چەمێکی کزەڵەو چیرۆکەکانی با

سەلام سەعید

من ڕۆژانە ئازار
سەردانم ئەکا
بەچپە پێم ئەڵێ من و تۆ
دوانەی بەر یەک دایکین
ئێواران لەسۆنگەی کۆڵانی گەڕەکدا
چاوەڕێمە .
بەسرپە پێم ئەڵێت
لەگەڵ کڕیاری گوڵ فرۆشەکەدا
ڕێک کەوتی
چاوەکانی سەر شۆستەکە
لە چاوەڕوانی تۆدا بون
بیکەن بەهاڕەی چەپڵە..
لەکوێ ستر ئەگریت.
ئەم ئێوارەیە
پاساریەکانی حەوشەتان
گوێت لێیە کردویانەتە چ هەرایەک
حەزت بەچاکو چۆنیش نیە
من لە هەمو ئاخاوتنەکانت ئەگەم
کەسێ وڵاتی لە گیرفانی تیاترۆکاندا
بەڕێوە بچێ هەروەک تۆیە
من …! حەزم بە زۆر شتە
لە زۆر شتیش بێزارم..،
بیرم دێ ساڵێ بە باڵای
جۆگەیەکدا هەڵزنام
وردە ماسی بەدومەوە ئەهاتن
کوڵە فڕەیەک لە پێشمەوە
تەنیایی لەگەڵ بەش ئەکردم
نسێیی لاپاڵەکە.. بۆکوێ..؟
شەکەت ئەبیت لادە
خەمە بەهاریەکان .. بەڕەنگی
گوڵە سورەی نیسان
هەر دەرفەتێکن .. بێدەنگ ئەبن
ئەوەی لەگەڵ با سەفەرکا
ئەبێ چەمێکی کزڵە
گوێ لە چیرۆکە کانی بگرێ
ئەوەی دەستی وردە شەپۆل بگرێ
کەنار هاوڕێیەتی ئەکا
ئەوەی وەک تۆ غوربەت بکاتە لانە
فرمێسک ئەچنێتەوە
بێدەنگ بەو قەڵەمەکەت دانێ
غوربەت ئەوی دەرزی ئاژەن کردوە
نابینی نیگای بەرپێی جێ ناهێڵێ
ئەو وێنەکانی بۆت ئەنێرێ
بۆ ئەوەی زەردە خەنەکانی تۆ بدزێ
مرۆڤێکم جادو چواردەوری گرتوم
بە قەدەری ڕازی بونی ئەو ڕازیم
لەپاڵ تەنیایمدا
ورتە ورت لەگەڵ غوربەت ئەکەم
ئەو وتی دوانامە جێ بهێڵە
من ڕۆژانی شەمە پشومە
خەو دەرگاکەم پێ داناخا
ئەگەر دەرگاکەشم واڵانەبو
شێتە .. ؟
ئەتوانی لەپەنجەرەکەوە بێیتە ژورێ
نامەکەت دانێ و
حەزێ لەگەڵ نامەکەتدا جێ بهێڵە
من نامەکەت لەسەر سنگی غوربەت
ئەکەمە مە نزڵگەی تۆ
لێ ناگەڕێم لێم بگەڕێیت
پاش نیوەڕوان لەگەڵ تەنیایم
قاوەیەکی تاڵ ئەخۆمەوە
مرۆڤێکم حەزێ لەباوەشی گرتوم
خانمێک دەنکی ڕستە ئاڵۆزەکانم
بەخەرمانی تەمەنیەوە ئەکا
ڕۆژانە توڕە ئەبێ
ئەو وائەزانێ لەودیو غوربەتی ئەوەوە
من چیرۆکەکانم بۆ . با. باس ئەکەم
ئەی نازانی ..؟
با هەموکاتێ جێی متمانە نیە
پێ ئەچێت لە غافڵ گیری هەردوکماندا
بۆ ئایندەیی بگێڕێتەوە