ڕەنگدانەوەی کارەساتی ئەنفال لە ئەدەبی کوردییدا

چەند سەرنجێکی کورت
زۆرجار کارەساتە گەورەکان دەبنە هەوێنی گەلێک تێکستی ئەدەبی مەزن و بەشێک لە شاکارەکانی دونیای ئەدەبیات بەرهەمی تێڕامان و وردبوونەوە و بیرکردنەوەن جەنگ و کارەساتەکان.

جەنگ و کارەساتەکان هەوێنی بیرکردنەوەی مرۆڤن لە خۆی و ئەوەی بەسەریدا هاتووە. تۆڵستۆی کاتێک شاکاری “جەنگ و ئاشتی” نووسی لەژێر کاریگەریی و بیرکردنەوە لە جەنگی ناپلیۆندا بوو کە دژ بە ڕووسیا بەرپای کرد. ڕۆمانی 1984ی جۆرج ئۆروێل بەرهەمی بیرکردنەوەی ئەم نووسەرەیە لە سیستمی فاشیزم و ئەو مەترسیانەی لەنێو ئەم سیستمەدا ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. کاتژمێر 25 و شالوور و چەندین تێکستی دیکە بەرهەمی کاریگەرییەکانی هۆلۆکۆستن لەسەر نووسەرانی ئەو تێکستانە، کە هەر یەکەیان لە دیدگایەوە لە جەنگ و کارەساتەکە ڕاماون.
کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دوو کاریگەرترین و مەرگەساتاویترین دوو کارەساتی سەدەی ڕابردوون، کە بەسەر گەلی کورددا هاتوون، بەڵام لە پرۆسەی بە تێکستکردنی ئەم کارەساتەدا تا هەنووکەش لە بەشی هەرە زۆری ئەو تێکستانەی نووسەرانی کورد نووسیویانە کورتی هێناوە و زیاتر هەوڵی دووبارە نووسینەوەی ڕووداوەکان و باسکردنی کارەساتەکە کراوە، کە لە ڕاستیدا ئیشی ئەدەب باسکردنی دووبارە و چەندبارەی کارەساتەکان نییە، بەڵکو پیشاندانی دیوە پەنهانەکانی ئەو کارەساتانەیە. زۆرێک لەو ڕۆمان و شیعر و چیرۆکانەم خوێندووەتەوە، کە بۆ ئەم دوو کارەساتە نووسراون، بەڵام بەشی هەرە زۆریان نەیانتوانیوە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی تێپەڕێنن و دیوێکی دیکەی ئەو کارەساتە پیشان بدەن و لە هزر و خەیاڵی خوێنەردا نەمری بکەن.
لەنێو ئەو تێکستانەی بۆ کارەساتی ئەنفال نووسراون سێ دەقی گرنگی سێ نووسەر وەکو نموونەی باڵا لای من ماونەتەوە، کە ئەوانیش “گۆڕستانی چراکان”ی شێرکۆ بێکەس، “شاری مۆسیقارە سپییەکان”ی بەختیار عەلی و “شەوانی ئادەم”ی بەیان سەلمان-ـە. ئەم سێ تێکستە هەوڵی لاوانەوەی کارەساتەکە نادەن، چونکە ئیشی ئەدەب ئەوە نییە کارەساتەکان بڵاوێنێتەوە، ئیشی ئەدەب ئەوەیە بیریان لێ بکاتەوە و لەڕێی وشەوە بۆ هەمیشەیی لە هزری خوێنەردا نەمریان بکات، کە ئەم سێ تێکستە هەوڵی ئەوەیان داوە.
شیرکۆ بێکەس لە گۆڕستانی چراکاندا کە ڕۆمانێکی شیعرییە و گەشتێکە بەنێو ژان و ئازاری مرۆڤی ئەنفالکراو و ئەوانەی لەو کارەساتە ڕزگاریان بووە. شێرکۆ گەلێک بوێرانە زریکەی نووسیوەتەوە و قیژەی کچێکی لەبن خاکەوە کردووە بە تێکست و ناڵەی پیرەمێردێکی کردووە بە وشەی باڵدار. بۆیە گۆڕستانی چراکان تێکستێکە ئەنفال بۆ هەمیشەیی بە زیندووی دەهێڵێتەوە.
