خوسرەو جاف
ئەبونەسری سراجی موسەنیف لە كتاوی (اللمع)دا دەڵێت: “نازناوی ئەولیا تەنها بۆ پێغەمبەرانە، وەحییان بۆ هاتووەتە خوارەوە و هەڵبژاردەی زاتی هەقن، بەڵام ئەوانەی لە بواری سۆفیگەریدا موجاهیدە و تەقالایان كردووە و كەوتوونەتە بەر لوتف و ڕەحمەتی خودا و توانیویانە دهست لە قەبووزەی هەوا و هەوەسی خۆیان بنێن و، لغاوی بکەن و، ببنە سەرسپاردەی ئهو ڕێبازە، ئەوانەیش دەكرێ بگەنە پلەوپایەی ئەولیا.”
وشەی “وەلی” كۆیەكەی دەبێتە “اولیاء” و بە مانای جۆراوجۆر ناو دەبرێت، وەك: دۆست، نزیك، ساحیب، ڕەفیق، بزرگ. لە قورئانی پیرۆزیشدا بەكار هاتووە؛ وەك: الا إن اولیاء الله لاخوف علیهم ولاهم یحزنون” لە بۆچوون و، تێفكرینی سۆفییەكاندا ئەولیا كەسانێكن گەیشتوونەتە پلە و پایەی چاوساغی لە دنیای سروشتەودەر (ئەو لای سروشت)ـدا، واتە كەرامەت و ئەو كارانەی لە دنیای ئەقڵدا نەگونجاون.
بەڵام ئەوەی لە كتاوەكانی تەسەوفدا نووسراوە وەلی كە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە خوداوە هەیە، پەردە لەنێوان وەلی و عالەمی غەیبدا هەڵدەدرێتەوە.
پلەیەكی تر هەیە بە ناوی “قوتب” فەرماندەرە بەسەر وەلییەكاندا، هەروەها (غەوس)یش، هەروەها پلەی (عورەفا) ئەویش مەقامێكی گەورەی ترە لەناو تەسەوفدا بڕێك بەو پلە و مەقامە گەیشتوونە؛ وەك: بایەزیدی بەستامی، ئەبولحەسەنی خەرەقانی، جونەید بەغدادی، ئەبوسەعیدی ئەبولخەیر، جەلالەدینی ڕۆمی، ئیبنولعەرەبی، هەروەها كۆمەڵێكی تریش هەن، كە لە لایەن بواری پزشكییەوە بە شێت و دێوانە دەستنیشان دەكرێن و لە دنیای تەسەوفدا ناو نراون (ئەقڵە شێتەكان) وەك: لوقمانی سەرەخسی، هەروەها مەعشووقی تووسی، شێخ ئەبوعەلی دەقاق، هەروەها شبلی؛ شبلی ئاگری بە چنگ گرتووە، پرسیویانە ئەی شبلی ئەم ئاگرە بۆ كوێ دەبەی؟
لە وەڵامدا دەڵێت: دەڕۆم كابە دەسووتێنم.
گەورە سۆفییەكان وتوویانە كاروكردەوەی وەلییەكان نەشیاوە بە كەیل و كێشانەی تەرازووی خەڵكی هەڵسەنگێنرێت. ئەوانە توانیویانە بە بەڵگەی قورئانی، ڕەفتاری خۆیان بسەلمێنن، یەكێك لەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانە داستانی حەزرەتی مووسا و پیری پیران (خزرە) كە بە درێژی لە سوورەتی كەهفدا هاتووە، حەزرەتی مووسا بە یوشەعی فەرمووە تا نەگەمە لای (خزر) ئۆقرە ناگرم، سەرەنجام لەنێوان دوو دەریادا لەگەڵ حەزرەتی خدر دەگەنە یەك و مووسا داوای لێ دەكات ڕوخسەت بفەرمێ ببێتە هاوڕێی؛ لە وەڵامدا بە حەزرەتی مووسا دەڵێت: تۆ بۆ خۆت پەیامبەری، بەڵام زەحمەتە هاوڕێیەتیی منت پێ بکرێت؛ ڕەنگە كاروكردەوەیەكی وا بکەم بە لای تۆوە نەگونجاو بێت، تۆ ئەولای كردەوەكەی من نەخوێنیتەوە و ئاگاداری ڕازەكەی نەبی.
سواری بەلەمێک بوون و خدر کەوتە کونکردنی! حەزرەتی مووسا گوتی: ئەوە چ دەکەی؟ خۆ خەریکە كەشتییەکە نغرۆ كەیت و بمانخەیتە بن ئاو!
پێم نەوتیت تاقەت و تامڵی من ناگری!
