ئارام كۆشكی – سلێمانی
(1-2)
سنوورەکانی شیعر لە کوێوە دەست پێ دەکات و لە کوێدا کۆتایی دێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە زۆرجار لێکۆڵەران و ڕەخنەگران ڕووبەڕوویان دەکرێتەوە. ئەوەی زۆرجار دەڵێین ئەم دەقە شیعرییە مەبەستمان چییە؟ ئەوەشی بە تێکستێک، یان کارێکی هونەریی دەڵێین زۆر ناشیعرییە، دیسان مەبەستمان چییە؟ هەمیشە لاموابووە، کە شیعر ئەو ژانرەیە کە سنوورەکان ناناسێت. ئەوەی تێکستێک دەکات بە شیعر هێزێکی شاراوەیە، کە ڕەنگە نەتوانرێت بە وردی و بە وشە دەرببڕدرێت، یان گوزارشتی لێ بکرێت، وەکو چۆن ناتوانرێ وەسفی ڕۆح بکرێت لەبەر ئەوەی شتێکی بەرجەستە نەکراوە و مەعنەوییە ئەو هێزە شاراوەیەی شیعریشی لێ پێک دێت بەو شێوەیەیە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی هەر پرۆژەیەکی شیعریی و خاڵی سەرکەوتنی ئەوەیە، کە لە وشیارییەوە لە دایک ببێت. لە دایکبوونی شیعری ڕاستەقینە لە وشیارییەکی زۆرەوە دەبێت، نەک لە ئیلهامەوە وەکو بەشێک لە شاعیران باسی دەکەن. بەبێ وشیارییەکی مەعریفی مەحاڵە پرۆژەی شیعریی سەرکەوتوو بێتە بەرهەم و ئەزموونی نوێی شیعریی دابمەزرێنرێت.
تایبەتمەندییەکی دیکەی شیعری نوێ ئەوەیە، کە ژانرێکە دەرگای بە ڕووی هەموو ژانرەکانی دیکەدا کراوەیە و سنووری نێوان ژانرەکان کاڵ بووەتەوە. لێرەوەیە کە هەست بە سڕینەوەی سنووری نێوان شیعر و ژانرەکانی دیکە دەکەین و زۆرجاریش بەتایبەت هەست بە نەمان و کاڵبوونەوەی سنووری نێوان شیعر و پەخشان دەکەین. سەرەتاکانی نزیکبوونەوەی ژانری شیعر لەگەڵ ژانرەکانی دیکە لە پەخشانەوە دەستی پێ کرد. شیعر نزیکییەکی زۆری لەگەڵ پەخشان، یان پەخشانەشیعردا هەیە، یان شاعیران ویستوویانە ئەم نزیکییە زیاتر بکەن. دواتر ڕەگەزێکی گێڕانەوەیی هەمیشە لە شیعردا ئامادەیی هەبووە، بۆیە ئەم ڕەگەزە گێڕانەوەییە دیسان زەمینە نزیکبوونەوە بووە لە ژانرەکانی دیکەی چەشنی چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامە. بەدەر لەمەش شاعیرانی نوێ تەنها بەوەوە ناوەستن شیعر تەنها ئاوێتەی یەک ژانری دیکە بکەن، بەڵکو دەیانەوێت شیعر لە یەککاتدا و لە نێو یەک دەقدا ئاوێتەی چەند ژانرێکی جیاواز بکەن و بۆ ئەمەش ناوێکی نوێیان داناوە، یان لە هەوڵی دروستکردنی ژانرێکی نوێدان، کە لەژێر ناوێکی نوێدا ناسنامەیەکی بۆ دروست بکەن.
