(ڕۆی پیتەر كلارك). ئارەقەڕشتنی ڕۆح: حەوت هەنگاو بۆ بوونەنووسەر

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

(ڕۆی پیتەر كلارك ـ Roy peter clark)ی نووسەری بەنێوبانگی ئەمریكی و هەڵەبڕ و مامۆستای چیرۆكنووسین، تا ئێستا وتار و كتێبگەلی جیاوازی لەسەر هونەری نووسەرایەتی چاپ و بڵاو كردووەتەوە. بەرهەمەكانیشی بەنێوبانگترین سەرچاوەی كارگە و پۆلەكانی ڕاهێنانی نووسەرە لاوەكانن. لێرەدا وتارێكی نابراو دەخەینە ڕوو لەسەر هونەری نووسەرایەتی.

پێشەكی:
ڕۆژێكیان (ویلیام فاكنەر ـ William Faulkner)، لە شەقامێكی (نیوئۆرلانس ـ New Orleans) چاوی بە (شێروود ئەندەرسۆن ـ Sherwood Anderson) دەكەوێت. ساڵی 1925 ـە. چەند ساڵ دواتر لەبارەی ئەم دیدارەوە دەڵێت: “ئەو ژیانێكی ئاسانی هەبوو؛ بەشێك لە ڕۆژەكە كاری دەكرد و باقی ڕۆژەكەشی ئازاد بوو بۆ ئەوەی هەر شتێكی پێی خۆش بێت، بیكات. منیش بیرم لەوە كردەوە ئەگەر ژیانی نووسەر وا بێت، ئەوا منیش ڕووی تێدەكەم. بەو شێوەیە دەستم كرد بە نووسینی یەكەم كتێبم..”
چەندین ساڵ دواتر، واتە لە ساڵی 1950، هەر ئەم فاكنەرە كە وەك نووسەرێكی بەئەزموون خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێ بەخشرا، لە وتارەكەیدا لە ئەكادیمیای شاهانە، باسی “ئارەقەڕشتنی ڕۆح”ـی لە كاتی نووسیندا كرد.
ڕاستییەكەشی هەروەها، چونكە بەڕاستی نووسین سەختترین پیشە و كارە، بەڵام وەك هەر پیشەیەكی تر بۆ قفڵەكانی چەندین كلیل هەن كە ئەگەر نەشیكەنەوە، ئەوا بێگومان یارمەتیدەرن و مژدەی ئەوەت دەدەنێ كە بە ڕاهێنان و وردەكاری و ئەزموونەوە دەكرێت هەر دەرگایەك كە بتەوێت بیكەیتەوە. منیش وەك (ڕۆی پیتەر كلارك)، لێرەدا باسی ئەو كلیلانە دەكەم كە سوودیان بۆ نووسەرانی تازە لاو هەیە بۆ ئەوەی بتوانن سەركەون.
نووسین كارێكی سیحراوی و پەڕجووئاسا نییە. هونەرە، پڕۆسەیە، كۆمەڵێك هەنگاوە. لە نووسینیشدا هەر وەك هەر هەر پڕۆسەیەكی تر، هەندێك جار كارەكان باش ناچنە پێشەوە. تەنانەت لە چیرۆكێكی باشیشدا، نووسەر تووشی چەندین كێشە دەبێتەوە و دەكرێت بڵەین نووسین بەردەوام جۆرێكە لە چارەكردنی كێشە و هاوكێشەكان. كە دۆخەكە خراپ دەبێت، نووسەر هەست بە خنكان دەكات و بەر لە نەغرۆبوون و خنكانیش، بە دوای پەتێكەوەیە بۆ ئەوەی ڕزگاری بكات. ئەم كۆمەڵە هەنگاوەی خوارەوەش، ڕێك پەتی ڕزگاركردنەكەن.
بە پێی قسەی هەندێك نووسەر بێت، ڕەنگە هەست بكەن كە تووشی ملیۆنە كێشە دەبنەوە لە كاتی نووسین. ئەو ملیۆنە پەیوەستە بەوەوە كە چ نیشانەیەكی لە پشتەوە دادەنێیت، دەكرێت نیشانەی پرس بێت، یا سەرسووڕمان!
