پێشانگای کتێب؛ دەروازەیەک بەرەو زانست و ڕۆشنبیری

پێشانگای کتێب یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە کولتوورییەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاو لە گەشەپێدانی ڕەوشی خوێندنەوە و پیشەسازیی بڵاوکردنەوەدا دەگێڕێت. ئەم بۆنە کولتوورییە، کە ساڵانە لە زۆربەی شارە گەورەکانی جیهان و کوردستانیش بەڕێوە دەچێت، دەرفەتێکی تایبەت دەڕەخسێنێت بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان خوێنەر و نووسەر و بڵاوکەرەوە.

لە کوردستان و، بەتایبەت لە شاری هەولێردا، پێشانگای کتێب دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. پێش ئەم قۆناغە، بەهۆی سەرکوتکاریی ڕژێمی پێشوو، دەرفەتی گەشەکردنی کولتووری کوردی سنووردار بوو. پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر، کە ئێستا بووەتە نەریتێکی ساڵانە، سەدان دەزگای بڵاوکردنەوە و هەزاران ناونیشانی کتێب لەژێر یەک چەتردا کۆ دەکاتەوە.
پێشانگای کتێب تەنها ڕووداوێکی بازرگانی نییە، بەڵکو بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گفتوگۆی کولتووری، ناساندنی نووسەران و بەرهەمە نوێیەکان، هاندانی خوێندنەوە لەناو نەوەی نوێدا، دروستکردنی پردێک لە نێوان کولتوورە جۆراوجۆرەکان. هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئاشنابوون بە دنیای کتێب بە نرخی گونجاو و بووەتە فەزایەکی گرنگ بۆ هاوکاری و پەیوەندیی نێوان دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و خوێنەران، کە ئەمەش یارمەتیی بڵاوبوونەوەی زیاتری کتێب و گەیشتنی بە دەستی خوێنەران دەدات.
پێشانگای کتێب تەنها لە پێشکەشکردن و فرۆشتنی کتێبدا کورت نابێتەوە؛ زۆربەی پێشانگاکان کۆمەڵێک چالاکیی هاوتەریب ڕێک دەخەن، وەک: کۆڕ و سیمینار لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان، دیداری نووسەران و واژۆکردنی کتێب، وۆرکشۆپی نووسین و خوێندنەوەی ڕەخنەیی و، چالاکیی تایبەت بە منداڵان بۆ پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی نەوەی داهاتوو. هەروەها، پێشانگای کتێب شوێنی سەرەکیی پێشکەشکردنی کتێبە نوێیەکانە و زۆرجار یەکەم دەرفەتە کە خوێنەران دەتوانن دەستیان بە بەرهەمە تازە و جۆربەجۆرەکان بگات. بێگومان، ئەمەش دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی بازاڕی کتێب و هاندانی نووسەران بۆ بەردەوامبوون لە داهێنان.
لەم سەردەمە دیجیتاڵییە و زاڵبوونی سۆشیال‌میدیایەدا، پێشانگای کتێب ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە، وەک: کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێندنەوە بەشێوەیەکی گشتی، کێبڕکێی میدیای دیجیتاڵ و کات بەفیڕۆدانی زۆری خەڵک لەسەر سۆشیال‌میدیا، قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی کتێب، کێشەی مافی لەبەرگرتنەوە و چاپی نایاسایی. ئەمانە هەموویان بەربەستی گەورەن لە بەردەم گەشەکردنی پێشانگای کتێب و، بەگشتی، کولتووری خوێندنەوە.
سەرەڕای هەموو ئەم ئاڵنگارییانە، پێشانگای کتێب وەک دامەزراوەیەکی کولتووریی گرنگ دەمێنێتەوە. داهاتووی پێشانگاکان پەیوەستە بە توانایان بۆ گونجاندن لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم، داهێنان لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ئەزموونێکی تایبەتەوە، ڕاکێشانی نەوەی نوێ بەرەو دنیای کتێب، پاراستنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان لە کۆمەڵگادا. پێشانگای کتێب دەبێت خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و داواکارییەکانی خوێنەران بگونجێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە ڕۆڵگێڕان وەک دەروازەیەک بۆ زانست و ڕۆشنبیری.
پێویستە سیاسەتێکی ڕوون و بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ پشتگیریکردنی پێشانگاکانی کتێب لەلایەن دەسەڵاتداران و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەبێت، چونکە ئەم ڕووداوە کولتوورییە بەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیر و هۆشیار، کە بتوانێت هاوشانی گەلان کولتووری خۆی پەرە پێ بدات و بیخاتە ڕیزی پێشکەوتنی جیهانییەوە. پێشانگای کتێب وەک ئاوێنەیەکە بۆ ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا؛ هەرچەند پێشکەوتووتر و ڕێکخراوتر بێت، ئەوەندە زیاتر نیشانەی بەرزیی ئاستی هۆشیاری و ڕۆشنبیریی ئەو کۆمەڵگایەیە.
پێشانگای کتێب تەنها شوێنێک نییە بۆ کڕین و فرۆشتنی کتێب، بەڵکو دەروازەیەکی کراوەیە بە ڕووی دنیای زانست و مەعریفەدا. ئەم ڕووداوە کولتوورییە، کە ساڵانە هەزاران کەس بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

هۆنیار عەبدوڵڵا