عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
دەشێ ئەو قسەیەی لاكان كە دەڵێ (ئارەزووی من، ئارەزووی ئەویدیكەیە) بەو مانایە لێكبدەینەوە كە تایبەتمەندییەكانی هۆشیاری (زانیاری) لە ئارەزووی ئەویدیكەوەیە، بەو مانایەی (من) لە ئاوێنەی ئەویدیكەدا بوونی خۆی دەبینێتەوە. بەڵام ئەی خەونەكانی (من).
وەك دیارە دنیای پۆستمۆدێرنە لەبری (دەروون) جەخت لە (جەستە) دەكاتەوە. قسە لە (ئیگۆی فرۆیدی) ناكات، بەڵكوو تیشكی خستۆتە سەر (ئیگۆی سێڵفی)یەوە، بەو مانایە ئارەزوو بنەمای بوونی ئیگۆی سێڵفییە، نەك ئیگۆی فرۆیدی. واتە پۆستمۆدێرنە زیاد لە پێویست لەڕێگای تەندرووستی، خۆشگوزەرانی، رابواردن.. گرنگی بە جەستە دەدات، نەك خەونەكانی منی ناوەوە. بەمجۆرە کەوتووینەتە هەوەسی جەستەمانەوە، ئارەزووی ئیگۆی جەستەیی لەسەر حیسابی ئیگۆی دەروونی بەردەوام لە گۆڕانكارییدایە…
ئایا ئارەزووی جەستە تێر دەبێ؟ ئەگەرچی وەك (بۆدریار) دەڵێ چیتر نازانین چی لە (جەستەمان) بکەین. بەڵام ئەگەر بە هێلە ئاسۆییەكەی ئەو پرسیارەدا بڕۆین، وەڵامەكەی ئەوەیە، كە ئیگۆی جەستەیی بتوانێت لە دەرەوەی خۆی بە شێوەیەكی ئەرێنی و بێ ماندووبوون بەردەوام لە دەرگای ئیگۆی ئەویدیكەی جیاواز بدات! لەبەرانبەردا ئەگەر پێیمانوابێت یارییەكانی ئارەزوو لە جەستەدا چێژێكی پاكە و هەركە تێربوو ئەو چێژە نامێنێت! دەبێ پرسیاری ئەوە بكەین، كە خەونی ئیگۆی دەروونی دەكەوێتە كوێی ئارەزووەوە؟ ئایا لەڕێگای خەونبینینی دەروونییەوە پێشبینی ژیانێکی داواكراو دەکەین، یان لەڕێگای ئارەزووی ئەویدیكەی جیاوازەوە؟ ئایا خەونی ئیگۆی دەروونی ئەو کاتەمان بیر ناخاتەوە، كە رووبەڕوونەوەیەکی فیکری لەنێوان جەستە و دەرووندا هەبوو (مۆدێلی ئایدیاڵی سوپەرئیگۆ)! یان ئەمڕۆ ئەو ململانێیەی نێوان (ئیگۆ+ ئید+ سوپەر ئیگۆ) وندەبێ و لە قۆزتنەوەی ئەویدیكەدا بنەمای چێژ دەدۆزێتەوە ؟!
ئەمڕۆ ئیتر واقیع چیتر دان بە ململانێی فرۆیدیدا نانێت. چیتر مەعقوولییەت، مەرجەع، دەروون، بەردەوامییەتی زەمەن، كلتوور، یان مێژوو. تێكشكاوە! كەواتە جیاوازی چێژی پاشەكەوتكردنی زانیارییەكان و چێژی كردەی وەبەرهێنان چییە؟ لێرەدا ئەوەی بەردەوام دەبێ جەختی لێبكەینەوە، هەر تەنها ئەوە نییە، كە ئارەزووی ئەویدیكە ناڕاستەوخۆ بزوێنەری بنەڕەتی هۆشیاری ئیگۆی جەستە و بنەمای چێژی جەستەیە. بەڵكوو دەبێ بڕوامان بەوەش هەبێ، كە خەونی ئیگۆی دەروونی راستەوخۆ هاوواتای چێژە. لە دنیای پۆستمۆدێرنەدا یاری نێوان ئارەزووی ئەویدیكە و خەونی ئیگۆی دەروونی، یاری نێوان لایك و ئەنلایكە..