من لە ژیانی پیشەیی خۆمدا ئەزموونی زۆرم تێپەڕاندووە و تیۆرییەكم داڕشتووە كە لەم هەنگاوانەدا جەختی لەسەر دەكەمەوە. تیۆرییەكەم بۆ ڕزگاركردنی نووسەران ئەمەیە: ژمارەی كێشە گەورەكانی نووسەران زۆر كەمن و خودی ئەم كێشانە چارەسەری متمانەداریش نیشانی مرۆڤ دەدەن.
ئەو بۆچوونەی (دۆناڵد مۆری ـ Donald Murray) لە كاریگەرترین مامۆستاكانی نووسەرایەتی لە ئەمریكا – پشتڕاست دەكەمەوە كە دەڵێت “نووسەران – بە هەموو جۆر و لە هەموو بوارێكدا ـ پڕۆسەیەكی هاوشێوە تەی دەكەن؛ كۆمەڵێك هەنگاوی تاكتیكی”. بۆیە، ئەگەر بە پێی پێویست بخوێننەوە و كار بكەن، دەتوانین ئەم ڕێبازە هاوبەشە كەشف بكەین.
بێگومان دەپرسن ئایا ڕووبەڕووبوونەوەی غەزەلنووسێك لەگەڵ پیشەكەی، هاوشێوەی تێزنووسێكە؟ ئەی نووسەری پەیامێكی 140 وشەیی لە تویتەر؟ ئایا پڕۆسەی كاری ئەو، هاوشێوەی ڕۆماننووسێكە؟ لە ئەبستراكتترین ئەگەردا، وەڵامەكەی من بۆ هەموو ئەم پرسیارانە “بەڵێ”ـیە. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەم هەنگاوە هاوبەشانە چین؟
ئەمانەی خوارەوەن:
دەستپێك:
هەموو نووسەرەكان پێویستیان بە گورزێك هەیە بۆ دەستكردن بە نووسینی بەرهەمێك، پێویستیان بە گوللە دەمانچەیەك یا تێكووتانی سەرەپەنجەیەك لە كەلەكەیان هەیە، شتێك كە ناچاریان بكات بجووڵێن. ئەمەش وایان لێدەكات بۆ دۆزینەوەی بیرۆكە و ئایدیای چیرۆكەكایان، بە دوای دونیا و ئەزموونەكانی نێو ژیانیان بگەڕێن، بەمەش دەبنە ڕاوچی و كۆكەرەوەی كەرەستەی خاو بۆ جوانتركردن و واتاداركردنی نووسینەكانیان.
پلان و ڕێكخستن:
نووسەرێك كە گەشتێكی كونجكۆڵانە دەكات، لەوانەیە لەگەڵ خۆیدا هێندە گەنجینەی جۆراوجۆر بهێنێتەوە كە فەزای نووسین و مێشكی بشێوێنن. بۆیە دەبێت نووسەر ئەو تواناییەی هەبێت كە تێبگات چ شتێك چەندە هێز و توانای پێویستە. لەم قۆناغەدا هێشتا زۆر زووە بزانرێت نووسەر هەموو ئەو شتانەی لەبەر دەستە كە بۆ نووسینی ڕۆمانێك یان ژیاننامەیەك یان ڕاپۆرتێكی ساڵانە گونجاو و پێویستن.
دۆزینەوەی چەقی سەرنج:
هەر دەقێك خاوەن خاڵ و چەقێكی سەرنج، بیرۆكەیەكی ڕێنیشاندەر، دیدگا یان هەستێكی تایبەتە كە بە نووسەر و خوێنەر دەڵێت دەقەكە ڕێك لەبارەی چییەوەیە. هەر تلێگرام، پۆستێكی تویتەری یان هایكۆیەك پێویستی بە چەقی سەرنجێك هەیە. هەروەك چۆن هەر كورتەچیرۆكێك یان یادداشتێكی ئاشقانە یان سكاڵانامەیەكیش لەسەر لوولەكێشێك، دیسان پێویستی بە چەقی سەرنج هەیە.