یەكێك لەو زاراوە ڕەخنەییانەی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا باسوخواستی زۆری لەسەرە و بەردەوامیش لەلایەن نووسەران و توێژەرانەوە بە ئاگا و بێئاگا بەكار دەهێنرێت، زاراوەی (دەقی كراوە)، یان (تێكستی واڵا)یە. زۆرجار بەكاربردنی ئەم زاراوەیە گفتوگۆ و ڕای جیاوازی دروستكردووە و هەر نووسەر و لێكۆڵەرێكیش بەپێی ڕوانینی خۆی لەم زاراوە ڕەخنەییە نوێیەی ڕوانیوە و بەرگری لە بۆچوونەکانی سەبارەت بەم زاراوەیە کردووە. ڕەنگە زۆرێك لەو نووسەر و لێكۆڵەرانە هەر یەكە لە ئاست خۆیەوە تێگەیشتنێكی بۆ ئەم زاراوەیە هەبێت، ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە بۆ هەر چەمک و زاراوەیەکی نوێ. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە و تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە ئەوەیە كە جیاكاری لەنێوان ئەم زاراوەیەدا نەكراوە و ڕوون نەكراوەتەوە. کاتێک ئەم زاراوەیە لای نووسەری ئیتالی (ئۆمبرتۆ ئیكۆ) بەكار دەبرێت مەبەست لە چییە؟ و کاتێکیش (شێركۆ بێكەس) لە قەسیدە درێژەكانی دەنووسێت (تێكستی واڵا) ئەمە لەكوێوە هاتووە و مەبەستی چییە؟ چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەوەی لای ئیكۆ هەیە؟ یان خاڵە هاوبەشەكانی لەگەڵ (دەقی كراوە) كە لای ڕەخنەگرانی عەرەب بەكار دەبرێت چییە؟ ئایا ئەوەی لای (شێركۆ بێكەس) نادروستە؟ ئەگەر نادروستە هەڵەكەی لە كوێدایە؟ چۆن ڕاست بكرێتەوە و ڕێگاكانی ڕاستكردنەوەی كامانەن؟ یان ئایا ئەوەی لای ئەم شاعیرەیە هەڵگۆزینێکی دیکە دەقئارایە و شاعیر خۆی ئەفراندوویەتی؟ سەرەتا با پێناسەیەكی دەقی كراوە بكەین.
زاراوەی دەقی كراوە، (Open text) یان بەرهەمی كراوە بە زمانی عەرەبی (النص المفتوح) زاراوایەكی ڕەخنەیی نوێیە لە لێكۆڵینەوە سیمۆلۆژییەكانی (ئۆمبرتۆ ئیكۆ) بەكارهێنراوە. مانای ئەم زاراوەیە پەیوەندی بە ڕاڤەكردن و تەئویلكردنی تێكستی ئەدەبی و بەرهەمی هونەرییەوە هەیە. بەو پێیەی تێكست كراوەیە لەوەی مانا و چەند تەئویل هەڵدەگرێت، واتە مانای زاراوەكە ئەوە نییە، كە تێكستەكە تەواو نەكراوە و كۆتایی كراوەی هەیە و خوێنەر خۆی دەتوانێت تەواوی بكات. ئەم زاراوەیە تەنها لە ئەدەب و تێكستی ئەدەبیدا قەتیس ناكرێت، بەڵكو دەچێتە سەر چەندین بواری دیكەی وەكو مۆسیقا و هونەری شێوەكاری و تەلارسازی و تەلەفزیۆن و چەندین بواری تری پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵایەتی هاوچەرخ.
ئۆمبرتۆ ئیكۆ؛ بۆ ڕوونكردنەوەی ئەم زاراوەیە تەركیز دەكاتە سەر ژمارەیەك لە كارە مۆسیقییە كلاسیكیانەی دانەرەكانیان ئازادییەك بە مۆسقاژەنەكان دەبەخشن، كە لە چەند بەشێكی سەمفۆنیاكەدا ئازادبن لە رێكخستنی ئازادی ژەنیندا. هەروەها ئیكۆ لە ڕۆمانەكانی ڕۆماننووسی ئێرلەندی (جێمس جۆیس) دەكۆڵێتەوە و بەتایبەتی نموونەی ڕۆمانی (یۆلیسیس) دەهێنێتەوە. پاشان هەندێك لە شانۆنامەكانی برتۆڵد برێخت و نموونەی تێكستە شیعرییەكانی (ڤێرین و مالارمێ) وەكو دەقی كراوە پێشكەش دەكات. بەتایبەتریش دەقی (وەرزێك لە دۆزەخ)ی شاعیری مۆدێرنی فەرەنسی (ئارسەر ڕامبۆ) وەکو نموونەیەکی باڵای دەقی کراوە دەهێنێتەوە. بۆ ڕوونكردنەوەی تەواوی مەبەستی زاراوەی (دەقی كراوە) ئیكۆ كتێبێك لەمبارەیەوە دەنووسێت و لەم كتێبەدا دەڵێت: “نابێت وا لە چەمكی (دەقی كراوە) تێبگەین، كە ژانرێكی جیاواز و سەربەخۆی تێكستە و لە تەنیشت ژانرە ئەدەبییەكانی ترەوە دابنرێت، بەڵكو ئەمە بریتییە لە توانای خوێندنەوەیەكی جیدی بۆ نوێكردنەوەی تێكستی خوێندراو لە میانی بەردەوامیدان بە تەئویلی ناوەڕۆكی تێكستەكە”.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بكەین، كە ئەم كتێبەی ئیكۆ چەمكی خوێندنەوەی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا جێگیر كرد و بایەخێكی شایستەی گەڕاندەوە بۆ دوانەی (خوێنەر/وەرگر) لە جوڵاندنی تێكستدا و ئەو ڕوانینە تەقلیدییەی گۆڕی، كە لە یەك لایەنەوە دەق ڕاڤە دەكات. واتە ئەو خوێندنەوە تاكڕەهەندەی پێشتر هەبوو گۆڕی بە خوێندنەوەی فرەڕەهەند.
ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها كورتەی ئەو بۆچوون و پێناسانە بوون، كە ئۆمبرتۆ ئیكۆ لەسەر (دەقی كراوە) لە كتێبەكەیدا، كە بەهەمان ناوەوەیە خستویەتییەڕوو، بەڵام من دەمەوێت سەرنجی خۆم لەسەر (تێکستی واڵا) لای شێركۆ بێكەس بخەمەڕوو، کە لە ڕووی واتاییەوە هەمان واتای ئەوەی ئیکۆی هەیە، بەڵام بۆ مەبەستێکی دیکە بەکارهێنراوە.
ڕەنگە دەستنیشانكردنی جۆرەكانی (دەقی كراوە) كارێكی ئەستەم بێت، بەو پێیەی ئەوەی من لێرەدا دەیخەمەڕوو هەموو جۆرەكانی (دەقی كراوە) نەبێت، چونكە دەكرێت بە چیرۆكە زۆر كورتەكانیش (مەبەست مینیماڵە) بوترێت دەقی كراوە. چونكە زۆر شت بۆ خوێنەر بەجێدێڵن و هەندێك تێكستیان هەیە، كە پرسیاری گەورە بۆ خوێنەر بەجێدێڵن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لای من بۆتە جێی سەرنج و تێڕامانی من، دوو جۆر دەقی كراوەیە، كە جۆری یەكەم ئەوەیە، كە (ئۆمبرتۆ ئیكۆ) باسی دەكات و پێكهاتووە لەو جۆرە دەقەی كە هەڵگری فرەڕاڤەیی و فرەلێکدانەوەیە و لەم جۆرەدا خوێنەر ڕۆڵێكی دیاری هەیە. وەک دەبینین لە بری زاراوەی دەقی كراوە لای شێركۆ بێكەس (دەقی واڵا- تێکستی واڵا)ی بەكاریهێناوە و لە چەندین دەقیدا ئەم زاراوەیەی بۆ ناسنامەكەی دایناوە. لای (شێركۆ بێكەس) فۆرمێكی تایبەتی (تێكستی واڵا) بەكار هاتووە، كە من وەكو (د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد) لاموانییە ئەم بەكارهێنانە هەڵە بێت. بەڵكو فۆرمێكی تایبەتە بەشێوەیەك، كە شێركۆ بێکەس داهێنەریەتی. ئەگەر سەرنج بدەین لەو تێكستانەدا (شیعر، پەخشان، لاوك و حەیران، چیرۆك و شانۆنامە) لەیەك تێكستدا كۆكردووەتەوە و لەبەرئەنجامی ئەم کۆکردنەوەیە ئەو ناوی “تێکستی واڵا”ی بۆ داناوە، واتە لەڕووی واتاییەوە بە مانای واڵابوونی تێکستەکە لای شێرکۆ بێکەست مانای “تێکستی تێکەڵ” دەگەیەنێت و واتە واڵایە بەسەر چەند ژانرێکدا و تەنها لە یەک ژانردا قەتیس نەبووە. لێرەوە تێدەگەین ئەم شاعیرە زاراوەی “تێکستی واڵا”ی بەهەمان ئەو مانایە نییە کە لای ئیكۆ هەیە بەكارهێنراوە. بەڵکو خۆی وانایەکی نوێی دەداتێ و بەمەستێکی دیکەی لە بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە هەیە.
*بۆ نووسینی بەشێک لە پێناسەکانی ئەم بەشە سوود لە کتێبی “ئەزموونی خوێندنەوە- چەند لاپەڕەیەکی ڕەخنەیی” د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد وەرگیراوە.