كارزان گلی – هه‌ولێر
نه‌ته‌وه به‌بێ زمان هیچ واتایه‌كی نییه، زمان و نه‌ته‌وە پێک به‌ستراونه‌ته‌وه و، یه‌كێكیان لە‌ویتریان داببڕیت هه‌ردووكیان لە‌ناو ده‌چن. ناكرێت باس لە نه‌ته‌وه‌ی كورد بكه‌ین و زمانێكی كوردیشت نه‌بێت. ناكرێت بڵێی فەرەنسیم و زمانی فەرەنسیشت نه‌بێت، یان بڵێیت عه‌ره‌بم و زمانی عه‌ره‌بیت نه‌بێت. باسكردن لە نه‌ته‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه بە زمانیشه‌وه.
توركیا بە درێژای سه‌د ساڵی رابردوو كاری كردووە بۆ ئه‌وه‌ی زمانی كوردی بسڕێته‌وه و شتێك نه‌مێنێت به ناوی زمانی كوردی، هه‌موو حكوومه‌ته‌یه‌ك لە دوای یه‌كه‌كانی توركیا به ئاكپارتییشه‌وه كاریان كردووە بۆ ئه‌وه‌ی زمانی كوردی نه‌بێته زمانێك ركابه‌ری زمانی توركی بكات. ئه‌وان پێیان وابووە ئه‌گه‌ر زمانی كوردی لە ناو ببەین شتێك نامێنێته‌وه به ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورد.
لە‌وه‌ته‌ی كۆماری توركیا دروست بووه، خوێندن به زمانی كوردی لە توركیا قه‌ده‌غه كراوه، منداڵی كورد ناچار كراوه بە توركی فێری خوێندن بكرێت. ئه‌مه جگه لەوەی لە ساڵانی 50 تا نه‌وه‌ده‌كان قسه‌كردن به زمانی كوردی لە توركیا قه‌ده‌غه بووه، هه‌ر كه‌سێكیش به كوردی قسه‌ی بكردابایه زیندانی ده‌كرا، بۆیه كورد ناچار ده‌كرا خۆی فێری زمانی توركی بكات. لە زۆر شوێنی باكووردا ئه‌وه‌ی بیویستایه به كوردی قسه بكا به هۆكاری ئه‌وه‌ی توركی نازانێت، پێویست بووه (جزیه) بدات، هه‌روه‌كچۆن لە ئیسلامدا ئه‌وه‌ی مه‌سیحی بێت یان جوو كه لە خاكی ئیسلامدا بژیێت پێویسته جزیه بدات، بۆ كوردیش وابووه لە بری ئه‌وه‌ی به كوردی قسه ده‌كات پێویست بووه جزیه بدات، كه بڕه‌كه‌ی لە لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه دیاری كرابوو.
پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه هه‌ر لە كاتی دروستبوونیه‌وه تاكو ده‌ستكردن به خه‌باتی چه‌كداری، توانیی كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی هیچی دیكه لە توركیا نه‌ڵێن هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی لە توركیا ده‌ژین توركن، یاخود توانیی ته‌كانێك به ده‌وڵه‌تی توركیادا بدات و ئیدی بڵێن لە توركیا كێشه‌یه‌ك هه‌یه بە ناوی كێشه‌ی كورد ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیشی نه‌ده‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه په‌كه‌كه بە هیچ شێوه‌یه‌ك كاری نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی زمانی كوردی لە ناو باكووردا گه‌شه‌پێ بدات، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێستایش زۆربه‌ی گه‌ریلاكان و سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه لە نێوان خۆیاندا هه‌ر به زمانی توركی قسه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش زیانێكی زۆر گه‌وره‌یه بۆ داهاتووی زمانی كوردی لە توركیا.
ئیسماعیل بێشكچی نووسه‌ری گه‌وره‌ی توركیا، لە كتێبی (ده‌وڵه‌تی تیرۆر لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا) به ئاشكرا ره‌خنه‌ی لە په‌كه‌كه گرتووه و، ده‌ڵێت سه‌ره‌ڕای هه‌موو خه‌بات و جوامێری و سه‌رهه‌ڵدانتان، به‌ڵام كارتان نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی زمانی كوردی سه‌رلەنوێ زیندوو بكه‌نه‌وه، كه بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ی داوه.
به لای بێكشچییه‌وه هاووڵاتیانی كوردستانی باكوور هه‌ستی نیشتمانی لە هه‌ستی نیشتمانیی هاووڵاتیانی باشوور به‌هێزتره، به‌ڵام لە كوردستانی باشوور زمان زیاتر گرنگی پێ ده‌درێت وه‌كو لەوەی لە کوردستانی باكووردا هه‌یه.
ساڵی 1997 سه‌نته‌ری زمانی ئه‌نادۆڵ به سه‌ردانێك هاته باشووری كوردستان و بۆ ماوه‌ی 2 مانگ لەوێ مایه‌وه. لە كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا لە راپۆرتێكدا باسیان لە گه‌شته‌كه‌ی خۆیان بۆ باشوور كردبوو. ئه‌وان خۆشحاڵ بوون به‌وه‌ی لە باشوور هاووڵاتیان گرنگییه‌كی زۆر به زمانی كوردی ده‌ده‌ن و هه‌موویان بە زمانی دایك قسه ده‌كه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بییان به‌سه‌ره‌وه نییه، به‌ڵام نیگه‌ران بوون لەوەی لە هه‌موو كافێ و رێستوڕانت و شوێنه گشتییه‌كاندا لە بری ئه‌وه‌ی گۆرانی كوردی لێ بدرێت، كه‌چی گۆرانییه‌كانی ئیبراهیم تاتلیساس و ئیمرا و چه‌ند گۆرانیبێژێكی عه‌ره‌بیت گوێ لێ ده‌بێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان داوه کە لە ته‌لەڤیزیۆنه‌كانیشدا سه‌یری فیلمه‌كانی سه‌رده‌می (یه‌شیل چام) ده‌كه‌ن، كه ئه‌و فیلمه توركیانه لە رووی هونه‌رییه‌وه زۆر لاواز و بێهێزن.