وەها بیرۆكەیەكی یەكگرتوو، یارمەتی نووسەر دەدات لە نێوان كەرەستە كۆكراوەكانیدا باشترینیان هەڵبژێرێت؛ باشترین كەسایەتییەكانی چیرۆكەكەی، باشترین وردەكاری، لە گرنگترین خاڵەوە بگرە تا دەگاتە باشترین وشە و باشترین خاڵبەندی. چەقی سەرنج لە نووسینی ڕستە یان پەڕەگرافێكی دەستپێكدا، یارمەتی نووسەر دەدات و هەندێك جاریش نووسینی ئەم پەڕەگرافە پێویستی بە دیاریكردنی چەقی سەرنج هەیە.
گەڕان بە دوای زماندا:
باوە كە دەگێڕنەوە، شاعیرانی سەردەمی كۆنی بەریتانیا هەر كامەیان فەرهەنگێكی (قامووس) تایبەت بە خۆی هەبوو كە بۆ گەیشتن بە باشترین زمان لە شیعرەكانیاندا وشەی لێ هەڵدەبژارد. چەند خۆش دەبوو ئەگەر كرابوایە مرۆڤ دەستی بۆ نێو چەكمەجەی دۆڵابەكەی درێژ كردایە و ڕێك ئەو وشەیەی دەرهێنابوایە كە بۆ نووسینەكەی وەك خشت وایە!
وشە دروستەكان لە كوێوە دێن؟ لە تەمەنێك خوێندنەوە و خوێندنی پیشەییانەوە دێن. لە ئەزموونی ڕۆژانەی زمانەوە دێن. لە گەشت و سەفەر، لە فەرهەنگ و لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە كۆكردنەوەی نەك تەنیا زانیاری خام، بەڵكو ئایایدا، وێنا و وشە گرنگەكانی تایبەت بە تێگەیشتنی گشتی لە خەڵك یا پانتایی لێكۆڵینەوە دێن.
ئامادەكردنی ڕەشنووسی یەكەم:
هەرگیز ئاسان نییە مرۆڤ بزانێت كەی كاتیەتی بۆ ئەوەی دەست بە تایپكردنی ڕەشنووسی یەكەمی كتێبەكەی بكات. هەمیشە لەم قۆناغەدا نووسەر تووشی هەستی بەرهەڵستكارانە دەبێتەوە؛ بە واتایەكی دیكە پێی دەڵێن شكانی نووسەر یان كاری ئەمڕۆ خستنە سبەینێ. ئەگەر نووسەر هەنگاوەكانی پێشووی بە وردی هەڵێنابێتەوە، نووسینەكە خۆی وەك جۆگەلەیەكی خرۆشاو دەكەوێتە جووڵە. سەردەمێك، (دەبلیو. ئێچ. ئایدن ـ Wystan Hugh Auden) شیعری بە “ئامێرێكی زمانی” وەسف دەكرد كە مرۆڤ یا هۆشێكی ڕێنیشاندەری لەنێودایە.
بەگشتی هەموو دەقەكان لەسەر بنەمای ڕەشنووس یان پلان و بەرنامەیەك فۆڕموولە بوونە كە تەلاری واتا و مەبەستیان لەسەر بنیات دەنرێت. نووسەر دەبێت ڕیزبەندی بزانێت، واتە بزانێت كە چ شتێك یەكەم جار دێت و چ شتێك لە كۆتاییدا دێت. هایكۆ سێ دێڕە كە پوختەی داوایەكی یاسایی بەڵگەدار لەخۆیدا جێ دەكاتەوە.شكسپیر شانۆنامەكانی لە پێنج پەردەدا دەنووسی و غەزەلەكانیشی لە چواردە دێڕ. لە كاردا، هەر بەشەو هێزێكی تایبەتی هەیە كە ئەگەر نووسەر پێكهاتەیەكی كاریگەر بۆ بەرهەمەكەی بنیات بنێت، ئەوا ئەم هێزە دەبێتە چەند هێندە.
