەڕووی دەبێتەوە..
(ئیگۆی شاشە) لەو نووسینەدا لە ناونانی (پاڵەوانی شاشە) هەڵێنجراوە، بەڵام واقیعی مەجازی، كە ئیگۆی مەجازی دەخاتەوە بەرهەمی ئایدیۆڵۆژیای (بەکاربردن)ـە. لێرەوە ئیگۆی شاشە پێی وایە گەڕانەوە بۆ خەونە چەپێنراوەكانی ناوەوە نەك هەر كۆنەپەرستانەیە، بەڵكوو نێرگزییەتی ئیگۆی دیجیتاڵیش هەراسان دەكات! ئەو قسەیەش پشت بەوە دەبەستێت، كە كەسی نێرگزی تەنها سەیری خۆی دەكات. بۆ ساغكردنەوەی ئەو گوتەیە (ژان بۆدریار) وەردەگرم، كە دەڵێ: ئایدیۆڵۆژیای بەکاربردن لە تاکەکەسدا نێرگزییەتێك بڵاو دەکاتەوە، کە وای لێ دەکات تاقانەیی (بوونی) خۆی وەکوو جۆرێك لەو پۆشاکە ببینێت، كە دەیپۆشێ، ئەو ئۆتۆمبێلەی كە بەکاری دەهێنێ، ئەو عەترەی كە لە خۆی دەدات، یان ماركەی ئەو شمەکەی کە دەیکڕێت، یان وەك چۆنێتیی بەسەربردنی کاتە بەتاڵەکەی.. (بڕوانە ژان بۆدریار، و: هاوار محەمەد، رەزوان حەسەن – لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئایدیا، 2019). لەو خاڵەوە هەوڵ دەدەم لەلایەك بڵێم هەموو ئەو كاتخوازی و تاقانەییە خەسڵەتی ئیگۆی شاشەیە. لەلایەكی دیكە دەمەوێ سەرنجی خوێنەران لە كاری (ڕانەبردوو)ی ڕستەكانی بۆدریاردا مۆڵەق بكەم.
كەواتە جیاوازیی (ئیگۆی شاشە) و (ئیگۆی فرۆیدی) جیاوازیی نێوان كاتی (ڕابردوو) و كاتی (ڕانەبردوو)ە. ماڵی ئیگۆی شاشە (ئیگۆی دیجیتاڵی)، ئەو تیشكە ڕاگوزەرەیە، كە ژمارەی یارییەكان ڕۆناك دەكاتەوە. بەڵام ئیگۆی فرۆیدی لەسەر پانتاییەكی گەورەی (چەپێنراوەكانی ناوەوە) دەژیێ، هەر بەو ڕابردووەش دەنازێت.
لێرەوە بەشێكی گەورەی تێنەگەیشتن لە ئیگۆی شاشە ئەوە نییە، كە خەونەكانی دەروون وەك سووتەمەنی فریای ڕۆناككردنەوەی نێرگزییەتی دیجیتاڵی ناكەوێت! بەڵكوو ئەوەیە، كە ئارەزوو و ژمارەكانی كاری داهاتوو لە جووڵەی نادیار و بێكۆتاییدایە! بەمجۆرە ئەو نیگەرانییانەی ئیگۆی شاشە دەجووڵێنێ، ئەوە نییە، كە ئیگۆی دیجیتاڵی ناتوانێ وسبەلێكراوەكانی ئیگۆی فرۆیدی ڕۆناك بكاتەوە. یان ئارەزووەكانی ئەویدیكەی جیاواز بۆ خەونەكانی ناوەوەی سوبێكت نیشانەی نەخۆشی بێت. بەڵكوو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی هەیە بە گرژیی نێوان جووڵەی بێكۆتایی ئارەزوو و نەگەیشتن بە ئامانجەوە، یان بە تێرنەبوونی داهاتووەوە. بەو مانایەی كە لەدەستدانی خەونەكانی ناوەوەی سوبێكت، لەدەستدانی ئارەزووی خاوەندارێتییە! وەكچۆن پشتگوێخستنی (نەرێنی) ناوەوە لە پێناو (ئەرێنی) دەرەوە، هاوواتای مردنی ئارەزووە!