بەڵام دەمەوێ بڵێم لایككردنی بەردەوام/ رازیبوونی بەردەوام، ئەرێنی بەردەوام، بڕواكردن بە ئەویدیكەی جیاواز، پاشەكەوتكردنی زانیاری مەرج نییە وەبەرهێنانی تەواوی چێژی جەستەی لێبكەوێتەوە، چونكە هەندێجار مردنی چێژیشی لێدەكەوێتەوە!! واتە مەرج نییە هەر لەڕێگای تێربوونی ئارەزووی جەستەوە، ئارەزووی نوێ درووست ببێت، تا بەردەوام لە لایكێكەوە بەرەو لایكێكی دیكە بگوازینەوە. واتە تەنها گواستنەوەی یەك لەدوا یەكەكانی (لایك) هۆكاری بەدەستهێنانی چێژی ئیگۆی جەستەیی نییە، بەڵكوو دەشێ (ئەنلایك) بۆ بەدەستهێنانی چێژی ئیگۆی دەروونی هاوكارمان بێت…
جەستە/ دەروون
لایك و ئەنلایك
هێشتا بونیادنانی مرۆڤایەتی دوو قۆناغی دیكەی ماوە. بەڵام (جەستە) توانای تێپەڕاندنی سنووری سەدان ملیار پەیوەندی خاوی (دەروون)ی هەیە. واتە ئەگەرچی لە شەش قۆناغی بونیادنانی مرۆڤایەتی چوار قۆناغی یەکەم، فیزیا و کیمیا، ئەتۆم و بایۆلۆژیمان تێپەڕاندووە و هێشتا لە قۆناغی پێنجەم (بە تاکبوون) بەرەو قۆناغی (بەئاگاهاتنەوەی گەردوون) نەبووینەتەوە، بەڵام لە قۆناغی (پێنجەم) بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هاتنی قۆناغی (شەشەم) بکەین، دەتوانین بڵێین ئێمە لە دڵی ئەم قۆناغەداین، واتە لەو سنوورەداین، كە کۆتایی ماددە و وزە دەگەنە حاڵەتی تێربوون (لەناو تەمی زیرەکی- زیندەوەری خەیاڵی)دا کە لە بنەچەی (بایۆلۆژی و مرۆڤ) جیاکراوەتەوە! كەواتە زیرەکی مرۆڤ و زیرەکی دیجیتاڵی دەبێتە هۆی گۆڕینی دەروونی مرۆڤ و ئیگۆی جەستەیی! ئیتر قسەیەك لەسەر سایبۆرگەکان (زیندەوەرانی زیرەکی زیرەک لە زانستی خەیاڵیدا) دێتە ئاراوە. كە هەموو کەسێک دەکرێت، کە بە یارمەتی تەکنۆلۆژیا بژیت، نەك بە یارمەتی ململانێكانی دەروونی فرۆیدی.
كەواتە دنیای مەجازی تەكنۆلۆژیا ناكەوێتە نێوان لایك و ئەنلایك، بەڵكوو (كلیك) جێگای ململانێكانی فرۆیدی دەگرێتەوە و دەبێتە ناسنامەی دیجیتاڵی! ئەو قسەیەمان هەرچییەک بێت، ئەمڕۆ شێوازەکانی پەیوەندیکردنمان شایەتحاڵی ئەو هێزەن (هێزی تەمی زیرەکی) کە تەکنۆلۆژیا بەسەر پەیوەندییە مرۆییەکاندا بەکاریدەهێنێت، نەك ململانێ لەبیركراوەكانی دەروون.. لێرەوە كتێبی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم- ئێلسا گۆدار) پرسیارێكی جوانی خستۆتە روو، ئەویش ئەوەیە، ئایا بەڕاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جیهان دەخەنە سەر تۆڕ؟!