بێشكچی لەو روانگه‌یه‌وه پێی وایه کە هاووڵاتیانی باكوور هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یییان به‌هێزتره لە هاووڵاییان باشوور، به‌ڵام ره‌خنه‌لە په‌كه‌كه ده‌گرێت كه گرنگی بە زمانی كوردی نه‌داوه. وه‌لێ باكوورییه‌كان به‌رده‌وام خه‌باتیان كردووە بۆ ئه‌وه‌ی توركیا نه‌توانێت كلتوور و ناسنامه‌یان بسڕێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌یش بووە وای كردووە كوردانی باكوور وه‌كو گوڵی سه‌وسه‌ن ره‌گیان به‌هێز بێت، ئه‌گه‌رچی چه‌ند جارێك ره‌شه‌با لە ناوی بردوون، به‌ڵام ره‌گیان وه‌كو گوڵی سه‌وسه‌ن به‌هێزه و زوو خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه و سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
تاوه‌كو ئێستایش لە زۆربه‌ی شاره‌كانی باكووردا هاووڵاتیان لە نێوان خۆیاندا بە زمانی توركی قسه ده‌كه‌ن، لە كاتێكدا ناچار نین به توركی قسه بكه‌ن. ئه‌گه‌رچی زڵم و زۆری حكوومه‌تی توركیا كاریگه‌ریی هه‌بووە كه ئه‌وان زمانی دایك فه‌رامۆش بكه‌ن، به‌ڵام ماوه‌ی 30 ساڵه به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌یان لێ نه‌گیراوه یاخود سزا نه‌دراون ئه‌گه‌ر لە نێوان خۆیاندا به کوردی قسه بكه‌ن، بەڵام به‌داخه‌وه توركی بووەتە زمانی رۆژانه‌یان.
لە سه‌رده‌می داگیركاری ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، عوسمانییه‌كان توانییان وڵاتی بولگاریا بخه‌نه ژێر هه‌یمه‌نه‌ی خۆیانه‌وه، بۆیه بە ده‌یان‌هه‌زار هاووڵاتی توركی بۆ ژیان روویان لە بولگاریا كرد، دوای رووخانی ئیمپراتۆری عوسمانیش ئه‌و توركانه‌هه‌ر لەوێ مانه‌وه و نه‌هاتنه‌وه بۆ خاكی خۆیان رێژه‌یه‌كی كه‌میان نه‌بێت. ئێستا نه‌ته‌وه‌ی تورك لە بولگاریا دووه‌م نه‌ته‌وه‌یه، بۆیه به‌رده‌وام داوا ده‌كه‌ن حكوومه‌ت رێگه بدات ئه‌وان بە زمانی دایك بخوێنن و رۆژنامه ده‌ربكه‌ن و ته‌لەڤیزیۆنی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت و زۆر شتی دیكه‌یش. لەبەر ئه‌وه‌ی بولگاریا وڵاتێكی دیموكراته و بڕوای به یاساكانی مافی مرۆڤ هه‌یه، هه‌موو مافێكی به هاووڵاتی توركی داوه، وه‌لێ توركیا ئه‌و مافه‌ی به هاووڵاتیی خۆی كه كورده نه‌داوه.
توركیا لە نه‌وه‌ده‌كاندا گلە یی لە بولگاریا ده‌كرد لە یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌وه‌ی وه‌كو پێویست مافی توركه‌كان نادات، به‌ڵام هه‌رگیز رۆژێك لە رۆژان بیری نه‌كردووە‌ته‌وه کە 15ملیۆن كورد لە توركیا ده‌ژین بۆچی رێگه نادات بە زمانی دایك بخوێنن.
رێکەوتی 27_3_2016 سه‌ركۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان به سه‌ردانێك چووه وڵاتی کرواتیا، لەوێ به‌شداری کرد لە كردنه‌وه‌ی (سه‌نته‌ری كلتووری تورك _ یونس ئێمره)، لە وته‌یه‌كدا گوتی ئێمه هاوكاری 70 زانكۆ لە 38 وڵاتی دنیا ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی توركۆلۆژی تێدا بخوێنن و زمانی توركیا به دنیادا بڵاو بكه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها باسی لە گرنگیی زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كرد و، ئاماژه‌ی دا كه‌پێویسته هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك گرنگی بە زمانی خۆی بدات و فێری زمانی بیانیش ببێت. به‌ڵام ئه‌ویش وه‌كو هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی پێشووتری توركیا بیری چوو كه‌لە توركیا نه‌ته‌وه‌یه‌كی 15ملیۆنی هه‌یه لە تورك ناچن و زمان و كلتووری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌ڵام رێگه‌یان نادرێت به کوردی بخوێنن و لە ده‌ستووری توركیاشدا دان بە زمانه‌كه‌یاندا نانرێت.