چۆن خوێنەر نووسەر دەخوولقێنێت؟

هۆنیار عەبدوڵڵا

ئاخۆ بەهرە، یان ئەوەی پێی دەوترێت “ئامادەیی سرووشتی”، ڕێنیشاندەری نووسەرە بۆ ژووان لەگەڵ خوێندنەوەدا؟ یان ئایا خوێندنەوەکانی سەرەتای ژیانی تاکن کە وێنەی هۆشیاریی ئەو وەک نووسەرێک دەنەخشێنن؟

بۆ وەڵامی ئەم گرێکوێرەیە، دەڵێم هەردوو ڕێچکەکە هاوتەریب دەڕۆن؛ کاتێک منداڵێک، یان تازەلاوێک لەنێو خێزاندا، جیاواز لەوانی دی بەرەو کتێبە بەردەستەکان ڕادەکێشرێت و دڵبەستەیان دەبێت، ئەمە نیشانەی ئەو تۆوەی نووسەرە کە لە ناخیدایەتی. هەر کە نقوومی جیهانی خوێندنەوە دەبێت، هەست دەکات بەرەو جادوویەکی قووڵتر لە خودی خوێندنەوە هان دەدرێت. ئاواتەخوازە ببێتە بەشێک لەم کردارە، بەشدار بێت لە خوولقاندنیدا و لەو دۆخە سستەی بەرامبەری هەیەتی، خۆی دەرباز بکات. واتە، ستراتیژێک دابڕێژێت بۆ ئەوەی ڕۆژگارێک خۆیشی ببێتە نووسەر. ئەم گۆڕانەیش وەک چرپەیەکی سروشئامێز نییە بەڵکوو بە قۆناغەها و پێچاوپێچیی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، کە پێموایە نووسەران لە قووڵایی ناخیاندا هەستی پێدەکەن، گەرچی زۆرجار وشەکان بۆ دەربڕینی نادۆزنەوە.
ئا بەم شێوەیە یەکەمین گەشتەکانی خوێندنەوەم دەستی پێکرد و لەگەڵ خۆمدا لە جیهانێکی تایبەت و نهێنیدا کەوتمە ڕاز و نیاز، لە نێوان من و ئەو کتێبانەی کە میراتی کتێبخانەی ماڵەوەمان بوون (کە لای خێزانی عێراقی، کتێبخانە تەنها کەلوپەل نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕەوتی فیکری و هەندێ جاریش سیاسییە).
لە سەرەتادا، هەرچی بە ڕێکەوت بکەوتایەتە بەردەستم، دەمخوێندەوە. نووسینەکانی( نەجیب مەحفوز، مەنفەلوتی) و ڕچەشکێنانی تری ئەدەبی کلاسیکی عەرەبی، بەتایبەت ڕۆمانەکانم، خوێندەوە.
چەندە زیاتر نقوومی خوێندنەوە دەبووم، ئەوەندە زیاتر بەرەو کەنارە نەدیارەکانی کتێب ڕێنوێنی دەکردم. ئاوا ئەزموونی خوێندنەوەم کەڵەکەی کرد و هۆشیاریی ڕەخنەییم بەرامبەری پەرەی سەند، تا گەیشتمە ئەو ئاستەی بەپێی حەز و میزاجی خۆم لەنێوان کتێبەکاندا هەڵبژێرم.
دواجار، دەستم کرد بە هەنگاونان لەسەر ڕێچکەی تایبەتی خۆم، نەک تەنها لە خوێندنەوەدا، بەڵکوو لە سەرەتای هەوڵدان بۆ نووسینیشدا؛ ئەو قۆناغە بێگەردەی کە ڕەنگدانەوەی سادە و ڕاستەوخۆی کاریگەربوونمانە بەوەی دەیخوێنینەوە و بە “دەربڕینی هەست” ناومان دەبرد. کاتێکیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەریان هەڵدا، لە پەڕاوی یاداشت و هەستەکان و شیعرەکانەوە، بازماندا بۆ گۆڕەپانی بەشداری لە بڵاوکردنەوەی گشتیدا.
لەم ماوەیەدا بۆمان دەرکەوت کە جیهان زۆر لەوە پان و بەرینترە کە ئێمە تێیدا دەژین، دەیان و بگرە سەدان ناوی درەوشاوە هەن کە دەبێت ئاوڕیان لێبدەینەوە بۆ بنیادنانی ئەو نووسەرەی خەونی پێوە دەبینین.
لێرەوە دەروازەی کلاسیکەکانی ئەدەبی جیهان کرایەوە: (دۆن کیخۆتە، چارڵز دیکنز، جەین ئۆستن، خوشکانی برۆنتی، ڤێرجینیا وۆڵف، مارکیز و کۆندێرا) و هاوشێوەکانیان. پاشان، پەڕیمەوە بۆ ئەدەبی هاوچەرخی جیهان:( نیکۆڵ کراوس، ئالی سمیس، چیماماندا، سامانتا شوێبلن) و ئەوانی دی، هاوشان لەگەڵ خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرانی عەرەب لە نەوە جیاجیاکان. ئەم ڕێچکەیەم گرتەبەر، چوونکە ڕۆحی ڕۆماننووس لە ناخمدا بەرەو جیهانی ڕۆمان و یاداشتنامەی ئەدیبان ڕایکێشام.