بەڵام گرەوی ئیگۆی شاشە ئەوەیە، کە لەپێناو ئارەزوودا لەنوێوە هاوسەنگی بەدەست بهێنێتەوە. ئارەزوو لە ناوەوەدا چێژێکی پاکە، کە دەركەوت، یان كە تێر بوو پاكییەکەی نامێنێت. ئیگۆی شاشە بڕوای بە (خەون- چەپێنراوی ناوەوە) نییە، بۆیە هەمیشە بەرانبەر ئارەزوو و کات و خەیاڵ دەجەنگێ.. كەواتە ئەوەی لەگەڵ ئیگۆی شاشە کۆمان دەکاتەوە لە ناوەوە جیامان دەکاتەوە، بەو مانایەش دنیابینی ئیگۆی مەجازی واتە لێكترازانی ئارەزوو و كات. ئیگۆی مەجازی لە خەونی ئارەزووە چەپێنراوەكاندا ناژیێ، بەڵکوو لە خەونی مەجازیدا دەژیێ.
بێگومان ئارەزوو هەر بزوێنەری ژیان نییە، بزوێنەری چێژیشە. ئارەزووی سوبێكت ئەوەیە، کە ئیگۆی شاشە بتوانێت لە وەهمی پەیوەندییەكان ڕزگاری بێت! یان لەسەر بنەمای خاوەندارێتی ئەرێنی و نەرێنی کۆی ئارەزووەكانی ژیان لە ڕەتكردنەوەی رەزامەندی و ئارەزووی بووندا نوێ بكاتەوە. واتە لە ڕێگای گەڕانەوەیەكی جیاوازی دیکە، بتوانێ دۆخێکی هاوسەنگ لەنێوان ئیگۆی ڕاستەقینە و ئیگۆی مەجازی، لەنێوان ئیگۆ و ئەڵتەرناتیڤەکەیدا دروست بکاتەوە.
هێزی ڕۆناكی و هێزی شاراوە
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هێزی ڕۆناكی لە ئیگۆی شاشەدا ئەوەیە، کە ناوەندێكە بۆ هاوبەشیکردنی زانیاری و چێژ، وەكچۆن یەكێك لە تایبەتمەندییەکانی هێزی شاراوەی ناوەوە خۆی لە خەونە چەپێنراوەكاندا متداوە. ئەمڕۆ وێنە دەبێتە بنەمای زانیاری و چێژ. لە كاتێكدا دوێنێ لە خەون و خەیاڵی وشەكاندا بیركردنەوە خۆی دەنواند. ئەمڕۆ چێژ و زانیارییەكان واقیع بەڕێوە دەبەن. دوێنێ خەون و خەیاڵ. ئەمڕۆ بە زەردەخەنەی ڕووتی ئیمۆجییەكان شادین. دوێنێ بە دەربڕینی هەست و سۆز جیا دەكرایەوە..
