(ستیفن كینگ ـ stephen king)، نووسەری دیاری ئەمریكی، لە ژیاننامەی خۆیدا، بە ناوونیشانی (ڕێڕەوی نووسەرایەتی)، چەندین خاڵی گرنگی لەبارەی باشترین نووسینەوە خستووەتە ڕوو. وەك خۆی دەڵێت ناتوانم بە درۆوە بڵێم كە هیچ نووسەرێكی خراپ نییە، داخدارانە ئەمە دەڵێم كە نووسەری خراپمان زۆرن. بۆیە ئەگەر دەتانەوێت نووسەرێكی خراپ نەبن، باشتر وایە ئەم 22 ئامۆژگارییەی تیڤان كینگ كە بە پاشای ئەدەیاتی ترس و تۆقین بەنێوبانگە، وەبەرچاو بگرن.
یەكەم: تەلەڤزیۆن وەلا نێن و تەنیا كتێب بخوێننەوە
لەبری تەماشاكردنی تەلەڤزیۆن، چەندی دەتوانن كتێب بخوێننەوە، چونكە كەسێك كە سەرەتا دەست بە نووسین دەكات، پێویستە دوور بكەوێتەوە لە تەلەڤزیۆن، چونكە تەلەڤزیۆن ژەهری داهێنانە. نووسەر دەبێت لە دەروونی خۆیەوە خەیاڵەكانی خۆی دروست بكات. من دەچمە هەر شوێنێك كتێبم پێیە، لە كاتی پیاسە، لە كاتی نانخواردن. بۆیە ئەگەر دەتانەوێت ببنە نووسەر دەبێت دوو كار زیاتر لە هەر شتێكی دیكە ئەنجام بدەن: زۆر بخوێننەوە و زۆر بنووسن.
دووەم: بۆ شكست و ڕەخنەی زۆر توند خۆتان ئامادە بكەن
خۆتان دەزانن نووسینی چیرۆك وەك تێپەڕینە لە زەریایەكی ئارام و چوونە نێو وانی حەمامەكەتان. لە هەردووكیاندا پێویستە سەرەتا خۆتان گوومان لە خۆتان دروست بكەن، چونكە بێگومان خەڵك هەر گومانتان لەسەر دروست دەكات. ئەگەر بە دوای نووسەری (یا نیگاركێشان، یا پەیكەرسازی یا مۆسیقا و یا…)ـن، هەر كەسێك پەیدا دەبێت كە كارەكەتان بێ بەها و هیچ هەژمار بكات.
سێیەم:كاتی خۆتان بۆ ڕازیكردنی خەڵكی بەفیڕۆ مەدەن
نووسەر نابێت نیگەرانی قسەكردن بێت. ئەگەر دەتانەوێت بە ڕاستگۆیانەترین ڕێگە بنووسن، پێویستە لەوە تێبگەن ئیتر بەشێك نین لە كۆمەڵگەی نەریتی. من خۆم سەرەتا شەرمم لە نووسینەكانم دەكرد،. بەتایبەت پاش ئەوەی هەندێك نامەم بۆ دەهات كە بە كەسێكی دەمارگیر و شێت و دەروونئازارەدەر هەژماریان دەكردم. لە چل ساڵی تێگەیشتم كە هەموو نووسەرانی خۆشەویست، تۆمەتبار كراون بەوەی كە بەهرە و توانای خۆیان بەفیڕۆ داوە. ئەگەر ئێوە نووسینەكانی منتان بەلاوە پەسەتد نەبێت، تەنیا شانم هەڵدەتەكێنم و بۆم گرنگ نابێت. هەر هێندە. ئێوە وەك نووسەر ناتوانن هەمیشە هەموو خوێنەرەكانتان ڕازی بكەن، بۆیە گرنگە تەنیا خۆتان بە خۆتانەوە سەرقاڵ بكەن.
چوارەم: بۆ كەیفی دڵ و ڕازیكردنی خۆتان بنووسن
من بۆ خۆم چێژێكی تایبەت لەوە وەردەگرم. و ئەگەر ئێوە بتوانن ئەم كارە لەبەر چێژەكەی بكەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبنە نووسەرێكی باش.
