گــــــــــــــــەڕان

ماریە ئەحمەد

من بە ناو
کۆڵانە تەنگەبەر و
کریستاڵیەکانی دڵتەنگیدا دەڕۆیشتم
چنگم لە گوڵئەستێرە
نوستووەکانی بەخت
گیر دەکرد
لاسارانە دەمویست بە
ئاگایان بێنم و
بیانهێنمە خوارێ
لە یاخەو بەرۆکە خوارخێچەکانی قەدەریان بدەم !
کراسە دڕاوەکەی میهرەبانی
پێ وەدوورم !
شەوە شەرمن و
چارەنووسە دەیجوری و هەنسکاویەکانی
پێ ڕووناک بکەمەوە
ڕێڕەوی بەخت و بەشە
شەکەت و شکستاویەکانی
پێبگۆڕم
ئەو بەخت و بەشانەی
بە ناهەق لەسەرچاو
تا لێوارەکانی مردن و
لە گۆترە بە پایزی
تەمەنێکی غەریب و
بە چڕی غوباری ئایندەیەکی
نادیاریان دەسپاردم……