ئەگەرچی نمایشکردنی ژیانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیە بۆ ئەو ئازادییەی، كە تاک چیتر نابێتە کەسێک کە هیچ لەبارەی خۆیەوە نەڵێت، وەكچۆن هەموو شتێک دەربارەی ئەوانی دیکە دەڵێت. بەو مانایەش لە واقیعی مەجازیدا هەمووان لەبارەی بۆچوون و خۆشەویستیی هەمووان دەزانین. بەڵام پرسیار ئەوەیە، تا چەند دەتوانین بەرگەی دیکتاتۆریەتی شەفافیەت بگرین؟! واپێدەچێت قورس بێت لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین. چونكە ئەو تۆڕەی ئێمە پێک دەهێنێت، دەستمان پێی ناگات! یان ئەستەمە بەو هەموو خێراییەوە بۆ ئیگۆی شاشە بچینە پێناسەیەكی گشتییەوە. جگە لەوە ئیگۆی شاشە (كات) لەپێناو (دەربڕینی تاقانەیی خۆی) دەبڕێت. (ئێلسا گۆدار) لە كتێبی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم)ـدا پێی وایە نوێنەرایەتیکردنی ئەو (خودە) لە ئینتەرنێت و دروشمی سێڵفیەکەیدایە. بەڵام ئیگۆی مەجازی (سێڵفیی ساختە)شی هەیە. كەواتە ئەو قسەیەی گۆدار ئاماژە بە نوێنەرایەتییەک دەکات، کە پاراستنی سێڵفیی ڕاستەقینە بەهەند دەزانێ. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە ل101-102)
بەڵام ئیگۆی مەجازی، وەشانی تاقانەییەكە، کە خۆی لە پرسیاری ڕاستەقینەی (من کێم؟) بەدوور دەگرێت، زیاتر لە دووپاتکردنەوەی (ئەوەی دەیبینیت- منم) خۆی دەبینێتەوە. هەر بەمشێوەیەش ئایکۆنەکانی ئیمۆجی، سۆزداریی وشە کۆنترۆڵ دەکەن و هەموو جۆرە جیاکارییەک لەناو دەبەن. نموونەش ئەوەیە، کە ئیگۆی شاشە گرەو لەسەر سۆز و هەستەکانمان دەکات و هاوسۆزییەکی زۆریش لە بینەراندا دەورووژێنێ و هەموو کاتێكیش ئێمە بە (لایك) هەستەکانیان لەگەڵدا هاوبەش دەکەین. (ئێلسا گۆدار) پێی وایە هێزی وێنە وەک ئەوەی شاردنەوەی سۆز بێ، شتێکی نوێ نییە. ئەوەی بەڕاستی نوێیە ئەوەیە، کە ئەمڕۆ بەرەوڕووی لافاوی وێنەكان دەبینەوە؛ مانایەکەشی ئەوەیە کە كەوتووینەتە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزی جیاواز و گۆڕاو و هەڵاوساوەوە. ئیتر مرۆڤایەتی وەك دەفری سۆزداری لە مرۆڤ دەڕژێت و لە کۆتاییدا بەپێی ریتمی ئەو وێنانەی کە لەپێش چاومان دەڕژێنە خوارەوە، دەمانخنکێنێت.
هێزی دڵەڕاوكێ و ئیگۆی شاشە
ئەوەی كە هەستی دڵەڕاوکێمان قووڵتر دەکاتەوە، هەر تەنها تایبەتمەندییەكانی کۆمەڵگای پۆستمۆدێرنە نییە. ئەوەیە، كە چیتر خۆمان نین! بەڵكوو ناچارین لە پێکەنینەوە بۆ گریان بگوازینەوە، لە گریانەوە بۆ پێکەنین. ئەوەیە، كە ئیگۆمان بەردەوام لە ئێمە دەردەچێت و بە ئیگۆی مەجازی (مرۆڤایەتیی مەجازی)ـیەوە خەریكە. كەواتە ئەستەمە بەدوای پێناسەیەک بۆ ئیگۆی شاشە بگەڕێین، بەبێ ئەوەی بانگەوازی بوونی مەجازی بکەین. ئەوەش لەبەر ئەوەیە، کە وێنە دیجیتاڵییەكان پێش هەمووان كەوتوون. کاتێک باسی ئامێری دیجیتاڵی دەکەین، مەبەستمان ئەو ئامێرانەن، کە توانای وەرگێڕانی زانیاری دیجیتاڵییان هەیە. بە دیجیتاڵیكردن هەموو پانتاییەكانی زانیاری و زیرەكی. لە ژمارەدا دەلالەت لە پێكهێنانی واقیعێکی ناماددی دەكات، کە لە باوەشیدا ئیگۆی مەجازی لەدایک بووە. لە واقیعی زێدەواقیعدا لە ڕێگای دەستلێدان و دەستكاریكردنەوە بەردەوام جیهانی ئیگۆی شاشە دروست دەكەین و دەیدۆزینەوە.
