ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەمیشە پرسیار لەبارەی ئەوەی چۆن تێکستێکی نەمر و گرنگ دەنووسرێت، پرسیاری سەرەکی نووسەرانە. هاوکات پرسیاری بەشێکی زۆری خوێنەرانیشە، کە چۆن تێکستێکی نەمر دەناسرێتەوە؟
هاوڕێیەکی نووسەرم ساڵانێکی زۆر لە ئەوروپا چاودێری ئەو نووسەرانەی دەکرد کە کتێبەکانیان پڕفرۆشن تا بزانێت نهێنی نووسینی ئەوان چییە؟ ئەو چەند ساڵێکی زۆر تەنها کتێبی ئەو نووسەرە پڕفرۆشانەی دەخوێندەوە، کە هەمیشە لە لیستی سەرەوە پڕفرۆشەکانن، بەڵام پڕفرۆشی کاتین، نەک کتێبی هەموو سەردەمێک و هەموو جێگەیەک، وەلێ ئەو هاوڕێیە بێئاگا بوو لەوەی مەرج نییە ئەو تێکستەی ئێستا پڕ فرۆشە تێکستێکی نەمر بێت، چونکە تێکستی نەمر کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، کە مەرج نییە لە تێکستە پڕفرۆشەکاندا هەبن، چونکە بەشێکی زۆر لە تێکستە پڕفرۆشەکان، (بەشێوەی کاتی) پڕفرۆشن، یان لە زەمەنێکی دیاریکراودا و بەهۆی بارودۆخێکەوە دەبنە پڕفرۆش، نەک هێزی داهێنەرانی تێکستەکە.
تێکستی نەمر ئەو تێکستانەن، کە کۆمەڵێک پرسی گرنگی گەردوونی لە خۆ دەگرن و لە هەموو سەردەم و زەمانێکدا و لە هەموو جوگرافیایەکدا پرسی هەمیشە نوێن. لەنێو ئەدەبیاتی جیهانیدا گەلێک تێکستی نەمر هەیە، کە بەشکێکی زۆریان کراونەتە کوردی و دەتوانین ئاماژە بۆ کتێبی “ئیلیادە و ئۆدێسە”ی هۆمیرۆس و “کۆمار”ی ئەفلاتۆن وەکو دوو تێکستی بنچینەیی و نەمر بکەین، کە تەمەنیان دوو هەزار ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام هەمیشە نوێن و دەخوێنرێنەوە. دواتر دەتوانین ئاماژە بۆ “کۆمیدیای یەزدانی” دانتێ و “دۆن کیشۆت”ی سێرڤانتس بکەین، کە ئەوانیش چەندین سەدەیە هەر بە نەمریی ماونەتەوە و شەڕی زەمەن دەکەن و هەموو ساڵەکانیان بڕیوە.
ئەم تێکستانە، تێکستی کلاسیکین، بەڵام هەموو تێکستە نەمرەکان لەو مێژووە دوورەدا نین، بەڵکو هەموو سەردەمێک کۆمەڵێک تێکستی نەمری هەیە و هەموو ئەدەبیاتێکیش کۆمەڵێک تێکستی نەمر و تایبەت بەخۆی هەیە. ئەدەبیاتی عەرەبی “هەزار و یەک شەو”ە و ئەدەبیاتی هیندی “کەلیلە و دمنە” و ئەدەبیاتی ڕووسی برایانی کارامازۆف-ی دۆستۆیڤسکی و شەڕ و ئاشتی تۆڵستۆی هەیە. ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین “سەد ساڵ تەنیایی” مارکیز و پیدرۆ پارامۆ-ی خوان ڕۆڵفۆی هەیە. ئەدەبیاتی فەرەنسی “کاندید”ی ڤۆڵتێر و گوڵەکانی دۆزەخ-ی بۆدلێری هەیە. بێگومان نموونەکان گەلێک زۆرن، کە لێرەدا پێویست بە ڕیزکردنیان ناکات، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا وەڵامی بدەینەوە ئەوەیە چۆن ئەدەبیاتێکی نەمر دەنووسرێت؟
ئەوەی ئەدەبیاتێک نەمر دەکات ئەو دونیابینییە قووڵ و ئەو پاشخانە مەعریفییەیە، کە لە پشت ئەو تێکستەوە وەستاوە. قسەیەکی شتیڤان ڤایدنەر-ی ڕەخنەگری ئەڵمانیم هەمیشە لە یادە، کاتێک دوای وەرگێڕانی ڕۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلی لە وتارێکدا ئەوەی خستەڕوو کە بەختیار عەلی حیکایەتخوانێکە ئەدەبیاتەکەی لە ئاوی کانیاوەکانی هەموو ئەدەبیاتی دونیا سوودمەند بووە. ئەم قسەیە بۆ هەموو ئەدەبیاتێکی نەمر دروستە. ئەوەی ئەدەبیاتێک بەرەو نەمری دەبات سوودمەندبوونییەتی بە هەموو ئەدەبیات و فیکری دونیا. ئەدەبیاتێکی نەمر نییە، کە لە بۆشاییەوە هاتبێتە دەرەوە. بۆیە هەمیشە تێکستە نەمرەکان ئەو تێکستانەن، کە لە پاشخانی مەعریفی و فیکریی و ئەدەبی دونیاوە دەڕواننە دیاردەکان و نەک یەک پەنجەرە، بەڵکو سەدان پەنجەرە بەڕووی دونیادا دەکەنەوە و سەدان ئاسۆی نوێ بۆ خوێنەر ئاوەڵا دەکەن.
گەشتی ئەو هاوڕێ نووسەرەم لەگەڵ (ئەدەبیاتی پڕفرۆشدا) درێژەی هەبوو تا ئەوکاتەی بەر چەند تێکستێکی لە چەشنی “مەسخ”ی کافکا و “سێبەری با”ی زافۆن و “بەفر”ی پاموک و “خان خەلیلی”ی نەجیب مەحفوز و چەند تێکستگەلێکی دیکە کەوت، ئیدی لەوێوە گەشتی ئەو لەگەڵ (ئەدەبیاتی پڕفرۆشدا) کۆتایی هات و کەوتە سۆراغ و گەڕان بەدوای ئەدەبیاتی نەمردا، بەڵام وەک خۆی گوتی: ساڵانێکی بەهۆی ئەدەبیاتی پڕفرۆش بە فیڕۆدا بەبێ ئەوەی تێ بگات هونەری ئەدەبیات، چ هونەرێکە؟ چونکە ئەدەبیاتی پڕفرۆش کەمتر ئاوڕ لە “ئەدەبیات وەکو هونەر” و پرۆژەی فیکریی دەداتەوە، بەڵام زیاتر گرنگی بە چەند لایەنێکی دیکە دەدات، کە خوێنەری گشتی (عامە) بۆیان گرنگە.
سەختە هەموو خوێنەران لەسەرەتاکانی ئەزموونی خوێندنەوەدا بتوانن تێکستی نەمر بناسنەوە، بەڵکو ئەوە ئەزموونی نووسینە کە وا دەکات خوێنەران ببنە خاوەنی چاوێکی نوێ بۆ ناسینەوەی ئەدەبیاتی نەمر و کەشفکردنی ئەو تێکستە پەنهانانەی بە نەمریی (بەڵام لە پەراوێزدا) ژیان دەگوزەرێنن، چونکە زۆر تێکستی نەمر هەیە دەرفەتی دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی بۆ هەڵنەکەوتووە، بۆیە لە پەراوێزدا ماوەتەوە و خوێنەرێکی وشیاری دەوێت تا کەشفی بکات و بیدۆزێتەوە.