بەختیار عەلی لە ڕۆمانی “شاری مۆسیقارە سپییەکان”دا لەڕێی مۆسیقارێکی کوردەوە بەناوی “جەلادەت” کە لە ئەنفال ڕزگاری دەبێت، هەوڵ دەدات ئەو کەسانە کۆبکاتەوە، کە لەو کارەساتەدا زیانمەند بوون و دوای ئەوەی یەکێک لە بکەرەکان دەستگیر دەکرێن دەیەوێت لە دادگایەکی تایبەتدا هەر مرۆڤێکی زیانبار ڕاستەوخۆی هەقی خۆی لەو کەسە وەرگرێتەوە. ڕۆمانەکە گەشتێکی گرنگە بە ڕۆحی زامداری مرۆڤی کورددا، کە دوای ئەنفال چ بوونەوەرێکی دەروونپەشێوی ناجێگیرە، کە چەشنی وێڵگەردێک بە ئاوارەیی لەنێو ژیاندا بە بوونێکی زامدار و نائومێدەوە درێژە بە ژیان دەدات، بەڵام ژیانێک لە هەمان لێواری دۆزەخی ئەنفالدا.
هەرچی ڕۆمانی “شەوانی ئادەم”ی بەیان سەلمانیشە ئەویش باس لەو کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی کارەساتی ئەنفال دەکات، کە مرۆڤی کورد تا ڕادەی لە مرۆڤخستن لە مرۆڤبوون دادەماڵێت. نووسەر بە وریاییەکی زۆرەوە هەوڵی ئەوەی داوە، کە دۆخی دەروونی و ئەو تێکشکانە ڕۆحییەی مرۆڤەکان پیشان بدات، کە دوای ئەنفال توانای پەیوەندی دروستکردن و خۆشەویستیان نامێنێت و ڕۆحیان بەرەو پووکانەوە دەڕوان. ئەمەش ئەو سەرەتایەیە، کە ئیدی مرۆڤی کورد بەرەو خەرەندی تەنیایی و نائومێدی هەمیشەیی و تێکشکانی هیوا و ئاواتەکانی دەڕوات.
ئەم سێ تێکستە سێ نموونەی باڵای ئەدەبی کوردین، کە کاریان لەسەر کارەساتی ئەنفال کردووە. بێگومان لێرەدا کۆمەڵێک هەوڵی دیکەش هەن، کە ناتوانم نادیدەیان بگرم، بەڵام ئەم سێ تێکستە لای من تا هەنووکەش لە باڵاییدان و هیچ دەقێکی دیکە نەیتوانیوە بەو وردەکارییەوە کاریگەرییەکانی کارەساتی ئەنفال پیشان بدات. بەڵام لە بەرامبەردا لێشاوێک تێکستی بێرۆح هەیە کە دەیانەوێت باس لە کارەساتەکە و چۆنێتی ڕوودانەکەی بکەن، کە هیچیان نەبوون بە تێکستی باڵا. کورتەی قسەم لێرەدا ئەوەیە، کە ئەدەب لە هەوڵی باسکردنی ڕووداو و کارەساتەکاندا نییە، بەڵکو پەنهانەکانی ڕووداو و کارەساتەکان پیشان دەدات و بۆ هەمیشەیی نەمریان دەکات. هەر ئەم خاڵەشە کە بەهێزی ئەدەب پیشان دەدات و هەر کارەساتێک نەکرێتە تێکستی ئەدەبی ئەگەری بیرچوونەوەی زۆر زیاترە، چونکە ئەوە ئەدەبە کە دەتوانێت لە چەندین ڕێگەوە بکاتەوە بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.