شیعرێک بۆ لەبیرنەچوونەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەمیشە جیاکارییەک دەکەم بۆ ئەو دەقە شیعریانەی دەیانخوێنمەوە، جیاکارییەکەش ئەوەیە، کە ئایا ئەو لێشاوە دەقەی ڕۆژانە و هەفتانە بەناوی شیعرەوە بڵاودەکرێنەوە چەندیان شیعرە. شیعر ژانرێک نییە بواری لادانی زۆر و فێڵکردنی زۆری تێدابێت. شیعر ژانرێکە سنگی بۆ پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ ژانرەکانی دیکەدا دەکاتەوە، بەڵام ژانرێک نییە بە هەموو تێکەڵکارییەک و هەموو بەلاڕێدابردنێک فریو بخوات. هاوکات شیعر ژانرێکی سرکە و بە هەموو کەسێک ڕام ناکرێت، تەنها ئەوانە دەتوانن ئەم ژانرە ڕام بکەن، کە ڕۆحی خۆیان لەنێو وشە و ڕستەکاندا بسوتێنن.

زۆر شاعیر هەن، کە لە چەند کتێبێکی شیعرییدا، یان چەند شیعرێکدا میوانی ئەم هونەرە بەرزە بوون، بەڵام لە دواتردا کە قودرەت و هێزی ئەوەیان نەماوە ئەم ژانرە سرکە ڕام بکەن، لەبری ئەوەی شیعر بنووسن بوونەتە “وشەڕیزکار”. وشەڕیزکار؛ شیعر وەکو هونەرێکی ئاسان و ئاسایی دەبینێت، بۆیە پێیوایە هەر وشە و ڕستەیەک، كه‌ هاتە سەرزاری گه‌ر کەمێک جوانکاریی بۆ بکات ئیدی دەبێتە شیعر، لە کاتێکدا شیعر ئەو ژانرەیە کە خۆڕسکانە و لەگەڵ سووتانی ڕۆحی شاعیرەکەیدا لەدایک دەبێت. بۆیە زۆر شاعیر هەن تەنها ئەو دەقە شیعرییانەیان جوان و داهێنەرانەیە کە لە سووتانی ڕۆحیانەوە پەیدا بوون. لەنێو ئەو فەزا بەرئاوەڵایەی میدیا و سۆشیال میدیادا، دۆزینەوەی شیعر و جیاکردنەوەی لە وشەی ڕیزکراو گەلێک سەختە، بۆیە زۆرجار وزەیەکی زۆرم بە فیڕۆ دەچێت تاكو شیعرێکی جوان و ئەزموونێکی داهێنەرانە دەدۆزمەوە و گەشتێکی شیعریی لەگەڵدا دەست پێ دەکەم. لە هەفتەی ڕابردوودا لە میانەی ئەو گەڕانانەدا لەنێو سایتەکانی ئینتەرنێتدا (کە بەداخەوە ئێستا کتێبی شیعریی زۆر کەم چاپ دەبێت، بەڵام بە لێشاو وشەی ڕێزکراو بەناوی شیعرەوە چاپ دەبێت) سەرنجم چووە سەر سێ شیعری “شانۆ بەکر”، ئەم ناوە بۆمن ناوێکی نوێ و تازە بوو و هەر سێ دەقەکەم پێکەوە خوێندەوە. دەقی یەکەمی بەناوی “کوندەپەپوویەک لە ژوورەکەمدایە”، دەقی دووەمی بەناوی “ڕاچڵەکین”. ئه‌م دوو ده‌قه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای نووسینی ئه‌م شاعیره‌یه‌، کەمتر هۆشیاریی شاعیرانه‌یان پێوه‌ دیاره‌‌، بۆیه‌ زیاتر لە مەشق دەچن بۆ نووسینی دەقی دواتر، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌متر به‌ر هەناسەی شیعریی بکه‌وین. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین، كه‌ كاڵ و كرچی له ئه‌زموونی سه‌ره‌تادا شتێكی سروشتییه‌ و گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌زموونی شاعیران و نووسه‌ران له‌مێژوودا هه‌ر به‌وجۆره‌ سروشتییه‌ گه‌شه‌ی كردووه‌. لێره‌وه‌ ئه‌م شاعیره‌ ده‌یه‌وێت سه‌ره‌تای ئه‌و كاروانه‌ دا‌مه‌زرێنێت، كه‌ هه‌موو شاعیرێك ده‌بێت له‌ ئه‌زموونی كار و نووسینیدا سه‌رڕێی بخات‌. شیعر هونەرێکە بۆ چڕکردنەوەی ئەوەی شاعیر دەیەوێت بیڵێت، یان پیشانی بدات. شیعر هونەری هەڵڕشتنی وێنە و وشە نییە، ژانرێکە گوشراوی ئایدیاکان و وێنەکان و ڕووداوەکانی ژیانمانه‌.