هەڵسەنگاندنی پێشكەوتنی كارەكە:
كە نووسەران یان مامۆستایان یان هەڵەبڕەكان قسە دەكەن، بە گشتی بە زمانێكی لێڵ و ناڕوون قسە دەكەن تا ئەو پرسیارە سەرەكییەی كە نیگەرانیان دەكات، بێ وەڵام بهێڵنەوە: “چۆن دەچمە پێش؟” وەك ڕاهێنەرێك، وەڵامی من بۆ ئەم پرسیارە – كاتێك كە ڕووبەڕووی نووسەرێك دەبمەوە ـ ئەمەیە: “ئەرێ چۆن دەچێتە پێشەوە؟”
هەموو مرۆڤەكان پێویستیان بە ڕاپۆرتی پێشكەوتنی كارەكەیان هەیە كە لەسەر بنەمای ئامانج و پێوەرە جیاوازەكان بنیات نراوە. هەر لەسەر هەمان بنەمایە كە نووسەر خۆ دەداتە لێكدانەوەی دەرمانی سەرەتایی كوالێتی بەرهەمەكەی و ئەوەی كە چەندی كات و وزە دەوێت بۆ تەواوكردنی.
هەڵبەت، نووسەرێك دەتوانێت بە تەنیاییش بگاتە ئەنجام، بەڵام زۆربەی كات باشتر وایە سوود لە ڕاوێژی ئەوانی تریش وەربگرێت. كاتێك لە (دانۆڵد ماری) دەپرسن ئەمڕۆ نووسینەكەت چۆن چووە پێش؟ ئەو دوو وەڵامی هەمیشەیی هەبوو كە هەردووكیان بە شێوەی ڕستەی ئەرێنی بوون:
یەكەم: لەسەر بنەمای چەندایەتی، دەیگوت: “پێش فراڤین دە لاپەڕەم نووسی.”
دووەم: لەسەر بنەمای چۆنایەتی، دەیگوت: “ئەمڕۆ بەیانی، بەڕاستی ڕستەیەكی شكۆمەندانەم نووسی.”
باشتركردنی دەق:
تەواوكردنی دەستنووسی یەكەمی كتێب، ڕەنگە هێندە قورس بێت كە وا لە نووسەرەكە بكات وابزانێت ئیتر تەواو بووە، بەڵام لە ڕاستیدا پڕۆسەی نووسین لێرەدا كۆتایی نایێت. دوا كێشەی نووسەر ئەوەیە تێبگات چ شتێك و چۆن دووبارە بینووسێتەوە، چ شتێك لە دەقەكە بسڕێتەوە و چ شتێك بە دەقەكەوە زیاد بكات.
لە كاتی دووبارە نووسینەوەی دەقەكەدایە كە نووسەر دەتوانێت نووسینەكەی لە هێڵەك بدات، جوانتر و كامڵی بكات. هەر دەقێك كە هەرگیز و بە ڕەهایی تەواو نابێت، دەكرێت گەشە بكات و ئەوەندە باش ببێت كە خواست و هیوای نووسەر بەدی بهێنێت. كلیلی یارییەكی كۆتاسەركەوتوو ئەوەیە كە هەر لە سەرەتاوە، كات و وزەت بۆ دووبارە نووسینەوەی دەقەكە لەبەرچاو گرتبێت. هەروەك چۆن ڕاكەرێكی ماراسۆن وزەكەی بەفیڕۆ نادات تا بتوانێت لە كۆتاییدا بە خێراترین شێوە بگاتە قردێلەی كۆتایی.
(دەستپێك، پلان و ڕێكخستن، دۆزینەوەی چەقی سەرنج، گەڕان بەدوای زماندا، ئامادەكردنی ڕەشنووسی یەكەم، هەڵسەنگاندنی پێشكەوتنی كار و باشتركردنی دەق) ئەم حەوت وشە و دەستەواژەیەن كە گەورەترین و گشتیترین قۆناغەكانی كاری نووسەران پێك دەهێنن و بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوانەش جێبەجێ بكرێن، پێویستە هەموو نووسەرێك لەگەڵ چەندین كێشەی ناخۆش ڕووبەڕوو ببێتەوە. هەر پاڕێك لەم هەنگاوانەی سەرەوە، بە شرۆڤە و باسكردنی هەنگاوێك لە هەنگاوەكانی پڕۆسەی نووسەرایەتی دەست پێدەكات كە چەند پرسیاریشی لەخۆ گرتووە. ئەمەش واتای ئەوەیە نووسەرایەتی كارێكی ئاسان نییە و ماندووبوون و ئارەقەڕشتنێكی زۆری دەوێت و دەبێت مایە لە ڕۆحی خۆت دابنێیت!