پێشانگەی کتێب و زیندووێتی کۆمەڵگە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە ڕۆژانی 9 تا 19ی ئەم مانگە لە هۆڵی پێشانگاکانی پارکی سامی عەبدولڕەحان لە شاری هەولێر خولی 17یەمنی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب کرایەوە. من دوو ڕۆژ لە نزیکەوە بە وردی چاودێری زۆرێک لە چالاکییەکانی پێشانگەکە بووم، بۆیە لێرەدا چەند سەرنجێک لەبارەیەوە دەخەمەڕوو و دەشمەوێت بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوە بم پێشانگەی کتێب لەم سەردەمی زیرەکی دەستکرد و لێشاوی زانیارییەدا چی بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە پێیە؟

یەکێک لە پێوەرەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو، زۆری ژمارەی چالاکییە کولتوورییەکانە. هیچ کۆمەڵگەیەک نییە زیندووێتیەکە بەتەنها بە ئابووریی، یان سیاسەت ئەژمار بکرێت. بەڵکو ئەوەی لایەنێکی گرنگی زیندووێتی و نەمرییە بۆ کۆمەڵگەکان دەستەبەر دەکات چالاکییە کولتووریی و جوڵە هونەریی و ئەدەبییەکانە. گەلی زیندوو ئەو گەلەیە بە خەمی پەروەردەکردنی ڕۆحیەوەیەتی، نەک شتێکی دیکە. هونەر و ئەدەب ڕۆحی مرۆڤ پەروەردە دەکەن. سیاسەت و ئابووری گەرەنتی ژیانێکی خۆشگەزەرانن، بەڵام ئەدەب و کولتوور نیشانەی زیندوێتی ڕۆح و ئارامی و ئاسوودەگین. بۆیە ئەو گەلانەی لە ئەدەب و هونەرەوە نزیکن گەلی بە کولتوورن و کۆمەڵگەی سەنگینن و ئاسانتر بە پەروەردەی مۆدێرن ڕادێن. هەر کۆمەڵگەیەکیش سەنگین بوو لە شکست دوورە و ئەگەر شکستیش بهێنێت هەڵسانەوەی سەخت نییە.
خاڵێکی جێگەی دڵخۆشی، ئەوەیە ساڵانە پێشانگاکانی کتێب لە شاری هەولێر و سلێمانی دەکرێتەوە. ئەم پێشانگایانە بە هەموو کەموکوڕی و ڕۆتینی ئیداریی و زۆر شتی دیکەوە، بەڵام سیمبولی زیندووێتی کۆمەڵگەن و نزیکبوونی کۆمەڵگەی کوردییە لە کولتوور و دانەبڕانییەتی لە مەعریفە. هەر گەلێک دوور بوو لە کتێب و پێشانگاکانی کتێب، گەلێکی دابڕاوە لە مەعریفە. پێشانگاکانی کتێب وزەیەکی نوێ بۆ پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و بیرهێنانەوەی کتێب لە سەردەمێکدا، کە هەموان پێیانوایە خۆری کتێب ئاوا بووە، کە ئەوە جگە لە قسەیەکی سەرپێی هیچی دیکە نییە.
کتێب نە خۆرە نە مانگ، بۆیە ئاوا نابێت. کتێب ئاسمانە بە ئاسۆ بێسنوورەکانییەوە. بۆیە مرۆڤ لە هەر جێگە و پلەیەکدا بێت ئاسمانی کتێب بەسەریەوەیەتی. ئەوەی پێیوایە جێگرەوەی کتێب پەیدا بووە و “زیرەکی دەستکرد” دەبێتە جێگرەوەی کتێب گەلێک بەهەڵەدا چووە. ئەوە “زیرەکی دەستکردە” کە زانیارییەکانی ناو کتێب کۆپی و کۆلاژ دەکاتەوە و بەناوی زانیاریی نوێوە پێمان دەفرۆشێت. بەبێ کتێب و پڕۆگرامکردن و پڕزانیارییکردنی زیرەکی دەستکرد ڕووی نەدەدا. ئەو (مەبەست لە زیرەکی دەستکردە) هیچ نییە و توانای ئەفراندنی نییە، بەڵکو توانای کۆلاژکردنی هەیە ئەو زانیاریی و پۆڕۆگرامکردنانەی بۆ دیاری دەکرێت. بۆیە ناتوانێت یەک ڕستە وەڵامبداتەوە. لەبەرئەوە بەپێداگرییەکی زۆرەوە ئەوە دووپات دەکەمەوە، کە کتێب جێگرەوەی نییە و ئەوەی پێیوایە کتێب جێگرەوەی هەیە، ترسی لە کتێب هەیە و دوورە لە جیهانی مەعریفە، چونکە مرۆڤی ئاشنا بە مەعریفە مرۆڤێکە دۆست و شەیدای کتێبە. بەبێ کتێب توانای بیرکردنەوە و ژیانکردنی نییە.
کتێب نەک بۆ ئێستا بۆ ئایندەش سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفە و زانیاریی متمانەپێکراوە. بۆیە ئەگەر بمانەوێت مەعرفەیەکی ڕاستەقینە و زانیارییەکی دروستمان دەست بکەوێت دەبێت بۆ هەمیشەیی بۆ کتێب بگەڕێینەوە. بۆیە کردنەوەی پێشانگەی کتێب دیسان سەلمێنەری ئەوەیە کە تا ئێستاش کتێب جێگە و پێگەی لای ئێمە ون بووە و نیشانەیەکی گرنگیشە بۆ زیندووێتی کۆمەڵگەکەمان.