پێنجەم: قورسترین بابەت هەڵبژێرن بۆ نووسین
قورسترینەكانیش ئەو بابەتانەن كە قسەكردن لەبارەیانەوە بەتایبەت لە نێو زۆرینەی خەڵكی قورسە. لەوەوە كە وشەكان، هەستەكانتان كەمڕەنگ و لاواز دەكەن، ئەوا شەرمەزار مەبن لە نووسینیان. زۆربەی نووسەرە دیارەكان، بە چەندین كاتژمێر بیریان كردووەتەوە. نووسەرایەتی، هزری چاكسازیكراوە. بۆیە دەبێت خۆتان چیرۆكەكان وەدۆزن. هەر وەك ئەو بوونەوەرە بەبەردبوانەی كە بە ملیۆنان ساڵە لە بن ئەرزن. چیرۆكەكان یادگارین، بەرهەمێك لە دونیایەكی نهێنی و كەشفنەكراو. نووسەر دەبێت وەك دێرینەناسەكان، هەرچەندی دەتوانێت زەینی بۆ دۆزینەوەی چیرۆك بكۆڵێت و بەنێویدا بگەڕێت.
شەشەم: كە دەنووسن، پەیوەندیتان لەگەڵ دونیا بپچڕێنن
نووسین شتێكی زۆر تایبەت و نهێنییە. پێویستە مێزەكەتان لە گۆشەی ژوورەكەتان بێت و هەر كارێك كە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرەنجتان بەلاڕێدا بەرێت، لە تەلەفۆن و مۆبایلەوە بگرە تا كردنەوەی پەنجەرە، لە خۆتانی دوور بخەنەوە. كە دەرگاكەتان كڵۆم داوە ئەودەم دەست بە نووسین بكەن، كە دەرگاكەش كرایەوە هەر بەردەوام بن لە نووسین. نووسینەكەی ئێوە دەبێت تایبەت بمێنێتەوە. نووسینی ڕەشنووسێكی سەرەتایی، كارێكی خام و سەرەتاییە. یەكێكە لەو كارانەی كە من زۆر لە پشت دەرگای بەستراوەوە ئەنجامی دەدەم. چونكە بەلای منەوە چیرۆك، شتێكی ڕووت و بێ جلوبەرگە، شتێكە كە جگە لە گۆرەوی و دەرپێقووتەیەك هیچ شتێكی لەبەر نییە.
حەوتەم: كەسێكی خۆدەرخەر بن لە نووسیندا
یەكێك لە خراپترین ئەو بەڵایانەی كە پێویستە بەسەر نووسینەكەتاندا بیهێنن، ئەوەیە كە ڕازی مەبن بە وشەی سادە و كرچ و كاڵ و بڕۆنە زگ وشە قورس و درێژ و لێكدراوەكان. سیمبولەكان بۆ جوانكردن و دەوڵەمەندكردنی نووسینن نەوەك بۆ گۆڕینینیان بۆ شتێكی دەستكرد و سناعی.
هەشتەم: خۆتانن بەدوور بگرن لە بەكاربردنی گرێ و گۆڵ و پەڕەگرافی دوور و درێژ
من لە كتێبی بیرەوەرییەكانمدا چەندین جار پێداگریم لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە كۆت و بەندەكان هاوڕێی ئێوە نین. من پێم وایە ڕێگەی دۆزەخ پڕە لە كۆت و بەند كە هاوشێوەی ئەو پووش و پەڵاشەن كە فریز و چەمەكەنەكەی ئێوە خراپ دەكات. بۆیە باشتر وایە دەربڕینتان سادە و پڕ لە وشەی گرنگ و قورس و دیار بێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئاگاداری ئەوە بن كە پەڕەگرافەكانتان هەماهەنگ و خۆڕسكن بن لەگەڵ ڕەوتی چیرۆكەكەتان. ئەوەی كە پەڕەگرافەكانتان چڵۆنن، بەلانی كەمەوە بە قەدرا ئەو بابەتەی كە دەریدەبڕن، گرنگن.
نۆیەم: زۆر خۆتان سەرقاڵ مەكەن بە یاسا و ڕێساكانی زمانەوە
لە پلەی یكەم دەبێت سەرەنج بخەنە سەر بەچێژیی نووسینەكەتان و دواتر ڕێ و شوێنە زمانییەكان وەبەرچاو بگرن. زمانی دەقێك پێویست نییە هەمیشە بێ كێشە و كەموكوڕی بێت. ئامانجی چیرۆك، وەبەرچاوگرتن و جێبەجێكردنی یاساكانی زمان نییە. ئامانجی سەرەنجڕاكێشانی خوێنەر و دواتریش گێڕانەوەیەی حیكایەتەكەیە. دەبێت كارێك بكەن كە خوێنەر تەنانەت بیری بچێتەوە كە خەریكە چیرۆك دەخوێنێتەوە.