مووسا بێدەنگ بوو، زۆری نەكێشاوە (خدر) مێردمنداڵێك دەكوژێ، مووسا بە خدر دەڵێت: چۆن بە نای ناهەق، كەسێكی بێگوناھت کوشت؟ شەرعی خوا کەی هەڵدەگرێت؟
لە وەڵامدا دەڵێت: ئەی مووسا پێتم ڕانەگەیاند، كە دەبێ بێدەنگ بیت؟
مووسا داوای لێبووردنی كرد و وتی: ئەگەر جارێكی تر ڕەخنەم گرد، هەقت بێ.
سەرئەنجام برسی و ماندوو گەیشتنە گوندێک و، داوای نان و ئاوێکیان کرد؛ كەس خواردنی پێ نەدان؛ چوونە پەڕی ئاواییەکە و گەیشتنە لادیواری کەلاوەیەک خەریك دەبوو دەهەڕووژا، خدر كەوتە نۆژەنكردنەوەی دیوارە كۆنەكە، مووسا بە خدری وت: توخوا ئەوە کارە بەو وەختە؟
خدر وتی: دژوارە هاوڕێیەتی منت پێ بکرێ؛ وا چاكە لێم جیا ببیتەوە، جا بەر لەوەی بڕۆی، حیکمەتی ئەو کردەوانەت بۆ ڕوون دەکەمەوە.
ئەو بەلەمەی عەیبدارم كرد، هی هەژاران بوو؛ هێزی پاشا بەدوایەوە بوو تا دەستی بەسەردا بگرن، بەمە هێزی پاشا دەستبەرداری بوو.
ئەو مێرمنداڵەی كوشتم، كەسێكی شەڕانی و دژ بە خوای لێ دەردەچوو، بە ڕەزامەندی پەروەردگار كوشتم، تا باوك و دایكی لە مەترسیی كفر ڕزگار بكەم، ئەو دیوارە وا بەرەو هەڕووژان دەڕۆییشت هی دوو منداڵی هەتیوە. منداڵی باوك و دایكێكی خواپەرستن، لەژێر ئەو دیوارەیدا گەنجێك (خەزینە) شاردراوەتەوە، دیوارەكەم نۆژەن كردنەوە، تا دوو منداڵ گەورە دەبن و گەنجەكە بە دەستیان بكەوێت و كەسی تر نەیبات.
جا ئەم جۆرە داستان و ڕووداوانە بۆ خۆی ئەوە دەسەلمێنێت كاروكردەوەی (وەلی) لە سەرەوەی ڕەخنەیە و ناكرێت بە تەرازووی خەڵكی كەیل و كێشانە بكرێت.
ئەوە بە لۆژیكی وەلی دەژمێردرێت جا با بزانین دەربارەی (عارف) چی وتراوە و چۆنچۆنین فكری لێ دەكرێتەوە، ئەوەی كاروكردەوەی وەلییە بە (كەرامەت) ناو دەبرێت، ئەوی كاری (خارق)ـە كە لە لایەن پەیامبەرەكانەوە ئەنجام دراون بە موعجیزە ناو نراون، بەڵام لەیەكی بدەیتەوە جیاوەزیەكی ئەوتۆ لەنێوان كەرامەت و موعجیزەیدا نییە هەردووكیان بە (خەوارق) دەناسرێن، جیاوازییەكە لەوەدایە واباوە دوای پەیامبەر عالەمی پەرجۆ (موعجیزە) بەلاوە نراوە، بۆیە كاروكردەوەی (خارق)ـی وەلیەكان بە (كەرامات) ناسراوە تا لە ڕەخنەی ئەهلی (فقه) بەدوور بن.
لە سەرەتاوە گرنگییەكی ئەوتۆ بە کەرامات نەدەدرا، بەڵام بەگوێرەی زەمان كەرامات بوو بە دیاردەیەكی بەرچاو لە دنیای تەسەوفدا ئەگەر كتاوی سۆفیان و وەرگێڕانەكانیان بخوێنیتەوە بۆت دەردەكەوێت چەنێك بە ئاسانی هەر ڕووداوێكی نامۆ بە موعجیزە و كەرامات دادەنێن و بچووكترین گرنگی بە ئەقڵ و زانست و مەنتیق نادەن.
قوشەیری دەڵێت: ئەگەر وەلییەك کەرامەتی لێ نەبینرا بە خەلەل نادرێت لە قەڵەم، بەڵام ئەگەر پێغەمبەر موعجیزەی نەكرد خەلەلە.