خوێندنی ئەکادیمیش لە بواری مرۆڤناسیدا، ئاسۆی نوێی لەبەردەمدا کردمەوە بۆ تێگەیشتن لەباری مرۆڤایەتی، مەرجەکانی بوونی فرەڕەنگییەکەی و ئەو هێزە کاریگەرانەی دایدەڕێژن، وەک ژینگە، سرووشت، و تێڕوانینی گشتی بۆ گەردوون.
لێرەوە فێربووم سەرچاوەکانی مەعریفەم هەمەڕەنگ بکەم و لە کانییە جیاوازەکانەوە تینوێتی بشکێنم: فیزیا، هونەر، تەلارسازی، مۆسیقا و تا ڕادەیەکیش فەلسەفە.
ئەم خوێندنەوە بەردەوامانە، تێڕامانە ڕۆژانەییەکان و ئەو مەیلی خۆجیاکردنەوەیەی لە ناخی مرۆڤدایە، نووسەر هاندەدەن بۆ گەڕان بەدوای دەنگی تایبەتی خۆیدا. بانگەوازی ئەوەی لێدەکەن کە بێهاوتا بێت و پەنجەمۆری تایبەتی خۆی جێبهێڵێت، چوونکە وەک دەزانین، هیچ دەقێک لە بۆشاییەوە نایەت؛ هەر دەقێک، بەرهەمی ئەو کارلێکە ئاڵۆزانەیە کە لە ئەنجامی ململانێ و دیالۆگ لەگەڵ دەقەکانی تردا دێتە ئاراوە، لەگەڵ تێکەڵبوونی بە ژیاننامەی نووسەر، هەوراز و نشێوەکانی ژیانی و ئەو کەلتوورەی تێیدا پەروەردە بووە.
یەکەمین وانە جیهانی ئەدەب فێرمان دەکات ئەمەیە: دەربارەی خۆشەویستی، هاوڕێیەتی، بوون، مەرگ، هەژاری، گەشت و گوزەر و بابەتی تر بنووسە، بەڵام بە شێوازێکی نوێ بۆمان بگێڕەوە.
هەندێ ڕەخنەگر تەوەری سەرەکیی ڕۆمانەکان، کە هەموو ئەو چیرۆکانەی خوێندوومانەتەوە لە دەوری دەخوولێنەوە، پۆلێن دەکەن، بەڵام سەیر ئەوەیە، هەر جارەی دەیخوێنینەوە، تامی جیاوازی لێدەکەین.
کەواتە، هەموو نووسەرێک پێویستە خوێنەر بێت، گەرچی مەرج نییە هەموو خوێنەرێک چارەنووسی نووسەری بۆ بنووسرێت. چوونکە خوێندنەوە خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە داهێنان؛ خوێندنەوە خۆی هونەرە، ئەزموونە، ڕاهێنانە.
هەندێ جار، خوێندنەوە بۆ نووسەر ئەرکێکی ناچارییە، بەڵام بۆ خوێنەری ئاسایی، تەنها چێژ و گەشتێکی جوانیناسانەیە؛ ئەو کەسەی( ڤێرجینیا وۆڵف) ناوی ناوە “خوێنەری ئاسایی” و بە باشترین جۆری خوێنەرانی دادەنێت، و لای( ئومبێرتۆ ئیکۆش) ، هاوبەشی دووەمە لە بەخشینی مانا بە دەق.
خوێندنەوە لای نووسەر، گەمژەڵەیەکی ئاڵۆزە لە تەحەدا، ئیرەیی، تووڕەیی، بێزاری، خۆشەویستی، ڕکابەری، و سەرکێشی. بەڵام لای خوێنەری ئاسایی، گەشتێکی جوانیناسانەی پەتییە، گەرچی هەمیشەش بێگەرد نییە.
نهێنییەکی تریش هەیە کە دەمەوێت بە لایدا تێپەڕم: نووسەر کاتێک دەخوێنێتەوە، لە هەمان کاتدا دەنووسێت. لە نائاگایی خۆیدا، هەموو ئەو شتانەی لەگەڵیاندا هاوڕایە یان ناکۆکە، تۆمار دەکات، تا دواتر لە نێو دێڕەکانیدا، بێ ئەوەی بە تەواوی بزانێت چۆن، سەرهەڵبدەنەوە.
جا ئەگەر نووسین چارەنووس بێت، ئەوا خوێندنەوە ئازادییە. نووسەری باشیش، لە ڕوانگەی منەوە، ئەو کەسەیە کە دەتوانێت لە نێوان چارەنووس و ئازادییەکەیدا، ئاشتەواییەک پێکبهێنێت.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی القدس، شهد ڕاوی