دەیەم: لە هونەری وەسفكردندا، شارەزا و مامۆستا بن
وەسفكردن لە خەیاڵی نووسەرەوە دەست پێ دەكات، بەڵام دەبێت لە خەیاڵی خوێنەردا تەواو بێت. پرسە گرنگە ئەوەیە كە بزانن قسە و نووسینەكەتان لە كوێ سنووردار بكەنەوە. ئەو شتەی كە دەتانەوێت خوێنەر بیبینێت، لە زەینی خۆتاندا وێنای بكەن. پاشان ئەو شتەی كە لە زەینی خۆتان دەیبینن، بكەنە وشە و بیخەنە سەر كاغەز. ئێوە دەبێت بە شێوەیەك وەسفی شتێك بكەن كە خوێنەر بهەژێنێت. كلیلی وەسفكردنێكی باش، ڕوونبوونە، هەم لە بینین و هەم لە نووسین. سوود لە وێنای زیندوو و وشەی سادە وەربگرن تا خوێنەر ماندوو نەبێت. لە زۆربەی كاتدا كاتێك خوێنەر كتێبێك وەلاوە دەنێت و نایخوێنێتەوە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە كتێبەكە ماندووكەرە بۆی. ئەم ماندووكردنە زۆرتر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە نووسەر دەبێتە یەغسیری هێزی وەسفكردنی خۆی و سەرەنجڕاكێشی و چێژەكەی نووسینی بیر چووەتەوە.
یانزەیەم: زیاد لە پێویست لەبارەی فەزای چیرۆكەكەتانەوە زانیاری بە دەستەوە مەدەن
قسەكردن لەبارەی ئەو شتانەی كە دەیزانن لە سوودوەرگرتن لە زانیارییەكان بۆ بەهێزكردنی چیرۆكەكەتان، دوو شتی جیاوازن. دووەمیان باشە، بەڵام یەكەمیان نا. دڵنیا بن لەو وردەكارییانەی كە قسەیان لێوە دەكەن ئاخۆ بۆ چیرۆكەكەتان باشە یان نا، ئاخۆ خوێنەر وا لێ دەكات كە مووشتاقی بەردەوامبوون بێت لە خوێندنەوەی یان نا؟! ئەگەر پێویست بێت ئەوا بەدواداچوون بكەن، مەهێڵن زانیارییە دەستكەوتووەكانتان چیرۆكەكەتان یەغسیر بكات. ڕەنگە ئەو توێژینەوە و بەدواداچوونە بۆ خۆتان سەرەنجڕاكێش بێت، بەڵام بیرتان نەچێت كە خوێنەر زیاتر خەزی لێیە لەبارەی كەسایەتی و چیرۆكەكەتانەوە بزانێت.
دوانزەیەم: لەبارەی ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەكانەوە بنووسن
شتێكی گەورەتر لە پشت هەڵە زمانی و تێڕوانینە هەڵەكانی نووسینە خراپەكانەوەیە. نووسینی خراپ، لە كەللەڕەقی و گەمژەیی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتووە لەوەی كە نەیویستووە ژیانی مرۆڤەكان وەك خۆی بگێڕێتەوە. ڕاستییەكەی ئەوەیە كە تەنانەت ڕەنگە بكوژێك هەندێك جار هاوكاری پیرەژنێك بدات تا لە شەقامێك بپەڕێتەوە. كەسایەتی چیرۆكەكانی ئێوە زیاتر لە هەر شتێكی دیكە، بۆ خوێنەر گرنگن. كەواتە بیرتان نەچێت هەموو گۆشەكانی كەسایەتییەكان بۆ خوێنەر ئاشكرا و ڕوون بكەنەوە.