كەواتە لە واقیعی مەجازیدا (کرتە؛ كلیك) وەك لایەنێکی یاریزانانە و منداڵانە لەدایکبوونێكی نوێ بە ئیگۆی شاشە دەبەخشێت. بەڵام مەحكومین بەوەی جگە لە چركەساتی واقیع هیچی تر نەبین؟! بۆ نموونە تەنها پشكی مەجازی (ئایكۆن، كۆد، وێنە، ژمارە، نووكی پەنجە، لایك، ئیمۆجی…) بین و تەنها وەك پشكی مەجازییش ببینە بنەمای واو، سوپاس، بەدڵمە، ڕازیم…
بێگومان ئەویدیكە لە شێوەی (وێنەیەک)دا پێش ئێمە دەكەوێ، ئێمە پێش خۆمان سەیری دەکەین. بەو مانایەش تێکەڵبوونی کات و شوێن کاریگەری لەسەر شێوازی (ڕووبەڕووبوونەوە)مان لەگەڵ ئەویدیكەدا هەیە. بەڵام هێزی دڵەڕاوكێ کە شاشەی نێوان من و تۆ دروستی کردووە، هەموو مرۆڤایەتی دەشکێنێت و واقیعێکی مەجازی (واو) پێک دەهێنێت، کە تێیدا هیچ شتێک قەدەغە ناکرێت. من و تۆی زیندانی شاشە یەکسانین بەوەی کە (واو، ئۆكەی، لایك..) دابین دەکەن و دەسەڵاتی ڕەهامان بەسەریاندا هەیە. کێ لە ئێمە ئارەزووی کوژاندنەوەی شاشەی کۆمپیوتەرەکەی یان مۆبایلە زیرەکەکەی نییە، كە نەخوازراوی بەخۆیەوە بینیوە..
شاشە، كە وێنەی خۆمانی لەسەر نمایش دەکەین و بڵاوی دەكەینەوە، خەون نابینێ. شاشە خەون نابینێ، بەڵكوو ملکەچی یاسا تەكنۆلۆژییەكانە، كە تێپەڕن!! چونکە لاپەڕەی شاشە دەکرێ بەردەوام نوێ بکرێتەوە، بەو مانایەش بەشێک لە ئیگۆی شاشە مرۆڤایەتی خۆی لە چوارچێوەی مەحاڵبوونی ئارەزوودا لەدەست دەدات، وەكچۆن لەبەرئەوەی ئەویدیكە لە ڕێگای مەحاڵبوونی ئارەزووەوە بۆم دەردەکەوێت، پەیوەندییەکەمان هەمیشەیی نییە. یان بە مانایەكی دیكە لە مەحاڵبوونی ئارەزووەوە جگە لە جێگرەوەی ئارەزوو هیچی تر لە ئەویدیكە ناگرم. ئەوەش هێزی دڵەڕاوكێ بە واتای شاشە دوو ئەوەندە دەكاتەوە.
كەواتە هێزی دڵەڕاوكێ و ئیگۆی شاشە دوو شت دیاری دەکەن: یەكەم، دڵنیانەبوون لە ئەزموونی ئەویدیکە. دووەم، بەرپرسیارنەبوون لەوەی بەرانبەر من ئەنجامی دەدات. دواجار هێزی دڵەڕاوكێی سوبێكتی مۆدێرن دەكەوێتە بەرانبەر (ناسین) و (خۆناسین) و (یەكترناسین)ـەوە. لە پشت وێنەی شاشەوە، هەمیشە دەمامکەكان سواڵ دەكەن. بەو مانایەش وەك گۆدار دەڵێ (گەڕان بەدوای دانپێدانان دەبێتە هۆی ئەوەی ئازادیمان لەدەست بدەین. ئێمە لە خۆماندا ئازادین بەبێ ئەوەی بەدوای ڕەزامەندیی خەڵک بكەوین. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە ل118.)