سەردەمی دیجیتاڵی ململانێ دەروونییەكانی فرۆید و بیرەوەری و تەواوی مۆدێلی کلتووری و حیكایەتەكانی تێكشكاند! دوێنێ واقیع هەموو شتێكی تێیدا تاقی دەکرایەوە و لەڕێگا ی ئەزموونكردندا بەهای وەردەگرت! دوێنێ حیكایەتەكان و بیرەوەری كۆی زانیاری و خەونەكانی تێدا هەڵدەگیرا و گەلان فەزا و کاتییان لەسەر رێکخستبوو. ئەمڕۆ هەموو ئەوانە تێكشكان و مردن! لەبری ئەوە جیهانێکی واقیعیتر (هایپەر واقیع) لەدایک بوو. لەدایکبوونی جیهانێکی واقیعیتر، لەدایکبوونی جیهانی مەجازی ئەو شوێن و پانتاییەیە، کە هەموو شتێکی تێدا کۆپی دەکرێتەوە. جیهانی مەجازی خاڵی نەگەڕانەوەیە بۆ حیكایەتەكان و بیرەوەرییەكان. خاڵی نەگەڕانەوەیە بۆململانێ دەروونییەكان و كلتوور.. ئیتر لە كلیك بەداواوە شتەکان کۆتایی خۆیان لەدەستدەدەن.
حیكایەتەكان و بیرەوەری و تەواوی کلتووری گەلان كۆتاییان هاتووە!
بۆردیار لە كتێبی (پاسۆرد)دا دەڵێت: کاتێ شتێ کۆتای دێ، ئەوە مانای ئەوەیە، کە بەڕاستی رووی داوە. بەڵام لە کاتێکدا ئەگەر چیتر (هیچ کۆتاییەک نەبێ) كەواتە دەچینە نێو مێژووییەکی ناکۆتا و بێکۆتاییەوە، دەچینە قەیرانی بێکۆتاییەوە. ئەو پێیوایە ئەمڕۆ ئێمە لەسەر زنجیرەیەک پڕۆسەی بێکۆتاییەوە دەچینە ژوورەوە. ئەو ژوورەی کە بە هۆی گەیشتن بە کۆتایی بوونی نییە، بەڵکوو ناکۆتا و ئەبەدییە. کەواتە ئێمە لەبەردەم چارەیەکی دژ بەیەک وەستاوین: یان هەرگیز ناگەینە کۆتایی، یان لەئێستاوە لەودیوو کۆتایین! بە مانایەکی دیکە کۆتاییمان تێپەڕاندووە. بڕوانە (پاسۆرد- ژان بۆدریار، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: كارزان عەزیز- دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2025، ل67). كۆتاییمان تێپەڕاندووە، یان ناگەینە كۆتایی پرسیارێكی كراوەیە..
كردە
چارەنووس و ئومێد
یەكەی رێكخستنی جەستەی مرۆڤ خانەیە، بەڵام یەكەی زانیاری گەردیلەیە و ئەو چۆنیەتییە دیاری دەکات، کە گەردەکانی پێرێکخراون. كەواتە قۆناغی (بایۆلۆژی، كلتووری، تەكنۆلۆژی) تەواوی بوون و زانیارییان لەو هەسارەیە کۆکردۆتەوە و رێکیان خستۆتەوە. بەڵام ئایا (كردە) چارەنووس و ئومێدی لەسەر هەڵدەنرێت؟ ئەگەرچی ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین كە (چارەنووس) تا لێی دوور كەوێتەوە زێتر نزیكترە! بەڵام (ئومێد) دوور لە نزیكبوونەوە و دووركەوتنەوە تا رادەیەک بەهایەکی ناپێویستە.
كەواتە پێویست نییە مرۆڤ باوەڕی بە شتێک بێ هەتا ئەو شتە بکات، تەنها ئەوە خۆشە بڵێ دەیکەم، ئەمڕۆ كردە ئەو شتەیە. ئیتر لە سەردەمی تەكنۆلۆژیادا گرنگ نییە ئایدیاکان باش بن یان خراپ، بەڵكوو چێژ لە كردندایە!. ئێمە چیتر بکەر و بەرهمهێن نیین، بەڵکوو بووینە (بەکاربەر) ئیتر پێداویستی و ئارەزوو لەنێوچووە، ئەوەی (تەمی زیرەکی)ی بەرهەمی دەهێنێ، دەبێ بەکارببرێت، کاتێ جەستە بە شاشەیەکەوە بەستراوەتەوە.
