مەکسور

سەبا ئەحمەد

حەزم لە گەمەیە
یاری بەشتێک بکەم بۆنمونە (دڵم)
بیدەمە کەسێکی تر
تا بەنەرمی نیگای
تا بەتریقەی پێکەنینی
تا بە وشەی (نا) بۆم بشکێنێ
بۆ ئەوەی بە ئارامی نەخەوم
مۆبایل لەدەستم دانەنێم
پاسۆرد لەسەر کۆمپیتەرەکەم دانێم
بەردەوام لە دوکانەکاندا بەدوای
مەدالیای دڵ و تیر و
گوڵی سوورو شیعرە مۆبایلدا بگەڕێم
تا دڵی بەدەس بێنم
بەبێ هۆ خۆم بێتاقەت کەم و
بڵێم: ئەمە کەی ژیانە بێ دڵ…!
شەڕ بەهەمووان بفرۆشم و
بڵێم: هەمووتان دۆزەخی منن..
خۆم پڕکەم لە گومان و ڕاڕایی و
بڵێم: کەس لەمن تێناگا…
بەدوای گۆرانی خەماویدا بگەڕێم
جگەرە بەجگەرە داگیرسێنم
جنێو وەک باران ببارێنم
بەدیار شیعری نالی یەوە بگریم
(گوتم: شیشەی دڵم ناتوێ؟
گوتی: بۆچیمە؟ مەکسوورە)
من دڵی مەکسوری خۆم دەوێ تا هەست بکەم
خەم دەناسم
ژیاوم
عاشق بووم
مرۆڤم
ئیتر من وام

تێبینی/دێڕی ناو کەوانەکە شیعری نالی یە