سێزدەیەم: ڕیسك بكەن، زۆر خۆتان مەبەستنەوە بە ئاگالەخۆبوونەوە
بەر لە هەر كارێك، شێوازی دەربڕینی شەرمێونانە و پەشیمانئاسایانە وەلاوە نێن، چونكە ئەمە گەورەترین نیشانەی ترسە. من گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی كە زۆربەی نووسین و دەقە خراپەكان، ڕەگ و ڕیشەیان لە ترسەوەیە. نووسەر دەبێت سینگی قیت بكاتەوە و سەری بەرز ڕابگرێت و بەرپرسیاریەتی ئەو كارەی كە كردوویەتی بە ئەستۆوە بگرێت.هەر شتێك كە بەزەین و هزرتاندا ختوور دەكات، تاقی بكەنەوە. گرنگ نییە چەندە ماندووكەر و ئاسایی و یا دەمەوەرانە و سەیر و سەمەرەیە. ئەگەر بەكەڵك هات ئەوە چ باشتر و ئەگەریش نا ئەوا فڕێی بدەن.
چواردەیەم: بۆ دەقێكی باش پێویستتان بە وزەبەخش و دەرمانی دەروونی و ئەو شتانە نییە
ئەمە ئەفسانەیەكی زۆر سەیری سەردەمی پێشكەوتووی ئێمەیە. بە بڕوای من ئەو نووسەرانەی كە سوود لەمە وەردەگرن ئەوا بە دڵنیاییەوە ئاڵوودەبوون نەوەك نووسەر. بە بڕوای من هەر بانگەیەشەك لە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و خواردنەوە كحولییەكان بۆ بەدەستهێنانی هەستێكی بەهێز، تەنیا لە خەیاڵێكی قۆڕ هیچی تر نییە.
پانزەیەم: لە زمانی خۆتانەوە قسە بكەن
ئامانجی كتێبێك وەك ئامانجگیریی مووشەكێكی زەمینی نییە. كاتێك بە ئامانجی ڕاهێنان، لاسایی نووسەرێكی دیكە دەكەنەوە، ئەوەی دەستتان دەكەوێت هیچ نییە جگە لە شتێكی بێ ڕەنگ و تام. هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئێوە ناتوانن ئەزموون و هەستی ئەوانی دیكە سەبارەت بە ڕاستییەكان دووبارە بگێڕنەوە، ئەویش تەنیا بە یارمەتی هەندێك وشەی سادە.
شانزەیەم: نووسین بە جۆرێك لە (تیلیپاتی ـ telepathy) هەژمار بكەن
هەموو هونەرەكان تا ئاستێك پەیوەستن بە تیلیپاتییەوە واتە پەیوەندیگرتن لە ڕێگەی دوور، بەڵام بە بڕوای من نووسین پاكترین و خاوێنترینی ئەو گیراوەیەیە.یەكێك لە گرنگترین تووخمەكانی چیرۆك، گواستنەوەی واتایە، كاری ئێوە، نووسینی وشەكان نییە بە تەنیا لەسەر كاغەز، بەڵكو گواستنەوەی بیرۆكەكانی دەروونی زەین و هۆشتانە بۆخوێنەر. وشەكان تەنیا ئامرازێكن كە لە ڕێگەیانەوە بیر و هزر و واتاكان دەگوازرێنەوە.
حەڤدەیەم: نووسین بە جدی وەربگرن
دەتوانن نووسین بە نیگەرانی، هەیەجان و هیوا و یا تەنانەت بێ هیواییەوە دەست پێ بكەن، بە هەر جۆرێك كە دەچنە زگ نووسین بچن، بەڵام بە بێتاقەتی و سووكوەرگرتنیەوە مەچن.
هەژدەیەم: هەموو ڕۆژێك بنووسن
من كاتێك كار لەسەر پڕۆژەیەك دەست پێ دەكەم، ئیتر ناوەستم و بەردەوام خێراییەكەم زیاد دەكەم و كەمی ناكەمەوە، مەگەر ئەوەی كە ناچار بم. ئەگەر هەموو ڕۆژێك نەنووسم، كەسایەتییەكان لە زەینمدا ون دەبن و هەڵدێن. وردە وردە دەستم لە چیرۆكەكە دەردەچێت. ئەگەر نەتوانن بەردەوام بنووسن، هەیەجانی سەرەتای بیرۆكەكەتان ڕەنگە وردە وردە لەنێو بچێت. (ماچی مەرگ)، ئەو چركەساتەیە كە نووسین لە ڕوانگە و دیدی نووسەرەوە دەبێتە كارێكی ڕۆژانە. باشترین پێشنیاری منیش بۆ ئەمە ئەوەیە كە چێژ لە وشە بە وشەی نووسینەكانتان وەربگرن.