ئێستا جیهان لە وێنە ساختەکانیدا کورت بووەتەوە، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە، کە ئیگۆی جەستەیی ساختەیەکە لە وێنەی چرکەساتی درووستکراوە! ئەوانە وێنەن کە بەردەوام نین، هەر کە دەردەکەون بەبێ شوێنەوار دەسڕدرێنەوە، ون دەبن و وێنەی دیکە جێگەیان دەگرێتەوە. بۆ نموونە (لە سناپچاتدا) سەرکەوتنی (بەکاربردن) بەسەر (ناوەڕۆک)دا زۆر بەڕوونی دیارە، وەك سەركەوتنی جەستە بەسەر دەرووندا. بەكورتی دەمەوێ بڵێم (كردە) لە بەكارهێناندا كورت دەبێتەوە، نەك لە چارەنووس و ئومێد، نەك لە ململانێ..
ئەی لەبارەی چێژەوە چی؟ ئایا لەو حاڵەتە بۆ گرتنی وێنەیەكی پۆرتریتی بابەتێك، یان شاشەیەك لەو نێوانەدا پشتی پێدەبەسترێت. ئایا ئەو ناوەندگیرەی نێوان (منی ناوەوە- منی فرۆیدی) و (وێنەی من- منی سێڵفی) ناوەندگیرێكی راستییە، ئایا ئەوەی كە دەخرێتە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جەوهەری دەروونە یان جەستە؟ بێگومان لەڕێگای سێڵفییەوە بە بازاڕكردنی ئیگۆی جەستەیی، یان بە بازاڕكردنی (هۆشیاری خود- خۆ) كە دەكەوێتە (بازنەی منی دەروونی)یەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و بەڕاستی (ئیگۆی جەستەیی) سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەكورتی دەمەوێ بڵێم (ئیگۆی جەستەیی) توانی (منی فرۆیدی) بە زانیارییە تەكنۆلۆژییەكانەوە بارگاوی بكات و وەك بڕاندێ بیخاتە بازاڕەوە..
بەمجۆرە بەهۆی بەبازاڕكردنی ئیگۆی جەستەیی ئیتر منی دەروونی بووە رەگەزێكی بازاڕی لە (زانیاری/ هۆشیاری خود- خۆ)دا وەك بابەتی ئاڵوگۆڕكردن بەردەوام بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەوەش بەهای چێژی جەستەیی بەرز كردەوە، ساتەوەختێكی شەعبی راستەوخۆی بۆ (زانیاری/ هۆشیاری خود- خۆ) دابینكرد.
كەواتە كردەی سێڵفی، چارەنووسی (ئیگۆی جەستەیی) و ئومێدی (منی دەروونی)ی بە شاشەی (هۆشیاری و زانیارییەكانی خود- خۆ) بەستەوە. بە مانایەكی دیكە چێژی جەستەیی (منی فرۆیدی) وەك رەگەزی بازرگانی بە زیندەوەری خەیاڵی زیرەك گرێداوە. كەواتە چێژی جەستەیی هێزی دەركەوتنی منی فرۆیدییە لە زیندەوەری خەیاڵیدا. بەو مانایەش (كردە) چارەنووسی جەستەی لە ئومێدی زانیارییەكاندا بەدەستهێناوە.
لێرەوە تەكنۆلۆژیا پێماندەڵێ بەس نییە لە خەونی ئیگۆی دەروونی دەربچین و بكەوینە روانگەی ئەویدیكەی جیاوازەوە. بەس نییە تەنها لەڕێگای ئەویدیكەوە دیدگامان بۆ چێژ بگۆڕین. واتە ژمارەی لایکەکان هەرگیز بۆ ئەویدیكە بەس نابێت، وەك چۆن هەرگیز خەونی مرۆڤ كۆتایی نایەت. بۆیە ئەویدیكە وەك خەونی ئیگۆی دەروونی دەشێ جێگای نیگەرانی ئیگۆی جەستەیی بێت!! بەڵام پرسیاری ئێستا ئەوەیە، ئایا ئەو كاتەی وێنە دەگرین، وێنە لە خود دەبێتەوە، یان خود بۆ وێنە دەگۆڕێت؟!