هێزی دیالۆگ، هێزی دانپێدانان
لە ئیگۆی شاشەدا چیتر دیالۆگی ڕووبەڕوو مەرجی بیروڕاگۆڕینەوە و گەرەنتیی (ناسین) نییە، بەڵکوو ژمارەی لایکەكان بۆ ناسین بەسە. كەچی (خۆناسین) پێویستی بە سەرلەنوێ سەیرکردنەوەی ئەو مانایەیە، کە بە ژیانمانی دەبەخشین. كەواتە خۆناسین هێزی (یەكترناسینەوە)ی دیالۆگ و دانپێدانانی ئارەزووە! هەڵبەتە لەپێناو سەركەوتنی دیالۆگدا ناتوانین ئارەزووی جیاواز پووچەڵ بكەینەوە، بە هەمان شێوەش ناتوانین لەپێناو مەرجی ئارەزوودا دیالۆگ ڕەت بكەینەوە. لەنێوان دیالۆگ و دانپێداناندا ناوبانگ هەیە! شاشە بەناوبانگمان دەكات، بەڵام خەون دروست ناكات!. لایكەكان ئیگۆی شاشە دەڕازێننەوە، بەڵام مەرج نییە، پەیوەندی بە ئارەزوو و دیالۆگەوە هەبێت.
ئەمڕۆ هەر مرۆڤێك دەتوانێت خۆی پیشان بدات! بەڵام لەبیرمان بێت، شاشە توانای دابینکردنی ناوبانگی ساختەشی هەیە، جا چ لە بەدیموکراتیزەکردنی ئارەزووەوە بێ، یان ڕێگا بۆ زانستێکی نوێ بکاتەوە، كە خۆبەبازاڕکردنە. دیموكراتیزەكردنی ئارەزوو و بەبازاڕكردن لەڕێگای شاشەوە كارەكانی خۆیان بە باشی بەڕێوە دەبەن. كەواتە ئەوەی ئەمڕۆ ناوبانگ دروست دەكات، تیشكی ڕاگوزەرە، نەك دیالۆگی ڕووبەڕوو، ئەوەی ئەمڕۆ ئەستێرە دروست دەكات، شاشەی كاتییە، نەك دانپێدانانی ئارەزوو.
كۆمەڵێ کۆمپانیا و دامەزراوە و کەسایەتیی گشتی هەن، کە لە ڕێگای شاشەوە پەنا بۆ خۆبەبازاڕكردن و دیموكراتیزەكردنی ئارەزووەكانیان دەبەن و بە خێرایی لەناو جەماوەر بڵاو دەبنەوە. ئەو یارییە ورووژێنەرە بەشێکە لە گەمە هاوچەرخەكانی (ئایدیۆلۆژیای بەکاربردن). ئەوەی ئایدیۆلۆژیای بەكاربردن، بڕوای پێی هەیە: لایك، ئۆكەی، واوە. ئەوەی كە بڕوای پێی نییە ئەنلایكە، تا ئەو ڕادەیەی (نەرێنی) لە فەزای بەكاربردندا دەگاتە ئاستی قێزلێكردنەوە. دواجار دەمەوێ بڵێم لەنێوان هێزی دیالۆگ و دانپێدانانی ئارەزوو، ئەوەی شێوازی (ئیگۆی مەجازی) جیا دەكاتەوە خۆبەخۆییە، یان بە مانایەكی دیكە خۆكۆپیكردنەوەیە، چونكە كەسی نێرگزی قبووڵ ناکات، جگە لە خۆی کەسێکی تر لە وێنەکەدا هەبێت!!