نۆزدەیەم: ڕەشنووسی سەرەتایی چیرۆكەكەتان لە سێ مانگی یەكەم تەواو بكەن
من حەزم لێیە ڕۆژانە 10 لاپەڕە بنووسم. بەم شێوەیە لە ماوەی سێ مانگدا دەكرێت نزیكەی 180 هەزار وشە بنووسن. ڕەشنووسی یەكەمی كتێبەكەتان، تەنانەت ئەگەر كتێبێكی دوور و درێژ و قەبەش بێت ـ نابێت زیاتر لە سێ مانگی پێ بچێت. من پێم وایە ئەگەر زۆر لەسەر بەرهەمێك بوەستن، شێوە و فۆڕمێكی زۆر ئەنتیكە و سەیر و سەمەرە بە خۆیەوە دەگرێت.
بیستەم: كە دەقەكە تەواو دەكەن، هەنگاوێكی گەورە بگەڕێنە دواوە
من پێشنیار دەكەم دوای نووسینی چیرۆكێك، شەش حەوتوو كات دابنێن بۆ دووبارە خوێندنەوەی و پێداچوونەوەی. لەم ماوەیەدا دەتوانن بە زەین و فكرێكی كراوەوە بە دوای هەر ناڕێكی و كێشەیەكدا بچن كە لە گەڵاڵە و كەسایەتیی چیرۆكەكەتان تووشی دەبن و چاكیان بكەن. نووسەریش بەقەدرا خوێنەر دەكرێت لە خوێندنەوە و لێكدانەوەی سەرەتای خۆی، لەگەڵ یەكێك لە كەسایەتییەكانیب كەوێتە هەڵەوە. كاتێك كتێبێك دەنووسن، وەك ئەوەیە كە هەموو ڕۆژێك كار لەسەر ناسین و بەدەواداچوون بۆ دارەكان دەكەن. كاتێك كە كارەكەتان تەواو بوو، دەبێت لە دوورەوە بوەستن و بە چاوێكی گشتی سەیری دارستانەكە بكەن. بەڵام كە هەڵەیەكیش دەدۆزنەوە، ئەوا نە شەرم لە خۆتان بكەن و نە خۆتان سەركۆنە بكەن. تەنانەت جاری وایە باشترین نووسەرەكان، تووشی هەڵە و كەموكوڕی دەبنەوە.
بیست و یەكەم: بوێری فڕێدان و سڕینەوەتان هەبێت
بە گشتی نووسەرەكان ئازارێكی زۆر بە دووبارە خوێندنەوە و پێداچوونەوەی دەقەكانیان دەكێشن بەتایبەت لە فڕێدانی وشەكان و پەڕەگرافەكانیان چونكە پێشتر كاتێكی زۆریان بۆ تەرخان كردووە. بەڵام گرنگە كە خۆشەویستەكانتان بكوژن، عەزیزەكانتان بكەنە قوربانی، تەنانەت ئەگەر ئەم كارە ببێتە هۆی كوشتنی دڵی نووسەری خراپی خۆپەسەندی نێو دەروونتان، ئەوا یەك چركەش مەوەستن و عەزیزەكانتان بكوژن! هەرچەندە ڕەنگە پێداچوونەوە و دووبارە خوێندنەوەی دەقەكەتان قورسترین كاری نووسین بێت، بەڵام دەبێت بەشە ماندووكەر و زیادەكان فڕێ بدەن تا چیرۆكەكەتان بەردەوام هەیەجاناوی بچێتە پێشەوە.
بیست و دووەم: بنەماڵە و سەلامەتیی خۆتان بپارێزن و چێژ لە ژیان وەربگرن
من سەركەوتنەكانم قەرزارباری دوو شت دەزانم: سەلامەتی فیزیكی و هاوسەرگیرییەكەم. جەستەیەكی تەندرووست و ساغڵەم و پەیوەندییەكی بەردەوام و بەهێز لەگەڵ ژنێكی پشتبەستوو بە خۆی كە هیچ چاوەڕوانییەكی لە من یا كەسی دیكە نییە، درێژەدان بە ژیانی لەلای من هەموار و خۆش كردووە. بوونی هاوسەنگییەكی بەهێز لە ژیانتاندا زۆر گرنگە تا ببێتە هۆی ئەوەی كە نووسین هەموو ژیانتان داگیر بكات.