زێدەخود
نێرگزییەتی فرۆیدی/ نێرگزییەتی سێڵفی
لە قۆناغی دەروونیدا خودی واقیعی بەرهەم دەهێنرا. قۆناغی سێڵفی خودی مەجازی لێدەكەوێتەوە. گۆڕانكارییەكانی ئیگۆی دەروونی هەتا پرسی خۆی لە خەونە جیاوازەكان بە دەست نەهێنێ، ناوەستێ! بەڵام تەواوی پرسی ئیگۆی سێڵفی (جەستەیی) لە نێرگزییەتدایە.
منی نێرگزی لە بازنەی فرۆیدی (ئیگۆ+ئید+سوپەرئیگۆ)دا، جگە لە زیادەڕۆیی لە خۆخۆشەویستی و سەرسامبوون بە خود. یان وەك فرۆید دەڵێت: خۆخۆشویستنمان حەزێکی سروشتییە و پێویستە تێربکرێت، قۆناغێکە لە قۆناغەکانی گەشەکردن و لە دواییدا بۆ خۆشەویستی کەسانی دیكە پێشدەکەوێت.. دواجاریش لە نێرگزییەتدا خۆشەویستیی تەسلیمی مردن دەبێت و دەبێ بە گوڵێک کە ناوی ئەوی هەڵگرتووە. كەواتە منی نێرگزی بە قەیرانی وێنەی خۆیدا تێدەپەڕی. بەمجۆرە نێرگزییەت لە بازنەی منی فرۆیدی نێرگزییەتی سەرەتاییە! بەڵام نێرگزییەتی تەكنۆلۆژی و ئیگۆی سێڵفی ئەوەیە، کە پێی دەوترێت ئۆتۆئیرۆتیزم، بەو مانایەی كە ئارەزووی خۆی بە بڕاندی بازرگانی تێدەپەڕێنێ، نەك تەسلیمی مردنی بكات.
نێرگزییەتی سەرەتایی هێشتا نەگەیشتووەتە جیاکردنەوەی ئەوەی لە جەستەی ئەویدیكەوە دێت. كەچی نێرگزییەتی دووەمی كە لەدوای نێرگزییەتی سەرەتایی و بەر لە نێرگزییەتی كۆتایی و تەكنۆلۆژیاوەیە، بریتییە لە ئاڕاستەکردنی ئارەزووی سێکسی خۆت بەرانبەر بە ئارەزووی سێکسی ئەویدیکە. بەڵام لە تەكنۆلۆژیدا منی نێرگزی نەخۆش ئاوێتەی منی كۆمەڵایەتی دەبێت، بەڵام لەبری ئەوەی ئەم نەخۆشانە بۆ سەرگەرمییە سێکسییەکانی خۆیان بكرێنەوە، خۆیان لە كرانەوە بەدوور دەگرن، كەچی لەوەی کە مافی خۆیانە ئەوانیدیكە بقۆزنەوە دڵنیان و دەیانەوێ بە هەر جۆرێك بێ چێژیان لێببینن!! بەو مانایە ئارەزووی ئیگۆی سێڵفی وەك چۆن دەبێتە بڕاندی بازرگانی، بە هەمان شێوەش سێکسی سێڵفی دەبێتە جۆرێک لە (دەستپەڕكردن). بۆ نموونە: لە چركاندنی سێڵفییدا، دەشێ ئیگۆی جەستەیی لە وێنەی خۆی نامۆ بێت و بكەوێتە دەستپەڕلێدان. بەڵام لە چركاندنی وێنە لەڕێگای ئەویترەوە- بۆ تێربوونی ئارەزووی سێكسی، بۆ ئەویدیكەی جیاواز دەگەڕێتەوە.