لە بایەزیدی بستامی بیسراوە لە سەرەتادا پەروەردگار ئایات و کەراماتێكی نیشان دەدام، بەڵام بەندە گرنگیم پێ نەدەدا و خودایش منی هەروا ناسیوە و ڕێگای ئەو ناسینی پێ نیشان دام، كاتێك بە بایەزیدیان وت فڵانەكەس بە شەوێك دەگاتە مەككە لە وڵامیدا وتویەتی: جا ئەوە چییە شەیتان لە چركەیەكدا لە ڕۆژهەڵاتەوە دەگاتە ڕۆژئاوا.
وتیان فلانەكەس بەسەر ئاودا دەڕوا، لە وەڵامدا وتوویەتی: ماسی و باڵندە گەلێك لەو كەسە كارامەترن.. جا پێتان ڕادەگەیێنم ئەگەر دیتان كابرا بەرماڵی بەسەر ئاودا ڕاخستووە، یان لە هەوادا دەشنێتەوە، باوەڕی پێ مەكەن.
جونەید وتویەتی: ڕواڵەتی ئاشكرا سێانن، یەكەمیان نەفسە، دووهەمیان خەڵكە، سێهەمیان دنیایە؛ ڕواڵەتی پەنهانی ئەویش سێانە یەکەم ئیتاعەتە، دووهەم ڕوانگەی خێرخوازی و سێهەم، ڕوانگەی كەرامەت.
شێخ ئەبولحەسەنی خەرەقانی وتویەتی: هەزار قۆناغە، كە ئێمە بە خوداوە بەند دەكات، یەكەمین قۆناغ کەرامەتە.
ئەبوعەلی گورگانی (جورجانی) وتویەتی: بكۆشە و خاوەنی بەردەوامی بە، نەك كەرامات، نەفسی تۆ كەراماتی دەوێ و خوداش ئیستیقامەتی دەوێ، دوو بواری جیاوازن.
وەك دەردەكەوێ سۆفییە پلەوپایە بەرزەكان وا بیروبۆچوونەكانیان هەبووە، بەڵام پەیڕەوانی دوادوایی دنیای تەسەوف بێ پەروا ڕەدە و ئەندازەی ماقووڵ و شیاویان تێپەڕاند، هەزاران کەرامەت و خەواریقیان بە ناوی وەلییەكانەوە بڵاو كردووەتەوە، جگە لە سۆفییەكان خەڵكەكەش هەوەسی خۆیان داستانسورایی و هەقایەتیان كردووە، ئەگەر خودی وەلی گوێی لێ گرتبا ئینكاری دەكرد و دەیوت: “خوا ڕووت ڕەش كات!” لەو لایشەوە “وەلی” ڕەنگە بزانێت خودا چاوی ڕۆشن كردووەتەوە و ڕەنگە پشتی پەردەی نەزانراوەكانی بۆ دەركەوتبێت، بەڵام هیچ لەو ڕووەوە نادركێنێت، ئەوە ڕازێكە لەنێوان خۆی و پەروەردگاردا، ئەوەش ڕۆشنە كەرامەتی “وەلی” لە كاتی حاڵدا سۆفی دادەگرێتەوە، نەك بە بەرچاوی خەڵكەوە. لە كتاوەكانی بواری تەسەوفدا زۆر لە کەرامەتی تیادا نووسراوە، بۆ نموونە لە كتاوی: “أسرار التوحید”دا دەربارەی شێخ ئەبوسەعید ئەبولخەیر نووسراوە:” سێ بەشی ئەو كتاوە باسی خەوارق و كەرامەتی ئەو پیاوە دەكات.
جامی شاعیری گەورەی ئێرانی و مێژووەكەی لە كتاوی ” نفحات الأنس” دەربارەی چۆنیەتیی كەرامات و خەوارق دەڵێت: بڕێك خەوارق، كە باس دەكرێت وەك كاروكردەوەی دژ بە تەبیعەت ئەوە دریاشەقكردنە مردووزیندووكردنەوەیە، ئاسمانهێنانەخوارەوەیە یان ڕووبارهەڵگەڕانەوەیە، ئەوانە نە سوودی هەیە بۆ دنیای تەسەوف نە لەگەڵ ئەقڵیشدا گونجاوە، زەرەر و زیانی زۆرترە تا سوودی بۆ ڕێبازی تەسهوف.
نووسراوێك دەستخەتی ئیمام ئەحمەد مالكان بە دەستەوەیە ئافرەتێك لە مەجلیسی شێخدا حاڵی لێ دێت و خۆی لە سەربانەوە دەهاوێژێتە خوارەوە شێخ ئاماژەی كرد لەنێواندا (موعەلەق) ڕاوەستا، ڕۆیشتن ڕزگاری كەن، بینییان كراسەكەی لە مێخێك گیری كردووە، بۆیە ڕاگیراوە.