گەشت بەناو بریندا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەموو ساڵێک لە مانگی ئەنفالدا (مەبەستم مانگی نیسانە) چەند کتێبێک وەکو یادێکی هەمیشەیی لەبارەی ئەو کارەساتە و تێگەیشتن لێی دەخوێنمەوە، ئەمە لای من بووە بە سرووتێکی ڕۆحی.

بۆ ئەوەی لە هەر کارەساتێک تێبگەین، گرنگە بەردەوام بین لە گەڕان و سۆراغی ئەو سەرچاوانەی لەبارەی ئەو کارەساتەوە نووسراون، چونکە هەمیشە پەنهانی نوێ و نەزانراوی شاراوە هەیە، کە ئەگەری هەیە لە سەرچاوە و کتێبی دیکەدا بەری بکەوین.
“گەشت بەناو بریندا” نوێترین کتێبی “هۆمەر محەمەد”ە سەبارەت بە کارەساتی ئەنفال، کە لەم مانگەدا بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە لە زنجیرە نوێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە دوتوێی 356 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە وەکو لەناونیشانەکەیەوە دیارە گەشتێکە بەنێو برینی ئەنفالدا، بەڵام ئەم گەشتە گەشتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەشتێکە بە دیدگا و بیرکردنەوەیەکی ترەوە لە کارەساتەکە و بەتایبەتیش شوێنی کارەساتەکە “نوگرەسەلمان” ئەو جێگەیەی کە مەرگستانە بۆ هەموو ئەوانەی لەوێ بوون و بۆ ئێمەش کە لەوێ نەبووین مەرگئاوایە.
نووسەر لەسەرەتاوە بە چیرۆکی گوڵێک لە بیاباندا دەست پێ دەکات. ئەو گوڵەی کە تۆوەکەی لە فەقیانەی ئافرەتێکی کورددا هەڵگیراوە و پاش ئەنفالکردنی ئیدی لەوێ ئەو تۆوی گوڵە دەڕوێت و گوڵێک بە بیاباندا سەر دەردەهێنێت. نووسەر هەوڵی ڕاڤەکردنی چیرۆکەکە نادات و بۆ خوێنەری بەجێهێشتووە، بەڵام بە خستنەڕووی ئەم چیرۆکە خوێنەر تێدەگات، کە ئەوەی ئێمەی کورد بۆ هەموان هەمانە تەنها پێشکەشکردنی گوڵە و ئەوەتا دوای زیندەبەچاڵکردنیشمان، دوای ئەوەی بەناهەق و بە زیندوویی دەپلیشێنرێینەوە هێشتا گوڵتان پێشکەش دەکەین. مەحوی شاعیر نزیکەی سەدە و نیوێک لەمەوبەر لە بەیتە شیعرێکدا فەرموویەتی “هەر کەسێک بەردم تێ بگرێت، من بەرقی تێدەگرم.” ئەمەش سەلمێنەری ئەو دیدە نیانی و مرۆڤدۆستییەی کوردە، کە هەرگیز داگیرکەر نەبووە و هەمیشە ڕووناکی و جوانی بووە لەبەردەم ئەوانی تردا، بەڵام ئەوە ئەوانیترن، کە ئەو نیانی و جوانییە نابینن و دەیانەوێت نکۆڵی لە بوونی بکەن و بە یەکجاری بیسڕنەوە.
خاڵێکی دیکەی جەوهەری کە لەم کتێبەدا هەر لەسەرەتاوە باس کراوە ئەوەیە کە نوگرەسەلمان شوێنێکی پیرۆز نییە، بەڵکو شوێنێکە لەپیرۆزیی خراوە. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو، کە نوگرە سەلمان قەڵایەکی ترسناکە لەوەتەی دروست کراوە هەر شوێن نییە، بەڵکو شوناسێکیشە بۆ ناسینەوەی زاڵم و مەزڵووم بۆ هەر کەسێک تێیدا زیندانی بووە، شوێنێکی تایبەت کەگێڕەرەوەی کۆژان و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی مرۆڤە، هاوکات شوناسی قوربانیبوون و مەزڵومی کۆی ئەو مرۆڤانەشە. کتێبەکە سەبارەت بە نوگرە سەلمان نووسراوە و دەیەوێت لەڕێی ئەو مەرگستانەوە تراژیدیای ئەو مرۆڤانە بنووسێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان کردبێت مەحکومن بە مەرگ و زیندانی و ئەشکەنجە.
ڕەنگە یەکێک لە جیاوازییەکانی دونیای مۆدێرن لەگەڵ دونیای کۆندا ئەوە بێت، کە لە دونیای کۆندا زۆر بە کەمی مرۆڤ بەبێ تاوان بگرایە و حوکمی مەرگی بەسەردا بسەپێنرایە، بەڵام دونیای مۆدێرن سیمایەکی دیاری ئەوەیە کە مرۆڤ بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت گوناهبارە و لەزیندان و ئەشکەنجەوە تا مەرگ پەلکێش دەکرێت. بۆیە ئەم کتێبە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەموو ئەوانەی لەوێ بوون هیچ ئەکتێکی دژە دەوڵەتیان نەبووە و تەنها بەهۆکاری کوردبوونەوە ڕووبەڕووی زیندانی و ئەشکەنجە و مەرگ کراونەتەوە.
ئەم کتێبە لەڕێی دواندنی شایەدحاڵەکانەوە دەیەوێت هەموو بەشێکی تر لە پەنهانەکانی زیندانی نوگرە سەلمان بۆ خوێنەران بنووسێتەوە و تا وەکو بەڵگەیەکی زیندوو بۆ هەمیشەیی وەک پەڵەیەکی ڕەش بە تەوێڵی بکەرانییەوە بمێنێتەوە. کتێبەکە هەوڵێکی گرنگی دیکەی “هۆمەر محەمەد”ە، لەپاڵ کتێبی سێ بەرگی “گەشتەکانی ئەنفالستان” و هەوڵەکانی دیکەیدا لەمەڕ پرسی ئەنفال. دەستخۆشی و ماندوونەبوونی بۆ مامۆستا هۆمەر و ئەو هەوڵە گرنگانەی کە دەبنە سەرچاوەیەکی بە نرخ بۆ هەموو سەردەمێک تا ئەو کارەساتە لە یادی هەموو نەوەکانی ئێستا و ئایندەشدا بمێنێتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی دەبنە ماددەیەکی خامی گرنگ بۆ نووسەران و چیرۆکنووسان تا لە تێکستی گێڕانەوەیی و دەقی دیکەی ئەدەبیدا وەکو هەوێن بەکاری بهێنن.