هەرچی دەقی سێیەم بوو، گەلێک کامڵتر و پێگەیشتووتره‌ و شیعریتر دێته‌ به‌رچاو، دەقی سێیەم بەناوی “زەهایمەر” ئەم دەقە چ لەڕووی بابەت و چ لەڕووی شێوازی ئیشکردنی شاعیرەوە گەلێک کامڵتر بوو لە دوو دەقەکەی پێشوو، ئەمەش بۆمن جێگەی دڵخۆشییە، چونکە گەشەکردنی هەر ئەزموونێکی شیعریی نیشانەی هەنگاونان بۆ ماڵی شیعر و دۆزینەوەی پێگەی خودی شاعیر لەو ماڵەدا. لە خوێندنەوەی دەقی یەکەم و دووەمدا سه‌رسام نه‌بووم، بەڵام له‌ دەقی سێیەمدا به‌ر شیعر كه‌وتم، بە وردی سەرنجم كه‌وته‌ سەر دەقەکە و په‌لكێشی كردم، ئه‌مه‌ش وایكرد تەنها بە یەکجار خوێندنەوە دەستبەرداری نەبم.
“زەهایمەر” دەقێکە چڕکراوەی ئەو دۆخەیە، کە مرۆڤ ئیدی هەموو شتێکی لەبیر دەچێتەوە تەنانەن ناوی خۆیشی. ئەم شیعرە پڕە لەسۆز و هەستی ئینسانی قووڵ، هێڵ و ئامانجی شیعرەكە هاوسۆزییە لەگەڵ مرۆڤە نەخۆش و بێ یادەوەرییەكان. نازانم بۆ لەکاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا هەستم بەلێکچوونێکی زۆر دەکرد لەنێوان کوردبوون و ئەو فیگۆرەی لەم شیعرەدا تووشی زەهایمەر بووە. کورد بوونەوەرێکە هەمیشە لە دۆخی زەهایمەردایە و یەکێکە لە بێزاکیرەترین نەتەوەکانی سەر زەوی. ئەم بێزاکیرەییەیه،‌ کە لای بەختیار عەلی لە فیگۆری “جەمشیدخان”دا خۆی مانیفێست دەکات و دەبێتە کەسایەتییەک، کە نوێنەرەوەی ئێمەی کورد بێت لەنێو دونیای گێڕانەوەدا. به‌ڵام لەم دەقەدا شاعیر دۆخی نه‌ته‌وه‌مان بۆ وێنا ناكات، به‌ڵكو گوزارشت لە دۆخی کەسێك ده‌کات، کە تووشی بیرچوونه‌وه‌ بووە و دوای تووشبوونەکەی مانەوە و سەنگی لەنێو بووندا ده‌خاتەڕوو.
“کاتێک خەمۆکی هێرشم بۆ دەهێنێت
ڕەخنەم لێ دەگرن کە لاوازم
کاتێک دڵخۆشم پێیان وایە زیادەڕەوی دەکەم
کاتێک بێدەنگ دەبم
ڕەخنەم لێدەگرن کە بەشداری پرسەکان ناکەم
کاتێک قسە دەکەم
پێیانوایە شتانێکی بێمانا دەڵێم
کاتێک دەترسم نابێ پیشانی بدەم”
دۆخی مرۆڤێک کە تووشی زەهایمەر بووە، دۆخێکە داگیرکراوە و ئەوەی دەیڵێت و ئەنجامی دەدات وەکو بوونەوەرێکی ئاسایی سەیر ناکرێت.
شیعر هونەری ڕزگارییە، بەڵام لە دۆخی لەم چەشنەدا شیعر ئەو هێزە باڵایەی لەدەست دەدات و شاعیر دەیەوێت بەم چەند ڕستەیە گوزارشت لەو دۆخە بکات:
“شیعرەکانم نەیانتوانی ڕزگارم بکەن
پزیشکەکانم نەیانتوانی ڕزگارم بکەن
تەنانەت گوڵەکانیش…
نەیانتوانی ڕزگارم بکەن.”
بەڵام لە دواتردا شاعیر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “ناوت دەتوانێ ڕزگارم بکات/ بەڵام ناوت چی بوو؟!” ئه‌وه‌ی شیعرەکە خاڵییە لە ئایدیای ڕزگاریی ده‌رخه‌ری ئەو دۆخەیە، کە مرۆڤ لە ساتی لەبیرچوونەوەدا (زەهایمەر)دا تووشی دەبێت. ناکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ناوکۆیی دەقەکە ئەمە بە نەنگی ئەژمار بکەین.
ئەگەرچی شیعرەکە سەبارەت بە “لەبیرچوونەوەیە”، بەڵام شاعیر هونەراندنێکی تێدا ئەنجامداوە، کە بووەتە شیعرێک بۆ لەبیرنەچوونەوە و هەر خوێنەرێک جارێک شیعرەکە بخوێنێتەوە هەرگیز بیری ناچێتەوە، ئەمەش نهێنی دەقی سەرکەوتووە. بۆیە دەشێت لەم شیعرەوە ده‌كرێت ئەم شاعیرە نوێیە بەرەو گەشەکردنی زیاتر و جیدیی تری شیعریی هەنگاو بنێت، چونکە شیعری لەم چەشنە لەم سەردەمی “بێشیعرییەدا” جێگەی دەستخۆشییە.

*بۆ بینینی هەر سێ دەقەکەی ئەم شاعیرە دەتوانن سەردانی سایتی باڵندە https://balinde.com/ بکەن.